بڕیاری نوێی دادگای هەرێم ڕەوایی بۆ کۆیلەیی ژنانی کوردستان

هەتاو عەبدوڵاهی:

هەڵاواردنی رەگەزی لە زۆربەی کۆمەلگەکان بە تایبەت کۆمەلگە سونەتی و دواکەوتووەکان وەکو یەکێک لە بەرچاوترین خەسارە کۆمەلایەتیەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بوونی بووە. کلتوری کۆمەلگە سونەتی و دواکەووتوەکان خۆی خزاندۆتە ناو ژیانی تاکەکان و بۆتە هۆکاری جیاکاری و هەڵاواردنی رەگەزی و بەردەوام و پێگە و ژێر دەستەیی ژنانی لەو کۆمەلگەیانەدا پەرەپێداوە. سونەت و دواکەوتویی و پیاومەزنی ساڵەهایە بۆتە ئەبزاری دەستی سەرمایەداری بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤەکان. هەر چەند بە درێژایی بوونی ئەو خەسار و پەتایە چالاکانی مافی ژنان و بزوتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەلایەتیەکان بۆ لابردن و نەمانی هەڵاواردن هەولێ زۆریان داوە، بەلام هیشتاکەش لە زۆربەی ولاتانی جیهان بە تایبەتی ئەو ولاتانەی کە پیکهاتەی سیاسی و کۆمەلایەتیەکەی لەسەر لێ ئەستاندنەوەی شوناسی تاکەکان ڕۆنراوە و ئەبزاری ئایینی بە دەستەوەیە بوونی هەیە. ئەم هەلاواردن و جیاکاری رەگەزییە تەنانەت خۆی خزاندۆتە ناو ژیانی تاکەکەسی ژنان لەو ولاتانە و ئەوانی لە بەشدار بوون لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەلایەتی بێبەش کردووە، کە ئەوە ئامانجی سەرەکی حاکمانی سەرمایەداریە. ئەوەی کە هانی دام ئەو بابەتە بنوسم بارودۆخی نالەباری ژنان لە هەرێمی کوردستان لە ژێرسایەی حاکمیەتی چەند حیزبی ناسیونالیست دینی و دواکەتوویە کە ساڵەهایە ژنان و خواستە بەرحەقەکانی ئەوانی کردۆتە ئامانجی دزێوی خۆی و هەر رۆژە و یاسایەک بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادی ژنان و چەوساندەوە و ژێرپێنانی کەرامتیان پەسند دەکات. یاساگەلێک کە لەلایەن کابینەی حاکمیەتێکی ناسیونال دینی و دژە مرۆڤەوە پەسەند دەکرێ وبە ئاشکرا ماف و شکۆی ژنان پایماڵ دەکات و ماهیەتی راستەقینەی ئەو حکومەتە دژە مرۆڤە نیشان دەدات. حکومەتێک کە لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە بە ناوی ئایین و کلتوری چەق بەستوو کە پڕوپاگەندەی بۆ دەکات و دەیلکێنێ بە کۆمەلگەی کوردیەوە ژنان و مافەکانیانی کردۆتە ئامانجی خۆی و هەر رۆژە و بێ مافی و سوکایەتیەک بۆ ئەو رەگەزەی کۆمەلگە بە دیاری دێنێ. سیستمێک کە مافی ژنانی ئەو ولاتەی لە چوارچێوەی مارەیی و ئالتون و نەفەقە و هەموو ئەو دەستەواژانەدا بەرتەسک کردۆتەوە کە بە راستی بێرێزییە بە کەرامەتی مرۆڤ بە گشتی و ژنان بە تایبەتی. سیستم وحاکمیەتێک کە ساڵەهایە توندوتیژی و کوشتن و بڕین و دەستدڕیژی بۆ ژنانی ئەو ولاتە بە دیاری هێناوە، ژنانێک کە سالەها بە دژی دیکتاتوری لە خەبات نەوەستان و لە بەرامبەر حکومەتێکی دیکتاتوری وەک سەدام وەسانەوە، بەلام دوای بە دەسەلات گەیشتنی حکومەتی دینی ناسیونالیستی هەرێم بێمافی و چارەرەشی بەرۆکی گرتوون. لە تازەترین تاوان و سوکایەتی دەسەلاتی هەرێمی کوردستان بە ژنانی ئەو ولاتە پەسندکردنی یاسایەکی دژە مرۆڤ و مەترسیدارە کە رەوایی دەبەخشێ بە کۆیلەیی و ژێر دەستەیی ژنان و وەک کالای جنسی و کۆیلەی پیاو نیشاند دەدات وبە ئەبزاری شەرع و یاسا ژنان دەکاتە کۆیلەی جنسی کە تەنیا ئەرکیان دامرکاندنەوەی هەستی سێکسی پیاوان لە ولاتەیە. لە تازەترین بڕیاردا سەرۆکی دادگای کەرکوك سەرجەم دادوەرانی باری کەسێتی ئاگادارکردۆتەوە داوای ڕەزامەندی هاوژینی یەکەم لەو پیاوانە نەکەن کە ئەیانەوێت ژنی دووەم بهێنن، هەروەها بۆ سێیەم و چوارەمیش.
ئەم بڕیارە نوێیەی سەرۆکی دادگای کەرکوك تەواو پێچەوانەی یاسای باری کەسێتیە لەپرسی هاوسەرگێریدا. بڕیارێکی مەترسیدارە کە مرۆڤەکان بۆ دواکەوتویی و توندوتیژی هان دەدات و کەرامەتی ژنان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بێگومان لە حکومەتی ناسیونالیست دینی کە پەرە بە توندوتیژی و دواکەوتوویی لە کۆمەلگە دەدات و سالەهایە هەموو ئامرازەکانی راگەیاندن و پەروەردەی بۆ ئەو مەبەستە بە کارهێناوە ناتوانین چاوەروانی لەوە زیاترمان هەبێ، حکومەتیک کە لە سەر بنەمای شەرع و ئایینەوە بنیات نراوە، ئایینێک کە جەستەی کچێکی نۆسالان وەکو ئامادەی سێکس دەبینی ولەژێر ناوی مارەیی و زەواجەوە رەوایی بە دەسترێژی و تاوان دەدات. حکومەتێک کە سالەهایە بە روهەڵماڕاوییەوە هەر جارە و یاسایەکی دژە ژن لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات و سوکایەتی بە کەرامەتی مرۆڤەکان دەکات. بۆیە ژنانی کوردستان دەبێ بە وشیاری زیاترەوە لە بابەتی رەوایی و پەرەدان بە فرەژنی و کۆیلەبوونی ژنان بە مەبەستی جنسی، بوەستنەوەو پایە لەرۆزۆکەکانی ئەو حکمومەتە لەرزۆکتر بکەن. ژنان دەبێ لە بەرامبەر ئەو بڕیارە نامرۆڤانەیەی حاکمانی هەرێم بێ دەنگ نەبن. ژنان دەبێ بە خەباتی لێبڕاوانەی خۆیان بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان نیشان بدەن کە ئەوان تەنیا کۆیلەی جنسی و ئەبزاری زاو و زێ نین و نە حکومەت و نە کۆمەلگە ناتوانێ بەو شێوە لەوان بڕوانێ. ژنانی هەرێمی کوردستان دەبێ بەو ئاکامە بگەن کە تاکە رێگەچارەی ئازادی و نەمانی کۆیلەییان نەمانی ئەو حکومەتە و دامەزرانی حکومەتێکی سوسیالیستیە کە مافی بەرابەریان لەگەڵ پیاوان هەبێ…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *