حکومەتی نوێی عیراق درێژکراوەی حکومەتە قەومی و دینی و تایفییە، شکستخواردوە گەندەڵ پیشەییەکانی پێش خۆیەتی…

عەبدوڵا مەحمود

٢٥ ئۆکتۆبەر… عادل عبدولمەهدی، کابینەی نوێ حکومەی عێراقی پیکهێنا وبەفەرمی بوو بە سەرۆک وەزیرانی

عێراق.

لەگەڵ کاندیدا بوون و بوونییشی بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، حزب و لایەنە سیاسیەکانی بۆرژوازی کورد، کەوتنە پشتیوانی و ناردنی پەیام و خۆشنودی نیشاندان بۆ عادل عەبدول مەهدی، بەوێنەی سەرۆک وەزیرانی تازەی” میانەڕەو” و ” دۆستی میژووی” کورد.

دیارە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە، هەر کەسێک کاندیدا یان بووبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، حزبەکانی بۆرژوازی کورد، بە جیاجیا و لەپشتی یەکتریەوەو هەموو هەوڵ و هاوکات هەڵپەیەکیان کردووە، تا لەرێگای ستایش و ناردنی پەیامەوە، وەفاداری خۆیانی پێ ڕابگەیەنن.

هەموو ئەو حکومەتانەی لەدوای کەوتنی بەعسەوە لەدەسەڵات، پێکهاتوون، بێگوێدانە ناوەرۆکی ئەو حکومەتانە و پەیام و کارنامەکانیان، حزبەکانی بۆرژوازی کورد بەپەلە خۆیان پێیان هەڵواسیوەو هەموو هەوڵێکیان داوە، تا لە پشکی پۆست و داهاتدا، بەشیان پێببڕیت و رەوایەتی دەسەڵاتیان لەکوردستان بۆ بەرەسمی بناسرێتەوە. لەو نێوەشدا، حزبەکانی دەسەڵات بەدەستی کوردستان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، بەجیا جیا هەوڵیان داوە، پشک و بەشی خۆیان لەو حکومەت و دەسەڵاتەدا بەر بکەوێت و بۆ ئەو مەبەستەش” درۆی یەککریزی نیشتیمانیان” کردۆتە کاریکاتۆرێکی قەڵب و کەوتوونەتە پاشقول لەیەکگرتن، و تەنانەت پیلان چنین، بۆ ئەوەی دەستیان بە بەشی زۆرتر لە پۆست و پیگەی سیاسی و داهات، گیر بێت.

لە حکومەتی نوێ کابینەکەی عادل عەبدوڵ مەهدی و لەپرسی پۆستی سەرۆک کۆماریشدا، کێبەرکێ و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، بەوپەرێ خۆی گەیشت و بەڕادەیەک کە پارتی و یەکێتی لە دوو هاوپەیمان و خاوەنی ریکەوتنی ستراتیژییەوە!! کردۆتە دوو نەیاری ئاشکرا و بەریەکەوتنی زبری میدیای و پیلان لەیەکگێران و دوورکەوتنەوەیان لە یەکتری.

حکومەتی عادل عەبدول مەهدی درێژکراوەی حکومەتە قەومی و دینی و تایفییە، شکستخواردوە گەندەڵ پیشەییەکانی پێش خۆیەتی… کە عیراقی خاوەن سامانی زۆری نەوتی کردۆتە، دۆزەخ بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش و نەهێشتنەوەی ژیان بۆیان. ئەوە بەجیا لەوەی کەعێراق بۆتە یەکیک لە گەندەڵترین و نائەمنترن وڵاتی دنیا و وڵاتی دابڕ دابڕکردنی دانیشتوانەکەی بەپێی ناسنامەی قەومی و دینی و مەزهەبی و تایفی و نۆکەر بە وڵاتانی ناوچەکە.

دەوڵەتی عێراق هیشتاشی لەگەڵ بێت، بەمانای وشە پێکنەهاتۆتەوەو جەنگ بۆ چوارچێوەبەخشینەوە بە قەوارەی دەوڵەتێکی پێناسەکراوی سەقامگیر، سەنتیزی ململانێی نیوان لایەنە قەومی و دینیەکانی عێراقە، لەفەلەکی سیاسەت و ستراتیژی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی ناوچەکەدا. لەو نێوەدا رۆڵی ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی، رۆڵی پارانەوەو سواڵی سیاسی و داهاتە، نەک هیچ ئەجندایەکی رۆشنی سیاسی بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان.

حزبەکانی بۆرژوازی کورد، دەزانن کە پارەو داهات و پشکی نەوت و بودجەیان دەوێت، بەڵام لەوە بترازێت چ بە جیا جیا، چ بەیەکەوە، هەڵگری هیچ پرۆژەو ئەجندایەکی سیاسی رۆشن نین. پرسی پێشمەرگە، بودجە، نەوت و غاز، ناوچە کیشەلەسەرەکان، ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک… کەیسی سات و سەودان لەگەڵ بەغدا، بۆ پچرینی بەشی زۆرتر لەپۆست و داهاتی حزبی… واتە نەک نوێنەری خەڵکی کوردستان و خواستەکانیان لە زمینەی سیاسی و یەکلایی کردنەوەی ئایندەکەیدا نین، بەڵکو بەتەواوەتی لەسەر بنەمای وەستانەوە بەرووی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسیەکەدا، لە کێبەرکێدان لەگەڵ بۆرژوا ناسیونال- ئیسلامی و قەومی عیراقی عەرەبیدا.

لەدۆخی ئێستاشدا، کە پێگەی ناسیونالیزمی کورد لەسەر ئاستی عێراقدا، بەرەوخوار هاتووەو ١٦ ئۆکتۆبەر، پێگەی ئەو بزوتنەوەیەیەی گێرایەوە بۆ بەر لەساڵی ٢٠٠٣، لەبەرامبەردا پیگەی بزوتنەوەی ناسیونال ئیسلامی و قەومی عەرەبی (سەرباری ململانێی نێونیان و شکستخواردنیان لە سازدانەوەی دەوڵەتی عێراق و وەڵامدانەوە بە خواستی هاوڵاتیان) لەپەیوەند بە بزوتنەوەی ناسیونالیسدا کوردا، تا هاتووە هەڵکشاوە… ئەگەر لە خولەکانی پێشوو وە حکومەتەکانی پێشتر، ئامادەنەبوون مل بە ویستەکانی ناسیونالیزمی کورد بدەن و گرفتە هەمیشەیەکانی وەکو بودجە، پێشمەرگە، ناوچە کیشەلەسەرەکان، پرسی نەوت و غاز، بەئاقاری یەکلاکردنەوە لەنیوان خۆیاندا ببەن، ئەوا لە ئێستادا، مانەوەی ئەو کیشانە بەچارەسەرنەکراوی و لەوەش زیاتر تەماحی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ دەست کورتکردنەوەی پیگەی ناسیونالیزمی کورد، رەوەندیكی بێ گەڕانەوەیە و رۆژ بەرۆژ دەسەڵاتەکانی هەرێم و پشکی ناسیونالیزمی کورد بەرەو کەمترو کەمتر دەبرێت تا رادەی بە کریگرتنیان بۆ ئیدارەدانی کوردستان، یان وەکو موچەخۆری خۆیان. بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە تائێستا بەتەواوەتی کەوتۆتە حاڵەتی بەرگری و هەوڵ بۆراگرتنی دووبارەی گەرانەوەی هەژموونی دەسەڵاتی ناوەندی، بەسەر لایەنە جیاوازەکانی دەسەڵاتدارێتی هەرێمدا…

دیارە بۆ بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، پرسی نەوت و غازو موچە، گەرانەوەی دەروازە سنوریەکان بۆ ژیر دەسەڵاتی سەربەخۆ هەرێم،  کۆنترۆڵی ئازادانەو سەربەخۆی فرۆکەخانەکان، ئاساییکردنەوەی دۆخی شاری کەرکوک و ناوچە کیشەلەسەرەکان و بۆپیش ١٦ ئۆکتۆبەر، مادەی ١٤٠… تاد. لە کاتێکدا هیچ کام لەوانە پرسی بناغەیی خەڵکی کوردستان نین و هەموو ئەو پرسانە دەرهاویشتەو ئەنجامی پرسی مێژووی و سەرەکی کیشەی نەتەوایەتی خەلکی کوردستانن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و چارەکردنیان یان رێگاکرانەوە بۆ یەکلایی کردنەوەیان، پەیوەستە بە رێگاچارەیەکی گونجاوی پرسی کورد… ئەو پرسەی لەلایەن ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانیەوە کراوەتە کارت و ڕیگایەک بۆ سات و سەودا و پچرینی بەشە داهات و دەسەڵات… ئەوە لەکاتێکدایە کە پرس و کیشەی خەڵکی کوردستان، پرسی بەرەسمی ناسینی ئیرادەی سیاسییە… پرسی دیاریکردنی ئایندەی سیاسی کوردستانە، پرسی کۆتاییهێنانە بە کیشەی نەتەوایەتی خەڵکی کورستان، کە چاوگەی هەڵاواردن و جیاکاری و ژینگەی ستەمی نەتەوایەتیشە.

نە حکومەتەکە عادل عەبدول مەهدی نەخشەو پرۆژەیەکی بۆ چارەسەری پرسی کوردستان و بەرەسمی ناسینی مافی حقوقی خەڵکی کوردستان هەیە و نەحزبەکانی بۆرژوازی کوردیش چارەسەری پرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان، پرۆژەو نەخشەیانە… ئەمەش ئەو راستیە نیشان دەدات، کە خەڵکی کوردستان لەیەک کاتتدا هەم رووبەرووە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی بۆ چارەسەری سیاسی و حقوقیەکەیی و هەمیش روبەرووە لەگەڵ دەسەلاتی بزوتنەوەی کوردایەتی کە کۆسپن لەبەردەم ئەو چارەسەرەدا و لەجێگای ئەوە فیدرالیزمی پوچی قەومیان کردۆتە قیبلە نومای درێژەدان بەدەسەڵاتیان لە کوردستان و تاڵانکردنی ئەو سامان و داهاتەی کە هیشتا لەچنگی خۆیاندا، هێشتویانەتەوە.

کێشەی خەڵکی کوردستان کێشەی موچە و نەوت و دەروازە سنوریەکان و فرۆکەخانەکان نییە…لەگەڵ بەغدا. کێشە خەڵکی کوردستان ئەوە نییە کورد زمانەکان ئەندام پەرلەمان و وەزیر و گزیر بن بەغدا. بەدرێژایی دەسەڵاتی ناسیونالیستی عەرەبی بەسەردەمی بەعسیشەوە، تا دەگاتە دوای دەسەڵاتی بەعس لە ١٥ ساڵی رابردوودا، وەزیر کورد، ئەندام پەرلەمانی کورد، سەرۆک کۆماری کورد و چەندین پۆستی سیادی بەدەست کورد زمانەکانەوە بووە، بێ ئەوەی ئەم پۆست و بەشداریانە توانیبێتی هیچ گرفتێکی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکات، یان گرێیەکی سەرەکی نێوان دەسەلاتی ناوەندی لەگەڵ خەڵکی کوردستان یەکلایی بکاتەوە… تەنانەت نەیتوانییوە کیشەی نیوان خۆشیان وەکو باڵیکی بۆرژوازی ناڕازی لەگەڵ بەغداد، بە جێیگایەک بگەیەنن. هەر ئالوگۆڕ و جێگەو رێگەیەک کەحزبەکانی ناسیونالیستی کورد بوویانە، پەیوەندی بە نائارامی سیاسی عێراق، یەکلانەبوونەوە و قوتبی نەبوونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی و هاوسەنگی هێزەوە بوو، لەگەڵ ئالوگۆریکش بەسەر هاوسەنگی هیزدا بە قازانجی بۆرژوازی و دەسەڵاتی ناوەندی، یەکسەر بۆتە مایەی لاوازبوونی پیگەی ناسیونالیزمی کورد.. لەئیستاشدا ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی لاوازبوونی پیگەی خۆیان و پیشرەوی دەسەڵاتی ناوەندییان، کردۆتە زەخیرە وکارتێک بۆ دوبارە رەوایەتی بەخشینەوە بەدەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی کوردستانداو هەوڵیان داوە، هەموو موسیبەت و بەدبەختی و کوێرەوەرییەکانی تری سەر خەڵکی کوردستان بگێرنەوە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی. ئەوە لە کاتێکدایە کە بێ موچەیی و بێمافی و تا نەبوونی سەرەتایتیرین خزمەتگوزاریەکان دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لێی بەرپرسیارە…

شانخاڵی کردنەوە لە دابینکردنی موچە و خزمەتگوزارییەکان و مافەکانی هاوڵاتیان کوردستان، لەژێر ناوی کێشە لەگەڵ بەغدا پاساوێکی پوچە. تەنانەتە ئەگەر کێشەی موچەو خزمەتگوزاری ومافەکانی هاوڵاتیان کوردستان پەیوەندیشی هەبێت بە سیاسەت و پلانەکانی بەغداوە، دیسان هەر دەسەڵاتی سیاسی و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەرپرسن، چونکە ئەوە ئەوانن چارەنووسی خەڵکی کوردستانیان، لەسەروی ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە بە بەغداوە شەتەک داوەتەوە.

هێنانەخوارەوەی کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستان، بۆ ئاستی موچەو داهات و ململانێی لەسەر کێڵگە نەوتیەکان و دەروازە سنوریەکان و فرۆکەخانەکان، بەجیا لەوەی شکستێکی گەورەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و کوردو حزبەکانیەتی، هاوکات مایەی شەرمەزاریەکی گەورەشە کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستان تا ئەو ئاستە نزم بکرێتەوە… ئەوە تاوانێکە دژ مافی رەوای خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی خۆی بەدەستی خۆی.

لەم هەلومەرجەشدا کە کابینەی نوێی حکومەتی ناوەندی پێکهاتۆتەوە، ئەگەر حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دڵخۆشن کە دۆستێکی مێژوویان!! بۆتە سەرۆک وەزیران و پەیامی پشتیوانی بۆ دەنێرن… ئەوا خەڵکی کوردستان ناچارنین، هیچ جۆرە خۆشباوەرییان بە دەسەڵات و حکومەتێک هەبێت، کە لەسەر بنەمای تایفی و قەومی و دینی و مەزهەبی پیکهاتووە، لە کارنامەکەیدا جێگایەک بۆ بەرەسمی ناسینی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان نییە…

ئەگەر خەڵکی کوردستان کێشەی سیاسی و چۆنیەتی دیاریکردنی ئایندەی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی بەغداو هێزە بۆرژوازیەکانی هەیە، ئەوا کێشەی دەسەڵاتدارێتی و تاڵانی و بێمافی سەدان دەردو مەینەتی تریان لەوانەش موچەو ماف و ئازادییەکانیان، لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد هەیە، کێشەیان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە هەیە، کە دەیەوێت بەسترانەوەی نادڵخوازی خەڵکی کوردستان بە ناوەندو دەسەڵاتی قەومی و ئیسلامی عەرەبیەوە، درێژە پێ بدات و کێشەی خەڵکی کوردستان، بهێنتە خوارەوە بۆ ئاستی موچەو داهات و کردنەوەی فرۆکەخانەکان… خەڵکی کورستان و بەرەی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازەکەی پێویستە، هەم لەبەرامبەر بەدەسەڵاتی بەغدا بۆ پایماڵکردنی کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستان و هەمیش لەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی و سەرکوتگەری بزوتنەوەی کوردایەتی، قوڵی خەباتکارانەی لێ هەڵبماڵن… بەهەر ئەندازەش دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی کەنار بخەن و دەسەڵاتی پشت بەستوی جەماوەری لە جێگای ئەو دەسەڵاتە مافیاییە جێگیر بکەن، هێندەش توانای خەباتکارانەیان بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی کوردستان دەتوانن بەسەر بەغداو دەسەڵاتەکەی و هاوکارەکانیان لە ناوچەکەو دنیادا بسەپێنن،  ئەوە نەبەردێکە دەبێ بکرێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٣٩ بەرواری ١/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *