عەبدوڵا مەحمود
دوای ئەوەی نووسینگەی نوینەرایەتی یەكیتی نیشتیمانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە داخرا، پاشانیش هاتووچۆی فرۆکەوانی تورکیا بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی و بەپێچەوانەشەوە راگیرا، پەیوەندی نێوان یەکێتی و دەوڵەتی تورکیا ئاڵوگۆری بەسەردا هات. یەکێتی لە پێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، لەلایەکەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئۆپۆزیسێۆنی دەوڵەت تورکیا هەڵپەسارد و راگرت، هاوکاتیش کەوتە سنوردارکردنی جموجۆڵە سیاسییەکانیان و چالاکیەکانیان. ساڵی رابردووش لەژێر ناوی نەبوونی مۆڵەتی یاساییدا بارەگاو نوسینگەکانی تەڤگەری ئازادییان داخست…
یەکێتی لەدرێژەی وەڵام دانەوە و بەپیرەوەچوونی داخوازییەکانی دەوڵەتی تورکیادا لە ٩ ئەم مانگەشدا، ڕیگەی لە هەڵسوراوانی تەڤگەری ئازادی گرت کە یادی ٦ ساڵەی تیرۆری ساکینە جانسز و هاوڕیکانی بکەنەوە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە فەرەنسا تیرۆرکران. لەوەش زیاتر هێرشی کردە سەر چالاکیەکیان لە پارکی ئازادی!! و نزیکەی پەنجا کەسێکیان لێ دەستگیر کردن… هاوکات ڕیگەیان گرت لەوەی فیلمێک لەسەر ساکینە جانسیز لە سینەما سالم پێشکەش بکرێت.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە سەرو بنی زمانی راگەیاندن و بەرپرس و کادرەکانیان، نازینە بە دیموکراسی و ئازادی و کراوەیی و ڕیزگرتن لە مافی و مرۆڤ و ئازادییەکان، لە پیناو رازیکردنی دەوڵەی تورکیاو ئاسییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان، ئەمجارە رێگری لە هەڵسوڕانی پارتە براکانی!!، لە بەشەکانی تردا دەکات و هەڵسورانیان لە ژیر قەڵەمرەوی دەسەڵاتی خۆیدا یاساغ دەکات… هێرش دەکاتە سەر چالاکیە سیاسیەکانیان و کادرو هەڵسوراوەکانیان، راپێچی زیندانەکانی دیموکراسی!! دەکات.
یەکێتی نیشتیمانی لەو هێزە سیاسیانەیە، کە مەوایەک لە نیوان پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی، لەگەڵ نۆکەرایەتی و خۆشخزمەتی، نابینێ، باڵانس سزە. یان دەکەوێتە ئیرادە تەسلیمکردنی تەواو و خۆشخزمەتی و نۆکەر پیشەیی ئاشکرا، یان دوژمنایەتیەکی لەچار نەهاتوو.
کاتێک لەگەڵ ئیران، پەیوەندیی هەیە، دەکەوێتە ناو تۆڕی جەلادەکانی ئیران و راسپارەکانیان وەکو مەئموریەتێکی پیرۆز بەجێ دەگەیەنێ و هیرش بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە، دەکاتە عیبادەتی سیاسی بۆ راگرتنی پەیوەندییە سیاسیەکانی و کاتیکیش دەکەوێتە بەرامبەریان و قیبلەی پەیوەندیەکانی دەگۆڕێ جەنگ لەدژی بەرپا دەکات و دەبێتە هێزی پشتیوانی براکانی!!
کاتێک لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی دەکەوێتە پەیوەندییەوە، بە کردەوە هێزو میدیاکەیان دەبنە زمان حاڵی حزبەکانیان و تای کوردایەتی سنورەکان دەبەزێنێ، کاتێکیش رووی پەیوەندیەکانی بەپێی بەرژەوەندی رۆژ دەگۆڕێ، دەبێتە بکوژیان و لەژیر ناوی پاراستنی ئەزموونی هەرێمدا لە ژێر سایەی فرۆکە و لەپاڵ جەندرمەکانی تورکدا، کوشتاری براکانی!! لە باکور دەپیرۆزێنێ.
کاتێک لەگەڵ بەعسدا بۆ سەرخستنی گفتوگۆ و بەشی دەسەڵات، سەدام حسین دەکات بە حەکەمی حوکمی زاتی و لە پشتەوە چەقۆ وەشاندن لە سوپا درندەکەی رادەگرێت و ئەو کاتەش قیبلەی نۆکەرایەتی بۆ بەرژەوەندی حزبی دەگوازێتەوە و بەرووی ئێراندا، پێش لەشکری دەکات بۆ هێرش بۆ سەر قودس و دڵی کوردستان و بۆسەر هەڵەبجە…تاد
ئەم ناهونەر پیشەییەی یەکێتی لە پەیوەندییەکانییدا، بە نرخی سەرکوت و پیشیلکردنی ئازادی و بەرتەسک کردنەوەی پەراوێزەکانی ئازادییدا دەچێتە پێشەوە. ئەو هێرشانەی لەم دوایەدا دەیکاتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی و تورکی… باشترین بەڵگەی ئەوەیە کە یەكیتی هێزێکی دژە ئازادی و نۆکەر پیشەی ناشارەزایە… باڵانس سزو بێ پرنسیبە. کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا چاوی بینی ئازادی بەتەواوی کوێر دەبێت و گوچکەی بیستی دەنگی نەیار لەدەست دەدات…
هێرشی یەکێتی بۆ سەر تەڤگەری ئازادی و چالاکیەکانیان، بۆ سەر رێکخراوە جەماوەرییەکانی نزیک لەم هیزە سیاسییە، تەواوکەری هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیایە بۆ تیرۆری کەسایەتیە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی.. سنوردارکردن و ریگەگرتن لە چالاکیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، کۆکە لەگەڵ هیرشی ئاشکرا و بۆمبابارانی رژێمی ئیران بۆسەر بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی لە قوڵایی کوردستانی عێراقدا و تیرۆری کادرەکانیان… هەروەها چاوپۆشین و گوێ خەواندن لە سنوربەزاندنەکانی دەوڵەتی فاشیستی و تورکیاو ئیران… بێدەنگە هەڵبژاردن، هەموو ئەوانە نیشان دەدەن کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هیزیكی دژە ئازادییە، نۆکەر پیشەیە، وە ئامادەیە لە پێناو بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەییەکانی، خەڵکی کوردستانیش بکاتە قوربانی.
ئەو سیاسەتی سەرکوت و نۆکەر پیشەییە، پێویستە ریسوا بکریت. پێویستە بە چالاکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و جەماوەری بەردەوام، حەلەقە و تۆری سەرکوتی سیاسی بشکێنرێ و ریگە بگیرێت لەوەی ئەو پەراوێزە لە کەشی کراوەی سیاسی، کوردستان، قانگ و کڵۆم بدرێت.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٣ بەرواری ١٥/١/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…