شوان عەزیز…
ئایا پارتی و یەکێتی شەڕی ناوخۆ، یا شەڕی براکوژی، دەست پێدەکەنەوە؟
کۆمەڵێک پرسیار لە پەیوەند بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی:
ئایا شەڕە ناوخۆییەکان و شەڕە براکوژیەکانی نێوان جەلالی و مەلایی، نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان و قیادە مؤئەقەتە، نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان و شۆڕشی گوڵان، نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان و پارتی دێموکڕاتی یەکگرتووی کوردوستان، دیسان لە نێوانی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان و پارتی دێموکراتی کوردستان لەسەر بەرژەوەندیەکان و قوت و داهاتی خەڵکی کوردوستان بووە؟ ئایا دیسان شەڕەکان و براکوژیەکانی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان و حیزبە کوردوستانیەکانی تری سەردەمی شا خ و شار لەسەر قوت و داهات و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردوستان بووە؟. وە هەروەها ئایا شەڕو براکوژیەکانی پارتی دیموکراتی کوردوستان لەگەڵ حیزبە کوردوستانیەکانی تری سەردەمی شاخ و شار لەسەر بەرژەوەندی و قوت و داهاتی خەڵکی کوردوستان بووە؟
کارێکی باش و بێ سەرئێشە دەبێت هەر لەسەرەتاوە بتوانین یەکلایی بکەینەوە.! بە پێی ئەو بەڵگە مێژووییانەی کە لەسەر دیوی ناوەوەی ئەو دوو حزبە بەدەست کەوتوون بە گشتی و بە تایبەتیش لەسەر یەکێتی نیشتیمانی، وەڵامی پرسیارەکانی سەرەوە بە دڵنیاییەوە دەبێتە نەخەیر. هەروەها بەپێی ئەو بەڵگانەش کە بە شێوەی بیرەوەری و نامیلکەو کتێب لەلایەن هەندێک لە کەسانی باڵادەست و بە ئاگا لەدیوی ناوەوەی ئەو دوو حیزبە نوسراوون و بڵاوکراونەتەوە، وەڵامی ئەو پرسیارانە هەر نەخەیر دەبێت. کە جێگەی باسە هەندێک لەو نووسەرانە تا وازیان لەو دوو حیزبە نەهێنا هیچ شتێکی خراپیان دەربارەی حیزبەکەیان نەدەوت. کاتێکیش کە وازیان دەهێنا، ئەویش دیسان بەهۆی پارەو دەسەڵاتەوە ڕووی داوە، هی بنی هەمبانەیان لەسەر حیزبەکەی خۆیان دەهێنایە دەرێ. یاخود بە پێی تەجروبەی خەڵکی کوردوستان لەگەڵ ئەو دوو حیزبەو هەندێک جارانیش بە پێی لێدوانی بەرپرسانی باڵای یەکێتی لە دژی پارتی و بەرپرسانی باڵای پارتیش لە دژی یەکێتی بەزۆری لە کاتی شەڕە ناوخۆییەکاندا کە هی بن بەڕەیان لەسەر یەکتری دەهێنایە سەربەڕە، بێشک وەڵامی ئەو پرسیارە بە بڕوای من هەم بەڵێیە وە هەم نەخەیەرە لەیەک کاتدا. واتە هەم بۆی هەیە بەڵێ بێ وە هەم بۆی هەیە نەخەیر بێت.
ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژووی ناکۆکیەکانی ئەو دو حیزبە:
مێژووی کێشەو ناکۆکی و ململانێکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ یەکتردا ڕەگ و مێژوویەکی کۆنتری هەیە لەوەی کە پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە بە خەڵکی کوردوستانی نیشان دەدەن. ئەم دوو حیزبە دەیانەوێت خەڵک پێشینەی ئەو ناکۆکیانەی نێوانیان نەزانێت و ئاشنا نەبێت پێی. هەر جارێک کە ئەم دوو حیزبە ناکۆکیەکانیان و کێشەکانیان دەگاتە پلەیەک کە چاوەڕێی تەقینەوەی لێدەکرێت، ئەوان، هەردووک لایان، دەیبەستنەوە بە بەرژەوەندی خەڵکەوە. هەردووک لایان خۆیان دەکەنە یەکەمین نوێنەرو پارێزەری بەرژەوەندیەکانی خەڵک. هەردووک لایان تەنانەت هۆ و درووستبوونی مێژووشیان دەبەستنەوە بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکەوە. بەڵام هەمووئەوانە شتێک نین بێجگە لەوەی کە ئەو دوانە هەمیشە زین و مەمان دەکەنە بەهانە.
ئەو کاتەی کە ئەو دوانە لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە لە ژێر ناوی مەلایی و جەلالیدا کێشەو ململانێکانیان گەییشتە لوتکە، شەڕی ناوخۆیان، واتە براکوژی، دامەزراند. ئیتر لەو کاتەوە تاکو ئەمڕۆ کە ساڵی ٢٠١٩یە ئەو دووانە نەیانهێشتووە ئاگری براکوژی و شەری ناوخۆ بکوژێتەوە. جێگەی باسە کە جارجارەو بۆ ماوەی کورت کورت لەسەر داواو فشاری دەرەکی و دەرو دراوسێ بە ڕواڵەت شەڕەکانیان ڕاگرتووە، بەڵام لە ناوەڕۆک و ڕاستیدا شەڕ بە شێوە ساردیەکەی هەردرێژەی هەبووە. لە هەموو ئەو شەڕو پێکدادانەشدا هەردووک لایان خۆیان بە لایەنگری خەڵک زانیوەو گوایە ئەم شەڕە لەسەر بەرژەوەندیەکانی خەڵک دەکەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کە خەڵک بەری کەوتوە لەو شەڕانەی نێوان پارتی ویەکێتیدا تەنها ماڵوێرانی و قوربانیدان بووە. وە هەمیشە سوودی ئەو ماڵوێرانی و قوربانیدانەی خەڵکیش هەر گەڕاوەتەوە ناو گیرفانی ئەو دوو پارتەوە کە لە ژێرناوی پارتی دێموکراتی کوردوستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردوستاندا خۆیان حەشار داوە.
مەبەست و ناوەڕۆکی شەڕەکان و پێکدادانەکانی ئەو دوانە هەر لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە تاکو ئەمڕۆ بە شێوەی جیا جیا، بەڵام بە هەمان ناوەڕۆک و مەبەستەوە درێژەی هەبووە. ئەوەی کە گۆڕاوە تەنها ناوەکەیان بووە.
بۆ نموونە لە سەرەتای شەستەکانەوە کە بە کرداری کێشەو ململانێکانیان گەییشتە ئاستی ململانێی چەکداری و یەکێک لە ژێر ناوی مەلایی و ئەوەی تریان وەک جەلالی لە لایەن خەڵکی کوردوستانەوە هاتنە ناسین. وە لە ژێر ئەو دوو ناوەدا ئیدامەیان بەو ناکۆکی و شەڕانەدا. جارێ بە شێوەی چەکداری و جارێکیش بە شێوەی شەڕی ساردو ناتەبایی.. ئەوەبوو کە پارتی لەدوای ئەوئاشبەتاڵەی کە بەسەربە ناو(شۆڕشی ئەیلول)ی دا هێنا، ناوەکەی خۆی گۆڕی بۆ قیادەی مؤقەتەو جەلالیش خۆی کرد بە یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان. مەلایی ناوە حیزبیەکەی لە سەرەتای درووست بوونی وەک پارتی دێموکراتی کوردوستان ناسێنرا. دوایی بوو بە مەلایی و دوای ئەوەش بوو بە قیادە مؤقەتە و ئینجا شوڕشی گوڵان و ئینجا پارتی دێموکراتی یەکگرتوی کوردوستان. لە کۆتایشدا گەڕایەوە بۆ هەمان ناوە کۆنەکەی خۆی بە ناوی پارتی دێموکراتی کوردوستان. یەکێتی نیشتیمانیش بە سیاسەتێکی چەواشەکارانەوە چەندین گروپی جیاجیای لەژێر ناوی قەبەو سەرنج ڕاکێشی جیاجیادا هەر لەژێر ناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستاندا مایەوە. واتە تەواوی براکوژی و شەڕە ناوخۆییەکانی لەگەڵ پارتی و هەروەها لەگەڵ هەندێک لە حیزبەکانی تری کوردوستانیشدا هەر لە ژێر ئەو ناوەدا ئیدامە پێداوە.
ئەوەی کە بەشداربوانی سەرەکی ئەم دو حیزبە بە کردەوە پیشانیان داوە بریتی نەبووە لە خەباتکردن لەپێناوی بەرژەوەندیەکانی خەڵک، بەڵکو بریتی بووە لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی تاکەکەسی، بنەماڵەیی، خێڵ و عەشیرەت و قەبیلەو ئینجا تا دەگاتە بەرژەوەندی خێزانێک. بەڵام هەموو ئەو بەرژەوەندیانەیان شاردوونەتەوە لەژێر ناوی بەرژەوەندی خەڵکی کوردوستان. وە هەمیشە ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە دەڵێن بەرژەوەندی خەڵکی کوردوستان کاتێک دێتە دی کە پارتی و یەکێتی بە ئامانجەکانیان بگەن. واتە پارتی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردوستانی لە مانەوەی پارتی و بارزانیدا بینیوەتەوە. وە لە بەرامبەریشدا یەکێتی بەدیهاتنی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردوستانی لە مانەوەی یەکیتی نیشتیمانی کوردوستاندا بینیوەتەوەو لە سەرووی هەمووشی بنەماڵەی تاڵەبانی و خودی جەلال تاڵەبانی.
لە ئەنجامی کێشەو ململانێکانی هەردووک گروپ و خێزانی بارزانی و تاڵەبانیدا لە سەرەتای شەستەکانەوە تا دەگاتە ئێستا بە دەیان هەزار لە قوربانی خەڵکی کوردوستانی لێ کەوتۆتەوە. هەموو ئەو شەڕانەشیان بەستۆتەوە بە دیفاعکردن لە قوتی خەڵک و بەرژەوەندیەکانی خەڵک. هەموو جارانیش دەرکەوتووە کە ڕاستیان لە خەڵک شاردۆتەوە. بۆ خەڵک ئیتر ڕوون بۆتەوە ئەوەی کە ئەو دووانە بۆی تێکۆشاون و شەڕیان لەسەری لەگەڵ یەکتردا کردووە، تەنها بەرژەوەندی خۆیان بووە. ئەو بەرژەوەندیەش خۆی لە پۆست و پارەدا بینیوەتەوە. هەموو جارانیش کە پێکهاتوون لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی یەکتر لە پۆست و پارەدا، ئیتر موو بە نێوانیاندا نەچووە. وە هەموو ئەو قوربانیانەی کە لەیەکتریان خستوون، بوون بە دوێنێ و تەنانەت نەیان هێشتووە ئیتر باسیشی بکرێت. هەروەها هەوڵیان داوە کە لە زاکیرەی خەڵکدا نەمێنێتەوە. هەر بەوەندەشەوە نەوەستاون، بەڵکو هەر کەسێک باسی ڕابردویان و شەڕە ناوخۆکانیان بکات، ئەوە بە تێکدەرو ئاژاوەچی و دژی یەکگرتوویی ماڵی کورد ناویان هێناوەو هەر لەو ڕێیەشەوە دەگونجێت دژایەتیان کردبێت.
با تەنها یەک نموونەی تازەو سادە بهێنینەوە کە بە هەزاران قوربانی لێکەوتەوەو بە هەزارانیان لەیەکتری کوشتوە. ئەو نموونەیەش شەڕە ناوخۆکەی ناوەڕاستی نەوەدەکانە. لەو شەڕەدا بە هەزارانیان لەیەکتر کوشت. هەموشی کوڕی هەژارو بێدەرەتانی ئەو کوردوستانە بوو. هۆی سەرەکی هەڵگیرسانی شەڕەکەش گوایە لەبەر بەرژەوەندی خەڵکە. هەردوکیان ئەو ئیدیعایەیان دەکرد. پارتی دەستی بەسەر هەموو سامان و سەروەت و داهاتێکی گومرگیدا گرتبوو. یەکێتیش لەولاوە هیچ داهاتێکی وای لەبەر دەستدا نەبوو. نەفیر عامەکەی جەلال تاڵەبانی کە هانی خەڵکی دەداو دەیگوت بنەماڵەی بارزانی دەستی ناوەتە قوڕگی خەڵکی کوردوستان و بۆتە جاسوس و نۆکەری نێودەوڵەتی، سەلمێنەری ئەو بۆچوونەی ئێمەیە.. هەر دووکیان و چەکداری هەردووکیان لەبەرامبەر یەکتردا ببوونە پاڵەوان و سەنگەریان لەبەرامبەر یەکتردا گرتبوو. هیچیان ئامادە نەبوون بۆ یەکتری دابشکێنن. جێگەی باسە تەنها لەسەر کەپکی حەمەد ئاغا بە هەزاران لە کوڕی خەڵکیان بەکوشتدا. ئاخیرەن کە شەڕ بە ناوبژی بێگانە و بە فەرمانی ئەمەریکا کۆتایی هات، دەرکەوت کە شەڕەکە لەسەر داهات و قوتی خەڵک نەبووە بەڵکو لەسەر پارەو دەسەڵات بووە. بە دەلیلی ئەوەی لەو کاتەوە تاکو ئێستاش ئەو دوو حیزبە بە سەدان ملیار دۆلاریان هاتۆتە دەست و بە هەردووکیشیان بێ جیاوازی دەستیان ناوەتە قوڕگی خەڵک و هیچ لە کێشەکانی خەڵکیش تا ئێستا چارەسەر نەکراوە. بۆ نموونە دوای ئەم هەموو ماوەیەی حوکمداری ئەو دوو حیزبە هێشتا خەڵکی کوردوستان کاری نییە، ئاوی نییە، کارەبای نییە و ڕێگاوبانەکانیشی هەر هی سەردەمی کۆنن و هیچ باشترکردنێکیان پێوەدیار نییە.
ئێستا دوای ئەم هەموو شەڕە ناوخۆییانەی شاخ و شار، سەردەمی حیزبی و سەردەمی بەناو حکومەتی، سەردەمی دوو ئیداریی و سەردەمی تاک ئیدارەیی، هەروەها دوای ئەم هەموو ماڵوێرانی و بەکوشتدانی خەڵکە، وا دیسان هەردووکیان ناکۆکی و کێشەکانیان زەق دەکەنەوەو دەشیان بەستنەوە بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکەوە. واتە دیسان بە خەڵک دەڵێن ئەوە لەبەر بەرژەوەندی ئێوەیە کە شەڕ دەکەین و هەر بۆ خاتری ئێوەشە کە شەڕ ناکەین.
کاتێک کە پارتی و یەکێتی وە بە دیاریکراوی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لەژێر ناوی پارتی دێموکراتی کوردوستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردوستاندا هەمیشە دەیانەوێت خەڵکی کوردوستان بترسێنن بە شەڕی ناوخۆ، من ئەمە بە شێوازێکی کۆنی دەزانم و هی ئەوڕۆیان نییە. وەختی خۆی لە سەردەمی حکومەتی بەعس کە کوردوستانی بەجێ هێشتبوو، بەڵام لە عێڕاق دا هێشتا هەر ئەو لەسەر حوکم بوو، پارتی و یەکێتی خەڵکی کوردوستانیان بە هاتنەوەی حکومەتی بەعس دەترساند. وایان نیشان دەدا کە گوایە ئەوە ئەوانن نایەڵن حکومەتی بەعس بێتەوە. کە خەڵک داوای نان و ئاو و کارەبای دەکرد ئەوان وەڵامیان یەکسەر شەڕی ناوخۆبوو. ئەوەش دادیانی نەداو ئینجا شەڕی داعش و هاتنی داعشیان کردە بەهانەو هێندەی تر دەستیان نایە قوڕگی خەڵکەوە. بەڵام خەڵک بۆی دەرکەوت هەموو ئەو بەهانانە تەنها بۆ ترساندنی خەڵک بوون. بۆ ئەوەی خەڵک نەیپڕژێتە داوای نان و ئاوو کارەبا و مافەکانی خۆی. بۆئەوەی هەمیشە خەڵک وا تێبگات کە ئەگەر پارتی و یەکێتی تەبا نەبن بەیەکەوە ئەوە شەڕی ناوخۆ دەبێت و دوو ئیدارەیی دەست پێدەکاتەوە، یان داعش دێت و ئەوەی هەشمانە لەدەستمان دەچێت. یاخود حکومەتی عێڕاق دێتەوەو دەچینەوە ژێردەستی عەرەبان!!. هەتا بۆیان کرا دوژمنایەتیان لە نێوانی عەرەب و کورد دروست کرد. هەتا بۆیان کرا بادینانی و سۆرانیان لە یەکتر ڕاست کردەوە و هەمووشی لەسەر پارەو دەسەڵات بووە.
ئەو دوو حیزبە کە مێژوویەکی دوورو درێژیان بە یەکەوە هەیە بە تەبایی و بە ناتەبایی. بە شەڕو بە ئاشتی. ئێستا تەواوی بەرپرسە گەورەکانی ئەو دوو حیزبە لەگەڵ یەکتری بەهۆی بەرژەوەندی پارەو دەسەڵاتەوە یاخوود بە هۆی ئەوەی کە هەردووکیان دەگونجێت لەیەک سەرچاوەوە ئاو بخۆنەوەو هاوکاری بکرێن، دیسان دەیانەوێت خەڵک بە شەڕی ناوخۆ و بە دوو ئیدارەیی بترسێنن. من دڵنیام لەبەر یەک خاڵ و یەک هۆ ئەو دوو حیزبە شەڕ ناکەن و لە ژێرەوە بە یەکەوەن و موویان ناچێتە بەینەوە. هۆیەکەش بوونی بەرژەوەندی هاوبەشە بەیەکەوە و بوونی تاوانی هاوبەش و تاوانی وەک یەکە. بەڵێ ئەو دوو حیزبە لەبەر یەک هۆ شەڕ دەکەن و هەر لەبەر یەک هۆش شەڕ ناکەن. ئەو هۆیەش دوور و نزیک پەیوەندی بە بەرژەوەندی و قوت و داهاتی خەڵکی کوردوستانەوە نییە. ئەوان بۆ چەواشەکردنی خەڵک قوت و داهاتی خەڵک و بەرژەوەندیەکانی خەڵک دەکەنە بەهانە. لەم نێوەدا جیاوازییەک لە ناوەڕۆک و مەبەستی ئەو دوو حیزبەدا نییە.
هاوبەشی بەرپرسە باڵاکانی ئەو دوو حیزبە لە بیرە نەوتەکانی کوردوستان وای لەبەرپرسە باڵاکان کردووە کە تەبایی و پێکهاتنیان باشترە لە شەڕو بەیەکدادان. بۆیە لەبەر ئەم هۆیە ڕێی تێ ناچێت شەڕ بکەن. وە هەر لەبەر یەک هۆشە کە دەگونجێت شەڕ بکەن و شەڕی براکوژی دابمەزرێنن. هۆیەکەش تێکچوونی بەینی ئەو دوانەیە لەسەر پۆست و دەسەڵات و پارە یاخود لەسەر دابەشکردنی بەرهەمی بیرە نەوتەکان. هەردووکیان وا خۆ نیشان دەدەن کە شەڕ لە پێناوی بەرژەوەندیەکانی خەڵکدا دەکەن. بۆیە لەبەر ئەو خاڵەش ڕێی تێدەچێت ئەو دوانە شەڕ بکەن و دوو ئیدارەیی بهێننەوە مەیدان. واتە هۆی شەڕەکانیان یەک هۆیەو هۆی ئاشتیشیان هەر یەک هۆیە. هۆیەکەش بەرژەوەندی بنەماڵەو حیزب و تاکو خێزانە نەک بەژەوەندی خەڵکی کوردوستان. خەڵکی کوردوستان تەنها قوربانی دان و ماڵوێرانی پێدەبڕێت. ئیتر ئەو دوو حیزبە بناسەو هیچی تر چەپڵەیان بۆ لێمەدەو هیچی تر بە دەستی خۆت و بە دەنگی خۆت کورسی دەسەڵاتیان بە یاسایی تەسلیم مەکە. مەبەستی سەرەکیم تەنها ئەو دوو حزبە نییە، بەڵکو هەموو ئەو حیزبانەش دەگرێتەوە کە بە دەوری تەوەرەی پارتی و یەکێتیدا دەخولێنەوەو پشتی سیاسەتی ئەو دوانەیان گرتووە.
شوان عەزیز ١٧/شوباتی ٢٠١٩
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٦ بەرواری ١/٣/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…