دابڕان یا دوابڕاو…

 

ئاسۆ کەمال:
مەلابەختیاردوای ٤ ساڵ دیسانەوە خەتە سورەکانی قورئان و خوا و پێغەمبەری بە دەوری پڕۆژەکەی دابڕاندا تۆخکردەوە. لە کوردەواریدا بە شتێکی باش کە کاری خراپ دەکا و ئێر خاوەنەکەی زۆر بێزاردەکا کە نەبونی پێ باشتربێ، هاواری “دواتبڕێ”ی بەسەردا دەکرێ.ئەم پڕۆژەیەش بەم سەرۆکەیەوە بوەتە ئەو شتەی دوای ببڕێ باشترە لەم هەموو بە پێرۆزکردنەی بۆ دین و شەریعەتی ئیسلام دەیکا.
ئەو کات وتمان “پڕۆژەی “دابڕان “بەم سوێندخواردن بە خەتی سوری قورئان لەگەڵ لەدایک بوونیدا توشی ئیفلیجی کرا . پڕۆژەی “دابڕان” بەم خەتە سوورانەوە، نەزمانی ڕەخنەگرتنی لەبەرنامەی ئیسلام هەیە و نەدەستی کاردەکا بۆ گۆڕینی هیچ کام لەو شەریعەت و سونەتانەی ئیسلام .”
“پرسیارێک کە دەبێ هەربەشداربویەکی ئەو کۆنفرانسە و ئەو پڕۆژەیە لە مەلابەختیاری بکات ئەوەیە کە چۆن بە خستنەدەرەوەی “قورئان ” وەک بنەمای شەریعەت و ئیسلام لەبازنەی ڕەخنەگرتنی ئەقڵانی دەتوانین لە هەژمونی دەقە سەپێنراوەکان ڕزگارمان بێت ؟ ئایا قورئان و ئەو دەقانە چ جیاوازیەکیان هەیە،کەوا دەکات قورئان خەتی سوور بێت و ئەو دەقانە خەتی سەوز بن؟ ئەمە چ جۆرە سیحرێکە کە کە بەرپەرچی توندڕەوایەتی سەلەفی دەبیتەوە بەبێ ئەوەی توخنی ڕەخنە لە دەقە سەلەفیەکانی شەریعەت و سونەتەکانی ئیسلام بکەویت؟ ئایا دژایەتی کۆنەپەرستی و باوکسالاری بەبێ هەڵوەشانەوەی یاسای چوارژنە و لێدانی ژنان و مناڵان و بەخەتی سوور دانانی ئەم یاسا شەرعیانە چۆن دەکرێ؟
ئاشکرایە وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلای بەرپرسی “دابڕان” بە پیرۆزڕاگرتنی ئەو خەتە سورانەیە.”
“سەرچاوەی ئەم پاشەکشە و پەشیمان بونەوەیەی مەلابەختیار لەپەیامەکەی کۆنفرانسی “دابڕان” پێگە و بەرنامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە ناچاری دەکا بەپێچەوانەی پەیامەکەی کۆنفرانسەکەیەوە بڵێ”خودا و پێغەمبەر و قورئان لای ئێمە هێڵی سورن”.”ئەمە تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ئەو ڕوناکبیرانەی کە خەونی بوونە پاڵەوانی ڕۆشنگەری هاوچەرخ دەبینن لەڕێگەی بەکارهێنانی پشتیوانی مادی و مرۆیی ومەعنەوی دەسەڵاتێکەوە کە لە چارەکە سەدەیەکی فەرمانڕەوایەتیدا ئیسلامی کردۆتە بنەمای یاسادانان و پەروەردە ، وە کۆنەپەرستی سەلەفی دژ بە ڕوخساری مەدەنیەت و ماف و ئازادیە مەدەنی و ئینسانیەکان بەکارهێناوە .”*
مەلابەختیار وەک کارگێڕی حزبێک کە وەک خۆی دەڵێ” ڕۆژانە بەرمیلە نەوتی خەڵکی کەرکوک و کوردستان دەدزن” و “پارەی دزی لە ژێرزەمینەکانیاندا دەشارنەوە” و خەڵکی کرێکار و فەرمابنەر و مامۆستا و خانەنشین و هەژاریش موچەیان دەبڕێ و کارەبا و سوتەمەنیان نیە، بێگومان دەبێ ڕەخنەگرتن لە ئاین و هەر بیروڕایەکی دواکەوتوانەش بەخەتی سوور دابنێ تاکو بتوانێ خەڵکی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی دواکەتوانەی میلیشییایی یەکێتی و پارتیدا بهێڵێتەوە.ئەم خەتە سورانە بۆ ڕیگری کردن لە دروستبونی بزوتنەوەیەکە کە ڕەخنەی ڕیشەیی لە هەموو دواکەتوییە فکرییەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا بگرێ کە بنەمای مانەوەی سیستەمی دزی و ڕاوڕوتەی حزبەکەی و سەرمایەدارانی کوردە.
مەلابەختیار پاڵەوانی ڕۆشنگەری و عەلمانی، کارگێری حزبێکە کە لە سێ دەیەی دەسەڵاتی لە کوردستاندا فرەژنی ژیاندۆتەوە و کردویەتیە یاسا، دیوەخانی بۆ سەرۆک عەشیرەت و شێخەکان داناوەتەوە و مەلا و بانگخواز و سەلەفی و دەروێشی پەروەردەکردوە. بیگومان پیرۆزڕاگرتنی ئاین و شەریعەتی ئیسلامی بنەمایەکی دروستکردنی سوپایەکی فکری و کادری میلیشیاییە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستانەی وەک یەکێتی و پارتی.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش مەلابەختیارکارگێڕی حزبێکە کە بۆهەر کارێکی ڕۆژانەی دەستور لە جمهوری ئیسلامی ئێران وەردەگرێ . ئەم حکومەتەی لە نیوسەدەی ڕابردودا سەرچاوەی سەرەکی توندوتیژی و توندڕەوی ئیسلامی بوە لە ناوچەکە. هەربۆیە پەیامی هەر کۆنفرانس و کۆنگرەیەکی “دابڕان”دا دەبێ سوێندخواردن بێت بە سەری پیرۆزیەکانی جمهوری ئیسلامی و شەریعەتی ئیسلامی.
مەلابەختیار تەنیا لەو پەیامی تازەگەریەیدا ڕاستگۆیە کە سەرچاوەی توندوتیژیەکانی فەرەنسا بە داواکاری خەلکە هێلەک زەردە کەمدەرامەتەکان دەزانێ! لێرەدایە لە سەرکردەی حزبێکی سۆشیال عەشایەرەوە دەبێتە ڕاوێژکاری ماکرۆن و بڕیاری حکومەتی فەرەنسا بۆ هەژارکردنی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت بەڕەوا دەزانێ و ئەم بڕیار و هێزبەکارهێنانەی حکومەتی بورژوازی بە تاوانبار نازانێ و ئەو خۆپیشاندەرانە بەتوندوتیژ و تێکدەر تاوانابردەکا کە پارێزگاری لە ژیان و گوزەرانیان دەکەن. بێگومان ئەمە هەمان هەڵوێستە کە ئەم کارگێڕە لە کوردستان و ناوچەی سلێمانی دژی خۆپیشاندەران لەم سێ دەیەی حکومڕانی دیموکراسیاندا هەیان بوە. ئەو دیموکراسیەی “بەیەک کورسیشەوە یەکێتی هەر حاکمە چونکە میلیشیای هەیە”.!
پێویستە بۆ هەرکەسێکی ئازادیخواز و ڕەخنەگری کۆنەپەرستی ئاینی ڕۆشن بێت کە پاڵەوانێکی لەم چەشنە ناتوانێ هیچ بەردێک بخاتە سەر بەردی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنگەر و ئازاد و هەر چەپڵەلێدانێک بۆ پەیامی خەتە سورەکانی ئازادی ڕەخنەگرتن بردنە دواوەی ئەو بزوتنەوە ڕەخنەگرانە ڕۆشنگەری و سێکۆلاریستیەیە کە لەدوای شەڕی داعشەوە دژ بە دواکەتویی دینی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک بەشێک لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەدەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی ناسیونالیستی و ئیسلامی سەریهەڵداوە.
ئەم هەلومەرجە دژوارە ئابوری و سیاسیەی دەسەلاتدارانی کۆنەپەرست لە ناوچەکەدا بەسەر ژیان و خەباتی خەلکی کرێکار و ئازادیخوازی کوردستان و ناوچەکەدا سەپاندویانە پیویستی بەو دروشمەی مارکسە کە ““ڕەخنەی ئایین، بنەڕەتی هەر ڕەخنەیەكی دیكەیە”. ئەگەر لای سەرمایەداران و حزبەکانیان ڕەخنەی دین خەتی سورە و بەمە سیستەمی پیرۆزی ئێستای سەرمایەداری بەهەموو گەندەڵی و دواکەتویەکەوە دەپارێزن، ئەوا بۆ کرێکار و ئازادیخوازێک کە پێویستی بە گۆڕینی ئەم سیستەمە هەیە ، ڕەخنەگرتن لەم پیرۆزییانە بەشێک لە خەباتێکە بۆ نەهێشتنی پیرۆزی ئەم کۆیلایەتیە فکریە.

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە!

 ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە ٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ بۆداگرتنی ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧، کلیکی ئیڕەبکە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *