ئەوەی‌ لە‌ئاڵوگۆڕی‌ سوریادا‌ باسی ‌ناکرێت!…

نوری بەشیر…

لە دوو سێ مانگی رابردوودا، چەندین ئاڵوگۆڕ لە شانۆی سیاسی سوریادا ڕوویان داوە، یان هاتوونەتە پێشەوە. ئەم رووداو پێشهاتانە، پانتایەکی بەرینی میدیاکانی دنیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا، بەدوایدا سەردانی سەرانی وڵاتە عەرەبیەکان بۆ سوریا، خستە بەرباسی گەڕانەوەی سوریا و دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد بۆ نێو وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، دانیشتنی نێوان بەشار ئەسەدو هێزە کوردیەکان، دەستپێکردنی دەورەیەکی فراوانی بۆردومانی ئاشکرای فرۆکەکانی ئیسرائیل بۆ ناو سوریا و دەوری دیمەشق و بۆسەر هێزەکانی جمهوری ئیسالامی ئێران لەسوریا و کوژران و برینداربوونی دەیان پاسدار، ناوەنجگیری روسیا بۆ گەشتنە خاڵی هاوبەشی نێوان تورکیا و سوریا و کوردەکانی سوریا، خیلافاتی نێوخۆی هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا و ناوخۆی ئەمریکا لەسەر کشانەوەی ئەمریکاو لێدوانی جیاواز لەو بارانەوە لەقسەکانی سەرانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیسرائیل و یۆنان… دەیان کێشەی تری وڵاتانی ناوچەکە لەوانە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا و دەخالەتی پارتی و بارزانی لەرێگای هێزەکانی لایەنگری لەسوریا و تا دەگاتە هەڕەشەکانی ئۆردوگان بۆ سەر ناوچە کورد نشینەکان لەسوریادا… هەموو ئەم رووداو و ئاڵوگۆڕانەی لەسوریا هاتوونەتە پێشەوەو هەروەک دەورەی ٢ ساڵی رابردوو کەچەندین گۆڕانکاری جۆراجۆر تییدا روویدا، هێندەی پەیوەندی بەکێشە جیهانی و ناوچەییەکانەوە هەیە، هێندەی پەیوەندی بە جێگاو ڕێگای گرنگی سوریاوە هەیە بۆ یەکلاکردنەوە خیلافاتی هێزە جیهانیەکانەوە، هێندە پەیوەندی بە کێشەی ناوخۆی سوریاوە لەدانانی رێگاچارەیەک کە سوریا و خەڵکی سوریا بەسەری دەبەن نییە، تەنانەت بەپێچەوانی بانگەشەی لایەنە دەرگیر و بەرژەوەندخوازەکان، هیچ کام لەم رووداو و پێشهاتانە دوورو نزیک پەیوەندی بە کۆتاییهێنان بەوەی ناویان ناوە دژە تیرۆر و داعشەوە نییە. ئەوەی روون و دیارە، هیشتا سوریا، ناوەندی کێشمەکێشی قوتبە جیهانییەکان و دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە بۆ زاڵکردنی هەژموون و باڵادەستی سیاسی خۆیان بەسەر ناوچەکەو دنیادا… ئەو رووداوانەی ڕویان داوە یان لەسەرەتای رووداندان، دەرهاویشتەی گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکانی دەرگیرە لە سوریادایە.

بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا، کە روداوێکی سەرەکی ئێستایە لە سوریا و ناوچەکە، بەرهەمی شکست و ناکامی یەک لەدوای ئەمریکایە لە سوریا و حاسڵی شکستی سیاسی و نەبوونی روئیایەکی سیاسی بوو… کە ئەوەش بەجیا لەوەی دەروازەی بە دەستێوردانی زیاتری روسیا کردەوە و پێگەی ئەوی لە ناوچەکە بەهێزتر کرد، هاوکات خۆگرتنەوەی زۆرتری رژێمی سوریاش نیشان دەدات. ئامادەیی بەشێک لەوڵاتانی عەرەبی بۆ کردنەوەی قونسوڵی رژێمی سوریا لە وڵاتەکانیان و ئامادەیی هێزە کوردیەکان بۆ سازان لەگەڵ رژێمی ئەسەد، تیژبوونەوەی رۆڵی ئیسرائیل لەناو سوریا، هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ هێرشی سەربازی بۆناو سوریا… هەر یەکەیان پەیوەندیان بەو ئاڵوگۆڕانەوە هەیە، بەتایبەتیش ناکامی ئەمریکا و بڕیاری پاشەکشەی سوپاکەی. دیارە هەموو ئەمانەش بڕگەیەکی نوێ لەدۆخی سوریادا دەهێنێتە پێشەوە، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ناوچەکە و کێشمەکێشەکانی دەبێت. دیارە جەنگ و ململانێی قوتبە جیهانیەکان لە گۆڕەپانی سوریادا، بەتایبەتیش ئەمریکا و روسیا، پەیامەکانی بەرینترو فراونتر و جیهانین، لە پێناو هەژموونگەرایەکی سیاسی و ئابوری و سەربازی فروانتر لەدڵی ئەزمەیەکی ئابوری خنکێنەردا، کە رووبەڕووی جیهانی سەرمایەدارییە. تەنانەت کێشەی ڤەنزویال و بەرخوردی هەرکام لە ئەمریکا و روسیا، دیسان پەیامەکەی قوڵتر لە ڤەنزویال و کێشەکانی ڤەنزویالیە… دنیای ئەم سەردەمە، دەروازەی بەڕووی جیهانی یەک قوتبیدا، بەتەواوەتی داخست و ئێستا بەکردەوە، بەجیا لە قەڵەمڕەوی ئابوری و دیبلۆماسی، دەخالەتگەری سیاسی و سەربازی، دنیای کردۆتە مەیدانی بەرامبەرکێی دووقوتبی سەرەکی و جیهانی و چەند بلۆکی ناوچەیی و هێزی محەلی لە وڵاتانی ئەزمەگرتووی سیاسی و جەنگ زەدەدا. ئەوەی لەم نێوەدا، چ لە ئاستی سوریا و ناوچەکەو چ لە سەرئاستی دنیادا دەگوزەرێت…لەگەڵ ئەوەدا مۆرو نیشانی ململانێکانی رابردووی پێوەیە و درێژکراوەی ئەوە، بەڵام هاوکات هەڵگری پەیام و ئەجندای نوێ و تازەشە. چ قوتبی ئەمریکی و هاوپەیمانەکان و چ قوتبی رووسی و هاوپەیمانەکانی، رازی لە پێگەی خۆیان نیین و دەخوازن دنیا، لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێزی نوێ و ئەمری واقعی ئێستادا، پێناسە بکەنەوە… بۆ ئەمریکا، ناکامی و شکستەکانی، لە عیراق و ئەفغانستان و سوریا و لەبەرامبەر ئێران و لەتەواوی ئەو گۆشەو کەنارانەی دەخالەتگەری تیایدا، بووە…قابیل قبوڵ نییە، لەوەش واوەتر ناتوانێ چاوە تیژەکانی لەسەر رۆڵی بەرەو سەری روسیا و دەخالەتگەرییەکانی بگوازێتەوە و لەبەرامبەری بێ کاردانەوە و بێ نەخشە بێت… بۆ روسیاش بەدوای روداوەکانی ئۆکرانیا چەند ساڵ لەوە پێش و بەرۆڵی کاریگەری لە سوریا و ناوچەکە لە ئێستادا، دەخوازێت قەڵەمڕەویەکەی فراوانتر بکات و پێگەی ئێستا بەرێتە سەروتر… لە ململانێیەکی ئاوادا، ئوردویەک قوربانی ئاشکرا و پەنهان هەن… ئەو قوربانیانە خەڵکی کرێکاو زەحمەتکێشن… چینی کرێکار لە سەرتاسەری دنیادا، لە هەلومەرجێکی نەخوازراو دایە، ئوردوی بێکاران هەر فراوان دەبێت، ئاستی هەژاری هەڵدەکشێ، بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و خزمەتگوازرییەکان، لەژێر نوکە ڕمی سەرمایەدان، کەچی بەرامبەرکێی سەربازی و خۆ پڕچەککردن، برەودان بەدەخالەتگەری و جەنگ و جەنگی راستەوخۆ و بەوەکالەت، بە ملیاردەها دۆلار دەکرێ بەگەروویدا، کە هەموو بەرهەمی دەست رەنجی چینی کرێکارە… بەجیا لەو غولەی کە دەبێت بە لێشاو دولاری بۆ سەرف بکرێت، هاوکات بە ملیۆنان ئینسانیش دەکاتە قەرەبرووت و کۆمەڵگەکان وێران و خاپور دەکات… ئەوەی لەدڵی ئەم هەلومەرجەدا دەبێتە قوربانی لە سوریا و ناوچەکەدا گۆشەیەکە لە تەسفیەی ئینسانی و داروخاندنی کۆمەڵگەو ئایندەی نەوەکانی. کەچی ئەوەی باسی ناکرێت یان جێگای گرنگی پێدان و ڕاچەنین نییە، چارەنووسی خەڵکی ئەو ولاتەیە، بۆ دنیا رۆشنە کە جیا لە نزیکەی یەک ملیۆن کوژراو لەو وڵاتەدا، چەندین ملیۆن ئاوارەی وڵاتانی ناوچەکەو جیهانن، چەندین ملیۆنی تریش بەناچاری ناوچەکانی خۆیان چۆڵکردوە، هەر ئەم رۆژانە بەپێی لێدوانی رێکخراوەکانی مافی منداڵان ٢ ملیۆن منداڵ لەبەردەم رەقبوونەوەی سەرمای ئەم زستانەدان لەسوریا،… هەموو ئەو کارەسات و مەرگەساتە، جێگای بێدابوونەوەی ناوەندە نێودەوڵەتی و جهیانییەکان نییە، هەروەک چۆن کۆبوونەوەکانی جنێڤ و ئەستانەش نەیان کرد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە دنیای فەرمی لە ژێر بەرژەوەندیەکانی زلهێزەکانی دنیادا، گوێی خۆی کەڕکردووە، ئەم هەلومەرجە تازەیەش کە دێتە پێشەوە، دووبارە دریژەدانە بەهەمان ئەو سیناریۆیەی کە هێزە ئەسڵیەکانی ئەمریکاو روسیاو نۆکەرەکانیانن، لە هاوسەنگی هیزێکی تازەدا. هەروەها ئەوەی ئێستا ئەمریکا لە سوریا دەرگیری بووە تەنیا ئەزمەی ئێرە نییە، بەڵکو ئەزمەیەکی گەورەیە کە لەناوخۆی وڵاتەکەی دەرگیری بووە، ئەوەی کە ترامپ نەک ژمارەیەکی زۆری وەزارەتەکانی بەوەزارەتی بەرگریەوە وازیان هێناوە، بەڵکو دامودەزگاكانی حكومەتی فیدراڵی توشی داڕمان و راوەستان بوو.

لەکۆتاییدا ئەوەی لەسوریا هاتۆتە پێشەوە درێژەی سیناریۆیەکە کە وڵاتانی سەرمایەداری ئەزمەگرتوو لەوێدا سیاسەتی خۆیان دەبەنە پێشەوەو نزیک و دوور پەیوەندی بەچارەنووسی خەڵکی ئەو وڵاتەوە نییە، کەئەوان دەستوری بۆ دەنووسنەوەو بەرنامەی بۆ دادەنێین و کۆبوونەوەی بۆ دەکەن.

٣٠/١/٢٠١٩

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٤ بەرواری ١/٢/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *