بەشی یەکەم…
وەرگێڕان: هەتاو عەبدولاهی و ڕامیار رەزایی
ئەم مانیڤێستە هاوکات بە پێنج زمان جۆراوجۆر و لە یازدە وڵات کە ژنانی کرێکار، خوێندکار وهەروەها ژنانی ناوماڵ لە گروپی نان و گوڵە سورەکان چالاکی دەنوێنن بڵاودەبێتەوە. لە هەشتی مارسی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی ڕۆژی جیهانی خەباتی ژنان، لەسەرتاسەری جیهان ڕژاینە سەر شەقامەکان، مانگرتنمان وەرێخست و لە ئاکسیۆن و میتینگە جۆراوجۆرەکاندا بەشداریمان کرد. دروشمی هاوبەشمان ئەوە بوو مانگرتنی جیهانی ژنان.
دروشمی مانگرتنی ژنان شتیکی نامۆ نییە و لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی نەهاتووە، بنەماکەی بۆ خەبات و بەرخودانی بە شکۆی ژنان دژ بە توندوتیژی جنسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و کوشتنی ژنان لەژێر هەر ناوێک لە وڵاتانێکی وەکو و ئارژەنتین، شیلی، مکزیک و ئیتالیا و هتد….. دەگەرێتەوە بۆ خەبات بۆ وەدیهاتنی مافی ژنان و هەروەها مافی منداڵ بوون و زاوزێ و لەباربردنی منداڵ لە وڵات گەلێکی وەکو و هێندستان، ئیرلەندا و کۆریەی باکور و هتد…و بۆ خەبات بە دژی نابەرابەری حەقدەست و موچەی نێوان ژن و پیاو لە وڵاتانی فەرانسە و ئیسلەند و هتد … یە.
بنەمای دروشمەکان بۆ یەکگرتنی ژنان دژی ڕوانگەی دژە ژنی دۆنالد ترامپ دەگەرێتەوە کە وەک سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پاڵێوڕا بوو. نە تەنیا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا بەڵکو و لەشارەکانی یەکیتی ئەوروپاش لەوانە لەندەن، بارسێلۆن، بێرلین، ئامستیردام، بودابیست و فلۆرانسیش جەماوەرێکی زۆر دژی دۆناڵد تراپ ڕژانە سەر شەقام. خەباتی ژنان هەروەها دەرخەری خەبات دژی قەیرانەکانی ئەمڕۆی جیهانی سەرمایەیە کە چینی دەسەڵاتدار و حاکمانی سەرمایە لە هەوڵی قەرەبووی قەیرانەکاندان لە رێگای دەستدرێژی بە بارودۆخی ژیانی چینی کرێکار و بندەست بوون کە زۆربەی ئەو هێزە لە ژنانی کرێکار پێک دێ.
هەروەها ٨ی مارس هاوکات بوو لەگەڵ سەدەمین ساڵرۆژی شۆڕشی روسیە. ئەم شۆڕشە لە رۆژی جیهانی خەباتی ژنان لە ساڵی ١٩١٧ی زایینی بە مانگرتنی کرێکارانی ژنی ڕستن و چنین لە سن پترزبورگ دەستی پێکرد و بە خێرایی هەموو چین و توێژە جەماوەریەکانی لەگەڵ خۆی هاوتەریب کرد، تا ئەو جێگایەی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر بە دەست بە سەر دەسەڵات داگرتنی ژنان و پیاوانی چینی کرێکار گەیشتە لوتکەی ئامانجی خۆی. شۆڕشێک کە تەنیا دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ ئازادی گەلێکی مسۆگەر کرد کە ئێمە هەنووکەش دوای سەد ساڵ تێپەڕبوون لەو شۆڕشە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ بەدیهاتنیان لە خەبات بەردەوامین.
ئێمە چالاکانی مافی ژن بە واژۆکردنی ئەو ڕاگەیاندنە پشتگیری خۆمان لەو هەڵوێستە دەربڕی، چونکە گرینگیەکی تایبەتی بۆمان هەیە. هەروەها لەسەر ئەو بڕوایەین کاتێک دەتوانین بە ماف و ئازادیی رەها بگەین، کە هەموو بنەما و شیرازە کۆمەڵایەتیەکان کە لەسەر سەرکوت و لێ ئەستاندنەوەی شوناسی تاک بە تایبەت توێژی ژنان بنیات ناوە، بروخێنین و لەسەر وێرانەکانی، کۆمەڵگەیەکی نوێی و سۆسیالیستی بنیات بنێینەوە.
نان و گوڵەسوورەکان ، مارسی ٢٠١٧
ئارژانتین، بولیوی، شیلی، ئاڵمان، فەرەنسە، مەکسیک، ئێسپانیا، ئێرۆگۆای، ئامریکا، ڤێنێزۆێلا
مێژووی خەباتی چینایەتی، هاوکات مێژووی خەباتی ژنانە
یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی ئەمرۆژەی ژنان لەسەرتاسەری جیهان پرسێکی تازە نییە، سەدان ساڵە ئێمەی ژنان لە بەرامبەر هەڵاواردن و، ملکەچ بوون و نابەرابەریی کە دەسەڵاتی پیاو مەزنی بە سەر ئێمەدا سەپاندویەتیی و هەروەها بە دژی هەموو جۆرەکانی ستەم و چەوسانەوەی دەسەڵاتداران بەرگریمان لەخۆمان کردووە. ژنانی وەرزێڕی رۆژئاوایی ساڵەهای ساڵ بە بەردەوامی بە دژی پێداوێستی و تێچووی ژیان و نرخی زۆری نان و ئارد، کە بنەماڵەکانی ناچار بە قبوڵی برسێتی دەکرد خەبات و شۆڕشیان کردووە کە لەو بوارەدا خاوەن مێژوویەکی پڕشەنگدارن. لە مێژووی ئامریکای لاتین نمونەی زۆر لە ژنانی سوورپێستی دلێرو نەترس بوونیان هەیە کە بە دژی ژێر دەستەیی دەسەڵاتداران بەرگریان کردووە. لە کاتی شۆڕشی مەزنی فەرانسە لە ساڵی ١٧٨٩ی زایینی، هاووڵاتیانی ژن بەیاننامەی مافی مرۆڤ و هاووڵاتی بوونیا ، کە لەودا مافی ئەو توێژەی کۆمەڵگە بە فەرمی نەناسرا بوو مەحکوم کرد. لەو نێوەدا ژمارەیەکی زۆری جەماوەر بە رێبەری یەکێک لە ژنانی ناوچە بێبەشەکانی پاریس، بەرەو کۆشکی ڤێرسای رێپێوانیان وەرێخست، تا ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە شای ئەوکات لەمەڕ بارودۆخی خراپیان دەرببڕن. دوای کەمتر لەسەد ساڵ لە ساڵی ١٨٧١ ژنانی هەژاری پاریس قارەمانانە لە سەنگەرەکانی کۆمۆن خەبات و بەرگریان کرد. ژنان لەوێ لە یەکەمین دەوڵەتی کرێکاریی مێژوو دەوڵەتێک کە تیایدا ژنان بۆ یەکەمین جار مافی بەرامبەریان هەبوو بەرگریان کرد. هەر بەو هۆکارە بوو کە تا سەرکوتی خوێناوی لەلایەن بورژوای فەرانسە خەباتی چەکداریان کرد. بورژوازی بە دورخستنەوە و لە سێدارەدان تۆڵەی لێ سەندنەۆە. پێش لە شەری یەکەمی جیهانی ساڵی ١٩١٤ی زایینی هەزاران ژن لە بەریتانیا و فەرەنسە و زۆربەی وڵاتانی تر بۆ مافی دەنگدان و خۆ پاڵاوتن هاوئاهەنگ و یەکگرتوو بوون. هاوکات لە ئەمریکا زۆربەی ژنان بۆ مافی دەنگدان و هەڵوەشاندنەوەی کۆیلەداری بەرخۆدانیان کرد. لە وڵاتانی ئامریکای لاتین و کارائیب ژنان بۆ دەست ڕاگەیشتن بە پەروەردەی تایبەت و هەموو مافی شارۆمەندی کە لێیان زەوت کرابوو خەبات و بەرخۆدانیان کرد. زۆربەی داخوازیەکانیان لەلایەن ئەحزابی سۆسیالیستی و کرێکاری ئەوکات قەبوڵ کرابوو. لە وڵاتانی رۆژئاوایی ژنانی کریکار بوون کە لە مێژووی شەڕی ئەو وڵاتانە بۆ پێشگیری لە هەناردنی هێز بۆ بەرەکانی شەڕ هەوڵی زۆریان خستبووە گەڕ. ژنان بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆیان بە شۆڕش وخەبات پێشیان بە هاتووچووی قەتارەکان گرت و هەروەها زەرەریان بە بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵ دەگەیاند. هەروەها لەڕیزی یەکەمی نارەزایەتیەکان دژی کەمبوونی کەرەستە وپێداویستی ژیان کە ئاکامی بەرهەمی داسەپاو بۆ شەڕ بوو ڕاوەستان. ژنانی کرێکاری ڕستن و چنین لە سەنپترزبورگی روسیەش لە رۆژی جیهانی ژنان لە ساڵی ١٩١٧ زایینی دەستیان دایە مانگرتن. داخوازیی ئەوان نان، ئاشتی و “نا” وتن بە چەوسانەوە بوو بێئەوەی کە پلانێکیان بۆ ئەو کردەوەیان داڕشتبێ.
لە گەورەترین پرۆسەی شۆڕشی مێژووی بزووتنەوە کرێکارییەکان، واتا شۆڕشی ڕوسیا رێگایان بۆ چەوساوەترین بەشی ژنان و ژێردەستەترین بەشی کرێکاران کردەوە. ئەم شۆڕشە دەبوایە بە رێبەری لێنین و ترۆتێسکی لە حیزبی بلشویک، ڕژێمی تزار بڕوخێنن و دوای چەند مانگیک دەسەڵاتێکی کرێکاری بە پشتبەستن بە شۆڕشە کرێکارییەکان مسۆگەر بکەن. سەد ساڵ لەمەوبەر ژنانی ڕوس لە دەرئەنجامی شۆڕشی کرێکاری دەست ڕاگەیشتیان بە ماف گەلێک بوو کە ئێمە هەنووکەش لە زۆربەی وڵاتانی سەرمایەداری و بە ناو دیموکراتیک بۆ بە دەست هێنانیان خەریکی بەرخۆدانین، بۆ نمونە مافی لە باربردنی مناڵ.
مێژوو پڕاوپڕە لە قارمانیەتی، گیانفیدایی و نەترسی بە میلیۆنان ژنی بێ ناو نیشان کە تەنیا ژمارەیەکی کەمیان ناویان تۆمارکراوە. بۆیە یادێک دەکەینەوە لە “بارتۆلینا سیسا” یەکێک لە ژنانی خۆڕاگر و خەباتگێڕی ئایمار سەر بە بولیوی، “ترزا فلورس” لە کرێکارانی سوسیالیستی خەڵکی شیلی وهەروەها “کارولیان موتسلی”خەڵکی ئارژانتین، لە ژنراڵ “ئاملیا روبلس” لە شۆڕشی مەکسیک “مادر جونز” رێکخەری کریکاری خەڵکی ئامریکا، “فلورا رتیستان” فێمینیست سوسیالیستی فرانسەوی و_ پرۆیی، لە کۆمۆناردەکان “ئلیزابت دمیتریوف” و “لوئیز میشل”،”کلارا زتکین” یان “نادژدا کروپسکایا” شۆڕشگێڕی ئینترناسیونالیستی ئەوروپایی، لە “ناتاشا ژوزف” روسیی دژبەری ئیستالینیسم،”مارول شول” و “کلارا دونە” خەڵکی ئامریکا، “پاتریشیا گالفائو” خەڵکی بەرازیل و هەروەها “پن پی لان”خەڵکی چین. ئەو ژنانەی ناویان لێوە برا وەک فێمێنیستی ئەمرۆژی پێناسە نەدەکران، بەڵام هەموویان لەژێر چەترێکی گشتگیر هاوتەریب لەگەڵ چینی چەوساوە و بەشمەینەت بۆ گەیشتن بە مافیان بەرخۆدانیان کرد. ئەوە لە کاتێکدایە ئەوان خاوەنی ئاسۆیکی شۆرشگێری سۆسیالیستی، بەو شێوەیەی کە ئێمە نوێنەرایەتی دەکەین نەبوون. بەڵام ئەمرۆکە پارامێتر و ئۆلگوی ژنانی گروپی نان و گوڵە سوورەکانن و ئێمە لە ئەزموونەکانیان کەڵک وەردەگرین و بۆمان رێنیشاندەرن. ئێمە خۆمان بە میراتگرانی سونەتی ژنانێکی وەک رۆزا لۆگزامبورگ دەزانین، ناوبراو لەبەرامبەر کەندوکۆسپی گەورە راوەستاو خەباتی رۆزا نیشاندەری ئەو راستیەیە چەوساوەبوون وەک ژن و پەنابەر نابێ ببێتە کۆسپی سەر رێی خەباتمان، بەڵکو بە پێچەوانەوە لۆزالۆکسمبورگ بە بیروباوەڕی پتەوی، بە ئامادەیی بۆ گیان فیدایی و نەترسی بوو بە یەکێک لە رێبەرانی مەزنی شۆڕشی کرێکاری جیهانی و هەنووکە وەک رێبەرێکی مەزنی شۆڕشی کرێکاری پێناسە دەکرێ…
درێژەی هەیە
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٧ ی تایبەت بە ٨مارس… بڵاوکراوەتەوە