حکومەت لە کوردستان  وەک دیکۆرێک!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

دوای خولێکی تری گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکان، جموجۆڵ و هەوڵەکان بۆ پیکهێنانی کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە. بەجیا لە هەوڵی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، بۆ پیکهێنانی حکومەتی نوێ!، ئەو حزب و لایەنانەش کەهاوارو دادو بێدادیان لەسەر ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن کەشی کۆمەڵگەی ئاخنی بوو، پێداگریان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئاکامی هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکەن و رەتی دەکەنەوە، نەک هەر بێدەنگەیان لە ساختەکارییەکان کردو ئاکامی هەڵبژاردنەکانیان بێ هیچ رونکردنەوەیەک قبوڵ کردووە، بەڵکە بەنهێنی و ئاشکرا خەریکی کۆبونەوەن لەگەڵ براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان و بە حەماسێکی زۆرەوە ئامادەکاری بۆ بەشداری لە حکومەتدا دەکەن، دەجەنگن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین و پۆست و بەشی دەسەڵاتدارێتی حکومی!!.

لایەنی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنیش کە پارتییە، بە غرورێکی زۆر و بەتامی سەرکەوتنێکی گەورەوە، مەرج دەخاتە بەردەم ئەو حزب و لایەن سیاسیانەی دەیانەوێ بەشداری حکومەتی داهاتووی هەرێم بکەن…

پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، وەکو دیکۆرێکی حکومڕانی و یاسایی و شەرعی، بۆ شاردنەوەی قەڵەمرەوی دەسەڵاتی حزبی میلیشیایی، بێمنەتانە لەگۆرەپانەکەدا خەریکی تاودانی ئەسپی خۆیەتی… بەڵام پارتی ئەگەر لەسەر ئاستی حکومی و پۆستەکانی حکومەتدا بتوانێت زۆرترین و گرنگترین پۆستە باڵاکان و بۆخۆی زامن بکات… ئەوە لە دنیای واقعیدا، ناتوانێ هەلومەرج و قەڵەمرەویی دەسەڵاتی میلیشیایی و حزبی بشارێتەوەو حکومەتێکی سەراسەری بۆ کوردستان بسازێنی کە حزبەکان، بەتایبەتیش یەکێتی نیشتیمانی بخاتە کەناری حوکمرانییەوە. بۆیە بەشداری یەکێتی لەحکومەتدا هەر چەندێک بێت، یان پۆستەکانی لەهەر ئاستێکدا بن، یەکێتی خاوەنی دەسەڵاتی زۆنی سەوزەو تەنانەت ئەگەر یەک کورسیشی لەهەڵبژاردندا نەهێناباو هیچ پۆستێکی حکومیشی نەبێت، کەس ناتوانێت دەسەڵاتی لەزۆنی سەوزدا لەرێگای حکومەت یان هەڵبژاردنەوە لێ بسەنێت… هەر ئەو راستیەشە وای کردووە کە پارتی ناچار بێت و دان بنێت بەوەدا، کە حکومەت بەبێ یەکیتی نیشتیمانی کوردستان پێک ناهێنێت و یەکێتی دۆست و هاوبەشی میژوویەتی!!… هەر ئەو واقعیەتەشە کە تارادەیەکی زۆر وای لەیەکێتی کردووە، کە یەکێتی لە جیاتی ئەوەی داوای بەشی خۆی لەحکومەت بەپێی کورسی و ئیستحقاقی هەڵبژاردن بکات، داوای بەشی خۆی بەپێی پێگەی دەسەڵاتدارێتی زونێک لە حکومەت بکات… پارتی باش دەزانێت دەسەڵاتی زۆنی سەوز خاوەنەکەی یەکێتییە و ئەگەر یەکیتی هیچ پۆست و بەرپرسیاریەکی حکومیشی نەبێت، دەسەڵات و داهاتی ئەو زونە پاوانی خۆیەتی و وەکو دەڵێن بەرهەمی سەردەمی شەرعیەتی خەباتی شاخ و شۆرشگێریەتی!!…

ئەوەی جێگای داوە بە ململانێی بنەرەتی حزبەکان بۆ بەشداری لە حکومەت و بەش لە حکومەتدا، بەتایبەتیش لە نیوان پارتی و یەکێتیدا، لەلایەکەوە پەیوەندی بە بەغداو لەلایەکی تریشەوە وابەستەیە بە رای فەرمی و دنیای دەرەوە و نیگای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە. خودی حکومەتیش هەر ئەو مەهامەی هەیە بۆ پارتی و یەکێتی. بۆیە هەریەک لە پارتی و یەکیتی دەیانەوێت پشتیوانی و پەیوەندی خۆیان لەرێگای پێگەیان لەحکومەتدا بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندە فەرمیەکانی دنیا، نیشان بدەن.

پارتی و یەکێتی دەیانەوێت شەرعیەتی یاسایی و دەستوری بە دەسەڵاتی حزبی و میلیشیاییان، لەرێگای حکومەتێکەوە درێژە پێبدەن و لەچاوی رای گشتی ناوخۆ و دنیاشدا فەزل فرۆشی بەحکومەتداری و سەروەری یاسا و پابەند بوونی دەستوری و پەیوەندی فیدرالیان بە ناوەندەوە بکەن.

حزبەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتیش، بەهەمان لۆژیکی پارتی و یەکێتی دەیانەوێ بەبەشداریان لە حکومەتدا لەلایەکەوە جێگەو رێگەی فەرمی و یاسایی خۆیان، نیشانی ناوخۆ و دنیای دەرەوە بدەن و لە خێرو بەرەکەتی زۆر و زەوەندی داهاتیش لە رێگای وەرگرتنی پۆستەکانیانەوە، بەهرەمەند بن.

دیارە بەشداری ئەو حزبانە لە حکومەتدا و وەرگرتنی پۆستیش بەمانای وەرگرتنی دەسەڵات نییەو پارتی و یەکێتی ئەگەر پۆستیش ببەخشن بە حزبەکانی دەرەوەی خۆیان، بەڵام دەسەڵات نابەخشن و لەسەروی بەرزترین پۆستیشەوە دەسەڵاتی باڵاتری حزب و بریاری بنەماڵەی دەستڕۆشتوو ئامادەیی هەیە.

هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کابینەی نۆهەم،  بەهەر شێوەیەک بچێتە پێشەوەو حکومەت بنکەفراون یان نیمچە فراوان و سنوردار و تەسک بێت یان حکومەتی زوربە، هیچ لەو راستیە ناگۆڕیت کە لە دنیای واقعیدا پارتی و یەکێتی دەسەڵاتی هەردوو زۆنەکەی هەرێمیان لە رێگای هێزی چەکدار و قۆرغکردنی داهاتی زۆنی خۆیان و خۆبەستنەوەیان بە وڵاتانی ناوچەکەوە مسۆگەر کردووە. دەسەڵاتی حکومی و یاسایی و دابەشکاری پۆست ناتوانێت، هەژمونی دەسەڵاتی حزبیان، بسڕیتەوە یان کەم رەنگی بکاتەوە. هەر ئەو واقعیەتەشە ٢٧ ساڵە ئەو دووحزبەی لەدەسەڵاتدا هێشتۆتەوە. بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن دەیان ساڵی تریش دەسەڵات هەر لەدەستی خۆیاندا بهێڵنەوە، ئەوە بووە بە راستیەکی تاڵ و ئەزموونکراو کە لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە ناکرێت چاوەروانی ئاڵوگۆری سەرەکی لە پێگەی حزبەکانی دەسەڵاتدا رووبدات.

ئاڵوگۆڕ لەدۆخی سیاسی کوردستاندا، وە لە ژیانی خەڵکی کوردستاندا، لەڕیگای هەڵبژاردنەکان و کابینە جۆراو جۆرە حکومیەکاندا، مەیسەرنابێت. لە ٢٧ ساڵی رابردوودا ئەوەی دەسەڵاتی تەکاندا بێت، خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری و بە دیاریکراویش خرۆشانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ بووە. بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و کەنار خستنی دەسەڵاتی میلیشیایی راسان و خرۆشانی لەخوارەوەی جەماوەری ڕیکخراو و ئامادەی پێویستە… ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی دەرەوەی قەڵەمرەوی دەسەڵات، کە پاساوی بەشداری لە حکومەت و پەرلەماندا بەوە دەدەن کە دەیانەوێ کاریگەری لە دەسەڵات بکەن و ئاڵوگۆر بەسەر حکومەت و دەسەڵاتی حکومەتدا بهێنن، جگە وێل بوون بەدوای پۆست و خێری بەشداری ئەو پۆستانە، و دورخستنەوەی نارەزایەتی شەقام و  خۆشخەیاڵ کردنی خەڵکی کوردستان بە حکومەت و پەرلەمان زیاتر شتێکی تر نییە…

خەڵکی کوردستان، نابێ هیچ جۆرە خۆشباوەرییەکیان بە کابینەو حکومەتی نوێ هەبێت. هەموو جۆرەکانی حکومەت لە کوردستان ئەزموون کراون. لەحکومەتی هاوبەشەوە، بۆ حکومەتی فیفتی فیفتی، بنکە فراوان و تەسک و حکومەتی جیاجیای زۆنی… هەموو ئەو حکومەتانە جگە لە موچەخۆری حزبی دەسەڵات و دیکۆرێک بۆ شاردنەوەی دەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی بۆرژوازی کورد، هیچی تر نەبوون و لە ئێستاشدا بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرە هەردوو حزبی دەسەڵات، بەجیا لەوەی داخوازییەکی سیاسی بناغەیی و ئەجندایەکی رۆشنی سیاسیان بۆ ئایندەی سیاسی کوردستان و چارەسەری پرسی کورد نەماوەو دەسەڵاتیان تا رادەیەکی زۆر سنوردار کراوە. ئەوەش بەڕۆشنی دیارە کە بزوتنەوەی باڵادەستی سیاسی بۆرژوازی عەرەب لە عێراقدا، نەخشەو هەوڵەکانی بەو ئاقارەدا دەباتە پێشەوە… کەدەیەوێت ئەو دووحزبە پارتی و یەکێتی وەکو دوو دەسەڵاتی بەکرێگیراو بۆ ئیدارەدانی کوردستان تەماشا بکات و تەواوی دەسەڵاتەکانی تریان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی ناوەندەوە… دیارە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیش هێندەی بۆیان بکرێت، بەجیا لەبەرگری، لەتاڵانی و دزی و قۆرغکردنی بازار و بازرگانی و دزینی بەشە بوودجەی کوردستان، دریغی ناکەن و هەوڵ دەدەن حزبەکانی دەرەوەی خۆشیان بە پێدانی هەندێک پۆستی ژێر دەسەڵاتی باڵاتر و بەش لە داهاتی دزی و تاڵانی، رازی بکەنە تا لەکابینەی نوێدا، بەشداریان پێ بکەن…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *