بەشدار عوسمان
کاتێک ژێر زەمینی ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر دەسوتێت و هەرچی دۆسیەی چەند ساڵی رابردووی سەرۆکایەتی حکومەت و فرۆشتنی نەوتە گڕ دەگرێت،کاتێک ژووری مەلەفەکانی پەرلەمان لەقاتی سێیەم لە رۆژێکی پشوودا گڕ دەگرێت و هەرچی مەلەفی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانە دەبێت بە خۆڵەمێش،کاتێک بازاڕی لەنگە لەنێو جەرگەی شاری هەولێر چەندین کەڕەت گڕ دەگرێت و دواتر بەمەرجی گواستنەوەی شوێنەکەیان گڕەکە دەوەستێت و شوێنەکەشیان بە هاوبەشی دەدرێت بەیەکێک لە سەرمایەدار و دەسەڵاتدارانی شار،کاتێک رۆژنامەنوسێک لەنێوجەرگەی شار و بە بەرچاوی سەدان خەڵک و پۆلیس بەئاشکرا دەڕفێندرێت پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی شارەوە لەسەر هەڵوێست و نوسینەکانی هەڕەشەی لێکرابوو، دواتریش کەیسەکەی ئاوەژوو دەکرێتەوە، کاتێک کچێکی جوان و ژیکەڵە و پارێزەرێک بەیانیەکەی پێش چوونە دەرەوەی لەماڵ خۆی دەڕازێنێتەوە،بەڵام لاشەکەی بە گڕگرتووی دەدۆزرێتەوە و گوایە خۆی کوشتوە،کاتێک دارسنۆبەرەکانی چەند شوێنێکی ئەو شارە وشکیان کرد و دواتر دەرکەوت شەوان نەوتیان ڕژاندوە بۆ ئەوەی وشک بکرێت و دواتریش کرا بە ڤێلای بزنسی یەکێک لە دەسەڵاتدارەکان، کاتێک هۆڵێکی هونەری ئەم شارە دەڕوخێندرێت بەمەبەستی چاککردنەوە، بەڵام دواتر لەلایەن حزبەوە دەستی بەسەرا دەگیرێت….،دەیان و سەدان کەیسیتر پێمان دەڵێت ئیتر گومانێک نەماوەتەوە دەستێکی بەهێز لەپشتەوەی برسیکردن و دەستبەسەراگرتن و بێدەنگکردنی خەڵکە، هێزێکی رێکخراو تاوانەکان ئەنجامدەدات و هەموو دەزگاکانی ئەمن و ئاسایش و دەسەڵاتی قەزائیش لەهەوڵی بردنە پێشەوەی پلانە ئاگرینەکانن، ئیتر ڕەشەبای عەقڵ و مەنتیق و پلان و سیناریۆ قێزەوەنەکانی تریان شەقێک لە گڕی گومان هەڵدەدات و هەمووان بەئاسانی ڕووی تاوانباران دەناسینەوە و ئامانجی پشتەوەی هەوڵەکانیان بۆ هەمووان رۆشنە.
لە سوتاندنی جارێکیتری بازاڕی لەنگەی هەولێر، هەمووان بە ئاسانی لە پەیامی پشتەوەی گڕی ئاگرەکە گەیشتن و لەماوەی دوو رۆژی سەرەتادا کاسبکار و دوکاندارەکان بەدەنگێکی بەرز لەسەر دار و بەردی سوتاوی دوکانەکانیان گوتیان چۆڵی ناکەین و دەیانەوێت لێمان داگیربکەن! دەسەڵاتدارانیان ناچارکرد واز لە پلانەکانیان بهێنن، بەڵام بەداخەوە لەم نێوەندەدا سەدان خێزان و هەزاران کاسبکار بەگیرفانی خاڵی هاتنە دەرەوە و بوونە قوربانی چاوچنۆکی دەسەڵاتی نەوتی و سەرمایەداری کوردستان.
دەسەڵاتدارانێک سات و سەودا بە چارەنوسی خەڵکەکەی بکەن و هەرماوەیەک دەست لەگەڵ هێز و وڵاتێک تێکەڵ بکەن و ژیان و چارەنووسی هەمووان بخەنە بەر رەحمەتی دەبابە و ناقیلەی میلیشیاکان بۆ دەستکەوتنی نەوتی زیاتر، کەسانێک شەق لەناو گەڵی مامۆستا و فەرمانبەر هەڵبدەن تەنها لەبەرئەوەی داوای کرێی رۆژانەی کارەکەی کردووە، هێزێک گوللە بنێن بەنێو دەم و سینگی رۆژنامەنوسان و گەنجانی تەنها لەبەرئەوەی ناڕازییە و دەنگ هەڵدەبڕێ و دەنووسێ دژی ستەم و بێدادی و نایەکسانی،باکی بەوە نەبێت دارکاری کەمئەندامان بکات و گەورەترین بێرێزی بە پیر و پەککەوتە و خانەنشینان بکات و ناچار بە پاروویەک نانیان بکات، فیرعەونەکانی کوردایەتی دادگا و دەسەڵاتی قەزائی بکاتە گاڵتەجاڕ و مافیا و دز و پیاو کوژ و ژنکوژەکان لە شەقامەکان بەئاشکرا بسوڕێنەوە،ئاساییە تەماعیشیان لە زەوی دەستفرۆش و کاسبکارانێک بێت و هیچ هەستێکی ئینسانی ئازاریان نەدا لە سوتاندنی شیری هەزارەها مناڵ و نانی پیر و پەککەوتەکان.
پلانی تێکدان و چۆڵکردنی بازاڕە میللیەکان، درێژکراوەی پلانێکە کە دەسەڵاتی نەوتی و سەرمایەداری کوردستان چەند ساڵێکە دەستی داوەتێ لە بەتایبەتیکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی و ئاو و کارەبا و زیادکردنی باج و رسومات دەستی پێکرد، تاگەیشت بە دەستبەسەراگرینی هەرچی بازاڕ و شوێنی ستراتیژ و تاپۆکردنیان بەسەر کەسە نزیکەکانی خۆیان و دەرهێنانیان لەدەستی کاسبکارانێک کە بەدرێژایی ژیانیدا رەنجیداوە بۆ بەدەستهێنانی.
ئەو هەزاران کاسبکار و دوکاندارەی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، کە شەرەفمەندانە و ئازایانە بەبێ ئەوەی چاویان لەدەستی رێکخراو و ناوچە و کۆمیتەکان بێت بۆ دامەزراندن و کارکردن وتەسکیەی حزبی،ساڵانێکی زۆرە نانی خۆیان و خێزانەکانیان پەیدا دەکەن، هەر بەو ڕۆحیەتە بەرزەشیانەوە لەدژی پلانی پشتەوەی گڕی ئاگرەکە وەستانەوە و شکستیان بە پلانەکەیان هێنا لەگواستنەوەی شوێنی کارەکانیان و دەستبەسەراگرتنی وەکو بەشێکی زۆری شوێنەکانیتر، ئەرکی هێزی ئازادیخوازی کۆمەڵگەیە پاڵپشت و هاوکاریان بێت و فەشەل بە پرۆژەیەک بهێندرێت کە ئامانج تەنها زیاتر برسیکردنی خەڵک و بەرزکردنەوەی کۆنتۆ و خەزێنەی چەند کەس و خێزانێکی دەستڕۆیشتوی کوردستانە.
تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٣٩ بەرواری ١/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…
Check Also
پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!
عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …