چ تێگەیشتنێکمان لە مێژووی کۆمۆنیزم هەیە؟

… ئاسۆ کەمال:

بەشی دوەم لە زنجیرە وتاری حزب و دەوڵەت- سەبارەت بە کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم و ڕوانگەیەکی نوێ بۆ کۆمەڵگەی ئینسانی

پێش ئەوەی بچینە ناو مێژووی لێکدانەوەکان و تیۆریەکان لەسەر حزب و دەوڵەت، پێویستە تێگەیشتنێکی ماتریالیستیانەمان هەبێ بۆ خودی مێژووی کۆمۆنیزم و لێرەوە دەتوانین ئەو تیۆر و هەوڵانە لە بواری حیزب و دەوڵەتدا بناسین کە لەم مێژووەدا دەرکەوتون. بەڵام سەرەتا مێژووی ئەم کۆمۆنیزمە خۆی لە تێگەیشتنێکی میتافیزکیەوە پێچراوەتەوە و ئەم مێژووە کراوەتە مێژووی گروپ و دەستە کۆمۆنیستەکان و ڕەوتە سیاسی و ڕیکخراوەییە جیاجیاکان و مێژووی خەباتی چینایەتی کرێکاران کە بنەمای کۆمۆنیزمە لەبیربراوەتەوە و هەر گروپە مێژوی خۆی بە مێژووی کۆمۆنیزم لەقەڵەم دەدا.هەربۆیە هەر بینەرێک ناهەقی نیه توشی سەرلێشوان ببێ و بڵێ لە بەر ئەم دارستانە دار نابینرێ.
چینی کرێکار لە سەرمایەداریدا ،بەهەمان شیوەی چینی بورژوازی لە دەرەبەگایەتیدا ،خەباتێکی چینایەتی دەکا دژ بەو کۆیلایەتیەی کە کاری بەکرێ بەسەریدا سەپاندوە. ئەم چینە لەم هەوڵە بەردەوامەیدا بۆ لابردنی ئەو ڕێگریانەی لەبەردەمیدایە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە سیستەمی سەرمایەداری تیۆر و تاکتیک و شۆڕشی جۆراوجۆر و لەوانەش کۆمۆنیزمی تاقی کردۆتەوە. بەڵام ئەوە کۆمۆنیزم و سیاسەتی کۆمۆنیستی نیە کە ئەم مێژووە و شۆڕشەکان دروست دەکا، بەڵکو ئەوە قۆناغی گەشەی سەرمایەداری و گەشەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە هەوڵە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکان دەخاتە قاڵبێکی مێژووییەوە، کە ئەم هەوڵانە ” ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی گەشەی چینی کرێکاردا نەبێت ئەوا دەبینین چەند بێ دەسەڵاتە لەگەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، بە پێچەوانەشەوە چۆن لە شکان نەهاتووە، ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی بزووتنەوەی چینی کرێکاردا بێت”. *3
ئەم تێگەیشتنە ماتریالیستیە دوو شتمان بۆ رون دەکاتەوە؛
یەکەم: هەوڵە سیاسیە جۆراوجۆرەکان ناوی چینێک وەرناگرێ بەڵکو ناوی سەردەم و کەسایەتیەکان و حزبەکان و ڕەوتە سیاسیەکان وەردەگرن، بەڵام ئەمانە لەڕاستیدا خۆیان ئەنجام و پاشکۆی گەشەی مێژوویی چینی کرێکارن . هەربۆیە لە پشت ناو و مێژووی مارکس و لینین و مانیفیست و کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر و حزبە جۆراوجۆرە کۆمۆنیستیەکانەوە دەبێ ئەو گەشە مێژووییە ببینی کە چینی کرێکار لەو قۆناغە جیاوازانەی گەشەی سەرمایەداریدا پێگەیشتوە و هەوڵە سۆشیالیستەکان بەپێی پیداویستیەکانی خەباتی چینایەتی لەو قۆناغەدا شکڵیان گرتوە. ئێمە بە لێکدانەوەی چوارچیوەی ئەو قۆناغە توانای تێگەیشتمان لەو هەوڵانە هەیە . ناتوانین ئەم هەوڵە کۆمۆنیستیانە بۆ هەموو قۆناغەکان بکەینە قاڵبێک وپێوەر و دۆگمێکی چەقبەستوو و نەگۆڕ، وە بزوتنەوەی کرێکاری بەپێی ئەو قاڵبە مێژوویانە بەش بەش بکەین بەناوی مارکسیەکان ، بەلشەفیەکان ، کۆمۆنارەکان و ترۆتسکیەکان و کۆمۆنیتسە کرێکاریەکان و سۆشیال دیموکراتەکان و هتد..
ئەم جۆرە تێگەیشتنە نامێژووییە کە کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستەکان دەخاتە جێگای خەباتی چینایەتی کرێکاران و ئەوان دەکاتە نوێنەری مێژوو و چینەکە، تێگەیشتنێکی باوە کە خۆی بەرئەنجامی پرۆسەی دابڕان و دورکەوتنەوەی بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و سیاسیەکانی چینی کرێکارە لە خودی چینەکە و خەباتی چینایەتی و بونی بە گروپی تەبلیغاتی یان حزبی نوێنەرانی چینەکانی تر.
ئەم لێکدانەوە ماتریالیستیە تەواو پیچەوانەی ئەو تێگەیشتنە میتافیزیکیەیە کە مێژووی کۆمۆنیزم وەک مێژووی گروپە جێگیرەکان و ڕوداوەکانیان دەبینێ، وە تەواو جیاوازە لەو داتاشینی جیاوازیانەی ئێستای ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کە قاڵبە مێژوویەکانی وەک مارکسیزم و بەلشەفیزم و سەندیکالیزم و ئانارشیزمیان کردۆتە قاڵبی جێگیر و پیرۆز و بەپێی ئەوانە دنیای ئێستا و خەباتی دژی سەرایەداری چینی کرێکار لێک دەدەنەوە. ئەمە وەک کاری ڕێگرەکانی سەدەی ناوەڕاست وایە کە بەپێی ئەندازەی تەختەی ئایدیۆلۆژی تایبەت بەخۆیان جەستەی ئەم بزوتنەوەیە ڕێک دەبڕنەوە و ڕێکخراو و حزبی جۆراوجۆری لێ دروست دەکەن. لە کاتێکدا مانیفیست هاواردەکا: “كۆمۆنیستەكان، حزبێكی جیاواز بەرانبەر باقی حزبەكانی چینی كرێكار پێك ناهێنن. ئەوان، هیچ بەرژەوەندییەكی تایبەتی و جیاواز لە بەرژوەندی كارگەرانیان نییە. ئەوان لە خۆوە هیچ چەشنە شێوازێكی گرووپی ناهێننە كایەوە كە بزووتنەوەی كارگەری پێ بخەنە قاڵبەوە.”*4

دووەم:هەرکام لەم هەوڵە کۆمۆنیستیانە بەشێکن لە پرۆسەیەکی مێژوویی، کە هیچ کات نابنە خاڵی دەستپێکردن و جیاکردنەوە و کۆتایی مێژووی خەباتی چینایەتی، بەڵکو هەرکامەیان دەوروکاریگەری خۆی لە پرۆسەیەکی مێژوییدا دەنوێنێ ،کە بەردەوام لە گۆڕان و شکت و هەستانەوەدایە. مارکس ئەمە بە خەسڵەتی دیالەکتیکی خەباتی چینایەتی کرێکاران دادەنێ کە پێچەوانەی چینەکانی پیش خۆیەتی. ئەو دەڵێ؛ چینی کرێکار “ناتوانێ دروشمەکانی لەڕابردوو وەرگرێ بەڵکو تەنیا لە داهاتوو وەریدەگرێ. ئەو ناتوانێ ئەرکەکەی ئەنجام بدا ئەگەر هەموو ڕێزگرتنیکی ئەفساناوی ڕابردوو کۆتایی پێ نەهێنێ. شۆڕشەکانی پێشوو( بورژوایەکان) پێویستیان بە گێڕانەوەی یادەوەریەکانی ڕوداوە مێژوویەکانی جیهان بوو تاکو خۆیان هەڵخەڵەتێنن سەبارەت بە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی شۆڕشەکەیان.بەڵام شۆڕشی سەدەی نۆزدە(کرێکاریەکان)لەسەریەتی بۆئەوەی بۆخۆی ناوەرۆکی تایبەتی شۆڕشەکە ڕۆشن بکاتەوە دەبێ لێگەڕێ مردوەکان مردوەکانیان بنێژن..ئەم شۆڕشە پرۆلیتاریانە وەک لە سەدەی نۆزدەدا ڕودەدا،ئەوانە ، بە پێچەوانەوە بەردەوام ڕەخنە لە خۆیان دەگرن، وە لەکاتی بەرەوپیشەوەچوندا بەشێوەیەکی بەردەوام خۆیان دەوەستێنن لە ڕۆشتن، وەجارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی کە دەستیان کرد بەوەی شتێک بەدەست بهێنن تاکو سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە، وە بەشیوەیەکی بەبێ ڕەحمانە گاڵتە بکەن بە کەموکوڕیە سەرەتاییەکانیان و وە خاڵە لاوازەکانی وە هەموو پوچیەکانی.” *5 ئەمە خەسڵەتی دیالەکتیکی خەباتی چینایەتی کرێکارانە.هەربۆیە ئەنگلس دەڵێ” بزاڤی کرێکاری ئەڵمانی وارسی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانیە.”*6
بە پێچەوانەی ئەم میتۆدە دیالەکتیکیەوە ،کە پێویستە هەموو مێژووی سەدەی ١٩ و ٢٠ بداتە بەر ڕەخنەی بێ ڕەحمانە تاکو کەموکوڕیەکان و لاوازیەکانی کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر و هۆیەکانی شکستی ئەم شۆڕشانە بکاتە دەرس بۆ شۆڕشەکانی ئەم سەردەمە ، هێشتا دیدی میتافیزیکی و نامێژوویی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا ،نەک هەر چینی کرێکار بەپێی قاڵبە فکریەکان پەرت پەرت دەکا، بەڵکو کۆمۆنیزم خۆشی دەکاتە شتێکی جیاواز لە چینی کرێکار و ئەو خەباتەی ئەمرۆ لە مەیدانەکانی ئازادی لە ئارادایە. بەم شێوەیە هیچ کاتێ ئەو ناکۆکیەی لە فکری خۆیدا بۆ جیاکردنەوەی سنوری کۆمۆنیستی و ناکۆمۆنیستی دروستی کردوە، ناتوانێ چارەسەری کێشەی جیایی کۆمۆنیزمی لە کرێکار پێ بکا. پێی وایە پیویست بە کۆمۆنیزمێکی فکری خالسە و پوختە تا بتوانێ ئەم دوانە پێکەوە گرێ بداتەوە، وەک چۆن پەیڕەوانی ئاینەکان بۆ دەقەکان و ڕەفتاری پێغەمبەرەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ڕزگارکردنی دنیای ئێستا.

ئێمـە بۆ تێگەیشتنمان لە مێژووی چینی کرێکار و ئەو گۆڕانکاری و جیاوازیانەی لە خەباتی فکری و سیاسی ئەم چینەدا دروست دەبێ پێویستە سەیری مێژووی بورژوازی وەک چینێکی شۆڕشگێڕ دژ بە سیستەمی دەرەبەگایەتی بکەین. دەبینین بەپێی گۆڕانکاری وگەشەی جێگە و ڕێگەی ئابوری بورژوازی لە سەردەمی ڕینیسانسەوە هەوڵی فکری و سیاسی بەردەوامی چەند سەدەی خایاند تاکو پێکهاتەکانی سیستەمی سیاسی خۆی کامڵ کرد. لە لۆتەریزمەوە دەست بە شەڕ لەگەڵ کەنیسەی کاسولیک دەکا،وەک پێکهاتەیەکی سیستەمی دەرەبەگایەتی، هەروەها لە میکاڤیللیەوە شۆڕش بەسەر فکری سیاسی دەرەبەگایەتی و کڵێسادا دەکا و زانستی سیاسەت لە دنیای واقعیدا دەهێنێتە ئارا و دواتر لەسەر دەستی هەر کام لە جان بۆدان، ئاڵتۆسیۆس،تۆماس هۆبس، جۆن لۆک،مۆنتیسکۆ،ڕۆسۆ،بنتام و ستیوارت میل و دەیان فەیلەسوف و یاساناس و سیاسی و بزوتنەوە سیاسیەکانیەوە ،کاری فکری و تێوری سەبارەت بە چەمکەکانی سەرەوەری، دەسەڵاتی یاسا، فۆرمی حوکمڕانی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی دینی لە دەسەلاتی سیاسی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و بەڕیوەبردن و دادوەری ودەوڵەت و دەستور و مافەکان فۆرمۆڵەکران و جێکەوتن. ئەم پرۆسەیەی شکڵگرتنی دەوڵەت و دامودەزگاکانی سیستەمی سەرمایەداری لە ئەنجامی چەند سەدە له ململانێی فکری و سیاسی و سەربازی لە نێو چینی بورژوازیدا و دژ به فکر و بیرورای زالی ده ره به گایه تی ڕویداوە. لەگەڵ پێداویستیەکانی سەپاندن وڕاگرتن و گەشەپێدانی دەسەلاتی ئابوری ئەم چینەدا و کاریگەری خەباتی چینایەتی بەسەریانەوە ،قاڵبی حزب و حکومەت و دەوڵەتی بورژوازی گۆڕانی بەسەرداهاتوە و شکڵی ئێستای پەرلەمانی و حکومەتی جێبەجێکردن و دەزگای دادوەری و سوپا و دەزگای ئاسایش و دەزگا نهێنیەکانی وەرگرتوە و لە ئاستی جیهانی UNوبانکی جیهانی ودەزگای جۆراوجۆری دروستکردوە.
حزب و دەوڵەت بۆ چینی کرێکاریش ڕەوتێکی ململانێی فکری و تیۆری و پراتیکی دوو سەدەیەی تێپەڕاندوە. لەهەر دەورەیەکدا چینی کرێکار کۆمەڵێک هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناوە و لە خەبات و شۆڕشی بەردەوامیدا ڕاستی و دروستی تیۆریەکان و سیاسەتەکانی تاقیکردۆتەوە و سەلماندونی، یاخود لە شکستەکانیدا ناڕۆشنی و هەڵەکانی خۆی بۆ دەرکەوتوە. ڕەوتێکی مێژوویی ئەم چینە کە لە دوو سەدەدا لە شێوازی ئەنترناسیونال و سەندیکا و شورا و یەکێتیە کرێکاریەکان حزب و شۆڕش و مانگرتن و دەوڵەتدا خۆی نمایش کردوە. ئەمانە هەمویان هەوڵی جۆراوجۆری چینێکن کە لە پێناو کۆتایی هێنان بە کۆیلایەتی بۆ سەرمایەداری دەستی بۆبردوە و لە پرۆسەیەکی مێژوویدایە بۆ خۆ ئامادەکردن وەک بەدیلی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە. پێ بەپێی ئەوەی «چینی کرێکار بەردەوام ژمارەی زیاد دەکات و بە دیسپلین دەبێت، یەکگرتوو دەبێت، ڕێکخراو دەبێت، لە ڕێگای میکانیزمە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری خۆیەوە”*7 ، له خەباتی چینایەتیدا مەسەلەی نوێ وەک حزب ، ئەنتەرناسیونال، دەوڵەت، شورا و سەندیکا و کەلتور و هتد دێتە پێشەوە.
کۆمۆنیزم لەگەڵ شۆڕشە بورژوازیەکاندا دژی دەرەبەگایەتی وەک بزوتنەوەیەکی ناڕازی کرێکارانی تازە پێگەیشتوو هاتەمەیدان و زۆر بەسادەیی خۆی لەبەرگی بەدیلی سەرمایەداریدا نیشاندا. هەرچۆن بورژوازی چەند سەدەی لە خەباتی فکری و سیاسی و ئابوری ویست تاکو لە کۆتوبەندەکانی فیۆدالی ڕزگاری بوو ، بە هەمان چەشن کرێکارانیش لە هەوڵێکی مێژوویی بەردەوامدان تا خۆیان وەک بەدیلی سەرمایەداری بسەلمێنن. ئەم چینە بە چەندین شۆڕش لە سەدەی نۆزدە و بیستدا مۆری خۆی داوە لە مێژووی تا ئێستای دنیای سەرمایەداری.
ئەم کۆمۆنیزمە بەم تەجروبانەی نیشانداوە لە بواری فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و بوەتە یەکێک لەو بزوتنەوانەی کاریگەری لەسەر پێکهاتەی ئاڵۆز و قەیراناوی سیستەمی سەرمایەداریداهەیە. هەر قۆناغێکی ئەم هەوڵە فکری و سیاسیانە دەبێ وەک ڕەنگدانەوەی دۆخی سیاسی و ئابوری ئەو سەردەمە و پێداویستیەکانی خەباتی ئەو دەروەیە سەیربکرێن نەک وەک قاڵبێک و دۆگمێکی کە مێژووی تیاقەتیس بکرێ و لە ئێستادا دەبێ کۆمۆنیزم وەڵامی ئەو کێشە و مەسەلانە بداتەوە کە چینی کرێکار لە خەبات و ڕیکخراوبون و شەڕی لەگەڵ بزوتنەوە بورژوازیە نیولیبراڵ و پۆپۆلیست و ناسیونالیستەکانداڕوبەڕوە، نەک شەڕێک کە مارکس لەگەڵ باکۆنین هەیبوە ، یان لینین لەگەڵ کاوتسکی ، یاخود ترۆتسکی لەگەڵ ستالین. هەرچۆن بورژوازی ناڵی بۆچونەکانی هۆبز یان ڕۆسۆ قسەی ئاخری دەوڵەت و دەستور و پەیمانی کۆمەڵایەتیە. بێگومان چینە کۆمەڵایەتیەکان لە شەڕی سیاسی دنیای واقعیدا بەناچاری یان بەپێی بەرژەوەندیەکانی چینەکەیان ئەم یاسا و دەزگایانە دەگۆڕن. هەربۆیە چینی کرێکاریش پێویستی بە بەردەوام گەشەپێدانی گۆڕینی تیڕوانین و ئامڕازەکانی خەباتی هەیە.
تێگەیشتنی ماتریالیستی لە مێژووی چینی کرێکار پێمان دەڵی کە ئەم چینە لەگەڵ دروستبون و گەشەی چینی بورژوازی وشۆڕشی پیشەسازیدا دروست بوە و هەردوو ئەم چینە سیستەمی سەرمایەداریان پێکهێناوە. ناکۆکی چینایەتی نێوان ئەم دوو چینە لەناو جەرگەی شەڕی کۆتایی هێنان بە پاشماوەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتیدا بەرەبەرە زەق بوەتەوە و گەیشتۆتە شەڕی نێوان ئەم دوو چینە و لەهەر شەڕێکدا بۆ دیموکراسی و ئازادی زیاتر کە بورژوازی کردویەتی دژی سیستەمی پاشایەتی و فیۆدالی چینی کرێکار بەشداریکردوە وهەوڵیداوە ئەو دەستکەوتانە هەر تایبەت نەبن بە بورژوازی بەڵکو ئەویش وەک لێی بەهرەمەندبێت. چینی کرێکاریش هاوشێوەی بورژوازی سەدەکانی ڕینیسانس و ڕۆشنگەری، ئەویش لە سەدەی ١٩و٢٠دا کۆمەڵێک شۆڕشی کردوە و پرۆسەیەکی دانەبڕاوی لە خەبات و فشار دژ بە سەرمایەداری هەبوە. ئەم چینەش بەپێی جێگەوڕیگای ئابوری و ئاستی گەشەی سەرمایەداری و ئاستی وشیاری و ڕێکخراوبونی کرێکاران تیایدا ئایدیاکانی دنیای کۆمۆنیستی و یەکسان و ئازادی سەریهەڵداوە و توێژی ڕۆشنبیر و فەیلەسوف و بیریاران و هەڵسوڕاوانی سەر بەم چینەش تەعبیریان لەم خواست و ئامانجانە کردوە. کۆمۆنیزمیش وەک بەشێک لەم هەوڵە ڕۆشنبیری وسیاسیە، پێ بەپێی تەجروبە سیاسی و پراتیکە شۆڕشگێڕانەکانی کرێکاران گەشەی دەرکرد و لە کۆمۆنیزمێکی خەیاڵیەوە گەشتە ئاستی تیۆریەکی سیاسی و ئابوری و فەلسەفی و دواتریش بەشێوەیەکی زانستی لیکدانەوەکانی لەسەرسیستەمی سەرمایەداری و ناکۆکی و قەیرانەکانی و ئامڕازەکانی گۆڕانی بە سیستەمێکی کۆمۆنیستی خستەڕوو.
چەمکی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە مێژووی ئەم ململانێ سیاسی و چینایەتیەدا سەریهەڵدا. سەرەتا گروپە کۆمۆنیستیە نهێنیەکان و ڕیکخراوە جەماوەریە ئاشکراکان پێکدەهاتن و دواتر گرنگی ڕیکخستنی یەکپارچە و سەراسەری و جیهانی ئەم چینە هاتە ئارا وئەنتەرناسیونالی یەکەم و حزبە سۆشیال دیموکراتی و کرێکاریەکان لە ئەوروپا وڕوسیاو ئەمریکادا سەریان هەڵدا.
ئەم چەمکە دوو خەسڵەتی سەرەکی هەبوو، کە یەکەمیان باسی حزب باسی ڕێکخستنی سەرجەم چینی کرێکار بوو وە مانای حزبێکی تایبەتی نەبوو لە ناو کرێکاراندا. هەربۆیە لەئەنتەرناسیونالی یەکەم و حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیادا بۆچون و ڕیبازی سیاسی جیاجیا دەبینین و سەرەڕای ململانێی سیاسی و فکری نێوانیان بەڵام وەک حزبێکی کۆمەڵایەتی وهێزێکی سیاسی ئەم مەیلانە پێکەوە کاردەکەن. مانیفیستی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگلس تەعبیر لەم قۆناغە دەکا کە دەڵێ ” کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیا لە حزبەکانی چینی کرێکار نین و ئامانجیان کۆکردنەوەی هەموو چینەکە و خستنەڕووی ئامانجی کۆتایی چینەکەیە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتیدا” ئەو پێناسەیەیە بۆ حزب کە بنەمای تێگەیشتن لە چەمکی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی نیشان دەدا.
دووەمیان ؛ ئەم حزب و ڕیکخراوانە لەگەڵ شەڕی چینی کرێکار لەسەر دەسەڵات گرتنی کرێکاران و شۆڕشی سۆشیالیستی بەسەر سەرمایەداریدا تێکەڵاون. وەک تێکەڵاوی ئەنترناسیونالی یەکەم لەگەڵ کۆمۆنەی پاریس و پەیوەندی بەردەوام بە خەباتی سیاسی و ئابوری کرێکارانی ئەوروپاوە، یان حزبە سۆشیال دیموکراتەکان و خەباتی پەرلەمانی و مانگرتن و خۆپیشاندانە کرێکاریەکان و بونی سەدان هەزار ئەندامی کرێکاری لەم حزبانەدا و بەشداری لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ڕاپەڕینەکانی ئەڵمانیا و مەجەر و مانگرتنە سەراسەریەکانی ئیتالیا وبەریتانیا و نەرویج و وڵاتانی تر.
لەم ئاستە لە گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی وجەماوەری وبەتایبەت لە کۆمۆنەی پاریسەوە چەمکی دەوڵەتیش دەبێتە بەشێکی سەرەکی لەم خەباتە. دواتر لە شەڕی جیهانی یەکەمدا ئەم بزوتنەوەیە دەکەوێتە بەردەم قۆناغێکی تەواو جیاوازەوە و لەبەردەم ئەرکێکی مێژووییدا قەرار دەگرێت. ئەم شەڕە جیهانیه بۆ جیهانی مۆدێرن بەمانای ڕوخانی تەواوی پایەکانی دنیای لیبرالیزم و مافی مرۆڤ و ئازادیەکانی بورژوازیە،کە لەبەرامبەریدا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی سەریهەڵدا و بزوتنەوەی کرێکاری وکۆمۆنیستی خستە بەردەم ڕوبەڕوبونەوەیەکی مێژوویی لەگەڵ ئەم شەڕە جیهانی وبەربەریەتەی سەرمایەداری و نیشاندانی بەدیل و ڕیگاچارەی کۆمۆنیستی بۆ کۆمەڵگەی
مرۆڤایەتی. هەربۆیە جارێکی تر مەسەلەی شۆڕشی کرێکاری دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی وگرتنە دەستی دەسەڵات و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی دەبێتە پێویستیەکی ڕۆژ.
“دەوڵەت و شۆڕش” ی لینین تەعبیر لەم قۆناغە گەشەکردوەی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار دەکا کە دەڵێ” ئامڕازەکانی دەوڵەتی بورژوازی دەبێ لەناوببرێ و دەوڵەتێک دروست ببێ کە پشتی بە چەکدارکردنی گشتی و نوێنەرانی ڕاستەوخۆی کرێکاران و جوتیاران ببەستێ”.
لەم قۆناغەدا ئێمە لەگەڵ دوو مەسەلە دەرگیر دەبین یەکەم؛ جیابونەوەیەک لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا لەسەر بنەمای تاکتیک لە بەرامبەر شەڕی جیهانی و دەوڵەتی بورژوازیدا.
ڕەوتێکی ناسیونالیستی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا پشتیوانی لە لایەکی شەڕ دەکەن بەرامبەرلاکەی تر و هاوکاتیش پشتیوانی لە ریفۆرمیزم دەکەن لە بەرامبەر گۆڕینی دەسەڵات بەشێوەی شۆڕشگێڕانە.
دووەم ؛ لە ڕوسیادا کە زەمینەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی تیایدا لە سەرەتای سەدەی بیستەوە لەبار دەبێت و ٣ شۆڕشی یەک لە دوای یەک ڕودەدەن و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی نمونەیەک لە شۆڕشی سۆشیالیستی و دەوڵەتی کرێکاری نیشان دەدا.
ئەم دەورەیە دەورەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەیە. هەردوو چەمکی حزب و دەوڵەت لەم دەورەیەدا دەکەونە قۆناغی پراتیکێکی کۆمەڵایەتی و گۆڕانێکی سەرتاپاگیری سیاسی و ئابوری کۆمەڵگەی ڕوسی دەگرێتەوە و کاریگەری خۆی بەسەر جیهاندا دادەنێ. سەدەی ٢٠ و تا ئێستاش مۆدیلی حزبی بەلشەفی و دەوڵەتی سۆڤیەتی وەک دوو مۆدیلی نەگۆڕ و پیرۆز سەیردەکرێن و هیچ ڕەخنەیەکی بنچینەیی لەم مۆدیلانە و نیشاندانی بەدیلی بەرامبەریان لە ئارادا نیە. ئەم دیدە میتافیزیکی و نامێژووییە لە حزب و دەوڵەت مەسەلەی سەرمێزی ئەم لێکۆڵینەوەیەیە. لێرەوە تێڕوانینی ماتریالیستی بۆ دەور و مێژووی چینی کرێکار گرنگی حەیاتی و بنەڕەتی پەیدا دەکا، بویه دەبێ لێکدانەوەی دروست و زانستی بۆ ئەم مێژووە و واقعی ئێستا بکا و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە بونەتە گرێ کوێرە لە بەردەم چینی کرێکار و ئایندەی خەباتەکەیدا. تێڕوانین بۆ حزب و دەوڵەت ئەو دوو ئەڵقەیەیە کە ئێمە لەم لێکدانەوانەدا بەدەستیەوە دەگرین تاکو دەرگابکاتەوە بەڕووی ڕۆشنکردنەوەی گرفت و کێشەکاندا.
لێرەوە دەبێ ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر دوو چەمکی حزب و دەوڵەتدا هات بە شیوەیەکی وردتر لێک بدەینەوە تا بزانین چ جیاوازیەکی لەگەڵ بنەما سەرەکی و سادەکانی پێش ئەم دەورەیە و دنیای سەردەمداهەیە؟

http://www.asokamal.com/index/?p=1616*
*4https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_1848_manifesti_komonist.pdf
*5 الثامن عشر من برومیر لویس بونابرت ل ١٤٣،مارکس انجلس ،مخارات، الدار التقدم
*6https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_1888_feurbax.pdf لودفیگ فیورباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی، ل ٨١، وەرگێڕانی سالار ڕەشید
http://www.asokamal.com/index/?p=1616*

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *