عبدالرحمن رسول
تیرۆر یەکێکە لەو دیاردە ترسناکانەی کە لە بەشێک لە گۆشە و کەنارەکانی جیهان و لە بەشەکانی کوردستان و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەفراوانی هەڕەشە لە خەڵکی سیاسی و عەناسری پێشکەوتنخواز و ئازادیخواز و سیکولار و کۆمۆنیست بەتایبەتی و خەڵک بەگشتی دەکات ،بە هۆی چالاکی تیرۆریستانەوە ڕۆژانە لە گۆشە و کەنارەکانی جیهان شاڵاویان دەباتە سەر و گیانیان لە ناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەڵدەلوشێ .
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوویی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بدەینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بەدرێژایی مێژوو کاتێک کۆمەڵگە بەهۆی گەشەی هۆش و هزرو فکر و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان و گەشەکردنی بەرهەمهێنان و نوێ بوونەوی کۆمەڵ مرۆڤەکان هەوڵی تێکۆشانیان بۆ دەربازبوون لە یاسا و دەستووری کۆن داوە، ئەمەش بۆئەوەبووە کە مرۆڤەکان لە ستەم و چەوسانەوە و نابەرابەری و سەرکوت و ئازار و ئەشکەنجە ڕزگارییان بێت.
بەرامبەر ئەم تێکۆشانەی مرۆڤەکان بەشێک لە مرۆڤەکان بەرژەوەندی تایبەتییان لەگەڵ یاسا و دەستور و ستەمی چەوسێنەری کۆن و دژە مرۆڤایەتی دا هەبووە، بۆیە هەوڵی زۆریان داوە بۆ لەمپەرخستنە بەردەم گۆڕانی کۆمەڵ، بەڵام نەیان توانیوە سەربکەون بەسەر گەشەی هۆشی وبیرکردنەوەی مرۆڤەکان بۆ هێنانەدی ئازادی و مافەکانیان. لەبەرئەوە ڕژێمە سەرکوتگەرەکان و سیستەمە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرەکان پەنایان بردۆتە بەر زیندان و ئەشکەنجە و ئازار و کوشتن ولەسێدارەدان و تیرۆرکردنی نەیارانی سیاسی و هەڵسوڕاوانی ئازادیخواز و سیکولار و مرۆڤ دۆست و یەکسانیخوازان.
لە هەموو سەردەمەکانیشدا سیستەمە چەوسێنەرەکان بەجۆرێک ئەگەر پێویستی کردبێت هاوکاری یەکتری بوون بۆ مانەوەی چەوسانەوە و نابەرابەری و سیستەمی چەوسێنەری وڵاتان. لەسەدەکانی ڕابردوودا کاتێک هێرش کرایە سەر خەڵکی ڕەش پێست لەزۆرینەی وڵاتان خەڵکی ڕەش پێست بەپلە دوو ئەژمار دەکرا و دەچەوسێندرانەوە و ئازار و ئەشکەنجە دەدران. ئەوە تێکۆشانی یەکگرتووانی خەڵکی ئازادیخوازی ڕەش پێست بوو توانی خەڵکی ڕەش پێست بگەیەنێتە لوتکەی سەرکەوتن و لە ئێستادا بەزۆرێک لەماف و ئازادییەکانیان بگەن.
خەڵکی جولەکە لەسەدەکانی ڕابردوو زۆر چەوسێندرانەوە و کۆمەڵکوژکران لەلایەن سیستەمە چەوسێنەرەکان و تەنانەت کاتێک لەدەست چەوسانەوە و ئازارەکان و ئەشکەنجەدان وڵاتیان جێ دەهێشت و ئاوارە دەبوون لە زۆرێک لە دەوڵەتان نەیان دەهێشت ئاوارە جولەکەکان ڕوو لە وڵاتەکەیان بکەن، بۆیە زۆرێکیان بەناچاری دەگەڕانەوە وڵاتی سیستەمی چەوسێنەری وەک ئەڵمانیای نازی لەناو کەمپە داخراوەکان لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدەدا، بەڵام لەکۆتاییدا خەڵکی جولەکە بەهۆی گەشەی وشیاری یەکگرتوویی و تێکۆشانی هاوبەشیان توانیان ڕزگارییان بێت و دەوڵەتی خۆشیان هەبێت.
لەمێژوویی مرۆڤایەتی دا چەندەها نموونەی تێکۆشانی یەکگرتووانەی تێکۆشانی هاوبەشی گەلانی چەوساوە و خەڵکی چەوساوە ڕوویداوە کە پاش چەندەها کۆسپ و لەمپەر و تەنانەت زیندان و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و کوشتن و تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکانیان لەکۆتاییدا بەهۆی گەشەی وشیاری بۆ تێکۆشانی یەکگرتوانەیان ڕزگارییان بووە و بەزۆرێک لەماف و ئازادییەکانیان گەیشتوون.
تەنانەت بەشێک لە سەرۆکی دەوڵەتان لە ئێستادا داوای لێبووردن لەو گەل و خەڵکانە دەکات کە لە قۆناغەکانی ڕابردوویی مێژوودا سیستەم و بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتەکەی تاوانی بەرامبەریان ئەنجامداوە یان وەکو پێویست هاوکارییان نەکردوون کاتێک ئاوارەبوون و کۆچییان بۆ وڵاتەکەی کردووە. هەموو ئەوانە بەرهەمی تێکۆشانی هاوبەشی یەکگرتووانەی گەلانی چەوساوە و خەڵکی ئازادیخواز بووە .
ئەوەی لە ئێستا ڕوودەدات درێژکراوەی مێژوویی مرۆڤایەتییە واتە بەهەمان جۆرە سیستەمە چەوسێنەرەکانی ڕابردوو دەوڵەتانی چەوسێنەر و نابەرابەر و سەرکوتگەر لەسەردەمی ئێستای سەرمایەداریدا لەکاتی پێویستدا هاوکاری یەکتری دەکەن لە پێناوی مانەوەی سیستەمەکەیاندا. ئەوەی بەلایانەوە گرینگە تەنها پاراستن و بەدەستهێنانی سوود و بەرژەوەندی بازرگانی و دارایی و سیاسییە، نەک پاراستن و سوود بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادی بۆ مرۆڤە چەوسێنەر و چەوساوەکانی جیهان.
هەر لەو چوارچێوەیەشدایە دەوڵەتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ڕوسیا و دەوڵەتانی یەکێتی ئەورووپا سیاسەت دەکەن و دەوڵەتداری دەکەن، بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر و کۆمەڵکوژی و گەشەی فکری توندڕەوی تەنها ڕەچاوی بەرژەوەندییە بازرگانی و دارایی وسیاسییەکانیان دەکەن نەک پاراستنی ماف و ئازادییەکانی گەلانی چەوساوە. لە كاتێكدا زەبر و زەنگ و تووندوتیژییەكانی دەوڵەتی ئیسلامیی توركیا دژ بە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لەباکووری کوردستان و پێشێلکردنی ماف و ئازادییە گشتی و فەردییەكان لە هەڵكشاندایە، و هەزاران ڕۆڵەی سیاسی و ئازادیخوازی كورد و نەتەوەكانی تری خستۆتە زیندان، بەچەندەها ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ کە تەنها لەبەرئەوەی بەرگرییان لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ کردووە داخراون. ٢٥ ملیۆن کوردن لە باکوری کوردستان، کە تاوەکو ئێستاش دەوڵەتی ئیسلامی تورکیا نکۆڵیی لە بوونیان دەکات سەرکردە سیاسی یەکانی کورد دەخاتە زیندانەکان. ئا لەو كاتەدا حكومەتی ئەمریكا سێ لە رابەرە دیارەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانی خستۆتە نێو بازنەی ئامانجەكانی و حیسابی تیرۆریست بوونیان بۆدەکات و ملیۆنان دۆلاری تەرخان كردووە بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئەوان.
لەکاتێکدا پارتی کرێکارانی کوردستان چەندین جار داوایی ئاگر بەست و دابینکردنی ئاشتی لە دەوڵەتی تورکیا کردووە، سەرجەم جارەکانیش دەوڵەتی تورکیا ئاگربەستی شکاندووە و هێرشی کردۆتە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان. چەندین جار بە فرۆکە دەوڵەتی ئیسلامیی تورکیا لە دێهات و گوندەکانی باکوری کودستان کومەڵکوژی ئەنجامداوە و لە باشووری کوردستان بە فرۆکە بۆمبارانی دێهاتەکانی باشووری کوردستانی کردووە و ژن و منداڵ و هاوڵاتیانی سیڤلی کردۆتە قوربانی، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکی مرۆڤانەی نەبووە و ئەو هێرشانەی مەحکوم نەکردووە .
بەڵام بڕیار دەدات دەوڵەتی ئەمریکا کە هەرکەسێک موراد قەرەیڵان پێنج ملیۆن دۆلار، جەمیل بایک چوار ملیۆن دۆلار، دوران کاڵکان سێ ملیۆن دۆلار”. شوێنیان دەست نیشان بکات. ئەمەنیشانەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا کە سیستەمەکەی هاوشێوەی دەوڵاتانی سەرمایەدارییە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ماددی و بازرگانییەکانە، پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی تورکیا و دەوڵەتی ئەمریکاش لەسەر هەمان بنەمایە و بڕیارەکەی ئەمریکاش لەم چوارچێوە گیراوە.
بەشێک لەسیاسییەکانی کورد پێیان وایە دەوڵەتی ئەمریکا هاوکاری کورد دەکات بۆ هێنانەدی ماف و ئازادی یەکان، بەڵام ئەوەیە ڕاستیەکەی کە دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی سەرمایەدار، تەنها قازانجی بازرگانی و دارایی و سیاسی خۆیان دەوێ نەک هاوکاربن بۆ هێنانەدی ماف و ئازادی گەلانی ژێردەستەو چەوساوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان و پەیەدە بە بەردەوامی وەک هێزێکی کاریگەر و بەهێز بەرامبەر هێزەکانی تیرۆریستانی داعشی ئیسلامیی لە عێراق و سووریا وەستاونەتەوە و چەندەها قوربانیان داوە. ئەگەر هێزەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکانی یەزیدییەکان و مەسحییەکانی عێراق و سووریا نەبان کاتێک تیرۆریستانی داعشی ئیسلامی هێرشی بۆسەریان کرد بە دڵنییایەوە ڕێژەی قوربانییەکانی یەزیدییەکان زۆر گەورەتر دەبوو، چونکە هێزێک کە هاوکاری یەزیدییەکان بوو لەکاتی هێرشەکاندا، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و پەیەدە بوو دووهێزی بەچاوی بەرەنگاری بوون، کەواتە ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی و سوودی تیرۆرستانە.
ئەو بڕیارەی ساڵی ۲۰۱۸ درێژکراوەی پیلانگێڕیی ساڵی ١٩٩٩ کە تێیدا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکەی تێدا ڕفێندراو دەزگاکانی ‘سی ئای ئەی’ و ‘مۆساد’ی ئیسرائیل، ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە ڕفاندنی ئۆجالاندا، ئەمەش هەمان پیلانگێڕییە، ئەوان وایان دەزانی کە بەڕێز ئۆجالان دەستگیربکەن و بخرێتە زیندانەوە، کۆتایی بە پارتی کرێکارانی کوردستان دێت و لەناو دەچێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو پارتە لەناو نەچوو بزوتنەوەی نارەزایەتی و شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستانیش شکستی نەخوارد، بەڵام پیلانگیڕی لەدژی نەیارانی سیاسی و تیکۆشەران و ئازادیخوازانی کوردستان درێژەی هەیە. سەرکەوتنی بەسەر ئەو جۆرە پیلانگێڕانە بەندە بە بەهێزکردنی تێکۆشانی یەکگرتووانەی سەرجەم هێز و حیزب و ڕێکخراوە ئازادیخواز و سیکۆلار و یەکسانیخوازەکان کە لەسەر جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگایەکی هاوبەش کۆک و یەکگرتووبن بۆ تێکۆشان بۆ هێنانەدی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان. بۆیە پێویستە هەریەکە لە ئاست خۆیەوە بە ئەرکی مرۆڤانە و ئازادیخوازانەی خۆی هەستێت و دژایەتی خۆیی بەرامبەر ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا ڕابگەیەنێت، بەجۆرێکی شارستانی و مەدەنی بە دەوڵەتی ئەمریکا بڵێت کە رابەران و نەیارانی سیاسی دەوڵەتە فاشیست و دیکتاتۆرەکان، لەوانەش نەیاران و رابەرانی سیاسی ئۆپۆزیسێۆنی تورکیا، وە ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان بۆ فرۆشتن نین… وە پێویستە بە بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری فراون ئەو مامەڵەی دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتی ئەمریکا هەڵبوەشیتەوە… ئەو هەنگاوە بۆ دانانی رابەرانی سیاسی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان، تیرۆریزمێکی ئاشکرای دەوڵەتی و نێودەوڵەتییە…
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…