کۆبونەوەی جی ۲٠ بۆ بێمافکردنی زیاتری خەڵکی جیهانە!

 

 نووسینی: موزەفەر عەبدوڵا

بڕیارە ڕۆژی ٣٠ نۆڤەمبەر و یەکی دیسەمبەر لە شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرژەنتین دوانزەهەمین کۆبونەوەی ساڵانەی بیست دەوڵەتە زلهێزە ئابوری و سیاسی و سەربازییەکەی جیان ببەسترێت. هەڵبەت ئەمە یەکەمین کۆبونەوەیە کە لەوڵاتێکی ئەمریکای لاتین دەبەسترێت. هەر بۆیە هەموو سەرانی ئەم دەوڵەتانەو دامەزراوە زەبەلاحە ئابوری و داراییەکانیان بەدڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە بەرەو پیری کۆبونەوەکە دەچن. ئەمەش بەهۆی ناڕەزایەتی قوڵی زۆرایەتی خەڵکی ئەم وڵاتانە لە کریکاران و تویژە بەشمەینەتەکان لە دژی ئەم دەوڵەتە سەایەدارییە ئیمپریالیانە. زیندوترین بەڵگەش بۆ ئەم ناڕەزایەتیە قوڵەی خەڵک و بەرەی چەپ و کرێکاری و ئازادیخوازی وێڕای ناڕەزایەتی هەزاران کەس لە شەقامەکان و نزیک شوێنی بەستنی ئەوکۆبونەوەیە هاوکات یەکەمین کۆبونەوەی نەیاری جی ۲٠ بەناوی کۆڕبەندی جیهانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە جی ۲٠ بە سەرۆکایەتی کریستینا فیرناندیز سەرۆکی پێشوی ئەرجەنتین دەبەسترێت. هەروەها سەرۆکی پێشوی بەرازیل دیلما روزیف و زۆر سیاسەتمەداری تر کە لەڕوانگەی چەپەوە دژی سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتە زلهێزانەن بەشداری دەکەن. ئەگەرچی ئەم سیاست مەرادانە لە ڕوانگەی چەپێکی پۆپۆلیستی و نیشتیمانییەوە دژی ئەم کۆبونەوەیەو ئەجندای نیولیبرالیزمن، بەڵام گرینگ تر لەوانە ناڕەزایەتی ملیونی جەماوەرە لە دژی سیاسەتی ئەم دەوڵەتە زلهێزانە. شایانی ئاماژەیە ئەم جی ۲٠ لە ساڵی ۱۹۹۹ لەلایەن حەوت دەوڵەتە زلهێزە پیشەسازی یەکەی جیهانەوە پێکهات بۆ وەڵامدانەوە بە کیشەو گیروگرفت و قەیرانە ئابوری و داراییەکانیان کە لەو کاتەوە زیاتر سەر هەڵدەدا. تا لە دوای قەیرانی ئابوری ۲٠٠۸ هەشت ولاتی ئابوری تازەهەڵچویان کردە ئەندام. بە پێی زانیاری و ئامارەکان ئەم بیست دەوڵەتە سێ یەکی بازرگانی جهان و لەسەدا نەوەدی بەرهەمی خاوی جیهانیان لا کۆبۆتەوە. لەم کۆبونەوەیەش بریارە لەسەر سێ تەوەرە قسەوباس بکەن ئەوانەش پاشەڕۆژی کارو ژێر خانی گەشەپێدان و پرسی خۆراک. دیارە لەم کۆبونەوەیەدا جگە لە سەرۆک و گەورە بەرپرسانی بیست دەوڵەتەکە زۆر سەرۆکی تر بەشداری دەکەن، لەگەڵ بەرێوەبەرانی دامەزراوە ئابوری و دارایی و سیاسییەکانی دونیا لەوانە سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی و دراوی نێودەوڵەتی و بازرگانی جیهانی و سەرۆکی نەتەوە یەکگرتوەکان و … هتد، هەروەها لەپەراویزی ئەم کوبونەوەیە دەیان کوبونەوەو دیداری سەرۆکی دەوڵەتەکانیش رێکدەخرێت، بەڵام خاڵی سەرنجی ڕەخنەو ناڕەزایەتی و دژایەتی زۆرایەتی جەماوەری ستەملیکراو و هەژارکراو برسیکراو و بەرەی چەپ و کریکاری و کۆمۆنیستی لەم کۆبونەوەیەو ئەجندەو هەموو سیاسەتەکانی ئەم بیست دەوڵەتە گەورەیەو هەموو دەوڵەتەکانی دونیاش ئەوەیە کە ئەمانە هیچیان لە پێناوی نەک کۆتاییپێهێانی مافە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان و ئازادییە سیاسیەکانی زۆرینەی جەماوەر نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە پێناوی زیاتر برسیکردن و هەژارکردن و کۆچپێکردنیانە. ئەم کۆبونەوانە بۆ ئەوەیە چۆن سەرمایەی جیهانی و چینی بۆرژواو دەوڵەت و کۆمپانیاو دامەزراوە ئابورییەکانیان توشی گیروگرفت و قەیرانی ئابوری و دارایی نەبن. هەروەها چۆن زۆرترین هێزی کاری هەرزان و ئاساییشیان بۆ دابین بکەن. بێگومان ئەوەش لەڕێگای زیاتر برسیکردن و هەژارکردن و بێکارکردن و ئاوارەکردنی خەڵکەوەیە. بە تایبەتی خەڵکی وڵاتانی ژێر دەستەی سەرمایەی ئیمپریالیستی هەر وەک چون لە٢،٣ دەیەیەی ڕابردوە هەموومان شایەدی دیاردەی کارەسات بارە کۆمەلایەتیەکانین. دیاردەی بێکاری و هەژاری و برسیتی و قاتوقری و کۆچی ملیونی خەڵک لەم ولات بۆ ئەو ولات بە تایبەتی بۆ وڵاتانی ئەروپاو ئەمریکاو ئوسترالیا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی کارەساتباری ئاشکرا بووە. دیارە ڕویەکی تری ئەم دیاردانە شەرو کوشتو کوشتارو وێرانکردنی ئەم ولاتانەیە لە ئەفریقا و ئاسیا وە تا ئاسیای ناوەڕاست و ئەوروپای ڕۆژهەڵات. بۆیە خۆشخەیالییە هەر کەس و لایەنێک چاوەڕوانی بەهەرپلەیەک باشی لەم کۆبونەوانە هەبیت بە قازانجی کەمترین ریفۆرم لە پێناوی ماف و ئازادییەکانی خەڵک. ئەم کۆبونەوانە کۆبونەوەی سەرانی گەورە تاوانبارەکانی بۆرژوازین بە ڕاست و چەپیانەوە. وەک وتمان هەموو ئەم کۆڕو کۆبونەوانە کە ساڵانە دەکرێت دەکەوێتە بەر ناڕەزایەتی قوڵی جەماوەر و ڕەوت و رێکخراوە چەپ و کریکارییەکانەوە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ڕۆژگاڕێک دێت پێ بە پێی بەهێزبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ئاستی ڕێکخرابوونی کرێکاران و چەپ و کۆمۆنیستەکان ئەم سەرکردەو بەرپرسانەی کۆمپانیاو دامەزراوە خوێن مژەکانیان ناتوانن وا بە ئاسانی ئەم کۆبونەوانە ببەستن و تەرازوی هێزی ململاننی نێوان ئەمانەو جەماوەری ناڕازی بە قازانجی جەماوەر تەواو دەبێت.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٤١ی بەرواری ١/١٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

 

 

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *