ژیاننامەی سیاسی هاوڕێ جەبار لێوان لێو و سەرڕێژ بوو لە هەورازو نشێو، خەباتی نهێنی و زیندان و کاری کۆمۆنیستی ئاشکرا و ڕێكخراو… ئەم خەباتەی هاوڕێ جەبار بەچەندین وێستگەی جیاجیادا، نەک هەر هاوڕێ جەباری کردە سیمایەکی ناسراو و خۆشەویستی ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و مارکسیستی لەسەر ئاستی عێراق و کوردستاندا، بەڵکو هاوکات، کردی بە کاراکتەرێکی سەرەکی لە دروستکردنی مێژوویەکی پرشنگداری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی. لەم مەراسیمانەدا کە بۆ رێزنان لە خەباتی کۆمۆنیستی ئەو سازدران، بەجیا لە ژیاننامەکەی ئاوڕ لە بەشێک لە وێستگە سەرەکیەکانی کاری سیاسی و کۆمۆنیستی ئەو درایەوە:
جەبار مستەفا، ڕابەرێکی بەرجەستەی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری عێراق و کوردستان و ڕێبوارێکی ماندوونەناسی ڕێگای ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان بوو. کەزیاتر لە چواردەهە بێ وەستان و خۆنەویستانە تا دوا ڕؤژەکانی ژیانی، ساتێک لە تێکۆشان لەم پێناوەدا وچانی نەدا.
بەداخەوە ڕۆژی ٣١/١٢/٢٠١٨ ، دوای ساڵ و نیوێک ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا، دڵی گەورەی جەبار مستەفا لەشاری سیدنی ئوسترلیا لە لێدان کەوت. مەرگی ناوادەی ئەو لەتەمەنی ٦٦ ساڵیدا، خەم و پەژارەی خستە دڵی خێزان و کەس و کارو سەدان و هەزاران ئینسانی کۆمۆنیست و ئازادیخوازەوە.
بۆ ڕێزلێنان لە نزیک بە نیو سەدە خەبات و تێکۆشانی ئەم ڕابەرە گەورەیەی ڕێگای ئازادی و یەکسانی، لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و کەسو کارو هاوڕێ و دۆستانییەوە، چەندین مەراسیم لە کوردستان و چەندین وڵاتی ئەوروپا و هاوکات دوو مەراسیم لەشاری سیدنی ئوسترالیا بەڕێووەچوون.
بەرواری ٤/١/٢٠١٩ یەکەمین مەراسیمی رێزنان لە یادی خەباتکارانەی کۆمۆنیستی هاوڕی جەبار لە هۆڵی رۆشنبیری جەماوەر لەشاری سلێمانی بەڕیوەچوو، مەراسیم بەسرودی قرمژن ئاسای ئەنتەرناسیونال و بە بەشداری سەدان کەس لە هاوڕییان و دۆستانی، کەس و کارو ئینسان دۆستان و هاوڕییانی کۆمۆنیستی و نوینەرانی چەندین حزب ولایەنی سیاسی دەستی پیکرد. لەو مەراسیمەدا بەجیا لەخوێندنەوەی ژیاننامەکەی وتەی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و کوردستان و عیراق پێشکەش کرا، پاشان هەڵدانەوەی لاپەرەو وێستگەکانی ژیانی کۆمۆنیستی هاوڕێ جەبار، بە فیلمێکی جوڵاو خرایە روو، هاوکات لەلایەن هاوڕییانی و کەس و کارییەوە ئاماژە بە رۆڵی هاوڕی جەبار لەماوەی تیکۆشانیدا کرا، چ لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپ و کرێکاریی لە عێراق و کوردستان و لەهەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستاندا… هەروەها لەم مەراسیمەدا ئاماژە بەتواناییەکانی کرا لە بواری کاری ڕیکخراوەیی و باوەری قوڵی بەسەرکەوتنی کۆمۆنیزم و راوەستاوی لە زیندان و نووسین و وەرگێران و رۆڵی لە رادیۆدا… هەروەها چەند بەش لە وتووێژی هاوڕی جەبار لەگەڵ سەکۆی چەپی تەلەفزیۆنی ئازادی نیشان درا… بە جیا لەوانەش جگە لە خوێندنەوەی پەیامی حزب و لایەنە سیاسیەکان بەدانانی چەندین چەپکە گوڵی وەفا و دانانی دەفتەری یاداشتکردن و لەناو شورو شەوقی شانازیکردن بە یادی خەباتکارانەی هاوڕی جەبارەوە، مەراسیم بە سرودی ئەنتەرناسیونال، کۆتایی پێهات… شایانی باسە مەراسیمەکە لەلایەن” ئاڤان جەلال و ئازاد مەجیدەوە” بەڕێوەبرا.
هەروەها ڕۆژی شەممە، ٥/١/٢٠١٩ پاش ڕێوڕەسمی دوا دیدار و ماڵئاوایی خانەوادە و دۆستانی لە هاوڕێ جەبار، مەراسیمێک لەسەر تەرمەکەی لەهۆڵی پاینگرۆڤ نۆرس چەپڵ لەگۆڕستانی پاینگرۆڤ لە گەرەکی مینچنبێری شاری سیدنی سازکرا. مەراسیمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ یادی ئازیزی جەبار مستەفا دەستی پێکرد. لە مەراسیمەکەدا سەرەتا وتەی شیرین موراد، هاوژینی هاوڕێ جەبار لەلایەن ئاشنا مولودەوە پێشکەشکرا. پاشان هەرسێ کچەکەی، زاریا، ماردین و لیزا وتەی خۆیان پێشکەشکرد. ئەوان لە وتەکانیاندا باسیان لەکارەکتەری هاوڕێ جەبار کرد وەکو هاوژین و باوکێکی دڵسۆز و خۆشەویست و خەمخۆری خانەوادەکەی. پاشان عدنان کەریم، هاوڕێی دێرینی هاوڕێ جەبار، باسی لە تێکۆشان و خۆڕاگری و ئنساندۆستی ئەو کرد. چیمەن عارف وتەی کۆمیتەی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانی پێشکەش کرد و سوپاسی ئامادەبووانی کرد بۆ بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکەدا. بە نمایشکردنی سلایدشۆیەک، کە گەشتێکی خێرا بوو بەناو وێستگە جیاجیاکانی ژیانی هاوڕێ جەبار مستەفادا، مەراسیمەکە کۆتایی هات. شایانی باسە مەراسیمەکە لەلایەن مەنسور ڕەزاقییەوە بەڕێوە دەبرا.
پاش تەواوبوونی مەراسیمەکە، ئامادەبووان تەرمی هاوڕێ جەباریان یاوەری کرد تا دوا مەنزڵگەی لە گۆڕستانی پاینگرۆڤ. لەوێ لەناو ئاپۆرە و ئەڵقەی خانەوادە و دۆست و هاوڕێیانیدا تەرمی هاوڕێ جەبار لەگەڵ سروودی ئانتەرناسیۆنال، سروودی نێونەتەوەیی کرێکاران، بەخاک سپێردرا.
ڕۆژی دواتر، یەکشەمە ٦/١/٢٠١٩، لە هۆڵی هۆڵڕۆید فەنکشن سێنتە، لە گەڕەکی مێریلاندس، مەراسیمێکی شکۆدار بۆ ڕێزلێنان لە یادی ئەم ڕابەرەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بەرپا کرا. مەراسیمەکە بە هەڵدانی پێکێک شەراب بەیادی هاوڕێی کۆچکردوو دەستی پێکرد. پاشان دەقیقەیەک بێدەنگی ڕاگەیەنرا. ئینجا، ئەنتەرناسیۆنال، سروودی جیهانیی کرێکاران لێدرا. لەمەراسیمەکەدا چەندین وتە پێشکەشکران. ماردین جەبار وتەی خانەوادەی هاوڕێ جەباری پێشکەش کرد. پەیامی ڤێدیۆیی عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزب نمایشکرا. پاشان تۆما حەمید بە زمانی عەرەبی وتەی مەکتەبی سیاسی هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستانی خوێندەوە. هەروەها حەسەن مارف ژیاننامەی هاوڕێ جەباری خوێندەوە، پاشان فایەق پێنجوێنی شیعرێکی پێشکەش بە ژیان و خەباتی هاوڕێ جەبار کرد. دوا بڕگەی کۆتایی ئەم بەشە خوێندنەوەی سوپاسنامەیەک بوو کە ئارام عوسمان هاوسەری ماردنیی هاوڕێ جەبار ئاڕاستەی بەشداربووانی کرد.
بەشی دووەمی مەراسیمەکە لە پاش پشوویەکی کورت، بە وتەی لین سمیس لە ڕێکخراوی هاوپشتی نێوان نەقابەی کرێکارانی ئوسترالیا و عێراق دەستی پێکرد. پاشان جمال عەلی حەلاق کە نووسەر و شاعیرێکی عەرەب زمانە، وتەیەکی پێشکەشکرد، بە دوایدا عەدنان کریم هاوڕێی دێرینی جەبار وتەیەکی پێسکەش کرد. پاشان داود قەفاری لە کۆمیتەی هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری ئێران، پەیامی سەرەخۆشی ڕێکخراوەکەیانی بە زمانی فارسی خوێندەوە. بەدوایدا موزەفەر عەبدوڵا هاوڕێی حیزبیی دەیان ساڵەی جەبار وتەی خۆی پێشکەشکرد.
مەراسیمەکە بە نمایشکردنی ژیاننامە و چالاکییەکانی هاوڕێ جەبار لەڕێگەی سلایدشۆی وێنەکانییەوە کۆتایی هات. هەر لە مەراسیمەکەدا ڤیدیۆیەکی چەند دەقیقەیی هاوڕێ جەبار نمایشکرا کە کورتەی قسەکانی بوو لە پانێڵێکدا کە لەسەر هێڕشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەسترابوو. لەنێوان بڕگەکانی مەراسیمەکە و لەکاتی سلایدشۆکەدا ئۆدیۆی چەند گۆرانیەکی دڵخوازی هاوڕێی کۆچکردوو لێدرا. هەروەها لە مەراسیمەکەدا ناوی ئەو کەسایەتی و ڕیکخراو و حیزبە سیاسیانە خوێندرایەوە کە پەیامی سەرەخۆشیان ئاڕاستەی حیزب و خانەوادەی هاوڕێ جەبار کردبوو. شایانی باسە مەراسیمەکە لە لایەن لینا ئەسعەد و عامر سابیرەوە بەڕێوەدەبرا.
کۆمیتەی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سوپاسی بێ پایانی خۆی پێشکەشی هەموو ئەو ئازیزانە دەکات کە لەماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا، لەڕۆژانی سەختی شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ نەخۆشی نەگریسی سەرەتاندا، دڵسۆزانە لەپاڵ هاوڕێ جەبار و خانەوادەکەی ڕاوەستان. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو دۆست و هاوڕێیانە دەکات، کە لە دوا ڕۆژەکانی ژیانی و ڕۆژانی پاش مەرگی ئەم ئازیزەمانەوە، ئامێزی خۆشەویستییان بۆ شیرین و زاریا و ماردین و لیزا و ئارامی هاوسەری ماردین کردەوە و لەمەراسیمەکانی ماڵئاوایی و ڕیزلێنان لەیادی هاوڕێ جەباردا بەشدارییان کرد.
هەروەها لە هەریەک لە وڵاتەکانی نەرویج، فنلەند، بەریتانیا، سوید… مەراسیمی رێزنان لەیادی خەباتکارانەی هاوڕێ جەبار مستەفا لەلایەن کۆمیتە حزبییەکانی ئەو وڵاتانەو هاوڕێ و کەس و کارییەوە سازکرا، کە بەسەدان کەس لە دۆستان و هاوڕییانی و کەسانی کۆمۆنیست و ئازادیخواز بەشدارییان تیایدا کرد…
بەرزو بەڕێز بێت یادی خەباتکارانەی هاوڕێ جەبار مستەفا و سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای دنیایەکی باشتر…
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٣ بەرواری ١٥/١/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…