چارەسەری دۆخی هەرێم، بەندە بە کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بۆرژوا میلیشیایی- ناسیونالیستی کورد!…

وەکو هەموو خولەکانی پێشوو، کێبەرکێ و هاوکات ویستی بەشداری کردنی حزبەکانی بۆرژوازی کورد لە حکومەتی داهاتووی هەرێمدا گەرمە… هەموو لایەنەکانیش بەچاوی ئومێدەوە دەڕوانە کابینەی نوێ و وانیشان دەدەن کە حکومەتێکی باش و بەهێز دەبێت و هەمووشیان جەخت لە هاوبەشی راستەقینە، چوار ساڵی ئارام!! بەشداری کارا لە سەرخستنی حکومەت دەکەنەوە. ڕیکەوتنی هەولێر و ناوەندیش لە پەیوەند بە پرسی بودجەوە هەموویانی مەستی دەرچوون لە ئەزمەی ئابوری و تێپەڕین لە دۆخی ناهەمواری ئابوری و کۆتایهێنان بە پاشەکەوتی موچە کردووە. چاوە تیژەکانی حزب بۆ بەشی داهات و بودجە، کراوەن. بەکورتی هەموو لایەنەکان ئومێدەواری پەخش دەکەنەوەو بەڵێنی چارەسەری دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک و باشترکردنی هەلومەرجی هەرێم، دەدەن.

بەپێچەوانەی بانگەشەی پێش پیکهاتنی کابینەی نوێ، چاوەڕوانی لەوەی کە حکومەتی داهاتووی هەرێم، کابینەی نۆهەم، دەتوانێت گۆڕانی بەرجەستە لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا پیکبهێنێت… وەهمە.

دڵخۆشکردن بەوەی کە چارەسەری کێشەی بودجە لەبەغدا لەم خولەی دانوستاندنی بەغدا و هەولێردا، بە قازانجی هەرێم دەتوانێت، دەروازیەکی نوێ بەرووی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا بكاتەوەو ئاسۆی ململانێیکانی نێوان بەغداو هەرێم، بەرەو کەناری ئارامییەکی سیاسی زۆرتر ببات، بێ ڕیشەیە.

خەڵکی کوردستان، ئەزموونی هەموو جۆرە حکومەتەکانی ٢٨ ساڵەی رابردووی هەیە… حکومەتی فیفتی فیفتی، حکومەتی بنکە فراوان، حکومەتی دوو ئیدارەیی و زۆنی، حکومەتی سازاو لەگەڵ ناوەند، حکومەت گرژ و پڕ کیشە لەگەڵ بەغدا، حکومەتی دەستپڕ لە داهات و نەوت کۆنترۆڵکراو، حكومەتی بێ بەشکراو لە بودجە بەغدا و ناوەند… حکومەت لە دۆخی بە‌هیزی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە ئاستی عێراق و ناوچەکەو دنیا، حکومەتی تەریک کەوتووی لاوازکراو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەو دنیا، حکومەت بە پانتایی قەڵەمرەوی فراوان و حكومەتی خاوەن لەدەستدانی قەڵڕەویەکی فراونی جغرافییەوە… لەهەموو ئەو دۆخ و هەلومەرجانەدا، لەباری ئابورییەوە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و خزمەتگوزارییەکان خراپ و نەبوو، لەباری سیاسیەوە دۆخی ناجێگیر و پر ململانێ لەگەڵ بەغدا، پرسەکانی پڕ کیشە لەگەڵ بەغدا بەدەست لێنەدراوی ماونەتەوە… لەسەروی هەمووشیانەوە فیدرالیزمی پوچی قەومی لە دنیای واقعیدا بەشوێنێک نەگەیشتووەو خۆی بۆتە هۆکارێک بۆ ڵیکترازن و دوورکەوتنەوەی هەرێم لە ناوەند…

لە ئێستادا، بەهۆی ڕیکەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە، وا بەرچاو دەخرێ کە هەلومەرجی ئابوری و دارایی هەریم، باشتر دەبێت… بەڵام ئەوە هەرگیز بەمانای باشبوونی بەرچاو و بەرجەستەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان تەواو نابێت. لەو بڕگەیەی کە کێشەی بودجە لەگەڵ بەغدا پڕ ئاریشەش نەبوو، بە لێشاو پارە ڕژێنرایە بازاری کوردستانەوە، لەگەڵ ئەوەدا ڕاچەنین و جموجۆڵێکی بەخشیە بازاڕ، بەڵام نەیتوانی هیچ ئاڵوگۆڕیکی بەرچاو لە خزمەتگوزارییەکاندا پێک بهێنێت، بەپێچەوانەوە وێرانتری کرد. موچەی دابەشکرد، بەڵام ویستەکانی هاوڵاتیانی وەڵام نەدایەوە. ئەوەی ئەو ڕژانە لە داهات و بودجەی لە بازار و لە هەرێمدا چنییەوە، حزب و سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی حزب و بەرپرسەکانی بوون، کە قەبەترو دەوڵەمەندترو لەبەرامبەریشدا ئوردوی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە بەرینتر بووەو سەرئەنجامیش قڵشتی چینایەتی قوڵتر کردەوە.

دیارە هیچ کاتێک نەبووە کە ئەو داهاتانەی کەوتۆتە دەستی حزبەکانی دەسەڵات لە کوردستان، بەشی موچەو دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ویستەکانی هاوڵاتیان بەپێی ستانداردی بەرێوەچوونی خێزانیكی پێنج نەفەری، نەکات. ئەوەی کە ئەو بڕە زۆر سادەو سەرەتاییە لەموچە حەپوڵشکراوە، حزبەکانی دەسەڵات بوون کە لوشیانداوە.

ئەم دەسەڵاتە لە بنەرەتدا لەسەر بنەمای تاڵانی و گەندەڵی بیناکراوەو هەر کاتێک ڕگەی ئەو دزی و تاڵانییە، ببڕدرێت، ئەو دەسەڵاتە کۆتایی بە ژیانی سیاسی دێت. هەر ئەوەشە کە ڕێگای لەبەردەم حزبەکان بۆ چاکسازی گرتووە، ئەو دەسەڵاتەی کردۆتە دەسەڵاتێکی چاکسازی هەڵنەگر.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستیانەیە، کە ناتوانرێت چاوەڕوانی باشبوونی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەو دەسەڵاتە حزبۆکراتی و میلیشیاییە بکرێت.

لە باری سیاسیشەوە، ڕێکەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە” ئەگەر لایەنەکانی هەرێم و بەغدا، پێوەی پابەند بن” ئەوە بەمانای چارەسەری ئەو گرفتە سیاسیانە نییە، کە لەگەڵ بەغدا لەسەر “سەرژمێری، پیشمەرگە، ناوچە کیشەلەسەرەکان، کەرکوک و مادەی ١٤٠، یاسای نەوت و غازو، پەیوەندییەکان…تاد” هەیە، وە بەمانای سەرکەوتنی پرۆژەی فیدرالیزەکرنی عێراق و کوردستان نییە. خودی پەیوەندی هەریم و بەغدا لەسەر بنەمای فیدرالیزمی قەومی منداڵدانی ئاوس بوونی بەردەوامی لەدایک بوونی کێشەیە لەنیوان ناوەندو هەرێمدا، کە بزوتنەوە سیاسییە کۆمەڵایەتیەکان، لەپشتیەوەن. بەو پێیە ناکرێ هیچ چاوەروانییەک لە باشبوونی دۆخی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، هەبێت و زمانەتێک یان مەوادای درێژخایەن بۆ ئاسایشی سیاسی هەریمی کوردستان دەستبەر بکرێت.

پەیوەندی هەرێمی کوردستان بە بەغداوە، پەیوەندیەکی ناهاوسەنگ و شلۆقە، دۆخی سیاسی کوردستان هەمیشە لەبەردەم رەشەبای جوڵانە سیاسیەکانی عیراق و ناوچەکەدایە و هەمیشە ئەگەری تیکچوونی هەلومەرجی سیاسی کوردستان لە ئارادایە…

کێشەکانی نێوان هەرێم بەغدا، دەهاویشتەی وەڵام وەرنەگرتنەوەی سیاسی و حقوقی کیشەی سیاسی خەڵکی کوردستانە لەسەر ئاستی ناوچەکەو لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا، و فیدرالیزمی قەومیش بۆتە گرفتێکی بەردەم چارەسەری  کیشەی کورد، و سەرچاوەی کێشمەکیشی هەمەلایەنەو هەمە رۆژەی هەرێم لەگەڵ بەغدا.

حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەتایبەتی حزبە دەسەڵات بەدەستەکان، لایەنێکی سەرەکی ئەم ململانێی و کیشە سیاسیەن و لەم شلۆقی و ململانێی سیاسەیەدا بەهرەبەرداری سیاسی دەکەن و تەمەنی دەسەڵاتدارێتیان درێژە پێدەدەن.

حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، ویستی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، نەک بە سودی خۆیان نازانن، بەڵکو دژایەتی سەرسەختی لەگەڵ دەکەن و لە جێگای ئەوە فیدرالیزمی قەومی وەکو شاڕێی مانەوەو قازانج پەرستی دەبینن. بەدرێژایی میژووی سیاسییشیان، هەمیشە جەنگین و کیشەیان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا، بەمەبەستی بەشداری لە دەسەڵاتی ناوەند و پچرینی پشکی داهات و بەتایبەتیش داهاتی نەوت بووە…

بۆیە چۆن ئەو دەسەڵاتە لە ئاستی کوردستاندا، ناتوانێت وەڵام بە ویست و داخوازییەکانی هاوڵاتیان لە دابین کردنی ژیانێکی شیاوی ئینسانی و خزمەتگوزارییەکان و ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان بداتەوە، هاوکات ناتوانێت هیچ کام لە سلکی هێزی چەکدار و دەزگای ئەمنی و هەواڵگری و ئیداری و دادوەری و بە دامەزراوەیی و سەراسەری بکات. وە ناتوانێت بەکردەوە دەست بۆچاکسازی ببات و چاکسازی پایەکانی بەسەر یەکدا دەڕمێنێت. ئەم دەسەڵاتە لەسەر ئاستی عیراقیشدا و هەڵگری هیچ چارەسەرێکی سیاسی بۆ پرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان نییە و خۆی کۆسپێکی بەردەمیەتی. لە ئێستاشدا حكومەتداری و دەسەڵاتی هەریم زۆرتر رۆڵی ژمێریاریی و دابەشکردنی موچەی بۆماوەتەوە، لەو رێگایەشەوە هەم دزی و تاڵانی و درێژە پێدەدات و هەمیش پەیوەندی خۆی لەگەڵ ناوەند رادەگرێت. لەو نێوەشدا هەم هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵک و خزمەتگوزاریی و ماف و ئازادییەکان، بەرەباشتر ناڕۆن و هەمیش کێشەی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان، بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە.

تەنها رێگایەک کە لە توانادابێت بۆ تێپەڕاندی ئەم دۆخە چ لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراق بۆ چارەسەری پرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان لە گرەوی ئەوەدایە، کۆمەڵگەی کوردستان لەژێر ڕکێفی دەسەڵاتی بۆرژوا میلیشیایی- ناسیونالیستی دەربهێنرێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٤ بەرواری ١/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *