ووتهیهک لهمهراسیمی ڕێزلێنان لهژیان وخهباتی هاورێ جەبار مستهفا، لە شاری سلێمانی پێشکهش کراوه
عوسمان حاجی مارف
کاتێک تەواوی هاوڕێیان و دۆستانی هاوڕێ جەبار مستەفا ئەو ڕاستیە ڕادەگەیەنن و ئەوە دەسەلمێنن کە هاوڕێ جەبار خەسارەتێکی گەوەرەیە بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری، بە پێویستی دەزانم ئەوە ڕاگەیەنم کە بۆ شەخسی من ئەو خەسارەتە زۆر لەوە زیاترو گرانترە، بەو مانایەی لە ژیانی شەخسی و سیاسی و کۆمەڵایەتیمدا کەسێک بەجێم دێڵێت و ماڵئاوایم لێ دەکات لە هەرە هاوڕێ ئازیزو خۆشەویستەکانی ژیانمە، سەرباری ئەوەش کەسێک بو، هاوبیر و هاوکار و ئەوپەڕی لێک تیگەیشتن و گونجاندن بەسەر پراتیکی سیاسیماندا تیشکی دابوەوەو ئومێد بەخش بوو بۆ ئایندەی هەڵسورانی سیاسی کۆمۆنستی و حزبیمان، کە پێکەوە ئەنجامی بدەین، هەر بۆیە شوێن گرتنەوەی ڕابەرێکی کۆمۆنستی وەک هاوڕێ جەبار بۆ منیش هەروا سادەو ئاسان نیە.
هاوڕێ جەبار لە سەرەتای ساڵی هەفتاکاندا وەک گەنجێک لە شاری بەسرا کە لە قۆناغی ئامادەیدا دەبێت، لە ڕێگای کەسانی مارکسی و کۆمۆنستەوە ئاشنا دەبێت بە ئەدەبیاتی مارکس و بزوتنەوەی کۆمۆنستی، بەڵام خۆی بە هیچ پەیوەندیەکی ڕێکخراوەییەوە نابەستێتەوە، وەک خۆی بۆی باسکردم ئەوکات لە بەسراوە ئەو دەبیستێت کە جگە لە حزبی شیوعی عێراقی ڕەوتێکی تر لە ئەڵقەی ڕۆشنبیری بۆ دراسەکردنی مارکسی لە کوردستان بە تایبەتی لە سلێمانی بونی هەیە، هەربۆیە دوو هەڵبژاردە دەبێتە بەرنامەی ژیانی: یەکەمیان بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە مارکس بەشی ئابوری بۆ خوێندن لە دانشگا هەڵدەبژێرێت. دووەم بۆ نزیک بونەوە لەو ئەڵقە مارکسیانە دانشگای سلێمانی دەبێتە هەڵبژاردەی یەکەمی و قەبوڵ دەکرێت.
هەر لەسەرەتای ژیانی سیاسیەوە لە هەوڵی ئەوەدابووە وەک ڕابەرێک لە بەرامبەر سیستمی سەرمایەداریدا بە ئارایش و ناوەڕۆکێکی شۆرشگێڕانە هەڵسورانی سیاسی لە ناو بزوتنەوەی کۆمۆنستیدا بکات.
سەرەتای ژیانی سیاسی هاوڕێ جەبار لە دانشگای سلێمانیەوە دەست پێ دەکات و پەیوەندی دەکات بەو گروپەی کە بەناوی کۆمەڵەی مارکسی لینینی ئەفکار ماوتسی تۆنغ هەڵسورانی سیاسیان دەکرد، بەڵام پاش ئەوەی لە ناو کۆمەڵەدا باسێک دەربارەی دامەزراندنی حزب بایەخی دەبێت و قسەوباسی لەسەر دەکرێت، کە ئایا گەر حزبێکی کۆمۆنستی دابمەزرێنن، دەبێت کوردستانی بێت یان عێراقی، لەو بارەیەوە هاوڕێ جەبار لەگەڵ هاوڕێیانێکی تردا پەیگیری لە سەر دامەزراندنی حزبێکی کۆمۆنستی عێراقی بۆ ڕابەرایەتی کردنی خەباتی چینی کرێکار دژی دەسەڵاتی بەعس دەکات.
پاش هەرەسی شەڕی چەکدارانەی بارزانی، باسێکی تر لە ناو کۆمەڵەدا دێتە ئاراوەو بایەخ پەیدا دەکات، کە دوبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕی چەکدارانە لە کوردستاندا بە ناوی کۆمەڵەو لە سایەی پەرچەمی چەپدا دەست پێ بکاتەوە، لەم بارەیەشەوە هاوڕێ جەبار بۆ چونی بە جۆرێکی ترە، ئەو ئاڕاستەیە بە بنەما وەردەگرێت کە پێداگری دەکات لەسەر ناڕەزایەتی و خەبات و دەوری جەماوەر بۆ ڕوخانی حکومەتی بەعس لە ڕێگای شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیەوە، هەر بۆیە هاوڕێ جەبار لەسەر ئەو دوو خاڵەی کە بەرگری لێ دەکات، واتە یەکەم دامەزراندنی حزبێکی کۆمۆنستی شۆڕشگێری عێراقی، دووەم ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەری بە بنەما وەردەگرێت و ڕیزەکانی کۆمەڵە بەجێ دەهێڵێت. هەر ئەم خەسڵەتە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕو گرنگی دانە بە خەباتی جەماوەریە بووە کە وەک ڕابەرێک هەمیشە پێشوازی کردووە لە هەر هەنگاوێک کە پەیوەندی بە ئامادەییەکانی شۆڕشی کرێکاریەوە بووە.
دوای وازهێنانی لە کۆمەڵە بە شێوەیەکی تر و لە گروپێکی تردا بۆ دراسەکردنی ئەدەبیاتی مارکسی و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حزبێکی کۆمۆنستی عێراقی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تردا دریژە بە خەباتی سیاسی خۆی ئەدات، بەڵام بەهۆی زیندانی بونیەوە بۆ ماوی دوو ساڵ و نیو لەو گروپە دادەبرێت، دوای ئازاد بونی کە هاوکاتی شۆڕشی ئێرانە، پەیوەندی بە هەمان گروپەوە دەکات و درێژە بە خەباتی سیاسی خۆی ئەداتەوە.
هاوڕێ جەبار لە ناو ئەو گروپەدا دوو هەوڵی جدی ئەدات، تا ئەو گروپە لە چوارچێوەی دۆگمابون دراسەو باسی تیۆری وئەڵقەی چەند کەسێکی دیارکراو بێنێتە دەرەوە و عەمەلی دەکاتەوە، کە ئەم دەورەی هاوڕێ جەبار کاریگەری لەسەر گەشەی ئەو گروپە دەبێت تا دەبێتە ڕێکخراوی “یەکێتی تێکۆشانی کارگەران” یەکەمیان، ئەو ڕێکخراوەی لە ئاستی ڕابەریدا ئاڵوگۆر پێکرد، دەوری بو لە زیادکردنی ژمارەی ڕابەریەکەیدا، هەروەها ڕێکخستنی هەیکەلەی ڕێکخراوەیی و دروستکردنی کۆمیتەو لێژنەکان. دووەم دەوری جدی هەبوو لە هەڵخراندنی فەزای سیاسی و دەخالەتی ڕابەریەکەی وە وەڵام بە مەسەلە سیاسیەکانی ئەو کاتەی عێراق و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی، کە هەر ئەم فاکتەرەشە “یەکێتی تێکۆشانی کارگەران” دەکاتە ڕێکخراوێکی جەماوەری ناسراو.
مەسەلەیەک کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەین لەو سەردەمەدا شۆرشی ئێران دەورێکی کاریگەری لەسەر هەلومەرجی سیاسی عێراق دانابو بە تایبەتی لە سەر کوردستان، لە هەمان کاتدا سەرهەڵدان و هاتنە مەیدانی ڕیزێکی بەرین لە ڕێکخراوەی چەپ و کۆمۆنستی، بە تایبەتی کۆمەڵەی زەحمتکێشانی کوردستان لە ئێران سەرنج ڕاکێش بون، مەسەلەیەک کە جێگای چاودێری جدی هاوڕێ جەبارو ئێمە بوو، بە تایبەتی هەمان باس لەسەر دامەزراندنی حزبێكی کۆمۆنستی سەراسەری بۆ ئێران یا بۆ کوردستان، وەها بە ئێمە گەیشتبوو کە باس و مەسەلەیەکی جدیە لە ناو کۆمەڵەی ئەو کاتی ئێراندا، بەڵام دواتر بەدوای بەدواداچونمان بۆ ئەو باسانەو چونمان بۆ ئێران و دانیشتن لە گەڵ ڕابەری ئەو کاتەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێراندا، باسەکانیان زۆر لەوە واوەتر و بڕاوەتر بون، کە تەنها تەسک بێتەوە لەسەر ناوی حزبەکە، کە ئێرانی بێت یا کوردستانی، بەڵکو سەرهەڵدانی ڕەوتی مارکسیزمی شۆرشگێر کە ڕەخنە بوو لە تەواوی دیدگاو بۆچونی بزوتنەوەی کۆمۆنستی ئەو سەردەمە، مارکسیزمی شۆرشگێر بزوتنەوەیەک بو سەروبەری بۆچونەکانی ئێمەشی گۆڕی، کە ڕەخنەو خۆ جیاکردنەوەی ڕیشەیی بو لەو کۆمۆنستەی کە بە مۆری ستالین و ماوتسی تۆنغی و ئەنوەر خواجە و تیتۆ و ووڵاتانی سۆڤێت و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاو چین و ڤێتنام و کەمبۆدیا دەناسرایەوە. کە هەفتا ساڵ زیاتر سایەیان کردبوو بەسەر بزوتنەوەی کۆمۆنستیدا، کە بۆ خۆیان بەشێکن لە پێکهاتەی هەمان ڕژێمی سەرمایەداری جیهانی.
دواتر بەدەوری زیاتر چونە ناو باسەکانی مارکسیزمی شۆرشگێڕەوە لە ساڵی ١٩٨٥دا قەیرانێک لە ناو ڕێکخراوی کارگەراندا بە جۆرێک دروست کرد، کە بووە مایەی هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێکخراوە، هەرچەندە هاوڕێ جەبار لەو بارەیەوە دو پێشنیاری بو، یەکەمیان مانەوەی ئەو ڕێکخراوە و بەردەوامی کارە سیاسیەکانی، دووەم کشانەوەی خۆی لە دەستەی ڕابەری و کارکردنی لە ڕیزەکانی خوارەوی ڕێکخراوەکەدا، وە هەوڵبدەین بگەڕێینەوە بۆ دراسەکرنی خودی نوسراوەکانی مارکس، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیارەی کە ڕێکخراوەکە بمێنێتەوە جێگای خۆی نەگرت و کارگەران هەڵوەشایەوە.
هەڵبەتە هاوڕێ جەبار بە ڕێگای خۆی و لەڕێگەی پەیوەندی بە کەسان و پێکهێنانی گروپی تر، گەڕانەوە بۆ دراسەکردنی نوسراوەکانی مارکس کە سایەی کردبو بەسەر زۆربەی کۆمۆنستەکانی ئەو کاتەدا و دواتر قەبوڵ کردنی باسەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری تا پێکهێنانی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراق، وەک ڕابەرێک لە دەوروبەری خۆی و لەناو ئەڵقە کرێکاریەکاندا دەوری جدی و پێشڕەویی بینیوە وە لە هەوڵدابو و بۆ ڕۆشنکردنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و هەوڵدان بۆ یەکخستن و یەکگرتویی ڕیزەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری، هەر بەو مانایەش لە ناو حزبدا هەمیشە وەک ڕابەرێک دەوری پێشرەوی بینی لە وەستانەوە و خۆجیاکردنەوەی لەبەرامبەر بە هەر دەستەگەری و کاری مەحفەلیدا، دەوری بوو لە پشت بەستن و بەرگریکردن لە حزب و حزبیەت، هاوڕێ جەبار پێش دامەزراندنی حزب یەکێک بوو لە ڕابەرانی ڕێکخراوی یەکێتی خەباتی کۆمۆنستی کرێکاری، بەڵام لە دامەزراندنی حزبدا لەو ڕابەرانە بوو کە هیچ جۆرە ئاسەوارێکی پابەند بون بە ڕێکخراوەکەی پێوە دیار نەمابو، لە سەرەتای دامەزراندنی حزبدا بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی کەسێک بۆ سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزب کارێکی ئاسان نەبوو وە سەختی زۆری لەبەردەمدا بوو، هاوڕێ جەبار لە ڕیزی پێشەوەی ئەو کەسانە بوو کە پشتیوانی کرد لەوەی من هەڵبژێردرێم بە سکرتێر، دواتریش هەمیشە پشتیوانێکی بەهێزی من بو لەکاری سیاسی و حزبیدا کە هەر پۆستێکم لە حزبدا بوبێت.
یەکەم جار کە هاورێ جەبارم ناسی لە سجندا بوو کۆتایی ساڵی ١٩٧٧، لەرێگەی سەردانم بۆ لای هاوڕێ ئازادی مەلا، هەر لەیەکەم سەردانم بۆ لای هاوڕێ ئازاد هاوڕێ جەباری پێ ناساندم و پێکەوە کەوتینە قسەوباسی سیاسی و داوتر لە زۆربەی سەردانەکانم بۆ زیندان درێژەمان بە باسەکانمان ئەدا.
بەرزکردنەوەی من بۆ ڕابەری لە ناو ئەو ڕێکخراوەدا کە دواتر بۆ بە “یەکێتی تێکۆشانی کارگەران” لە ڕێگەی هاوڕێ جەبارەوە بوو لە ساڵی ١٩٨٠ دا، کەلە ساڵی ١٩٨٠ تا ساڵی ١٩٨٤ لەو لیژنە ڕابەریەدا پێکەوە لە شاری سلێمانی بە نهێنی کارمان کردووەو زوربەی کات پێکەوە بوین، هەر لەو پێکەوە بونەوە بو کە تا کۆتا ڕۆژانی ژیانی دوو هاوڕێی زۆر نزیک و دڵسۆزو خۆشەویست بوین.
ماڵەکەیان بە خۆی و دایک و باوک و ئەختەرو جەمال و سیروانەوە هەمیشە پەناگای هاوڕێیانی سیاسی و بنکەیەکی ڕێکخراوەیی بوو، هەروەها کەڵەکن کە دێی باوانی بوو وە نزیک شاری سلێمانی بو، وەک بنکەو پەناگایەکی ڕێکخراوی کارگەران وابو.
ساڵی ١٩٨١ پێکەوە لە سلێمانیەوە ڕۆشتین بۆ ئێران و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تردا کە لەدەرەوە بون چوین بۆ لای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وە ماوەی مانگێک ماینەوە.
ساڵی ٢٠٠٣ لە بەغدا کەسێک هات بۆ ئۆفیسی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراق، پآش خۆ ناسین و پرسیار کردن لەسەر سیاسەتی حزب، ئەو کەسە باسی ئەوەی کرد لە کۆتایی ساڵەکانی حەفتا تا ١٩٨٠ لە زیندانی ئەبو غرێب زیندان بووە، منیش پرسیاری ئەوەم لێ کرد کە ئەو کەسانەی کورد زمان بون کێت دەناسی، چەند ناوێکی ووت کە لەو ناوانە ناوی هاوڕێ جەباریشی تیا بو، منیش ووتم هاوڕێ جەبار کەسێکە لە ڕابەری ئەم حزبە، ئەویش زۆر بە دڵخۆشی و سەرحاڵیەوە ووتی مادام جەبار لەم حزبەدایە ئەوە قەبوڵم کەن منیش دەبمە ئەندامی ئەم حزبە، منیش ووتم زۆر باشە ئەوە هەفتەیەکی تر هاوڕێ جەبار دێت بۆ بەغداد و دەیبینیت، هاوڕێ جەبار لە کاتی خۆیدا گەیشتە بەغدادو لەگەڵ ئەو هاوڕێیە دوای زیاتر لە بیست ساڵی یەکتریان لەدەرەوەی زیندان بینیەوە و هەردوکیان زۆر سەرگەرم و شادمان بون، هەروەها دواتر هاوڕێ جەبار سەردانی شارەکانی خوارووی عێراقی کرد زۆربەی ئەوە هاوڕێیانەی کە لە زینداندا ناسیبونی پەیدای کردنەوەو لە دەوەری حزب کۆی کردنەوە.
دووساڵ بەر لەئێستا من و هاوڕێ جەبار پێکەوە باسمان لەسەر ئەوە دەکرد کە چۆن خەریکی ئامادەکاریەو بە یەکجاری دەگەرێتەوە بۆ سلێمانی و پێکەوە شانبەشانی هاوڕێیانی تر کار لەسەر چونە پێشەوەی حزب و کۆمۆنیزمی کرێکاری بکەین، بە داخەوە ئەو ئومێدەی بە هۆی نەخۆشی کوشندەی شێرپەنجەوە نەهاتەدی، ئەمەش کوتەکێکی گەورە بو درا بەسەر هیوایەکی گەورەی مندا و ناچارم ئەم ڕێگایە بەبێ هاورێ جەبار بەردەوامی پێ بدەم.
یادەکان و هاورێیەتی هاورێ جەبار هەمیشەییەو هیچ کات لەیادم ناچن.
ڕێزو خۆشەویستم بۆ ئازیزانم، شیرینی هاوسەری، زاریاو ماردین و لیزا و ئەختەری خوشکی.
بژی ئازادی و یەکسانی
هاوڕێ جەبار زۆر حەزی بە گۆرانی میرابەبوسی فارسی بو، ئێستاش با پێکەوە لە یادی هاورێ جەباردا گوێ بستی ئەو گۆرانیە بین.
4/1/2019