… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ” ڕەگەز حەمە عەلی“ یەکێک لە رێکخەرانی گروپی ١٧ شوبات، سەبارەت بە دۆکیمۆمینت کردنی، تیرۆری سیاسی لەکوردستان لە ژێر ناوی“ رۆژمێری تیرۆر“ دا
ڕێکخراوی ١٧ی شوبات؛ بۆپشتیوانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی کوردستان لە ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ لە سوید دامەزرا. لەوکاتەوە بەبەردەوامی و بەشێوەی جیاجیا لە دەرەوەی کوردستان، ناڕەزایەتی بەدژی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەنجامداوە. هەروەها پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی کوردستان کردووە. لەدوا هەوڵیاندا ویستوویانە هەموو تیرۆرە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر ناونیشانی” ڕۆژمێری تیرۆر” دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ەوە لە شاروشارۆچکەکانی کوردستان بەدۆکیومێنت بکەن. بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز “ڕەگەز حەمەعلی” یەکێک لەڕێکخەرانی ئەو ڕێکخراوە گفتوگۆیەکی ئەنجمامداوە بۆئەوەی خۆیان باسی ئەو کارە بکەن.
ئامادەکردنی/ ئاراس ڕەشید
بۆپێشەوە: بەکورتی؛ دامەزرانی ڕێکخراوی ١٧ی شوبات چۆن، و لەکەی و لەکوێ درستبوون؟
ڕەگەز حەمەعلی: ڕێکخراوی ۱۷ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ لەشوباتی ساڵی ۲۰۱۱، سەرەتا لەچوارچێوەی گروپی ۱۷ی شوباتدا لەووڵاتی سوید کاروچالاکیەکانی دەستپێکرد، دواتر دەستەیەک لە چالاکان لەو وڵاتەجیاوازەکان سوید مالیزیا، و ناوخۆی وڵات هەنگاوی نا، لەقۆناغی گروپەوە بۆ کاری ڕێکخراوەیی لە ساڵی ۲۰۱٤، پاشان ماڵپەڕو پەیجی فەرمی خۆی وەشاند و پەیوەندی بەرفراوانی درووستکرد لەگەڵ ناوەند و ڕێکخراوە جیهانیەکان تاکو ئێستا بەردەوامە.
بۆپێشەوە: چوارچێوە و ئاسۆی بەرنامەی چالاکیەکانتان چیە؟
ڕەگەز حەمەعلی: ڕێکخراوی ۱۷ی شوبات بۆ مافەکای مرۆڤ تاکە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە لەچوارچێوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە بەرامبەر سەرجەم چین و توێژەکان دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتی باشورەوە، هاوکات تۆمارکردن و ئامادەکردنی داتای ساڵانە، هەروەها هەڵدانەوەو ئاشکراکردنی کەیسی تیرۆرە سیاسییەکان، هەم لەماوەی ساڵانی حکومڕانی کوردیی لەباشور و هەم لەسەردەمی شۆڕش و شاخ کە لەلایەن پارتە جیاوازەکانی باشور ئەنجامدراون. هەروەها، چالاکی بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات لەناوەوە و دەرەوەی وڵات و لە پەڕلەمانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا، و یەکێتی ئەوروپا، هاوبەشی کردن لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی جیهانی لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانیەکان.
بۆپێشەوە: دوایین پڕۆژەتان؛ بەدۆکیومێنتارکردنی تیرۆری سیاسیە لەهەرێمی کوردستانی عێراق. پێمانباشە هەموولایەنەکانی ئەم پرۆژەیە بۆ خوێنەرانی بۆپێشەوە و خەڵکی کوردستان باس بکەن.
ڕەگەز حەمەعلی: دواین پڕۆژە و چالاکی ڕێکخراوەکەمان بریتییە لە پڕۆژەی “ڕۆژمێری تیرۆر” لەنێوان ساڵانی ۱۹۹۱ بۆ ۲۰۱٨ لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (دەڤەری بادینان)، پارێزگای هەولێر، و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. لەم پڕۆژەیەماندا تەواوی تیرۆرە سیاسیەکان بەشێوەی ئینفۆگرافیک دەخەینەڕوو، کە ناو و وێنەی قوربانییەکە و لایەنی سیاسی کە کاری تیرۆرکردنەکەی ئەنجامداوە ئاشکرادەکەین بەگوێرەی سەرچاوەکان و ئەو زانیارییانەی بەدەستمان دەگات، وەک لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕۆژمێری تیرۆری بادینان و هەولێرمان بڵاوکردەوە، لەئێستادا کاردەکەین لەسەر ڕۆژمێری تیرۆر لە سلێمانی و هەڵەبجە بەم نزیکانە بڵاودەبێتەوە.
پێمانباشە لەم فرسەتەدا و لەڕێگای بڵاوکراوەکەی ئێوەدا، بانگەوازی سەرجەم کەسایەتی و ڕێکخراو و حیزب و لایەنەکان بکەین، بۆئەوەی هەر کەسێک شکدەبەن کە تیرۆرکراوە لەگەڵ تەواوی زانیاری( ناو، شوێنی تیرۆرکردن، لایەنی هەستاو بەکاری تیرۆرەکە لەگەڵ هەردۆکیومێنتێکیتریەکی وەک وێنە، ڤیدیۆ، بڵاوکراوە…تاد) ئەوا بۆمانی ڕەوانەبکەن تاوەکو بەهاوکاری هەموولایەک ئەو تاوانانە دۆکیومێنت بکرێن. سوپاسی هەموو لایەک دەکەین.