عەبدوڵا مەحمود
ئەم سەرزەمینی ژینە، لێوان لێوە لە ئینسان. بەڵام لە ناو ئەو هەموو حەشامەتی ئینسانیەدا، دەگمەنن ئەوانەی هەڵگری خەمی گەورەن… ناوازەن ئەوانەی زوربەی ژینی خۆیان تەرخانی، ئازادی دەکەن و بۆ دنیایەکی باشتر، بێسرەوتن، تێدەکۆشن. ئازاد ئەحمەد لەو ئینسانە ناوازە تێکۆشەرانە بوو، کە هەر زوو لەگەڵ سەرەتای چرۆی تەمەنی لاوێتیەوە، خولیای ئازادی و خۆشبەختی و شکۆی ئینسانی، بوونە ناسنامەی.
ئازاد… هەمیشە لەریزی پێشەوەی نارەزایەتیەکانی برسیەکان بوو بۆ نان. رابەرایەتی ستەم لێکراوەکانی دەکرد بۆ ئازادی. رێنوێنی و وانەی دەدا بە بێمافەکان، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.
هەر کەسێك بۆ یەکجار و تەنانەت بۆ چەند ساتێک ئازادی دیبێت و ناسیبێت، لای بۆتە سیمایەکی خۆشەویست و بەرجەستە و لەیاد نەچوو… ئازاد تێکۆشەرێکی کۆمۆنیستی کۆمەڵایەتی و ماندونەناس، شۆرشگێرێکی بەرچاو رۆشن و خاوەن ئیرادە، راوەستاو سازش هەڵنەگر، پشو درێژو پڕ هیوا بە ئایندە بوو… ئازاد سیمایەکی ناسراو خۆشەویستی ناوچەی پشدەر و بیتوێن و شۆرشگێرێکی جەسوری رێگای شۆرشی کۆمەڵایەتی بوو لەپێناو ئازادی و یەکسانی و دامەزراندنی کۆمارێکی سۆسیالیستیدا…
بۆیە ماڵئاوایی یەکجاری ئازاد، بەجیا لە خەمی قورس و گەورەی هاوسەری ئازیزو مناڵەکانی، خێزانە خۆشەویست و تیكۆشەرەکەیان، هاوکات خەمی هەموو ئەو ئینسانانەیە، کە چاوی ئومێدیان بریبووە سیستەم و کۆمەڵگایەکی ئینسانی، کە ئینسان تیادا ئازاد و تەسەل و خاوەن بەهاو شکۆ بێت… بڕوا هێنان بەوەی ئازاد بۆ یەکجاری لەناوماندا نەماوە نایبینینەوە، زۆر سەختە، کەچی واقعیەتی تاڵ ئەوەیە ئەو بۆ هەمیشە جێیهێشتین. باندێکی ئینسانکوژو چەپەڵ گیانی ئەویان بەوپەرێ دڵرەقی دەرکێشا… بەڵام خەمە گەورەکانی کۆمەڵگا ماون، هیواو ئومێد بەرزگاری و ئایندەیەکی ئینسانی، خولیا گەورەکەی ئازاد، زیندوە… بۆیە تا ئەو کاتەی خولیای ئازادی و خۆشبەختی و رزگاری یەکجاری ئینسان لە سیستەمی زاڵمانە، ویستی ئینسانە، ئازاد زیندوەو لەناوماندایە… ئینسان دۆستی و یەکسان دۆستی ژین دۆستی و خۆشەویست دۆستی و ئازادیخوازبوونی ئازاد، هێزو ئیرادە و سەرمایەکی گەورەی هێز بەخشە بە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی یەکجاری و داهاتویەکی ئینسانی… کە تیایدا ژیان سەما بۆ ئازادی و بەختەوەری خۆی بکات.
بەرزو بەرێزە یادی خەباتکارانەت، خولیای ئینسانیت زیندووە، ئارام و ئازاد بخەوە، ئازادی هاوڕێم…
تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٣٩ بەرواری ١/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…