هێرشی فاشیزم بۆسه‌ر مارکسیزم له ‌له‌نده‌ن…

به‌شیر …
سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ر په‌یکه‌ری مارکس له‌سه‌ر قه‌برانی هایگه‌یت له‌له‌نده‌ن و به‌شی پێشه‌وه‌ی په‌یکه‌ره‌که‌ که‌ به‌ مه‌ڕمه‌ڕ لێی نوسراوه‌, ده‌که‌وێته‌ به‌ر هێرشی چه‌کوشی هێرش به‌ران، چه‌ند رۆژ دواتر واته‌ رۆژی 5ی فێبریوه‌ری ئه‌م هه‌واڵه‌ ده‌بێته‌ باسی زۆربه‌ی میدیاکانی به‌ریتانیا و به‌شێک له‌ میدیاکانی وڵاتانی ئه‌وروپا. ئه‌م هێرشه‌ له‌ناوه‌رۆکدا هێرش نییه‌ بۆسه‌ر په‌یکه‌ری مارکس، ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار نییه‌ که‌ بۆرژوازی و سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌کانیان کاتێک توشی ئه‌زمه‌ی ئابوری و سیاسی ده‌بن هێرشه‌کانیان بۆسه‌ر کۆمۆنیزم و مارکس و مارکسیزم و مه‌ده‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگە چڕ ده‌که‌نه‌وه،‌ هه‌روه‌ها هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری کرێکارو زه‌حمه‌تکێش بۆ خواسته‌کانیان رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌ به‌ سۆشیالسیت و مارکسیست و کۆمۆنیزم تاوانباریان ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ زه‌مانی مارکس هه‌ر وابوو، هه‌ر بۆیه‌ له‌ مانڤێستدا مارکس و ئه‌نجڵز به‌ڕۆشنی باسی ده‌که‌ن، به‌دوای جه‌نگی ساردو ڕوخانی بلۆکی رۆژهه‌ڵات، به‌هه‌مان شێوه‌ هێرش کرایه‌ سه‌ر په‌یکه‌ری لینین.
واته‌ سه‌رمایه‌داری له‌گه‌ڵ ئه‌زمه‌ی‌ سیاسی و ئابوریدا که‌ ده‌رگیری ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زمه‌که‌ی بشکێنێته‌وه‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگەدا، هێرشه‌کانی بۆسه‌ر کرێکارو مه‌حرومانی کۆمه‌ڵگەو کۆمۆنیزم و مارکس و رادیکالیزم، زیاد ده‌کات و‌ بزوتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رستی و راسیستی و فاشستیه‌کان سه‌ر ده‌رده‌هێنن و فه‌زای کۆمه‌ڵگە به‌ره‌و دواوه‌ ده‌به‌ن، له‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌م داو بوونی هیتله‌ر فه‌زای نازیستی و فاشیستی دروستکرد، به‌دوای جه‌نگی سارد، فه‌زای دنیای یه‌ک قوتبی و بازاڕی ئازاد و دیموکراسی و لیبرالیزم و مه‌رگی و کۆمۆنیزم و مارکسیان راگه‌یاندو هێرشی فراوان بۆ سه‌رمافه‌کانی کرێکاران و کۆمه‌ڵگە به‌گشتی ده‌ستی پێکرد و ده‌ستکه‌وتێک که‌ کرێکاران و ژنان به‌رئه‌نجامی خه‌بات و تێکۆشانیان به‌ده‌ستیان هێنا هێرشی کرایه‌ سه‌ر.
دنیای ئێستای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک و به‌دوای ئه‌زمه‌ی ئابووری و سیاسی سه‌رمایه‌داری که‌ له‌ 2008 وه‌ یه‌خه‌ی گرتوون، فه‌زای دنیای به‌ره‌و جه‌نگ و ماڵوێرانی و ئاواره‌یی و گرانی و برسێتی و توندکردنه‌وه‌ی کۆنه‌په‌رستی بردووه‌، فه‌زای نیولیبرالیزم و هاتوهاواری فره‌ فه‌رهه‌نگی و به‌هێزکردنی هێزه‌ دینی و ئیسلامییه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان هاوکاتی هێرشی سیستماتیک بۆسه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی کرێکارو که‌مده‌رات روخساری کۆمه‌ڵگەی به‌ره‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌کی فراوان بردووه‌. ترامپ و ئۆردوگان و داعش و بۆکۆحه‌رام و شه‌باب به‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌لومه‌رج ئه‌زمه‌ گرتووه‌یه‌ که‌ فه‌زای فاشیستی و کۆنه‌په‌رستی کۆمه‌ڵگە و هێرشی بۆسه‌ر رادیکالیزمی کۆمه‌ڵگەو کۆمۆنیزم و مافه‌مه‌ده‌نی و ئینسانیه‌کان و مارکس و مارکسیزم زیادی کردووه‌.
چ شوێنێکی دنیا هه‌یه‌ ئه‌مڕۆ ناڕه‌زایه‌تی تێدا نه‌بێت به‌دژی سه‌مایه‌داری و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت و بنه‌ماڵه‌یی و به‌ کۆمۆنیزم و مارکسیزم تاوانبار نه‌کرێن. ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی کرێکارانی ئێران و ده‌ستگیرکردنی رابه‌رانی کرێکاران و تاوانبارکردنیان به‌ کۆمۆنیزم، بێرنی سانده‌ر له‌ئه‌مریکا هیچ ئیدعایه‌کی سۆشیالیستی و مارکسیستی نییه‌ ته‌نیا به‌رگری له‌ ریفۆرم ده‌کات به‌ چه‌پ و سۆشیالیزم تاوانبار ده‌کرێت، جێرمی کۆربن له‌حزبی له‌یبه‌ری به‌ریتانیا به‌هه‌مانشێوه‌ به‌ چه‌پ و کۆمۆنیست ناو ده‌برێت، ئه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی هێله‌ک زه‌رده‌کانی فه‌ره‌نسا که‌ پێی نایه‌ 13 هه‌مین هه‌فته‌ی خۆی و بۆ لێدانیان به‌ چه‌پ و کۆمۆنیست و ئاژاوه‌گێڕ ناو ده‌برێن، مه‌لا به‌ختیار نموونه‌یه‌کی روو وه‌رچه‌رخانی کۆنه‌په‌رستی زیاتری بۆرژوازیه‌، که‌به‌دژی هێله‌ک زه‌رده‌کان قسه‌ده‌کات، بۆیه‌ ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان ده‌بینن و دێن و ئیدعای ئه‌مریکای دۆست و بۆش به‌ پیاوی چاک و حاجی بوش ده‌ناسێنن، فه‌ره‌نساو ئه‌مریکا به‌دۆستی کورد ناوده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ نابینن له‌م هه‌فتانه‌ی پێشوودا دوو سه‌د ملیۆن کرێکارو مه‌حرومانی کۆمه‌ڵگە له‌ هندستان ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و بۆ لانی که‌می خواست و داواکاریه‌کانیان، به‌ریتانیا له‌ ساڵی رابردوه‌وه‌ گه‌وره‌ترین و زۆرترین ناڕه‌زایه‌تی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، له‌ کرێکاران و مامۆستایان و کارمه‌ندانی خه‌سته‌خانه‌کان و رێگاو بان و له‌ چه‌پ و سۆشیالسته‌کان، وه‌ کۆ‌نه‌په‌رستی حزبی پارێزگاران به‌دوای ئه‌زمه‌ی برێگزتدا (ده‌رچوون له‌ئه‌وروپای یه‌گکرتوو) فه‌زای کۆنه‌په‌رستی و ناسیونالیزمی کوێرو تا ده‌گاته‌ فاشیزم زیادی کردووه‌ بۆسه‌ر کۆمۆنیزم و مارکس ومارکسیزم و مه‌ده‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگە، ئه‌م هێرشه‌ی ئه‌مجاره‌ی‌ سه‌ر په‌یکه‌ری مارکس به‌شێکه‌ له‌و هێرشه‌ی بۆرژوا فاشیستی بۆسه‌ر کۆمۆنیزم و مارکسیزم. له‌ کاتێکدا که‌ جێگاو رێگای مارکس چۆته‌ سه‌ره‌وه‌و جێگای باسی زۆرێک له‌میدیاکانه‌و و کاپیتاڵی مارکس و مانیڤێست له‌ ده‌ساڵی رابردوودا پڕ فرۆشترین کتێبه‌کان بووه‌.
هه‌ر به‌وهۆیه‌وه‌ بوو رۆژی 10ی فێبریوه‌ری کۆمۆنیسته‌کان و مارکسیسته‌کان و ئازادیخوازان له‌له‌نده‌ن هه‌نگاوی جدیان هه‌ڵگرت به‌دژی ئه‌و هێرشه‌ی بۆسه‌ر کۆمۆنیزم و مارکس و مارکسیزم‌ له‌ رێگای په‌یکه‌ری مارکسه‌وه‌ ئه‌نجامدرا، به‌چه‌پکه‌ گوڵه‌وه‌ و به‌ گوڵبارانکردنی په‌یکه‌ری مارکس ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان به‌ فاشیزمی بۆرژوازی ده‌ربڕی و قسه‌وباسیان کرد و بڕیاریان دا که‌ به‌شوێندا چوون بکه‌ن له‌رێگای لێپرسراونی ئه‌و ناوچه‌یه‌ که‌ هه‌وڵبده‌ن ئه‌و جۆره‌ هێرشانه‌ی بۆرژوا فاسیستی بۆ سه‌ر مه‌ده‌نیه‌تی کۆمه‌‌ڵگە بوه‌ستێنرێت‌.
ناوه‌ڕاستی فێبریوه‌ری 2019

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٥ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە!

 ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە ٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ بۆداگرتنی ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧، کلیکی ئیڕەبکە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *