دیمانە لەگەڵ سوهام حسین… هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ڕاگەیاندن کار…

بۆپێشەوە: سۆشیاڵ میدیا گەشەی خێرای تەکنەلۆژیا، چ کاریگەرییەکی لەسەر ژنانی کوردستان داناوە؟  

سوهام حسین: بێگومان پرسیارەکە دەکرێت لە دوولایەنەوە وەڵام بدرێتەوە لە رووی کاریگەریەکانی گەشەیەک کە تەکنەلۆژیا بەخۆیەوە بینیویەتی.

‎سەرەتا ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە هەموو پێشکەوتنێک یان بڵێین داهێنانێکی تەکنەلۆژیاو هەموو بوارەکانی پێشکەوتن موڵکی مرۆڤایەتیەو بۆ خزمەتی ئینسانە، ئیتر لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا بەرهەم بێت و هەر کەسێک بەرهەمی بهێنێت.

‎ئەگەر تیشک بخەمە سەر ئەوەی کە سۆشیال میدیاو گەشەی خێرای تەکنەلۆژیا چی کاریگەرییەکی لەسەر ژنانی کوردستان داناوە، ئەوە بەدڵنیاییەوە وەک هەموو ژنانی دنیاو بەتایبەت ژنانی وڵاتانی ئاسیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری گەورەی هەیە بۆئەوەی لە چوارچێوەی داخراوی ماڵ بێنە دەرەوەو لەوەش واوەتر لەچوارچێوەی کوردستانێکی ژێر سایەو دەسەڵاتی حکومەتی کوردی وئیسلامی دواکەوتوو کۆنەپەرست زیاتر بڕۆن و دنیایەکی گەورەو فراوانی مەدەنی و مرۆڤایەتی ببینن، کەچی پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە بینیوەو ژنان چەند بەهرەمەندن لێی.

‎بەڵام بەداخەوە ئەو رێگریانەی لەبەردەم ژناندا دانراون کە ژنان چەندە مەحرومن لەو بەرهەم و ژیانە مەدەنی مرۆڤایەتیەی کە لەئەنجامی پێشکەوتنی کۆمەڵگەو مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیویە لە بوارە جیاوازەکاندا.

‎بەجیا لەمەیش خاڵیکی گرنگ کە ئاماژەی  پێبکەم ئەوەیە کە بەداخەوە بەشێک لەو تەکنەلۆژیایانە بوونەتە کێشە بۆ ژنان کە لە ڕابردوو ئێستایشی لەگەڵ بێت، لە هەندێک حاڵەتدا بووە هۆی لێسەندنەوەی هەقی ژیان لە ژنان.

بۆپێشەوە: دین و حزب و ڕێکخراوە ئیسلامیەکان، چ رۆڵێکیان لەسەر چەوساندنەوەو بێمافی ژنان هەیە؟

سوهام حسین: لە کوردستانێکدا کە لێ سەندنەوەی هەقی ژیان لە ژنان لەئاوخواردنەوە ئاسانتر بێت، ئیتر چۆن ئەم دەسەڵاتەو حیزبە پێكهێنەرەکانی ڕۆڵیان نییە لە چەوساندنەوەو بێمافکرنی ژناندا؟!

‎ڕاستە لە دنیادا نیزامێک حوکم دەکات کە لەسەر بنچینەی نایەکسانی کۆمەڵگەو بەتایبەت ژنان خۆی بنیات ناوە، بەڵام لە دنیاشدا دەگمەنە شوێنێک بدۆزیتەوە وەک کوردستان ژنان قات و ‌قڕی بکرێن.

‎لەبەرئەوەی سیستەم و یاسایەک کاری پێ ئەکرێت لە کوردستان کە ژنان، نەک هەر هیچ هەق و مافێکیان نییە، بەڵکو حورمەتی مرۆڤایەتیان پارێزراو نییە، بەپێێ قانوون هەتا ئێستا ژن وەکو کاڵا مامەڵەی پێوە ئەکرێت و لە هەقی ژیانکردن لەگەڵ کوڕێکدا دەبێت کوڕە هەقی پێشەکی بە بڕیک ئاڵتوون و هەر لە دەستپێکیشدا هەقی کۆن بوونەکەی مارەیی، دوای لێکترازان دیاری دەکرێت. ئەم پێشەکی و پاشەکیە هیچ تەعریفێک بۆ ژن ناهێڵیتەوە لە زواجدا بە غەیری کاڵا، ئەمە جگە لەوەی کە چۆن پیاوانی کردۆتە کڕیارو خاوەن کاڵا، ئەمە لەباری کۆمەڵایەتیەوە.

‎لە باری ئابووریشەوە ئەگەر ژن ئابووری سەربەخۆ و بیمەیەک یان هەقی کاری کۆمەڵایەتی و دایکایەتی نەبێت لە کاتێکدا کە “خزمەتکاری کۆمەڵگەیە” ئەمە لە مافە سەرەتاییەکانە، ئیتر چی مانایەک بۆ ماف ماوەتەوە لە کوردستان؟!

‎ئەم قانوونانەی کە تا ئێستاو پاش ٢٨ ساڵ لە نەمانی حیزبی بەعس کاری پێ ئەکرێت لە خۆڕایی نییە، بەڵکو ئەم حیزبە کوردیانە قازانج و مانەوەی دەسەڵاتەکەی خۆیان لە گرەوەی هێشتنەوەی کۆمەڵگە لەدواکەوتووی و بەتایبەت مەسەلەی پلەدووی ژناندایەو ئیسلامیەکانیشیان بە بەرنامەو تاکتیکیانەوە کردووەتە کۆڵەکەیەکی بەهێز بۆ ڕاگرتنی زیاتری خۆیان و هێشتنەوەی کۆمەڵگە لە دواکەوتووی.

‎ئا لێرەوەیە کە حیزبەکانی کوردایەتی بە پاڵپشتی قانونێکی تێهەڵکێش لە ئیسلامی ڕۆڵیان هەیە لە چەوساندنەوەو بێمایەکانی ژناندا، ڕاستە لە دنیادا نیزامی سەرمایەداری حوکم ئەکات کە نەک هەر ژنان مافیان نییە، بەڵکو پیاوانی کردۆتە کرێکارو کۆیلەی کاری کرێگرتەن، بەڵام لە دنیادا وینەی نییە وەک کوردستان لە بیقیمەت سەیرکرنی ژناندا، دیارە لەڕووی مرۆڤایەتیەوە مەبەستمە. لە ژێر سایەو دەسەڵاتی ئەم حیزبە کوردی ئسلامیانەدا ڕۆژ نییە ژن نەکوژرێت و ناچار بە خۆکوشتن وخۆسوتاندن نەکرێت، ئەم حیزبانە مێژوویەکی ڕەشیان بۆخۆیان تۆمار کردووە.

بۆپێشەوە: میدیای کوردی کەمترین گرنگی بە پرسی ژن و ئازادی و مافەکانی ژن دەدات، ریشەی ئەو مامەڵەیەی میدیا لەگەڵ پرسی ژنان چییە؟

سوهام حسین: دەسەڵات پەل و پۆی زۆرە، میدیاش یەکێكە لە پەلەکانی دەسەڵات، هیچ میدیایەک نییە بتوانێت بدات لە خەتی سورو بۆی بچیتە سەر، خەتی سور مەبەستم لەوەیە بە قازانجی خەڵک و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی کۆمەڵگەو بەتایبەت ژنان و مەسەلەکانی قسە بکات.

‎بە پێچەوانەوە میدیای کوردی خەریکی گێژکردنی خەڵک و کۆمەڵگەیە، مەبەستم تەنها هەواڵ و ڕاگەیاندنی هەیە، ئیتر سەرچاوەو ڕێگەچارە چییە بڤەیەو خۆی لێ نادات بە درێژکردنەوەی هەواڵ و ڕاگەیانەکانی ناو کۆمەڵگە خەڵکیان چاوبەست کردووە.

‎بۆیە میدیای کوردی یەکێکە لەمیدیا دواکەوتوەکان لە دنیادا، کە لەئاستی میدیای سۆماڵ و ئەفغانستان و وڵاتە دواکەوتوەکانە کە میدیا بەکار دەهێنن بۆ گێژکردنی کۆمەڵگەو داسەپاندنی کۆنەپەرستی و هێشتنەوەی ژنان لە ئاستی خوارەوەدا.

 

بۆپێشەوە: رێگاچارەی کارساز و گونجاو چییە، بۆ بنەبرکردنی توندوتیژی و بێمافیەکانی ژنان؟

 

سوهام حسین: ئەگەر لە کوردستان و لە دنیایشدا قسە لە رێگاچارەی گونجاو بکەین بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی و بێ مافیەکانی ژنان، ئەوە کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی سەرمایەداری، واتە ڕوخانی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی سیستەمێک کە  سۆسیالسیتیەو توندوتیژی و بیمافیەکانی ژنان لەناو دەبات و یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان بەرجەستە دەکات.

‎بەڵام تا ئەو کاتەی کە سیستەمێکی وا لەبەرژەوەندی ژنان دادەمەزرێت، بەتایبەت لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی مەدەنی و سێکولارو ئینسانی کە تێدا دین لەدەوڵەت و لە پەروەردەو فێرکردن جیابکرێتەوە، وە گۆڕانی یاساکانی کۆمەڵگە کە یاساکانی جیاکاری نێوان ژنان و پیاوانە لە بوارە جیاوازەکان و هەڵوەشانەوەی یاسای فرە ژنی  و ژن بەژن و باقی یاساکانیتر کە ژن بەکەمتر سەیر دەکات، کارێکە لەبەرژەوەندی ژنان و کۆمەڵگەدایە.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٧ ی تایبەت بە ٨مارس… بڵاوکراوەتەوە 

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *