دیمانە لەگەڵ دوو هەڵسوڕاوی پێکهێنەری شورای هاوپشتی خەڵکی کوردستان…

دیمانە لەگەڵ سەدیق کەریمی و عەبدالرحمن رەسوڵ( ئاوات)وەکو دوو هەڵسوڕاوی پێکهێنەری شورای هاوپشتی خەڵکی کوردستان… سەبارەت بە پێکهاتن و کارو بەرنامەی ئەو شورایە…

بۆپێشەوە: بەم دوایانە شورای هاوپشتی خەڵکی کوردستان پێکهاتنی خۆی ڕاگەیاند… ئەم شوراییە چییە؟ چۆن پێکهات و پێداویستی پێکهاتنەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

سەدیق کەریمی: شووڕای هاوپشتی خەڵکی کوردستان لەئەنجامی ناعەدالەتی و بێ مافی و نابەرابەری ژیان خەڵکی کوردستانەوە دروست بووە، کاتێک مناڵ بووین پێیان دەگووتین پێشمەرگە بۆ کوردستانە، دەبێ ئێمە وڵاتمان هەبێ، بۆ بەرابەری ژیانی ئینسانەکان ئەمە لەلایەن حیزبەکانی کۆمەڵە و دیموکراتەوە بانگەشەی بۆ دەکرا، کاتێک من لەناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری تەشکیلاتیم دەکرد سەیرم دەکرد من و کادیرێکی دیموکرات دروشمان دەنووسی کە بژی کۆمەڵە و بژی دیموکرات، بەڵام لەهەمانکاتدا نیگابانەکەی ئێمە پاسداربوو، جاش بوو کە ئێمەی دەپاراست، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە بۆماوەی چەندین ساڵ کاری تەشکیلاتی بکەم. کە هاتمە دەرەوە وردبینم کرد, بۆم دەرکەوت کە ئەوانەی کە بەناوی کوردایەتی و دڵسۆزی کاردەکەن تەنها پێشمەرگەی سادەیە کە دڵسۆزانە خزمەت دەکەن، بۆم دەرکەوت هیچ کام لە ڕابەرانی کورد دڵسۆزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نین. دواتر بە پێویستم زانی کە پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و بەرابەری ژیان لە کوردستان بەدی بێت. بەدواداچوونم لەسەر پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان کرد بۆم دەرکەوت کە ئەوان غەدری زۆریان لێکراوە، ساڵێنێکی زۆر خەباتیان کردووە و کەم ئەندام بوون و بوونەقوربانی، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدراوە ڕەخنە لە سکرتێری حیزبەکەیان بگرن، کاتێک ڕەخنەیان گرتووە خراونەتە دەرەوە، حیساب بۆ بۆچوون و تێڕوانینەکەیان نەکراوە، ئەمە قسەی پێشمەرگە دێرینەکان خۆیان بووە کە دەڵێن کاتێک ڕەخنەیان دەگرت لەسکرتێر پێیان دەگووترا پاڵیان پێوەبنێن بابچنە ئەوروپا و ئەمریکا بابچن سەگ بەخێو بکەن یان بیان نێرن بۆ شەڕ بۆئەوەی ببینە قوربانی. دواتر دەنگ و بۆچوونی پێشمەرگە دێرینەکانم کۆکردەوە کە پێویستە چی بکەین بۆ داهاتوو. دیارە بەهۆی ئەوەی من چەند ساڵێک لەکاری نیزامی و پێشمەرگایەتی دا تێکۆشاوم تەنها بیرم لەبواری چەکداری و نیزامی دەکردەوە، بەڵام پێشمەرگە دێرینەکان مخالیفی کاری نیزامی بوون موافیقی کاری مەدەنی بوون، بەڵام کاری مەدەنی بۆئەوەی خەڵکی کوردستان ڕزگاری بێت لە ئاغاو سەرۆک عەشیرەت و خوای سەر زەمین، پێشمەرگە دێرینەکان و خەڵکی ئازادیخواز وا بیریان کردەوە کە ئێمە دەبێ پەناببەین بۆ کاری شووڕا ، بەسیستەمی شووڕا، لەبەرئەوەی سیستەمی شووڕای پێشتر کاری پێ کرابوو خەڵکی شاری سنە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێی ڕازبوون، کەپێش کۆماری ئیسلامی کاری پێ کرابوو لەدوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی نەیتوانی لەناو خەڵکدا ئەو سیستەمە لابەرێت تەنها توانی ناوی شووڕای خەڵک بگۆڕێ بۆ شووڕای کۆماری ئیسلامی. لێرە تێگەیشتم سیستەمی کاری شووڕای سیستەمێکی خەڵکییە، کۆماری ئیسلامی بەو دیکتاتۆری و ملهوڕی یەی کاری پێ دەکات و سەرکەوتووبووە. لەگەڵ هاوڕێیان گەیشتینە ئەو ڕایەی کە لە کوردستان ناکرێت بەرەو کاری نیزامی و چەکداری بچێت، چونکە بەکاری چەکداری بەرەوکاری توندتیژی دەچین. کەواتە چارەسەر یەکبوونی هێزی نیزامی یە، جائەوەش ناوی ئەرتەش بێ یان پێشمەرگەبێ یان سووپا بێ. دواتر پەنامان بۆ گفتوگۆکردن برد لەگەڵ خەڵکانێک کە تەماعکارنەبن، ئەو خەڵکە خۆبەخش و دڵسۆزانە ئامادەن بۆ کاری خۆبەخشی و دەیانەوێ تەنها خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکەن. لەناو ئەو خەڵکە خۆبەخش و دڵسۆزانە پرسیارمان کرد کە کاری شووڕا چۆنە، چ بکرێ باشە، لەناو ئەو کەسە دڵسۆزانە کە دەتوانم ناویان بێنم ئەوانیش کاک یوسف ئەردەلان و کاک ئاوات زادە (عبدالرحمن رسول ) بوو کە باسی سیستەمی شووڕای و جۆری خۆبەڕێوەبەری حکومەتی خەڵکی بەدەستی خەڵک و وە ڕابەرایەتی خەڵک و شووڕای خەڵکیان کرد، دواتر بیرمان کردەوە کە کارەکان بە شووڕاکان بسپێرین، دواتر چەند کەسێک خۆبەخشانە خۆیان هەڵبژارد بۆ تێکۆشان لە ناو شووڕای هاوپشتی خەڵکی کوردستان و شووڕای هاوپشتی خەڵکی کوردستان پێکهات. لە ئێستادا ئەندامانی شووڕا بە شێوەی کاتی شووڕای هاوپشتی خەڵکی کوردستان بەڕێوەدەبەن هەتا بەستنی کۆنگرە.

 

بۆپێشەوە: پیکهێنەرانی ئەم شورایە کێن؟ کەسایەتی سیاسی و جەماوەرین، یان سەر بە حزب و ڕیکخراوە سیاسیەکانن؟ نەخشەو پرۆژەی ئەم شوراییە چییە؟

سەدیق کەریمی: پێکهێنەرانی شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان پێکهاتوون لە کەسایەتی یە سیاسی وجەماوەرییەکان، بەشێکیان کەسانی ئازادیخوازی بێ لایەنن، بەڵام بەشێکیان سەربە حیزب ولایەنە سیاسی یە جیاوازەکانن وبە شێکیشیان پێشمەرگەن و هەروەها هەیانە پێشمەرگەی دێرینن و هەڵسوڕاوی سیاسی بوون کە وازیان لەحیزبەکان هێناوە. ئێمە پێش ئەوەی شووڕاکان دەست بەکاربن داوامان لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کرد کە سیستەمی شووڕای یان سیستەمی ڕابەرایەتی یاخود هەر سیستەمێک کە خۆتان پێتان باشە، هێزی نیزامی یان هێزی یەکگرتوویی ئەرتش (سوپا) ی کوردستان دروست بکەن لەگەڵ ئەو داواکاری یە وەکو هەدیە بۆ کۆبونەوە و کۆنفراس سەد ملیۆن تمەن پارەی ئێران کە ئەو کات پارەی ئێران باش بوو پێمان گووتن بۆ هەر کۆبونەوەتان سەد ملیون تمەن دەدەین تەنها یەک بەڵێننامەمان بۆ ئیمزا بکەن با خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران هاوشێوەی باشووری کوردستانی لێ بەسەرنەیەت، کەدەبیندرێت لە باشووری کوردستان لەئێستادا یەک دەڵێ پارتی فرۆشتی و یەک دەڵێ یەکێتی فرۆشتی هەردووکیشیان دەڵێن بمان دەدەنە دادگا کەسیش ناچێتە دادگا. ئێمە بەڵێننامەیەکمان پێویستە کە تووشی شەڕی ناوخۆ نەبین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەسەرەتادا زۆریان پێ باش بوو، بەڵام دواتر کە داواکارییەکە دەگات بەدەستی سکرتێری حیزبەکانیان کە زانیان یەکبوونی هێزی نیزامی دروست بکرێ ئەوان پێشمەرگەی شەخسیان بۆ نامێنێتەوە، موخالیف بوون گووتیان نامەنەوێ دەخالەت لەکارماندا بکەن، داواکارییەکەی ئێمەیان ڕەتکردەوە و هێزی نیزامیشیان دروست نەکرد.

 

بۆپێشەوە: نەخشەو پرۆژەی ئەم شوراییە چییە؟

سەدیق کەریمی: ئێمە خەڵکمان لەتاران و شارەکانی ناوخۆی ڕۆژ هەڵات هەیە دەتوانین هەڵسوڕان بکەین، بەڵام ئێمە داوامان کرد هەر جۆرە تەبلیغاتێکی نیزامی وسەربازی و هەڵسوڕانێکی سیاسی قەدەغەیە بۆ ئەندامان و لایەنگرانمان لەناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەمەش لەبەرئەوەی لەقۆناغی ئێستادا لە بەدواداچوون و توێژینەوەداین هەتاوەکو ماوەیەکی تر کە خۆمان ئاگاداریان دەکەینەوە لەشێوە و جۆری هەڵسوڕانیان لەناوخۆی ئێراندا، لەئێستادا گرینگی بە خوێندنەوە و خۆپەروەردەکردن بدەن و سوود وەربگرن لە دونیایی مەجازی دا. بەخۆشحاڵێ وە هەروەک ئێمە داوامان کرد ئەندام و لانگرانمان لەناوخۆی ئێران هەروایان کرد لەپێناوی پاراستنی گیانی خۆیاندا. لەدوایی ئەوەی شووڕاکان دەست بەکاربوون من خۆم هەڵنەبژارد و چوومە کەنارەوە، تەنها وەکو ئەندامێکی ئەرتش مامەوە. ئێستا ئێمە لەناو زۆربەی حیزبەکاندا شووڕامان هەیە و خەڵکمان هەیە، بەشێکیان نهێنین و بەشێکیشیان ئاشکران کە کارمان لەگەڵ دەکەن. ئێمە دژایەتی هیچ حیزبێکمان نەکردووە، کار بۆ یەکبوونی هێزی نیزامی دەکەین، شەڕی ژیان دەکەین شەڕی نان دەکەین بۆ خەڵکی کوردستان. ئێمە هێزی نیزامیمان هەیە، بەڵام بەکاری ناهێنین لەبەرئەوەی بە پێویستی نازانین لەئێستادا، هێزی چەکداری ئەو حیزبانە بە هێزی خۆمان دەزانین بۆیە کاردەکەین بۆ یەکخستنی سەرجەم هێزەکان لەناو یەک هێزی کوردستانی دا، هەروەها بە جۆرێک هێزی نیزامی بۆ پاراستنی هێزی مەدەنی خەڵکی کوردستان و ئامانجەکانی شووڕای هاوپشتی خەڵکی کوردستان دا بێت. شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان بەشەکانی کۆمەڵگا ڕێکدەخا، بۆ پاراستنی ئەندامانی شووڕا پێویستمان بە هێزێکی نیزامی یە لە داهاتوودا ئەرتشی کوردستان هێزە نیزامییەکەی دەخاتە خزمەتی خەڵکی کوردستان و ئەو کەسانەی کە وا چالاکی مەدەنین لەبەرئەوەی ئێمە باوەڕمان بە چالاکی مەدەنی هەیە وچالاکی مەدەنی بە شێوازێکی زانستی و باشی دەزانین، هێزی نیزامی ئێمە لەخزمەتی چالاکی مەدەنیدایە، وە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە هێزی ئێمە دەستوور وەردەگرێ لە هیچ سەرۆک و سکرتێرێک دەستوور وەرناگرێت. وە بە هەرجۆرێک بێینەمەیدان بۆ سەروەری یاسای مەدەنی وشارەستانی تێدەکۆشین.

 

بۆپێشەوە: ئەم شوراییە ڕیکخراوەی جەماوەرییە یان رێکخراوەیەکی سیاسی و حزبی؟ ئەگەر کەسانێک بیانەوێت پێوەی پەیوەست بن، بەچ پێوانەیەک وەریان دەگرن؟

عبدالرحمن رسول (ئاوات): شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان شووڕایەکی سیاسییە، بەڵام جیاواز لە حیزب هەڵسوڕان وتێکۆشان دەکات بە ئاراستەی ڕێکخستنی تاکەجیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە ئامانجی ئەوەی کەبتواندرێت بەتێکۆشانێکی هاوبەشی یەکگرتووانەی جەماوەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بتوانێت بەکرداری بەشداربێت لە دانانی یاسا وسیستەمێکی سیکۆلار وئازاد دوور لەهەرجۆرە چەوسانەوەیەک. کە ئەمەش بە ئەنجامدانی تێکۆشانێکی دڵسۆزانە لەبواری فەرهەنگی وپەوەردەو سیاسی و یاسایی و کۆمەلایەتیەوە، جێبەجێ دەکرێت. هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە ئەندام بەم مەرجانەی لای خوارەوە :١- هەرکەسێکیش باوەڕی بە سیستەمی شووڕای هەبێت بەجۆرێکی سیکۆلار ومەدەنی و ئازاد کە لەبەرژەوەندی باشبوونی ژیانی خەڵکی کرێکار وکۆڵبەرو زەحمەتکێش و دەستفرۆشانی کوردستاندابێت.

٢- باوەڕی بەچەسپاندنی. یاسایەک هەبێت لە کۆمەڵگەدا کە ئازادی ڕادەربڕینی بێ مەرجی سیاسی.

٣- هەکەسێک باوەڕی بە یەکسانی نێوان ژن وپیاو هەبێت.

٤- هەرکەسێک باوەڕی بە چەسپاندنی مافەکانی ماف وئازادییەکانی ژنان هەبێت.

٥- هەکەسێک باوەڕی بە چەسپاندنی مافە ئینسنییەکانی مناڵان هەبێت.

٦- هەرکەسێک کەدژی چەوسانەوەو ئازاردان وکوشتن ولەسێدارەدانی مرۆڤەکان بێت.

٧- هەرکەسێک دڵسۆزانە تێکۆشان بکات بۆ پاراستنی ژینگەو ئاژەڵ و باڵندە و گیاندارانی کوردستان.

٨- هەرکەسێک خۆبەخشانە تێکۆشان بکات لەپێناوی هێنانەدی ئەو ئامانجانەی کەلەوخاڵانەی خستمە ڕوو دەتوانێت ببێتە ئەندام. هەڵسووڕان و تێکۆشان لەناو شووڕای هاوپشتی خەڵکی کوردستاندا درێژە پێبدات ..

 

بۆپێشەوە: ئەم ڕیکخراوە ئەندامگیری دەکات، یان تەنها ڕیکخراوەیەکە کاری تەبلیغاتی و ئاکسیۆن و کۆبونەوەی نارەزایەتی دەکات؟

عبدالرحمن رسول ( ئاوات): شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان بەڵێ ئەندامگیری دەکات بەڵام جیاواز لەحیزبایەتی ئەویش هانی خەڵک دەدات کە خۆیان لە شوێنی کارو گەرەکەیاندا بەدواداچوون بکەن شووڕا دروست بکەن بەپێی جۆری بارودۆخی گونجاو. لەگەڵ ئەوەشدا کار لەسەر ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی دەکات بەئاراستەی بەدیهێنانی ماف وئازادییەکانیان.

 

بۆپێشەوە: شورای هاوپشتی خەڵکی کوردستان، لە دەرەوەی وڵات پێک هاتووە، ئایا هەر لەیەک وڵات چالاکوان و هەڵسوڕاوتان هەیە، یان لە چەند وڵاتێک؟ ئەگەر لەچەند وڵاتێک هەڵسوڕاوتان هەبێت… پەیوەندی هەڵسوراوانی وڵاتەکان بە یەکترییەوە چۆنە؟

عبدالرحمن رسول ( ئاوات): شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان کە پێشترلە ژێرناوی جیاواتر هەڵسوڕانی دەکرد بەناوی شووڕای ئەرتشی کوردستان کە بۆ خستنەڕوویی پڕۆژەیەک بوو بۆ سەرجەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سەنەدێک ئیمزابکەن بۆ خەڵکی کوردستان بۆئەوەی لە داهاتوویی ئاڵوگۆڕی سیستەمی ئێراندا کە یەک هێزی نیشتیمانی هەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بکات، هێزی چەکداری حیزبەکان هەڵبوەشێت ونەمێنێت لە قۆناغی ئێستاوە کاری بۆ بکرێ و سەندی ئەوە ئیمزابکرێت کە بەهیچ جۆرێک شەڕی ناوخۆی ناکەن. بەڵام بەداخەوە حیزبەکان گوێیان بەم پڕۆژەیەی ئێمەی هەڵسوڕاوانی ئازادیخوازنەدا دواتر ئێمە هەر ئەو هاوڕێ یانە ئەم پڕۆژەیەمان فراوان کرد و شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان دامەزراند بۆ بەرەوپێشچوون وبەدیهێنانی ئامانجە ئینسانییەکان. پێکهاتەی ئەم شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان ئەندام و هەڵسوڕاوی لەچەندین دەوڵەت وجودی هەیە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و باشووری کوردستانەوە. لەبەرئەوەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێران و باشووری کوردستان تایبەتمەندی ئەوەی هەیە لە ئێستادا پێمان باش نییە کە خۆیان عەلەنی بکەن و بارودۆخی ژیانیان بخەنە مەترسیەوە. سەبارەت بەوڵاتانی تریش وەک وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا وتورکیا لە ڕێگای سەردانی کردن وکۆبونەوی لەگەڵ یەکتری کارەکان ئەنجام دەدەین یاخود لە ڕێگای تۆڕەکانی پەیوەندی سۆشیال میدیاوە، هەروەها ئێمە چەندین ناوەندی شوورای کاتیمان بە ناوی جیاوازەوە دامەزراندووە دواتر لە کۆنگرەدا شووڕای گشتی دیاری دەکرێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە.

بۆپێشەوە: لاتان وایە لە رێگای ڕیکخراوەیەکی جەماوەری و لەدەرەوەی وڵات، دەتوانن کاریگەریتان لەسەر کەشی سیاسی و بزوتنەوەی جەماوەری خەڵکی کوردستان لەناوەوە هەبێت؟ چۆن پەیوەندییەکانتان لەگەڵ حزبە سیاسیەکانی کوردستان ڕیک دەخەن؟ دوورو نزیکیتان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، لەسەر چ بنەمایەکە؟

عبدالرحمن رسول ( ئاوات): شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان تەنها لەدەرەوەی وڵات و لەوڵاتانی ئەوروپا ئەندام لایەنگری نییە، هەروەک لەوەڵامی پرسیاری پێشتر گوتم کە لەناوخۆی کودستان وجودی هەیە و بە پێی بارودۆخی هەستیاری خۆیان کۆبوونەوەکانی خۆیان بە مەخفی درێژەپێدەدەن ئێمە ئێستاش پێیان دەڵێین بە هیچ جۆرێک کاری عەلەنی و دروشم بازی مەکەن لە قۆناغی ئێستادا. بەو جۆرەی ئێمە کاری لەسەر دەکەین نەخشەی پلاتفۆرمی هەڵسووڕانمان زۆرباش دەچێتە پێشێ و ئێمە زۆر سوپاسی هەموو هاوڕێیانی شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین کە زۆر باش هاوکار و پشتیوانی بەردەوامی بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پرۆژەی بزوتنەوەی شووڕای لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. پێویستە ئەوەش بڵێم بەردەوام پشتیوانی وهاوپشتیی تێکۆشانەکانمان زۆر زیاتر دەبێت و کە کەسایەتی سیاسی و گرووپ و ڕێکخراوی جیاواز بۆ کاری خەباتی هاوبەش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لە داهاتوودا کاریگەرییەکان باشتریش دەبێت. مەرجەکانی ئێمە بۆ کاری هاوبەش وگەشەدان بە پێوەندییەکان لەگەڵ حیزب ولایەن سیاسی یەکانی تر .ئەمانەیە:

١/ هەر لایەنێک باوەڕی بە سیستەمی شوورای هەبێت وهاوڕابێت کە خەڵکی کوردستان خۆی ڕابەرایەتی خۆی بکات وماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بەفەرمی بناسێت و پشتیوان بێت لە بەدیهێنانی ماف وئازادییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

٢/ ڕەزامەندبێت و باوەڕی بە هەبوونی یەک هێزی نیشتمانی چەکدار هەبێت واتە هەبوونی یەکجۆر( سووپا، ئەرتش، پێشمەرگە) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گرینگ و پێویست بزانێت ئەوا ئێمە بە هەمووجۆرێک دەست لەناو دەست تێکۆشانی هاوبەشی لەگەڵ ئەو حیزب ولایەنە درێژەپێدەدەین.

 

بۆپێشەوە: دەتوانن سەرخەتی ئەو ئەرکانەی بۆخۆتانتان داناوە، بۆ خوێنەرانی بۆپێشەوەی روون بکەنەوە؟

عبدالرحمن رسول (ئاوات): شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان تێکۆشان دەکات بۆ یەکخستن ودامەزراندنی هێزێکی یەکگرتوویی پێشمەرگە (سووپا یان ئەرتش)ی کوردستان، ناکرێت هەر حیزبە چەکداری خۆی هەبێت لە دوای ڕوخانی کۆماری فاشیزمی ئیسلامیی ئێران، پێویستە ئەو هێزە لە ئێستاوە کاری بۆبکرێت بۆ یەکخستن ویەکبوونی هێزی ئەرتشی کوردستان و ڕوونەدانی شەڕی ناوخۆ. ئێمە داوا لە حیزبەکان دەکەین هەرچی زووترە کاربۆ یەکخستنی هێزی نیزامی وپێشمەرگەی کوردستان و هەموولایەن و حیزبەکان بکەن و سەنەدو بەڵێننامەیەک ئیمزابکەن کە بە هیچ جۆرێک شەڕی ناوخۆ ناکەن.

٢/ شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان تێکۆشان دەکات بۆئازادی و مافەکانی ژنان و چەسپاندنی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لەدژی هەرهەڵاواردنێک و جیاکارێک و ژنان و پیاوان تێکۆشان دەکات.

٣/ شووڕایەکە کە هەستاوە لە ناو دڵی ئەحزاب و ڕێکخراو و کۆمەڵێ بیرمەند و ڕۆشنبیر و لێکۆڵەر و تاکی دڵسۆز و بەهەستێکی مرۆڤانە کە ساڵانێکە بۆ سەندنی مافی چینی زەحمەتکێش و هەژاری گەلەکەی خەباتیان کردوەو دەنگ هەڵبڕینی بووە بۆ گەڕانەوەی ماف و شکۆ و ئازادی بۆخەڵکی کوردستان، شووڕا بۆ داڕشتنی بنەڕەتێکی پتەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد وسیکۆلار دووربووون لە دەسەڵاتە عەشیرەتی وخێڵەکییەکان یاخود تاکێکی دیکتاتۆر هەتاهەتایی. ئامادەیی خۆی بۆ لە باوەش گرتنی هەر تاکێکی دڵسۆزی خەڵکی کوردستان دەردەبڕێت کە ئەیەوێ لەسەر ماف و ژیانی خۆی و گەلەکەی بڕیار دەر بکات.

٤/ شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان، بەچاوی ڕێزەوە لە هەموو ئاین و ئایدۆلۆژی و نەتەوه و ڕەگەزێك، ئەڕوانێت چونکە بڕوای بەئازادی و مافەکانی مرۆڤایەتییە و تێگەیشتنمان بۆ ئازادی واتە قبوڵکردنی جیاوازییە فکری و ئاینی و کەلتووری و نەتەوەیییەکانە.

٥/ پێویستە هەموومان ڕێگا خۆش بکەین بۆ یەکگرتوویی و یەكبوونی ئازادیخوازان و مرۆڤ دۆستان لە تێکۆشانێکی هاوبەشی یەکگرتووانە بە ئامانجی ڕوخاندنی دەسەڵاتی داگیرکەر لە نیشتمان دا، وە هەروەها هاوکار بن لە داڕشتنی بنەڕەتێکی بەهێز و نەڕوخەر لەسەر بیر و زانیاری تاکی کۆمەڵگە سەبارەت بە مافە ڕەواکانی بەشدار بوون لە جێبەجێکردنی عەدالەت لە ناو کۆمەڵگە بە شێوازێکی نوێ و بە پێی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد.

٦/ شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی شووڕای کە خەڵکی کوردستان خۆی یاسا وسیستەمێکی شارستانی و ئازاد دوور لەهەر جۆرە چەوساندنەوەیەک بۆخۆی و کۆمەڵگەکەی دابنێت وبەرگری لێ بکات.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٥ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

 

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *