رۆژ عەزیز
هۆکارەکەی ئەوە نییە کە لایەنگری ڕژێمی ئێران بم و دژی ئامریکا بم کە سزای ئابوری خستۆتە سەر ئێران، بەبروای من سزای ئابوری بۆسەر ئێران جمهوری ئیسلامی ئێران لاواز یاخود ناڕوخێنێت، بەڵکو ئیرادەی شۆرشگێرانەی خەڵک لاوازتر دەکات یاخود پاشەکشەی پێ دەکات بۆ روخانی ئەو ڕژێمە و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران کارەکانیان قورستر دەبن بۆ روخانی جمهوری ئیسلامی ئێران. مێژوو نیشانی داوە بە سزای ئابوری لەلایەن ئەمریکا بۆ سەر هەر وڵاتێک کە گوێ رایەڵی ئەو نەبێت بەسزای ئابوری نەروخاوە یان لاواز نەبووە، بەڵکو ئەوە خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو وڵاتەیە باجی قورسی سزای ئابوری دەدەن و خەڵک هەژارترو بێ کارترو نەبووتر دەبن توانای شۆرش و ڕاپەرینیشیان لاوازتر دەبێت، چونکە فەقرو فەلاکەت وایان لێ دەکات تەنها فریای ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بکەون.
سزای ئابوری لەلایەن ئەمریکا بۆسەر هەر وڵاتێک ئەوپەڕی دژی ئینسانییە و خەڵکی زەحمەتکێش ژیانیان قورستر دەبێت و بێکاری بێ نانی و وە لەو لاشەوە کاڵاکان گرانتر دەبن کە خەڵک توانای کڕینی نییە، وە خەڵکیش رەنگە بەمانگ نەتوانن کیلۆیەک گۆشت بکڕن. ئەوانەی کەوتونەتە هەلەکە سەما لەبەرامبەر بریارەکانی ئەمریکادا، پێیان وایە ئەمریکا جمهوری ئیسلامی ئێران بەم سزای ئابوریە دەروخێنێت. دەبوایە چاوێکیان بەمێژووی سزای ئابوری ئەمریکا بخشاندایە کە چەندین ساڵ ئەو سزایەی بەسەر خەڵکی عێراقدا سەپاند کە سەدام حسین دارودەستەکەی زیاتر ملهورتر بوون و خەڵکی عێراقیش ژەمی ڕۆژانەیان نەبوو بیخۆن و هەزاران خەڵک بەهۆی سزای ئابوری ئەمریکا بۆ سەر عێراق لەبرسا مردن، بەهەزاران ژن بۆ پاروە نانێک خەریکی لەشفرۆشی بوون لەجیاتی ئارد بێویژدانەکانی بازاڕیش گەچیان تێکەڵ بەئارد دەکرد بە خەڵکیان دەفرۆشت و لەو لاشەوە بازرگانە چاوچنۆکەکانی سەرمایەو دەسەڵاتیش باکیان بەگرانی بازاڕ نەبوو، هەر رۆژەو بەئارەزووی خۆیان شتیان گران دەکرد.
ئەمە ئەو ژیانە بوو کە لەسایەی سیاسەتی دژی ئینسانی ئەمریکا بوو کە بە سزای ئابوری خەڵکی عێراقی بە رۆژێک سپارد لەمێژوودا وێنەی نەبووە و بۆ هەتاهەتایە لەبیر ناکرێت ئەو گرانیە کە ئەمریکا خوڵقێنەری بوو. ئێستا تێناگەم خەڵکی بۆ ئەمەی لەبیر کردوە خۆشخەیاڵە بەسیاسەتی ئەمریکا، پێی خۆشە ئەمریکا سزای ئابوری خستۆتە سەر ئێران. ئەوانەی دوای سیاسەتی ئەمریکا کەوتوون بەم سزایە ئاسودەن ئەوانەن چاوەرێی ئەمریکان لەئێران ئەمریکا ئاڵوگۆڕێک دروست بێت تا ئەمریکا شتێکیان پێ بدات. مەعلومە ناسیونالیستی کورد لەئێران زۆر بەم سزای ئابوریە کەیفی پێ دێت چاوەڕێ یە لەئایندەی ئێراندا، بەڵکو ئەمریکا ئەو ڕژێمە لابەرێت رژێمێکی گوێ لەمشتی ئەمریکا دروست بێت ناسیونالیستەکانی کوردیش شەریک بکات. من زۆر کەس ولایەن دەبینم بەسزای ئابوری تووشی شاگەشکە بووە لەخۆشیدا، هیچ بیرێک لەژیانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران ناکەنەوە کە لەئێستادا چ ژیانێکی خراپیان هەیە لەسایەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
هەر کەس و لایەنێک پشتیوانی لە سزای ئابوری ئامریکا بکات بۆ سەر ئێران، ئەوە لەبەرەی ئەمریکاو سیاسەتە دژە ئینسانیەکانی ئەمریکادایە کە لەدژی خەڵکی ئێران بەرێێ خستووە. پشتیوانی لە سزای ئابوری ئەوپەڕی دژی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئێرانە، دەبێت نەک پشتیوانی سیاسەتی ئەمریکا نەکەین، بەڵکو لەدژی سزای ئابوری بۆ سەر ئێران نارەزایەتی دەربڕین لەدژی بوەستینەوە هەر چۆن لەساڵەکانی نەوەتەکاندا خەڵکی زەحمەتکێش وکۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان لەدژی ئابڵوقەی ئابوری بۆ سەر عێراق نارەزایەتیان دەبڕی، بەرەیەکی گەورەی جیهانیش لەدژی سزای ئابوری بۆسەر عێراق هاتە مەیدانەوە کە دژی سیاسەتی نا ئینسانیانەی ئەمریکا بوو کە سزای ئابوری خستە سەر عێراق.
لەکوردستانی عێراقدا کۆمۆنیستەکان لەدژی ئابڵوقەی ئابوری نارەزایەتیان دەربڕی کەچی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی کۆمۆنیستەکانی بەوە تاوانبار دەکرد کە پشتیوانی لەسەدام دەکەن و پێیان دەوتن ئەمانە تابوری پێنجەمن، بەڵام ساڵانێک دوای ئابڵوقەی ئابوری بۆ سەر عێراق زانیان نەک سەدام ودارودەستەکەی نەروخا، بەڵکو بەهێزتر بوو تەنها خەڵکی عێراق بوون زەڕبەی گەورەیان خواردو حیزبە باڵادەستەکانی کوردستانیش ئەو راستەیان بۆ دەرکەوت کە کۆمۆنیستەکان راستیان کرد کە ئابڵوقەی ئابوری سەدام حسین دارو دەستەکەی نەروخاند، بەڵکو هەر خەڵکەکەی باجی گەورەیان دا، تەنانەت ناسیونالیستەکانی کورد ئەوکاتە لەخۆشی سزای ئابوری بۆ سەر عێراق کەوتنە هەلەکە سەما، بەڵام دوای چەند ساڵ هەر خۆیان بوون داوایان لەئەمریکا کرد سزای ئابوری سەر عێراق هەڵبگرێت، چونکە خەڵکی زەرەمەندی گەورە دەبن. ئێستاش هەمان سیاسەتی ئەمریکا لەدژی ئێران دەستی پێکردوە هەر ناسیونایستەکانی کوردن پشتیوانی لەم سیاسەتە دەکەن کە من دڵنیام سبەینێ هەر خۆیان دەبن دژی سزای ئابوری ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەنگ هەڵدەبڕن داوا دەکەن سزای ئابوری سەرئێران هەڵبگرن. ئەرکی خەڵکی ئازادیخوازی دنیاو ئەرکی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران وتەواوی دنیا هەیە لەدژی سزای ئابوری ئەمریکا بۆ سەر ئێران نارەزایەتی دەربڕن و ڕێگە نەدەن ئەمریکا جارێکی دیکە هەمان سیناریۆی سزای ئابوری کە چۆن بەسەر عیراقیدا سەپاند لە دوای ساڵی ١٩٩١وە ئیستاش دەیەوێت هەمان سزای ئابوری لە ئێران دوبارە بکاتەوە. دەبێت لەدژی راوەستین، چونکە ئەم سزایە جمهوری ئیسلامی ئێران لەناو نابات، هەر چۆن سەدام حسین بەسزای ئابوری ئەمریکا نەڕوخا ئاواش ئێران بەم سزایە لەناو ناچێت…
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…