دیمانە لەگەڵ سەوسەن سەلیم، بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی کورد و ڕۆژهەڵات لە بەریتانیا سەبارەت بە هۆکاری کوشتنی ژنانی کورد لە ئەوروپا

بۆپێشەوە: لەو ماوانەی دوایدا چەندین ژنی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا لەلایەن هاوڕێ یان هاوسەر و کەس وکاریانەوە کوژران، هۆکاری کوشتنی ژنان ئەگەر لە کوردستان فاکتەری ئابوری، دەستێوەردانی خێزان، سیستەمی سیاسی تێکەڵ بە شەریعەت، نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی…، هۆکاری کوشتنی ژنان بن، هۆکاری کوشتنی ژنان لە ئەوروپا چییە؟

سەوسەن سەلیم: بەرای من هۆکاری کوشتنی ژنان لەوڵاتانی ئەوروپا، بەپلەی یەکەم دەگەڕیتەوە بۆ سیاسەتی نسبیەتی فەرهەنگی (Cultural Relativism) کەلەلایەن دەسەلاتدارانی ئەوروپاوە پەیرەوەی لێدەکرێ. بەپێی ئەم سیاسەتە هەموو ئەو پەنابەرانەی کەلەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون، لەچوارچێوەی هەمان ئەو گروپ و پێکهاتە ئیتنیک و ئاینی وقەومیانەدا دەمێنیتەوە کەلێوەی هاتوون، بەم جۆرەش ئەنتیگراسیۆنێکی واقعی کەبنەمای هاوڵاتی بوونی یەکسان بەکردەوە زامن وجێگیربکات، بەدی نایەت. لە حالەتێکی ئاواشدا ئەوانەی کەهاتوون بەهەمان خەسڵەتی کەلتوری و باوەرێ ئاینی وقەومیەوە لەشوینی خۆیاندا دەمێننەوەو بگرە هەڵگری هەمان ئەو ئایدێتینتیەی دەبن کە لەوڵاتی خۆیان هەڵگری بوون، واتە کورد وەک کورد لەئەوروپا دەژی نەک وەک هاوڵاتی ئەوروپایی، بۆ خەڵکی عەرەب وموسوڵمان ویەزیدی و.. هەروایە. لەسەر ئەم زەمینەیە دەوڵەت هەڵدەستێ بە پەیرەوکردن دابەشکاریەکی گروپی و بۆهەر گروپەش لیدەری تایبەت بەو گروپ و پێکهاتەیە دیاری دەکاو ئەوخەڵکە لەلایەن پیاوانی ئاینی ومەلا وقەشەو کەسایەتی قەومی وئیتنیکی تایبەت بەخۆیانەوە بەناوی “کۆمینیتی گروپەکانەوە- بۆنمونە کۆمینیتی کوردی، عەرەبی وئەفغانی، کۆمینیتی موسڵمان و یەزیدی و عەلەوی” ەوە نوینەرایەتی دەکرێن و لەهەمان کەلتورو باوەرێکی باوەوە کەلیوەی هاتوون قەتیس دەکرێن و ئەمەش وادەکات کەتێکەڵ بەفەرهەنگی مۆدیرنی ئەوروپایی نەبن و بگرە خۆشیان بەبەشیک لەکۆمەلگەی ئەوروپایی نەزانن وگەلێک جاریش بەناوی کافر و بەرەڵاوە بکەونە دژایەتیکردنی کۆمەلگەی ئەورپایی و دانیشتوانەکەیەوە.

بێگومان ئینسان گەلێک کەبەم جۆرە دابەش بکرێن و هەویەتی یەکسانی هاوڵاتی بوونیان تێدا بەرجەستە نەبێ، بەپیویست تەریک دەکەونەوەو سەر لەنێو باگراوندی پێشووی خۆیان و ئەو گروپە دادەنێن کەلێوەی هاتون.  دیارە لەم حالەتەشدا ئەم ئینسانانە کە لە کۆمەڵگەیەکەوە هاتوون باوەڕو بۆچوونی پیاوسالاری و شەرەفپەرستی تیا زاڵە وشەریعەتی ئیسلامی و داب ونەرێتی دژە ژن چ لەیاساکان وچ لە فەرهەنگی باودا بەڕێوەدەچێت، بەپێویست لەئەوروپاش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ژیانی تاک وخێزانە هاتوەکان وئەوانیش پەیرەوەی لەهەمان ئەقڵیەتی پیاوسالاری و شەرفپەرستی و ئاینی و خێڵەکی دەکەن و هەر بەم پیوانانەش مامەڵە لەگەڵ ژنان و کچان و مناڵانی خۆیاندا دەکەن و دەوڵەتیش لەژێر ناوی نسبیەتی فەرهەنگی وفەرهەنگی گروپی و تایبەت بەم پێکهاتوانە ئەم واقعیەتەی ڕاگرتووەو بگرە بەمافیکی تایبەت بەم گروپانە دەیناسێنێت.. دیارە لە دۆخیکی ئاواشدا ئەو کێشانەی کە یەخەی بەژنان گرتووە لە وڵاتانی ڕۆژهەلات، بەنمونە کوردستان، لێرەش دوبارە دەبیتەوە و لەگەڵ هەرکێشەیەکی خێزانیدا، توندوتیژییە خیزانییەکان بۆ سەر ئاستی کوشتن و زیندانیکردن و لەتوپەتکردنی جەستەی ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا هەڵکشی و تراژیدا بخوڵقێنێ.

بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کاتێک دەڵێم ئەم جۆرە دابەشکردنە گروپیە وئەم پێکهاتە کۆمینیتیانە بەسەر ئینسانی پەنابەرداو ئەم تەریک کردنەوەیە کە لە سیاسەتی نسبیەتی فەرهەنگی ومامەڵەی دەوڵەتەوە پەیدادەبێ، هاوکات خێزانە پەنابەریەکان بەدرێژایی مانەوەیان لەئەورپا دەکاتە کانونێك بۆ پەیرەویکردنی بەردەوام لە ژن ئازاری و مامەڵەی ژێردەستەیی بەژنانەوە، سیسکسیزم، توندوتیژی، کۆنترۆڵکردن وبەکەمگرتن وسوکایەتی پێکردن بەرامبەر بەژنان و کچان و مناڵان.. لەدۆخێکی ئاواشدا نەک هەرجۆرەکانی توندوتیژی ولەنێویاندا کوشتنی ژنان، بگرە دیاردەی فرەژنی، بەزۆر بەشودان، گێرانەوەی کچان بۆ ولاتی خۆیان، خەتەنەکردن.. هەموو ئەمانەش خۆیان بەرهەم دیننەوە، ئەمە لەکاتیکدایە کە یاسای وڵاتانی ئەورپی وفەرهەنگی زاڵ لەمێژە ئەم دیاردانەی رەتکردۆتەوە وسزای توندی لەبەرامبەردا داناون..

ئاشکرایە لەفەزایەکی ئاوادا کاتێک ژنان لەدۆخی کراوەی کۆمەلگەی ئەورپادا لانی کەم ئاشنادەبن بەماف و ئازادییەکانی خۆیان کە لەولاتانی ئەوروپادا بەرەسمی ناسراوە و ئیتر درک بەوەدەکەن کەناتوانن ژیانی ژێردەستەیی و ئازاردان و سەرکوت و بێمافی وتەحقیرێک کەلەلایەن کەسوکارو هاوسەریان لەخیزاندا بەرامبەریان دەکرێ، تەحەمول بکەن، بە پێویست دەکەونە کێشەوە وئیتر ناتوانن مل بەو چوارچێوەیە بدەن کەتییدا دەژین، هەرئەمەش دەبێتە مایەی بەریەکەوتنی ئەم ژنانە لەگەڵ دەسەڵاتی داسەپاوی ناوخیزان، کەلەبنەڕەتەوە دەسەڵاتێکی پیاوسالارو دژی ژنە، لەم بەریەککەوتنەشدا ئەوە هاوسەر وباوک و براو کەسوکارە کەبەپێی فەرهەنگ و باوەری دینی و قەومیان ناتوانن تەحەمولی ژن و کچەکانیان بکەن وبۆ ڕێگەگرتن لێیان توندوتیژییە خیزانیەکان توندتردەکەنەوە، تا لەئاکامدا لەژێر ناوی شەرەفدا پەنا بۆ کوشتنی ژن وکچەکانیان دەبەن..

بۆپێشەوە: دەبێ چ بکرێت بۆ بەرگرتن بە کوشتنی ژنان لە ئەوروپا، وە رۆڵی ئێوە بۆ بەرگرتن بەو کارەساتە چییە؟

سەوسەن سەلیم: بۆ ڕێگەگرتن لەکارەساتی کوشتنی ژنان لەئەوروپا (هەروەک پرسیارەکەتان زیاتر ئەم لایەنەی گرتووە) بەر لەهەرشتێک هەڵوەشانەوەی ئەم دۆخەیە کەژیانی خێزانە پەنابەریەکانی خستۆتە نیو کەمپ وتەریک کەوتنەوەو دابەشکاری گروپی ئەتنیکی و دینی و قەومیەوە، دەبی ئەم سیاسەتی نسبیەتی فەرهەنگیە هەڵوەشێتەوەو یەک کۆمەلگەو یەک یاسا ویەک فەرهەنگی مۆدیرنی ئینسانی، لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتی و ناسنامەی ئینسانی جیهانی بەرێوەببرێت، هەروەها دەبێ دەوڵەتانی ئەورپا لەبەرنامە وسیاسەتی خۆیاندا دایبنێن کەئەوە ئەرکیانە کونی ئەم رەشەبایە بگرن کە کوشتنی ژنانی لێوەدێت، دەبی داکۆکیکەری جێگیربوونی سکولاریزم و جیاکردنەوەی دین و قەومیەت بن لەیاساکان و دەستوری وڵاتانی رۆژهەلاتداو لایەنگری توندی هاتنە سەرکاری حوکمەت و سیستەمی سکولار وپەیرەوی کەری یاسای یەکسانی ژن وپیاوبن.. تاکاتیکیش کەهیشتا ئەم هەنگاوانە نەنراون دەبێ دەوڵەتانی ئەوروپا بەدیاریکراوی خۆیان لەئەمنیەتی ئینسانەکان بەرپرسیار بزانن و بۆئەمەش بەرنامەی تایبەتیان هەبێ ولەڕیگای دەزگا ئەمنیەکانەوە پەیرەوی لیبکرێ، وەک پۆلیس و سوشیال سێرڤس و هەموو ئەو یونیتانەی کە بۆ پاراستنی ژنان و خێزان ومناڵ دانراون. هاوکات دەبێ ئەم دەزگایانە هوشیار بکرینەوە بە واقعیەتی فەرهەنگی و ئەقلی و شێوەی ژیانی خێزانە پەنابەریەکان و پێکهاتەکانیان و پاساو بۆ هیچ جۆرە کەلتوریکی دژە ژنی و مامەڵەیەکی ستەمکارانە نەهێنەوەو یاسای توند لەبەرامبەر پەیرەوکەرانی ئەم جۆرە کەلتورو مامەڵانەدا بگرنەبەر.. لەلایەکی ترەوە دەبێ دەوڵەت هاوکاری پێویستی ئەوڕێکخراوانە بکات کەلە ناوەندی ئەو گروپانەدا کاردەکەن کەفەرهەنگی دواکەوتوانە بەسەریانەوەیە و بەهەردولا و بەکاری هاوبەشیان بەرنامەی چۆنیەتی پوچەڵکردنەوەی ئەو حاڵەتانە دابڕێژن کەئەگەری ڕوداوی کوشتنی ژنانی تیا ڕەچاودەکرێ و بوار بۆ هیچ فرسەتێک نەهێڵنەوە کە کارەساتی بەدواوەبێت .. لەکۆتاییدا دەبێ دەوڵەت جگە لەکاری هوشیارکردنەوە، هاوکات دەبێ بەکردەوە هەر خێزان و تاکێکی پەنابەر کە دێتە ئەوروپا بەڵیننامەی پەیوەستبوونیان بەیاساو  بنەماکانی ئازادی و حورمەت گرتن لەژنیان پێ پڕبکەنەوەو وەک مەرجێک بۆمانەوەیان لەسەریان حساب بکرێ …

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *