غیرەتی وەزارەتی ناوخۆ و چەک داماڵین…

عەبدوڵا مەحمود…

بەرواری ١٠ ئەم مانگە، وەزارەتی ناوخۆی! هەرێمی کوردستان، بە نووسراوەیەکی فەرمی بریاری دەستبەسەراگرتنی چەکی قورس و مام ناوەندی دەرکرد. چەکی جۆری سوکی وەکو کڵاشینکۆف و دەمانچەشی مەعاف کرد.
وەزارەتی ناوخۆ!! و دەسەڵاتی میلیشیایی هەرێم، کۆمەڵگەی کوردستانیان، نوقمی چەکی جۆراوجۆری قورس و نیوقورس و سوک و میکانیکی و ئەلکترۆنی … کردووە، لە ماوەی نزیک بە ٣٠ ساڵی دەسەڵاتدارێتیاندا، هەر کام لە حزبەکانی دەسەڵات بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی، بەجیا لە بوونی هیزی میلیشییایی تایبەت بەخۆیان لە چەشنی یەکەی ٧٠ و ٨٠، هاوکات لەرێگای دروستکردنی چەندین یەکەو دەستەی تایبەتی چەکداری وەکو دژە تیرۆر و هیزی ئاسایشی پارێزگاری هەرێم و دەمامکدار و بێ دەمامک و سوپای پارێزەری بەرپرسە حزبییەکان و توڕێکی نهێنی ئاسایشی چەکدار، هاوکات کادرو بەرپرسەکانی خۆیانیان، پڕ چەک کردووە، تا لە حاڵەتی هێرش و هەرەشە بۆ سەر حزبەکانیاندا، بەکاریان بهێنێت و لەرێگای چەک و زۆری هێزەوە دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان پارێزگاری لێ بکەن… هەر ئەوەش وایکردووە کە ئەم دەسەڵاتە لە ٢٨ ساڵی ڕابردوودا، ئەم هێزانەی سەربەخۆیان تەیاری چەکی قورس و مام ناوەندی بکەن.
لە ئێستادا، کە تورەیی و نەفرەتی جەماوەری رۆژ بەرۆژ بەرەو هەڵکشان دەچێت و دەسەڵاتیش لەبەرامبەر بە نارەزایەتی جەماوەریدا نیشانیداوە، کە دەست پارێزی لەبەرامبەر بە خۆپیشاندەران و نارازیاندا ناکات کە رووبەرووی دەسەڵاتیان بێت. وە ڕۆژ بەرۆژ ئەو راستیە دەسەلمێت و دەبێتە ئەزموون کە ئەم دەسەڵاتە بەتەنها لەڕیگای نامەی و یاداشتی نارەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبونەوە، ناتوانێت حەرەمی دەسەڵاتی چەکداری حزبی ببەزینێت… ئیدەو بۆچوونی دەستبردن بۆ چەک، بۆ چ ڕووبەرووبوونەوەی ملهوری و دەستێوردانی وڵاتانی ناوچەکە و دەزگا جاسوسیەکانیان و چ بۆ بەرگری لەخۆیان لەبەرامبەر بە توندوتیژی و وەڵامی چەکداری دەسەڵات، بەتایبەت لەلایەن بەشیک لە رابەرانی حزبە سیاسییەکان و بۆ بەرگری لەخۆکردن، تەنانەت لەناو بەشیک لە رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری تر لە کۆمەڵگەدا، راستیەکی حاشاهەڵنەگرە.
دەستبردنی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بریاری داماڵینی چەکی قورس و نیوە قورس، هێندەی نیگەرانییە لەو راستییە کە بژاردەی دەست بردن بۆ چەک لە بەرامبەر ملهورێ وڵاتانی ناوچەکەو دەسەڵاتدا، ئەگەرێکی کراوەیە، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی هاوڵاتیانەوە نییە. ئەوەی ئاسایشی هاوڵاتیانی تێکداوە، دەستێوەردانی هەموو ڕۆژەی وڵاتانی ناوچەکەیە لە کوردستاندا، خودی دەسەڵاتی میلیشیایی حزبەکانی دەسەڵات و هیزە پڕچەکەکانی پارێزەری بەرپرسەکانیانە… بوونی هیزی چەکداری حزبییە، پابەند نەبوونی حزبەکانە بە ململانێی سیاسی و ئاشتیانە، بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسەکانی یەکلایکردنەوەی دەسەڵاتیان لە دۆخە هەستیارەکاندا… سەربەخۆ نەبوونی ئیرادەی سیاسیان و لەهەر کاتێکدا پێویست بێت و پەیوەست بوونیانە بە هێزی وڵاتانی ناوچەکە و دەست تێکەڵاوکردنیانە لەگەڵیان بۆ کێبەرکێ لەگەڵ هێزی نەیاری دەسەڵاتیان… ئەمانە هۆکاری بڕیاری وەزارەتی ناوخۆن.
لەناوخۆی کوردستان و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، چ شەرۆ و کێبەرکێی نیوان تایفەو خێڵ و خێزانەکان، چ دەستبردن بۆ تۆلەسەندنەوە تا دەگاتە دەست بردن بۆ دزی و تاڵانی و کوشتاری ژنان لە ژێر ناوی شەرەفدا، بە زۆری لە رێگای کڵاشینکۆف و دەمانچەوە، ئەنجام دەدرێت… کەچی وەزارەتی ناوخۆ ئەو چەکانە یاساغ ناکات و لە بەرامبەردا لە رێگای پێدانی مۆڵەتەوە، هێشتنەوەی ئەو چەکانە دەکاتە فەرمی و یاسایی.
کیشەی وەزارەتی ناوخۆ و دەسەڵاتە چەکدارەکەی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پارێزبەندی هاوڵاتیان نییە، ئەگەر ئەوە مەبنایەکی داماڵینی چەک بوایە، دەیتوانێ بە قەدەغەکردنی چەکی کلاشینکۆف و دەمانچە ببوایە سەرەتایەک بۆ داماڵینی چەک لە ئوردوەی پارتی و یەکێتی کەخۆیان چەکداریان کردووە.
پارتی و یەکێتی، وەکو دوو حزبی سیاسی و میلیشیایی… چونکە دوو هیزی مۆدێرن نین و بروایان بە ئازادی سیاسی و ئازادی هەڵسورانی سیاسی ئەحزابی نەیاریان نییەو ئامادەش نین لە رێگای ئاشتی و بەشیوەی شارستانی وەڵام بەداواو و ویست و داخوازی هاوڵاتیان و نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان بدەنەوە، بۆیە چەک دوا قسە دەکات… هەر بۆیەشە چەک بۆ ئەو دوو حزبە پایەکی سەرەکی هێشتنەوەی دەسەڵاتیان و ئامرازێکی گرنگی رووبەرووبوونەوەی نارەزایەتی و تورەیی جەماوەریشە.
پێویستە خەڵکی کوردستان لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی خۆیاندا، خواستی داماڵینی چەک لە حزبەکابە سیاسیەکان، بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، هاوشانی داماڵینی هەموو جۆرە چەکێک لە هاوڵاتیان، بەدەستەوە بگرن و کۆتاییهێنان بە هێزی چەکداری میلیشیایی و حزبی وەکو هەنگاوێکی گرنگ لە راستای پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیاندا، تەماشا بکەن.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٥ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *