کتێبی “پڕۆگرامی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان چیمان پێدەڵێت؟” که‌وته‌ به‌ردیدی خوێنه‌رانه‌وه‌

ئه‌م کتێبه‌ که‌به‌قه‌ڵه‌می خه‌سره‌وسایه‌ نوسراوه‌و له‌فۆرماتی پیدیئێفدا، بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی له‌نێتدا، ئاماده‌کراوه‌، هه‌وڵێکه‌ بۆ ئاناتۆمی کردنی ڕه‌وتی بۆرژوا ناسیونالیزم لەبەرگی چاکسازیدا. وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌نووسه‌ر له‌پێشه‌کیه‌کی کورتدا، له‌باره‌ی کتێبه‌که‌یه‌وه‌ قسه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ران کردووه‌، ئێمه‌ لێره‌دا له‌وه‌ زیاتر به‌پێویست نازانین، جگه‌له‌وه‌ی که‌خودی پێشه‌کیه‌که‌ بڵاوبکه‌یه‌نه‌وه‌. ئه‌وانه‌شی که‌ده‌یانه‌وێت ده‌ستیان به‌ته‌واوی کتیبه‌که‌ ڕابگات وکۆپیه‌ک به‌ده‌ست بهێنن ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م سایتانه‌ بکه‌ن:

سایتی بلاوکراوه‌ی بۆ پێشه‌وه‌ : http://bopeshawa.net

سایتی هاوپشتی: http://hawpshti.com

سایتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان: https://hkkurdistan.org

بڵاوکراوه‌ی بۆپێشه‌وه‌

له‌باتی پێشه‌کی: قسه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ خوێنه‌ران:

ئه‌م نووسراوه‌یه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه‌، کۆکراوه‌ی ٦ به‌شی بابه‌تێکه‌، که‌له‌ گۆڤاری دیدگای سۆشیالیستیدا، له‌نێوان ئۆکتۆبه‌ری٢٠١٥ تا جوڵای ٢٠١٧، له٦ ژماره‌ی پشت سه‌ریه‌کدا، چاپ وبڵاوکراوه‌ته‌وه‌. بابه‌ته‌که‌ به‌ده‌ر له‌هه‌ڵسوکه‌وته‌ سیاسی وڕۆژانه‌ییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وزمانی ڕاگه‌یاندن وده‌ربڕینی سه‌رکرده‌کانیه‌وه نوسراوه‌ وڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر پرۆگرامی سیاسی حزبی گۆڕان، وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی جه‌وهه‌ری وجێگیره‌، ته‌وه‌ره‌ی به‌ستوه‌. وه‌ تا ئه‌و شوێنه‌ش‌ قه‌واره‌ی گۆڤارکه‌ و بڵاوکردنه‌وه‌ی بواری دابێت، هه‌وڵیداوه‌ به‌سه‌رجه‌م ‌به‌ش و ته‌وه‌ره‌و به‌ندو تاڕاده‌یەکی زۆریش به‌خاڵه‌کانی پڕۆگرامه‌که‌دا، ڕابگا وسه‌رنج و ڕه‌خه‌نه‌یان له‌سه‌ر بخاته‌ڕوو. که‌دیاره‌ به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ بێ که‌موکوڕی نابێت، به‌تایبه‌تی بۆ بابه‌تێک که‌به‌ش به‌ش بڵاوبکرێته‌وه‌، نووسه‌ر ناچارده‌کات، به‌دوباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌چه‌مک وبۆچونه‌کانی تا خوێنه‌ر به‌دوای خۆێدا بهێنێ ولانی که‌م ئاشنایان بکا‌ت به‌ ناوه‌ڕۆکی ده‌ربڕینەکانی خۆی، له‌مباره‌وه‌ داوای لێبوردن له‌ماندووبونی خوێنه‌ران ده‌که‌م.

به‌ڵام ئامانجی من له‌نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌، جگه‌له‌وه‌ی که ‌ویستوومه‌ ناوه‌ڕۆکی ئه‌و ده‌ربڕین وبانگه‌شانه‌ به‌درۆ بخه‌مه‌وه‌ که‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌رخۆی ده‌ێڵێت، ئه‌ویش به‌وه‌ی که‌حزبێکی جیاواز وگۆڕانخوازه‌ و ناچێته‌ نێو خانه‌واده‌ی حزبه‌‌ ته‌قلیدیه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌وڵمداوه‌ ناوه‌ڕۆکی بۆرژوا ڕیفۆرمیستی و ناسیونالیستانه‌ی ئه‌م حزبه‌ وئامانجه‌کانی بناسێنم و ئه‌وه‌ ده‌رخه‌م که‌حه‌دو سنوره‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بۆ ڕیفۆرم وبه‌دیهێنانی گۆڕانکاری تا چه‌نده‌ و وه‌چۆن ‌له‌گۆشه‌نیگای ئه‌و به‌شه‌ له‌سه‌رمایه‌داران و بازرگانان و خاوه‌ن کۆمپانیاکانه‌وه‌، له‌دۆخی کوردستان و سیسته‌می حوکمڕانی ده‌ڕوانێ، که‌له‌ژێر فشاری باڵاده‌ستی یه‌کیه‌تی وپارتیدا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ڵبڕیوه‌ وپه‌ڕیوه‌ته‌ نێو ”به‌ره‌ی ناڕازیانه‌وه“. به‌م حاڵه‌وه‌ ده‌مه‌وێت بڵێم که ‌سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ک مۆدێڵیکی حزبی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی په‌یدابوونی قه‌ڵشتێکی چینایه‌تی وفراوان بوونه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کانی نێوان کرێکاران و سه‌رمایه‌دارانی کوردستانه‌، ئه‌مه‌ش له‌دۆخێکدا که‌ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد وحزبه‌کانی که‌وتۆته‌‌به‌رامبه‌ر به‌ناڕه‌زایه‌تیه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ و پێویستی دوباره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کوردی له‌مۆدێلی حزبێکی ڕیفۆرمخوازدا، کردۆته‌ پێداویستیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ گشت بۆرژوازی کورد. لێره‌شه‌وه‌ ناسینی ناوه‌ڕۆکی سیاسی وچینایه‌تی ئه‌م ڕه‌وته‌ له‌ڕێگای پڕۆگرامه‌که‌یه‌وه وخۆجیاکردنه‌وه‌ لێی، کارێکی پیویسته‌ بۆ هه‌رکه‌سێک که‌بیر له‌ شۆڕش وگۆڕانکاری ڕیشه‌یی له‌ده‌سه‌ڵات و ‌سیسته‌می حوکمڕانی ئیستا ده‌کاته‌وه‌. ‌ئومیده‌وارم ئه‌م نوسراوه‌یه‌ کۆمه‌ک بکات به‌ڕۆشن بوونه‌وه‌و دابڕانی هه‌رچی زیاتری هه‌ڵسوڕاوانی ناره‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان له‌ وه‌همه‌کانی ره‌وتی چاکسازی که‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڵه‌ڕیزی پێشه‌وه‌یدا راوه‌ستاوه‌.

له‌ئاخریشدا ئه‌وه‌بڵیم وه‌ک پاشکۆ بۆ ئه‌م به‌رهه‌مه،‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی وتارێکم به‌ناونیشانی “‌نه‌وشیروان مسته‌فا، گه‌رانه‌وه‌ بۆلادێ‌ و هه‌وڵێكی‌ بێهوده‌“، به‌پێویست زانی که‌کاتی خۆی به‌دووبه‌ش له‌ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا بڵاوکراوه‌ته‌وه، که‌ تاڕاده‌یه‌کی زۆر نزیکه‌ له‌ناوه‌ڕۆکی ئه‌م باسه‌وه‌..

به‌سوپاسه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی، سه‌رنج وڕه‌خنه‌کانی ئێوه‌م..

خه‌سره‌و سایه‌

له‌نده‌ن/ ئۆکتۆبه‌ری 2018

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *