عەبدوڵا مەحمود….
بەداخێکی زۆرەوە، ئەمڕۆ ٣١/١٢/٢٠١٨ هاوڕێ جەبار مستەفا، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، بۆ هەمیشە چاوە پڕئومێدەکانی لێکنا، و بۆهەمیشە ژیانئاوایی لە ژیان، لە خێزان و کەس و کارو هاوڕێیانی، کرد.
جەبار مستەفا، یەکێک لەو کۆمۆنیست و ئینسانە تیکۆشەرانە بوو، کە وێنەیان کەم و دەگمەنن. ئەو سیما و ڕوخسارێکی خۆشەویست و ناسراو و نەسرەوتووی ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریی عێراق و کوردستان بوو. نەخشی ڕابەری ئەو لەدەیان وێستگەی سیاسی و کۆمۆنیستی و کاری رێکخراو و ئامانجدارانەدا، لەخەباتی نهێنی و ئاشکرادا، تا دەگاتە راوەستاوی لە زیندانە مەگ چینەکانی بەعسدا، نەک لەمێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا، ناوازەیە، بەڵکو ئەو خۆی بەشێک و بەشداری چالاک لە دروستکردنی ئەو مێژووەدا بوو. کەس ناتوانێ مێژووی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە عێراق و کوردستاندا، بنووسێ یان بگێرێتەوە، بتوانێ باز بدات، بەسەر رۆڵی کارا و نەخشی ئەو لە خشت لەسەر خشت دانانی بینای بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، و کۆمۆنیزمی پراکتیکی و رێکخراودا.
جەبار مستەفا، ڕابەر و تیکۆشەرێکی نەسرەوتوو، کۆمۆنیستێکی پراکتیکی، قەڵەمێکی بەبڕشت و بەرچاو رۆشن و خاوەن ئەزمونێکی دەوڵەمەند و پڕ دەرس و وانەی پەروەردەیی کۆمۆنیستی بوو.
مێژووی ژیان و خەباتکارانەی هاوڕێ جەبار، مێژووی تیکۆشانێکی بەردەوام و نەپساوەی کۆمۆنیستییە. مێژووی خەباتکارانەی خەباتکارێکە کە زیاتر لەچوار دەهە، بێ سرەوتن لەپێناو دنیایەکی خاڵی لە زوڵم و چەوساندنەوە و نابەرابەی، تێکۆشا. مێژووی تێکۆشانی تێکۆشەرێکە، کە وەستانەوە بەدژی نیزامی سەرمایەداری و موسیبەتە هەزار سەرەکانی ئەو نیزامە، بووە ناسنامەی ژیان و خەباتی. ئۆمانیزم و ئینسان دۆستی، ژیان و ژیان دۆستی، خۆشەویستی و خۆشەویست دۆستی، ژن دۆستی و یەکسانی ژن و پیاو، ئازادی و ئازادیخوازی و لە پێناو شکۆفایی ئینساندا… لە تایبەتمەندییە جوانەکانی، جەبار بوو.
ماڵئاوایی یەکجاری هاوڕێ جەبار، بێ ئەندازە مایەی غەم و ئازارێکی قوڵە، چ بۆ خێزانە دەست پەروەردەکراوە جوانەکەی و چ بۆ کەس و کار و هاوڕێ و هاوکارو هاوخەباتکارانی ڕیگای دنیایەکی باشتر، هاوکاتیش خەسارەتێکی گەورەیە لە بزوتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستی، کە قابیلی پڕ كردنەوە نییە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو سەختی و برینە قوڵە کە بەرۆشتنی هاوڕێ جەبار جێما، جەبار خاوەنی سەرمایەکی بەرین و فراوان لە ئەزموونی تیکۆشان، ئینسان دۆستی و ژیان دۆستی، نەسرەوتوویی کۆمۆنیستییە. قوتابخانەیەکە بۆ فێربوونی وانەکانی تێکۆشانی کۆمۆنیستی پراکتیکی و رێکخراو. زانکۆی بەکردەوەی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی و بەرابەرییە ،… بۆیە تا نیزامی دڕندەو خوێنمژ و خوێنرێژی سەرمایەداری بمێنێ، تا زوڵم و چەوساندنەوەو هەڵاواردن و نابەرابەری و بێ مافی بمێنێ، جەبار ناسنامەی خەبات و تیکۆشانە، سەرچاوەی وانە لێوەرگرتن و ئیرادە بەخشینە. جەبار رۆشت و دەریایەک لە ئەزموون و یادو یادەوەرییە خەباتکارانە جوانەکانی بۆ ئیمە و هەموو ئەو ئینسانانە جێ هێشت، کە تامەزرۆ و خەباتکار و وێڵی دوای ئازادی و بەرابەرین. جەبار بۆ هەمیشە چاوی لێکنا، بەڵام بەر لەرۆشتنی و لە خەباتیکی نەپساوەدا چاوی ئومێدی بەخشییە دەیان و هەزار ئینسانی، رێگای ئازادی و دنیایەکی باشتر.
بەرزو بەڕێز بێت… یادی ژیان و خەباتکارانەی کۆمۆنیستی هاوڕێ جەبار مستەفا
٣١/١٢/٢٠١٨