به‌شی یه‌که‌م…..
نووسینی: مەنسور حیکمەت
له حزبی کۆمۆنیست واوه‌تر، زۆربه‌ی ڕه‌وتگه‌لی سۆسیالیست، کرێکاریبوونهوه و ڕێکخراوبوون ته‌نانه‌ت وه‌ک ئه‌رک و پرانسیپیش چاولێ ناکه‌ن، زۆریان به یه‌کجار بیری شۆڕشی کرێکارییان هه‌ر وه‌لا ناوه. بۆ زۆربه‌یان سۆسیالیزم چوارچێوه‌یه‌کی گشتییه بۆ مرۆڤدۆستی، نیشتمانپه‌روه‌ری، سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و په‌ره‌گرتنی سه‌نعه‌تی، دیموکراسی و شتی تری له‌م چه‌شنه و هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه له‌لای ئه‌مانه سۆسیالیزم به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت ڕێناباته‌وه سه‌ر کرێکار و خه‌باتی چینایه‌تی. زۆری تریش که پێیان وایه هێشتا بۆ کاری خۆیان پێویستییان به مارکسیزم و بابه‌تی وه‌ک پرۆلیتاریا و خه‌باتی چینایه‌تی هه‌یه، به ڕێگا و شێوه‌ی تر خۆیان له کرێکاریبوونهوه به مه‌عاف ده‌زانن، ڕه‌نگه هێشتا بارودۆخی سیاسی له‌بار نه‌بێت، ڕه‌نگه بۆ پرۆلیتێری بوونی ڕێکخستن مه‌رج نه‌بێت حه‌تمه‌ن به‌ده‌نه و قه‌واره‌ی ڕێکخستنه‌که کرێکاری بێت، له‌وانه‌شه کرێکاران هێشتا به ئه‌ندازه‌ی کافی “هۆشیاریی چینایه‌تی”یان به‌ده‌ست نه‌هێنابێت، به‌ڵام بیانووه‌کان هه‌رچییه‌ک بن، مێژووی کۆمۆنیزم له ئێران و به‌تایبه‌ت مێژووی ده‌ورانی ڕابردوو پڕه له سازمان و ڕێکخراوی “پرۆلیتاری” که هه‌ر له بنه‌وه له خوێندکاران و زانایانی سه‌ر به چینی ناوه‌نجی کۆمه‌ڵ پێکهاتوون، ئه‌وه که لانی که‌م له هه‌ندێک ده‌وره‌دا لایه‌نی چینی کرێکاریان گرتووه، هیچ گومان هه‌ڵناگرێت، ڕه‌نگه ئه‌مانه ئه‌گه‌ر به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتبان_ که به له‌به‌رچاوگرتنی جێگا و شوێنی بابه‌تییان و ئه‌وه که هه‌میشه له په‌راوێزی خه‌باتی چینه‌کاندا بوون مه‌گه‌ر به هه‌ڵکه‌وت به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتبان_ ژیان و هه‌لومه‌رجی کاری کرێکاران تا ڕاده‌یه‌ک ڕووه و باشی چووبا، به‌ڵام هیچ کام له‌مانه ئه‌م واقیعه‌ته ناگۆڕێت که ڕێک له‌په‌نا ئه‌مانه و هاوکات له‌گه‌ڵ پراتیکی “پرۆلیتاری”ی ئه‌مانه، خه‌باتی واقیعی چینایه‌تی، هه‌ر له ددانه‌جیڕه و مشت قووچاندنی هه‌موو ڕۆژه‌ی کرێکارانه‌وه، هه‌تا مانگرتنه‌کان و بزووتنه‌وه و جموجووڵی ئاشکرا و به‌رینی کرێکاری، له مه‌یدانێکی تر له هه‌مان کۆمه‌ڵدا له‌سه‌ر ڕه‌وتی خۆی چووه و مه‌وجودییه‌ت و چالاکی ئه‌م ڕه‌وتانه که‌مترین کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی کردۆته سه‌ر ئه‌و خه‌باته.
قسه‌که لێره‌دا له‌سه‌ر بوون و نه‌بوونی حیزبی گه‌وره‌گه‌وره‌ی کرێکاری نییه. قسه‌که ئه‌وه‌یه که ڕێکخراوی کۆمۆنیستی_ جا به‌رینایییه‌که‌ی که‌م یان زۆر هه‌ر چه‌ندێ بێت_ ده‌بێت پێش هه‌موو شتێک ڕێکخراوی کرێکاری بێت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شوێنی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاری هه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی بۆ سۆسیالیزمه‌که‌یان پێویستییان به کرێکار نییه بتوانن گوێی خۆیان له‌م بارودۆخه‌ی ئێستای ڕێکخراوه‌که‌یان بخه‌وێنن، تێکۆشه‌ری حیزبی کۆمۆنیست که بۆ گیرسان و شکڵ‌گرتنی کۆمۆنیزمێکی قودره‌تمه‌ندی کرێکاری خه‌بات ده‌کات، ده‌بێت به دیتنی ئه‌م بارودۆخه، ئه‌و ناکۆکی و ناته‌بایی و گیروگرفتانه‌ی بێته به‌رچاو که پێویسته به جیددی سه‌رنجیان بداتێ.
باسی ئه‌ندامه‌تی کرێکاران، گرێیه‌کی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی له پشته، مه‌به‌ست له‌م وتاره شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م گرێ و گیروگرفته و هه‌ڵهێنجانی ئه‌نجامی عه‌مه‌لییه بۆ زاڵبوون به سه‌ر ئه‌و گیروگرفتهدا. ئه‌م وتاره به‌پێی قسه و باسێک که سێ مانگ له‌وه‌پێش له سیمیناری کۆمیته‌ی شاره‌کاندا پێشکه‌شم کرد نووسراوه. من پێم وایه ئه‌م باسه یه‌کێکه له ئه‌ڵقه گرنگه‌کانی به‌ره‌وپێشچوونی کۆمۆنیزمی کرێکاری، چ له‌نێو حیزبی کۆمۆنیست و چ له ئاستێکی به‌رین له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی ئێران و ئه‌نجامه عه‌مه‌لییه‌کانی ئه‌گه‌ر په‌یگیرانه ڕه‌چاو بکرێن، ده‌توانێ سیمای سیاسی و جێگاوشوێنی عه‌مه‌لی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بگۆڕێت. دیاره باسی ئه‌ندامه‌تی کرێکاران گۆشه‌یه‌که له نه‌به‌ردێکی به‌رینتر بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری. باسی ئه‌ندامه‌تی کرێکاران سه‌ره‌نجام به هه‌موو لێکدانه‌وه و شیکردنه‌وه‌یه‌کی سیاسی که ده‌یانگرێته‌به‌ر، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی “ئه‌ندامه‌تی”، که مه‌سه‌له‌یه‌کی په‌یوه‌ست به “په‌یڕه‌وی ناوخۆ”وه‌یه. ئه‌و هه‌نگاوه دیاریکراوانه که به‌پێی ئه‌م باسه دیاری ده‌کرێن، ڕه‌نگه خۆی له خۆیدا ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی پێک نه‌هێنێت، به‌ڵام من هیوام وایه ئه‌م باسه کار بکاته سه‌ر ڕوانینمان بۆ حیزب و ئه‌و ڕه‌خنه گشتییه که به‌نێوی کۆمۆنیزمی کرێکاری باسی ده‌که‌ین، به‌هێز بکات.
کورته‌یه‌ک سه‌باره‌ت به کرێکاریبوونه‌وه‌ی حیزب
چه‌ندین ساڵه حیزبی کۆمۆنیست به دانسقه ”کرێکاریبوونه‌وه‌ی” کردووه‌ته ئامانجی خۆی، به‌درێژایی چه‌ند ساڵی ڕابردوو هه‌وڵم داوه بۆ تێکۆشه‌رانی حیزب ئه‌وه ڕۆشن بکه‌مه‌وه که پێویستییه‌کانی ئه‌م ئاڵوگۆڕه کامانه‌ن؟ ئه‌گه‌ر بمه‌وێت کرۆکی ئه‌م باسانه له چه‌ند ڕسته‌یه‌کدا به‌یان بکه‌م، ئه‌وه‌یه: سۆسیالیزمی کرێکاریی بزووتنه‌وه‌یه‌کی زیندووی ناڕه‌زایه‌تی له کۆمه‌ڵگەی سه‌رمایه‌داریدایه، که پێ به‌پێی ئه‌و شته‌ی خۆی ناوناوه بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی له‌سه‌ر ڕه‌وتی تایبه‌تی خۆی به‌ره‌و پێش هاتووه و خاوه‌نی چاره‌نووسی سه‌ربه‌خۆی بووه. پێکهێنانی حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری، یانی ڕێکخستنی ئه‌و سۆسیالیزمه کرێکارییه وه‌ک حیزبێکی سیاسیی مارکسیستی، یانی حیزبییه‌تپێدانی بزووتنه‌وه‌یه‌ک که هه‌ر ئێستا (ئه‌گه‌رچی بێسه‌روسامانه و خۆڕێکخستنی ناوخۆیی لاوازه) بوونی هه‌یه.
چه‌پی تا ئێستا مه‌سه‌له‌که ئاوا نابینێت. بۆ ئه‌وان بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕێکخراو و حیزبه سیاسییانه‌ن که به‌نێوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم چالاکی ده‌که‌ن، هه‌ر ڕه‌وتێک ڕه‌نگه ئه‌م یان ئه‌و ده‌سته له حیزب و ڕێکخراوه‌کان (به هه‌ندێک سه‌نگ و پێوانه که زیاتر عه‌قیده‌تی و فیرقه‌یین) له چوارچێوه‌ی “بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی”دا حیساب بکات یان نه‌یکات. به‌ڵام به هه‌ر حاڵ تا باسی “بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی” ده‌که‌ن، په‌نجه بۆ کۆمه‌ڵێک حیزب و ڕێکخراوه ڕاده‌دێرن به‌رانبه‌ر به‌م حیزب و ڕێکخراوانه، چینی کرێکار و بزووتنه‌وه‌ی “خۆڕسک”ی ئه‌و چینه ده‌ستنیشان ده‌کرێت، له‌م بۆچوونانه‌دا بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی چینی کرێکار تا ئه‌و جێگایه ئیمکانی هه‌یه که ئه‌م حیزبانه کاریان کردبێته سه‌ری و ڕێکیان خستبێت. ئه‌مانه دیاره وجودی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سۆسیالیستی کرێکاری له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته حیزبییه به‌فه‌رمی ناناسن.
هه‌م جێگا و شوێنی ئێستای چینی کرێکار و بزووتنه‌وه‌ی به ناو کۆمۆنیستی و هه‌م مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی مارکسیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاری، وه‌رشکسته‌یی ئه‌م پێشداوه‌رییه بۆرژوایییه ده‌رده‌خه‌ن، مانیفێستی کۆمۆنیست خۆی لهجهرگهی سۆسیالیزمێکی کرێکاریی زیندووی مه‌وجود له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ڕاگه‌یاندرا. مارکس و ئه‌نگڵس ته‌نانه‌ت ناوی به‌یاننامه‌که‌ی خۆیانیان له ناوێک وه‌رگرت که کرێکاران له بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی خۆیانیان نابوو، وه جه‌ختیان کرد که وشه‌ی “کۆمۆنیست” بۆیه به‌کار ده‌به‌ن، هه‌تا خۆیان له سۆسیالیزمی ناکرێکاریی سه‌رده‌می خۆیان جیا بکه‌نه‌وه و نیشانی بده‌ن، سه‌ربه‌و بزاڤه کرێکارییه‌ن، که به ناوی کۆمۆنیزم له کۆمه‌ڵدا هه‌یه بۆ مارکسیزم. ناڕه‌زایه‌تیی سۆسیالیستیی چینی کرێکار له کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داریدا، پێشفه‌رزێکی بابه‌تیی مه‌وجود بوو، ئه‌وان به‌ته‌مای داهێنانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی وا نه‌بوون که تا ئه‌و کاته که‌س نه‌ی دیبێ و نه‌ی بیستبێت، به‌ڵکو خۆیانیان به خاوه‌ن بیر و ڕێکخه‌ری ئه‌و سۆسیالیزمه کرێکارییه ده‌زانی که به‌کرده‌وه له کۆمه‌ڵدا هه‌بوو. ئه‌مڕۆ پاش سه‌د و په‌نجا ساڵ که له تێکۆشانی مارکسیسته‌کان تێپه‌ڕ ده‌بێت، پاش نزیکه‌ی سه‌د و په‌نجا ساڵ که تیۆری مارکسیزم به شێوه‌ی جۆراوجۆر و یه‌ک له‌وانه له‌نێو جه‌رگه‌ی شۆڕشه مه‌زنه‌کاندا له‌ناوخۆی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا جێگر بووه. سۆسیالیزمی کرێکاری ئیتر به شێوه‌ی ته‌بیعی، مه‌یلی به‌ره‌و مارکسیزمه و له مارکسیزم ئیلهام وه‌رده‌گرێت. بۆ ده‌وره‌یه‌ک و له هه‌ندێک قۆناغدا له وڵاتانی جۆراوجۆر، حیزبه مارکسی و کۆمۆنیستییه‌کان به شێوه‌یه‌کی واقیعی، حیزبی ڕێکخه‌ری ئه‌و سۆسیالیزمه کرێکارییه بوون. مێژووی حیزبی سۆسیالیزم و مێژووی کۆمه‌ڵاتی و چینایه‌تی سۆسیالیزم هه‌میشه وه‌ک ئێستا لێک جیا و پێک نامه‌ربووت نه‌بوون. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئێمه له مه‌وقیعیه‌تێکی ته‌واو جیاوازداین، ڕه‌وتی حیزبی به ناو کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی به هه‌موو لق و فیرقه‌کانییه‌وه ئیتر په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به‌م بزووتنه‌وه سۆسیالیستییه کرێکارییه‌وه نییه. ناڕه‌زایه‌تی کرێکار له دژی سه‌رمایه‌داری، که پێ به‌پێی گه‌شه و په‌ره‌گرتنی سه‌رمایه‌داری تووندتر بووه‌ته‌وه و ئه‌مڕۆ کێشمه‌کێشی سه‌ره‌کییه له‌سه‌رتاپای سه‌رمایه‌داریدا، ئیتر هه‌رچی که‌متر و که‌متر ده‌خاڵه‌تی ئه‌م ڕه‌وته حیزبییانه‌ی تێدایه. ئێمه ئیتر ده‌بێ باسی دوو بزووتنه‌وه بکه‌ین، دوو بزووتنه‌وه به پاڵپشتی چینایه‌تیی جیاوازه‌وه، به ئامانجی جیاوازه‌وه، به چاره‌نووس و داهاتووی جیاوازه‌وه و به مه‌سه‌له و گیروگرفتی جیاوازه‌وه.
کۆمۆنیزمی کرێکاری واقیعه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سونه‌ت و نه‌ریتێکی زیندووی خه‌باتکارانه‌یه، ڕه‌وتێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه ڕێک هه‌ر وه‌ک لیبراڵیزمی بۆرژوایی که واقیعیه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌م سونه‌ت و نه‌ریتانه ده‌که‌ونه پێش حیزبه سیاسییه‌کان، زانستی سیاسی بۆرژوایی حیزب به کۆمه‌ڵێک له ئه‌فراد ده‌زانێت که بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجی هاوبه‌ش له‌ده‌وری یه‌ک کۆبوونه‌ته‌وه، بۆ مارکسیزم حیزب ڕێکخراوی تێکۆشه‌رانی نه‌ریتێکی خه‌باتکارانه و بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه. لیبرالیزم ده‌توانێت له ده‌وره‌یه‌کدا حیزبێک نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌ی بکات یان نه‌ی کات، به‌ڵام مادام پایه بابه‌تییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌بن، نه‌ریتی لیبرالیزم وه‌ک ڕه‌وتێکی زیندووی نێو بۆرژوازی ده‌مێنێته‌وه و هه‌ر جاره حیزبێکی لیبراڵی تازه دێنێته کایه‌وه. هه‌ر بابه‌تی ئه‌مه، بۆ ناسیۆنالیزم و ڕێفۆرمیزمی بۆرژوایی و بۆ هه‌موو مه‌یله کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تریش ده‌گونجێت. هه‌موو که‌س به ئاسانی له‌وه ده‌گات که بۆ نموونه، به‌ره‌ی میللی و هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی ناو ئه‌و به‌ره‌یه له نه‌ریتی لیبرالیزم و ناسیۆنالیزمی ئێرانییه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدا و شکڵیان گرت. به‌ڵام ئه‌م نه‌ریتانه نه له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی میللی سه‌ریان هه‌ڵداوه و نه له‌گه‌ڵ ئه‌ویش کۆتایی‌یان پێ دێت. له بابه‌ت کۆمۆنیزمی کرێکاریشه‌وه هه‌ر ئه‌مه هه‌یه، نه‌ریتی کۆمۆنیزمی کرێکاری که ئینته‌رناسێوناڵی یه‌که‌م و بۆڵشه‌ڤیزم و شۆڕشه‌کانی ئه‌ڵمانیا و ڕووسیای به‌خۆیه‌وه دیوه، ده‌مێکه نه‌یتوانیوه پارتگه‌لی سیاسیی جیددی شکڵ پێ بدات. ده‌کرێت باسی هۆیه‌کانی ئه‌م نه‌توانینه بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌م نه‌توانینه هیچ ئاڵ‌وگۆڕێک له‌و واقیعیه‌ته‌دا پێک ناهێنێت که کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕه‌وتێکی خه‌باتکارانه‌ی واقیعی و مه‌وجوده له کۆمه‌ڵدا.
که‌وایه قسه له‌سه‌ر شکڵپێدانی حیزبێکی کۆمۆنیستییه له‌نێو ئه‌م نه‌ریته خه‌باتکارانه‌یه‌دا. هه‌نگاوی یه‌که‌م هه‌ر ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌ر ئه‌وه ببینێ و تێی بگات که حیزبه شێوه سۆسیالیست و شێوه مارکسیسته‌کانی مه‌وجود، نه له‌نێو ئه‌م نه‌ریته‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه و نه کاری تێدا ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌رکی سه‌ره‌کی ده‌ستبه‌کاربوون و داڕشتنی ئه‌و حیزبه‌یه.
به‌م قسانه‌وه که کران، ده‌بێت چوارچێوه‌ی گشتیی باسه‌که‌مان سه‌باره‌ت به کرێکاریبوونه‌وه‌ی حیزب تا ڕاده‌یه‌ک ڕوونتر بووبێته‌وه. له‌په‌نای حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سۆسیالیزمێکی کرێکاریش به‌رانبه‌ر به بۆرژوازی له سه‌نگه‌ردایه. ئه‌م ڕه‌وته حیزبی نییه، به‌رنامه‌ی نووسراوی نییه، له‌نێو خۆیدا هه‌زار و یه‌ک خه‌ت و هه‌زار ناڕۆشنی هه‌یه، ڕێکخراوبوونی نێوخۆیی له ئاستێکی سه‌ره‌تایی و لانی که‌مدایه، حیزبی کۆمۆنیست ده‌بێت به‌م ڕه‌وته‌وه په‌یوه‌ست بێت و ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کی هه‌یه بیڵێ و کارێکی هه‌یه بیکات، لێره بیڵێ و بیکات. کرێکاریبوونه‌وه‌ی حیزبی کۆمۆنیست یانی، به‌فه‌رمی ناسرانی حیزبی کۆمۆنیست وه‌ک ئامرازی په‌ره‌پێدانی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکار له دژی سه‌رمایه‌داری به هۆی خودی ڕه‌وتی سۆسیالیزمی کرێکاری و کرێکارانی کۆمۆنیسته‌وه. ئه‌مه پێویستی به‌وه هه‌یه که حیزبی کۆمۆنیست له هه‌موو ئه‌و بیروبۆچوون و پێشداوه‌ری و په‌یوه‌ندی و کارکرد و شێوه و ڕه‌وشتانه که میراتی چه‌پی غه‌یره کرێکارین دابڕێ و به‌ته‌واوی له‌نێو ئه‌و سهنگهربهندییه کرێکارییه ئاماده‌یی هه‌بێت. ئه‌مه پێویستی به‌وه هه‌یه که حیزبی کۆمۆنیست ببێته قسه‌که‌ر و ئاڵاهه‌ڵگری ئه‌م نه‌ریته کرێکارییه و ته‌نیا ئه‌مه، به‌رانبه‌ر به کوللی کۆمه‌ڵی مه‌وجود و کوللی بۆرژوازی.
ماویەتی…
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٣ بەرواری ١٥/١/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…