سەردار عەبدوڵا….
زۆر ئەو پرسیارە ڕۆژانە لێرەو لەوێ دەکرێ باشە هۆکار چییە ژنان بەگشتی لە وڵاتە ئیسلامیەکانەوە ڕوو لە ئەوروپا ورۆژئاوا دەکەن؟ بۆچی ڕوو لەو وڵاتانە ناکەن کە جیهانی سێیەمن و یان کە شەریعە بنەمای دەسەڵاتەکانیانە؟ ئەمە نەک بۆ کەسانێکی وەک (رهفة محمد ی ١٧ ساڵە کە لە سعودیەوە هەڵهات) و وازی لە ئایینی ئیسلام هێناو گەیشتە کەنەدا ومافی پەنابەرێتی وەرگرت لەم وڵاتە، بەڵکو بۆژنانێکێش کە هێشتا پەیڕەوی لە ئیسلام دەکەن ئەم وڵاتانە جێدەهێڵن ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن واقعیە و ڕاستیە. دیارە هۆکاری کۆچ کردن لە جیهاندا زۆرن، جەنگ، لافاو، بومەلەرزە، کارەساتە سروشتیەکانی تر و، خراپی باری ئابوری، زەبروزەنگ وپەلاماری سەربازی و سەرکوتی سیاسی ئەم هۆکارانە زۆر باس کراون، بەڵام لێرەدا باس لە زەبروزەنگی کۆمەڵایەتی دەکەین .
ئەگەر بە سەرنجەوە بڕوانیین لەو وڵاتانەی ئایینی ئیسلام هەژموونی هەیە مرۆڤ لە قاڵب دەدەرێت، مرۆڤ وبە تایبەت ژن ناتوانێت لەچواچێوەی ئەوکولتورو یاسایە بچێتە دەرەوە کە لەو وڵاتەدا زاڵە. ئەو کۆلتورو یاسایەش نابێت دەستکاری بکرێن و هاوتەرییب بکرین لەگەڵ ڕەوتی بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگە، چونکە بە پیرۆز دادەنرێن، پیرۆزیەکانیش ڕەهان و دەستکاری کردنیان بڤەیە. کەوایە لەو کۆمەڵگەیە دەبێت هۆش وبیری مرۆڤەکان فریز بکرێت نابێت ڕەوتی مێژووی شارستانیەت ببینێ، بەڵام ئەم کارەش زەحمەتە چونکە ئەمڕۆ تەکنەلۆجیا وئەنتەرنێت رێگا نادا بیرو زەینی مرۆڤەکان فریز بکرێ، بۆیە لە ئەنجامی بەریەککەوتنی ئەم دووانە واتە پیرۆزیەکان و زانست یاخی بوونی مرۆڤەکان دروست ئەبێت، مرۆڤ لە هەلێک دەگەڕێ ئەو دەرگاو پەنجەرانە بکاتەوە کە لێی داخراوە، تا هێزی بێت ڕابکات وخۆی بگەیەنێتە جێگایەک کە پیرۆزییەکان ڕێگر نەبن لە بەردەم ژیانی مرۆڤایەتی ئەودا..
لە ڕاستیدا پێداویستیەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداری وا دەخوازێت کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەم جۆرە دابەش بکرێ، لە هەندێ وڵات بڕێک ئازادی و مافەکانی مرۆڤ زیاتر بێت لە هەندێ وڵاتیش کەمتر و تا ئاستی نەبوون بن، کاریگەری رێنیسانس لەسەر وڵاتانی ڕۆژائاوا و ڕوونەدانی ڕێنیسانس لە وڵاتانی بە ناو ئیسلامی وجیهانی سیەمی ئەم دابەشکردنەی دروست کردووە. خاڵی هاوبەش لە هەردوو شێوەکەی دەسەڵاتدا بوونی کۆمەڵگەیەکی چینایەتی پڕ لەزوڵم وستەم وچەوساندنەوە وبێ مافییە، چونکە یەک سیستەمی ئابوری سەرمایەداری بەرێوەدەبرێت. بۆیە تا ستەمی ئابوری لەسەر مرۆڤ هەبێت مافەکانیشی زەوت دەکرێ وەک مرۆڤ.
هەندی ئازادی ومافی مرۆڤ لە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکاندا بەرهەمی خەبات تێکۆشانی خەڵکی ئەو وڵاتانەیە کە لەماوەی سێ سەد ساڵی رابردودا کاریان بۆ کردوە، هەندێکی تریش بەرهەمی شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیایە.، یەکێ لەوانە مافەکانی ژنانە، وە بە دیارکراویش مافە کۆمەڵایەتیەکانی ژنانە، نەمانی دەستی باڵای پیاوە بەسەر ژناندا ونەمانی دەستی ئایین بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ژناندا لە دەسکەوتە گرنگەکانن. لەم کۆمەڵگەیانەدا خۆشەویستی ئازادە، نە دین ئەتوانێ کاریگەری هەبێت لەسەری نەپیاوان، ئەوە نەماوە باوک ڕازی نەبێت کچەکەی نەدات بە کەسێک خۆشی بوێ، مەرجی ئەوە نەماوە دەبێ کورەکە خزمی خۆی بێت یا هاو دین وهاو نەتەوەی خۆی بێت یا ڕەش وسپی بێت یا خاوەن پارەو دەوڵەمەند بێت خۆشەویستی داتەکاوە لەم پیسیانە .
زۆر لە ژنان وڵاتانی خۆیان بە جێدێڵن ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن لەبەر ئەو هۆکارانەیە باسم کردن، دەبینین بە هۆی نەبووونی ئەو مافانە ولاتانی خۆیان لە جیهانی سێیەم و ولاتانی ناوزەد بە ئیسلامی جێ دەهێڵن و روو لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن، چونکە وڵاتانی خۆیان زیندانێکە بۆیان یا دۆزەخێکە بۆیان چیتر ناتوانن ژیانی تێدا بکەن. زۆرێک لەو ژنانە بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان هەڵهاتوون ئەگەر لەوێ بوونایە ئێستا لە ژیاندا نەمابوون.
ژنان ناتوانن ئەو بێمافییە قەبوڵ بکەن کە دینەکان بۆیان داناون، ناتوانن ئەوە قەبوڵ بکەن بە منداڵی بدرێن بەشوو یا باوک ودایکیان بیانفرۆشن بە پارە، یا بیاندەن بەخزمی خۆیان، ژنان ناتوانن زوڵمی مێردەکانیان قەبوڵ بکەن کە ئایین بۆی داناون لە قسەی مێردەکانیان دەرنەچن، ژنان ناتوانن ئەوە قەبوڵ بکەن مێردەکانیان ژنی تریان هەبێت، دیارە من مەبەستم هەموو ژنەکان نییە، ژن هەیە هەموو ئەمانەی قەبوڵە، چونکە دین پێی وتووە ئەمە ئەمری خوایە ئەگەر قبوڵی ناکەی خوا لێت ڕازی نابێت و بەهەشت نابینین وبە ئاگری جەهەنەم دەتسوتێنن، ژنیش هەیە قەبوڵی ناکا لەبەر بێئاگایی توشی بارێکی دەرونی وا خراپ دەبێت خۆی دەکوژێ یا خۆی دەسووتینێت، ژنیش هەیە هۆشیارانە لە بەرانبەریدا رادەوەستێ ومافەکانی خۆی بە دەست دینێ. ژنیش هەیە لێی یاخی دەبێ و خۆی دەگەیەنیتە جێگایەک کە کەمیكیش بێت مافی کەرامەتی وئینسانی پارێزراو بێت، دیارە جێگایەکیش بۆ ئەوان کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوایە، نەک ئەو وڵاتەنەی حوکم وکەلتوری ئایینی تێدا زالە وەک وڵاتانی ناسراو بە جیهانی سێیەم و وڵاتانی ئیسلامی.
دوا وتەم ئەوەیە با هەموومان ڕوو لە گوڕینی هەژموونی یاسا وحوکمە دینیەکان بکەین و داواکار بین دین لە حوکم و یاسا ودەوڵەت و پەروەردە جیا بکرێتەوە. وەک کاری تاکە کەسی چاوی لێ بکرێ و ئازاد بکرێ بۆ هەر کەسێک پەیڕەوی لێ دەکات تا زوڵم لەسەر ژنانیش نەمێنێ و چیتر ئاوارە نەبن. هەر ژنێک یا هەر ڕێکخراوەیەکی ژنان کە بۆ ئازادی یەکسانی خەبات دەکات، دەبێ بەدوای ئەمەوە بێ و لەم ٨ ی مارسەوە دەست بەکاربێ بۆی .
٥ ی مارس ٢٠١٩
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٧ ی تایبەت بە ٨مارس… بڵاوکراوەتەوە