توڕەیی خەڵکی شیلادزێ، ئاگری بەردایە، ملهوری تورکیا…

٢٦ ئەم مانگە، جەماوەری شیلادزێ بۆ بەرگرتن لە ژیان و گوزەرانیان و سنوردانان بۆ دەستدرێژی و ملهوری هەموو رۆژەی سوپای تورکیا و بۆمبابارانکردنی ناوچەکانیان، لەڕێگای خۆپیشاندانێکی جەماوەرییەوە دەستیان بەسەر یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی تورکیادا “بنکەی سیرێ” گرت و گڕی تورەیی خۆیان، بەردایە بنکەکەو بەتەواوەتی سوتاندیان. هیزە درندەو سنوربەزێنەکەی تورکیا، لە بەرامبەر بە خۆپیشاندەراندا کەوتە دەسترێژی و لە ئاکامدا هاوڵاتیەک گیانی لەدەستداو زیاتر لە ١٦ هاوڵاتیش بریندار بوون… جێگای ئاماژە پێدانە، حکومەتی هەرێم… لەچوارچیوەی نۆکەری پیشەیی بۆ دەوڵەتی فاشیستی تورکیادا، تۆمەتی دەستی دەرەکی دایە پاڵ خۆپیشاندانی حەقخوازانەی خەڵکی شیلادزێ و لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ روداوەکە دروستکردوە. لەبەرامبەر بە درندەیی و کوشتاری خۆپیشاندەرانیشدا، ئامادەی ئیدانەی درندەیی سوپای تورکیا نەبووە.

رژێمی فاشیستی تورکیا، بەهاوکاری حزبە خۆشخزمەتەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بە چاوپۆشینی حکومەتی بەغدا، لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ئێستا دەیان بنکەو بارەگای سەربازی و جاسوسیان، لەکوردستان کردۆتەوەو پەیتا پەیتاش سنور بەزاندنی ترو بۆمباباران و هێرشی فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکان، لە ژێر ناو و پاساوی لێدان لە بنکەو بارەگاکانی پەکەکەدا، درێژەی بووە، کە لە ئاکامی ئەو هێرش و ملهوریانەی تورکیادا، بەدەیان هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە یان بریندا بوون، خەڵکی ئاوارە بوون، زەرەو زیانێکی زۆر بە هاوڵاتیان گەیشتووەو نائەمنیش بۆتە مۆتەیەکی هەمیشەیی سەر ژیان و ئاسایشیان. ئەم رووداوەش کە بەسوتاندنی بنکەیەکی سەربازی تورکیا شکایەوە، بەرگریی خەڵکی قوربانی دیدەی ناوچەکەیە بەدژی هێرش و ملهوری هەموو رۆژەی دەوڵەتی تورکیادا. کاتی ئەوە هاتووە کە خەڵکی کوردستان لەچوارچیوەی پشتیوانیان لە خەڵکی ناوچە سنورییەکاندا، لە رێگای خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەرییەوە خواستی چونە دەرەوەی تەواوی بنکەو بارەگاکانی سوپای تورکیا و وڵاتانی تر لە کوردستان، بەرز بکەنەوە… و حزبە دەسەڵادارەکانیش ناچار بکەن، دەست لە خۆشخزمەتی و سیفەت پیشەیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەڵبگرن.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٤ بەرواری ١/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *