کامیان گرنگترن، کرێکاری ژینگەپارێز یاخود پەرلەمانتار؟

مستەفا باهیر

لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا کۆمەڵێک دامەزراوە هەن کە ناتوانن ئیزافەیەکی ئەوتۆ بخەنە سەر ژیانی هاوڵاتیان، لەو دامەزراوانەشدا چەندین کەس هەن کە تەنها ناوی گەورەن و پارەی زۆر وەردەگرن، لەبەرامبەریشدا چەندین چین و توێژ هەن کە سەرمایەداریی پەراوێزی خستوون و کارەکانیان گرنگ تەماشا ناکرێن، بەڵام لە چرکەساتێکدا هەمووان هەست بە گرنگیان دەکەین.

لە هەرێمی کوردستان دەکرێت پەرلەمان وەک ئەو دەزگایە سەیربکرێت کە تەنها ناوێکی گەورەی هەڵگرتووە و لە ناوەرۆکدا پووچە، حزبەکان و دەزگاکانی راگەیاندن هەڵایەکی زۆریان لەدەوری ئەو دەزگایە دروستکردووە و وێنەیەکی موزەیەفیان بۆ بنیاتناوە لە هزری هەموواندا کە زۆر دوورە لە وێنە راستەقینەکەی خۆیەوە. ساڵانە سەدان ملیۆن دینار لەناو پەرلەماندا بۆ ئەندام پەرلەمانەکان خەرج دەکرێت بەبێ ئەوەی سوودێکی ئەوتۆی راستەوخۆیان بەسەر ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمەوە هەبێت. باشترین نموونەش ئەو دوو ساڵەبوو کە دەرگای پەرلەمان کڵۆمدرا و هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەدا، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی بەسەر خەڵی کوردستانەوە نەبوو، ئەوە سەلماندی کە بوون و نەبوونی پەرلەمان وەک یەکە. لەوەش زیاتر پەرلەمان بە کردەوە نیشانیدا، خۆ دەردێکە، نەک دەوای هیچ دەردێک… لوشدانی ئەو هەموو پارەو ئیمتیازاتە بۆ هەرخولێکی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکان، و موچەی خانەنشینی ٦ ملیۆنی، فەرهودێکی ئاشکراو بە یاسایی کراوی پەرلەمانە، بۆیە بەرگرتن بەو دزی و فەرهودەش پێویستی بەخەبات و تێکۆشانی جەماوەریی هەیە…

لە بەرامبەردا چەندان دەزگا و فەرمانگەی دیکە هەن کە گرنگییەکی هێجگار زۆریان بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتداران و میدیاکانەوە بەتەواوی پەراوێزخراون، بۆ نمونە کرێکارانی ژینگەپارێز. ئەوانەی رۆژانە بەمووچەیەکی کەم کە تەنها ژیانێکی کولەمەرگیان بۆ دابیندەکات، شەقام بە شەقام و شۆستە بە شۆستەی ئەم هەرێمە پاکدەکەنەوە. و ئەگەر ئەمان ئەم کارە نەکەن کۆمەڵگەو سیمای شاری مانایەکی نامێنێ… هەفتەی رابردوو بەشێک لەو کرێکارانە مانگرتنیان راگەیاند و کۆبونەوەیەکی نارەزایەتیان ئەنجامدا، هۆکاری ئەوەش ئەوە بوو کە ئەو مووچە کەمەی هەیانە و مانگانە 350 هەزار دینارە، بۆیان کەمکراوەتەوە بۆ 300 هەزار دینار.

گەر بەراوردێک لەنێوان پەرلەمان و ژینگەپارێزاندا بکرێت، ئەندامەکانی یەکەم مانگانەیان 8 ملیۆن دینارە و ئەوەی دووەمیان 350 هەزار و بۆشیان کەمدەکرێتەوە، پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ داخرا هیچی ئەوتۆ لە ژیانی خەڵکی کوردستان نەگۆڕا، بەڵام ئایا گەر کرێکارانی ژینگەپارێز بۆ ماوەی دوو ساڵ نا، بەڵکو تەنها یەک مانگ مان بگرن و کار نەکەن، چی بەسەر کوردستاندا دێت؟ کێ دەتوانێت تێیدا بژی؟ ئایا ئەو کاتە قەدری ئەو کەسانە دەزانن؟…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *