له یادی ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ردا
جه‌مال موحسین
ڕۆژێكی تری ناخۆش له ژیانی خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگای كوردستاندا، ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ره. به‌ڵام له ڕوانگه‌ی منه‌وه نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه وه‌ك ئه‌ووترێ ’’نیوه‌ی خاكی كوردستان فرۆشرا‘‘ و ’’كوردستان داگیركرایه‌وه‘‘ و شتی له‌و چه‌شنه، به‌ڵكو له باری یه‌كه‌مدا خستنه ژێر پێی ده‌نگ و ئیراده و خواستی جه‌ماوه‌ری به‌رین و زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستانه بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان. به ساده‌یی ئه‌توانرێ ناوه‌ڕۆكی پوچی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه هه‌ر خودی ناسیۆنالیزمی كورد ڕه‌واجی پێئه‌دا و باسی له فرۆشتن و داگیركردن ئه‌كرد ببینرێ. ئاخر كاتێك كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ی به ’’ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان’’ ناوئه‌بران له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هێزه ’’كوردیه‌كان’’ دا بوون ژیانی خه‌ڵكی چ ئاڵوگۆڕێكی به‌سه‌ردا هاتبوو؟ خۆشگوزه‌رانی كوا دابینكرا بوو؟ ته‌نانه‌ت خزمه‌تگوزاریه‌كان كوا ده‌سته‌به‌ر كرابوون؟ هه‌رچی به‌رپرسێك و كۆمه‌ڵێك ته‌نه‌كه و به‌رمیلی خۆی هه‌بوو به پشت و په‌نای میلیشیای زه‌وه‌ندی به‌رده‌ستیان ئه‌مدیو و ئه‌ودیوی سنووره‌كانیان ئه‌كرد و به‌م پێیه‌ش به چۆڵكردنی ژێرپێی كۆمه‌ڵگا و خه‌ڵك سه‌روه‌ت و سامانه‌كانی خۆیان زیاتر و زیاتر وه‌ك شاخ كه‌ڵه‌كه ئه‌كرد. هه‌رگیز زه‌ڕڕه‌یه‌ك خێر و خۆشی بۆ جه‌ماوه‌ری هه‌ژار و ده‌سته‌نگی ئه‌و ناوچانه تیا نه‌بووه. خۆ خاكێك نه‌بووه بۆ ئه‌و خه‌ڵكه تاكو دواتر به خه‌ڵكی تر فرۆشرابێ، هه‌ر خۆی فرۆشراو بووه به ملیاردێره و ملیۆنێره‌كانی وڵات (له‌ژێر به‌رگی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كدا بووبن). ئه‌وانه هه‌ر خۆیان شوێنێك بوون داگیركراو، ئاخر خۆ داگیركردن هه‌ر ئه‌وه نییه ’’كه‌سانێكی بێگانه’’ بێن و شوێنێك داگیربكه‌ن. كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه هه‌ر ئه‌و كاتیش داگیركراوبوون و ئێستاش هه‌روا، جارێك له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه كه به هه‌مان زمانی ئه‌و خه‌ڵكه قسه‌یان كردووه، جارێكی تریش له‌لایه‌ن خاوه‌ن زمانێكی تره‌وه. به‌ڵام نه ئه‌ویان و نه ئه‌میان بۆ جه‌ماوه‌ری هه‌ژار و برسیكراوی نه‌بووه. هه‌ربۆیه‌شه مه‌سه‌له‌ی داگیركردن هه‌ر وه‌ك یه‌كه هه‌رچ لایه‌ك بیكات.
جه‌ماوه‌ری به‌رینی كوردستان له‌و هه‌له‌دا كه بۆیان هه‌ڵكه‌وت ده‌نگی خۆیان دا به جیابوونه‌وه‌ی كوردستان تاكو لانی كه‌م له بێنه‌وبه‌رده‌ی لكاندنه‌وه به ناوه‌ند و له چاوه‌ڕوان هێشتنه‌وه ڕزگاریان بێ. ده‌نگدانی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به جیابوونه‌وه‌ی كوردستان له ڕیفراندۆمه‌كه‌ی ٢٥ ی ئه‌یلولی پاردا له پێناو هیچ یه‌ك له یه‌كێتی و پارتی و هیچ هێزێكی سیاسی تردا نه‌بوو. ئه‌وه خواستێكی فراوانی خه‌ڵك بوو وه له‌و هه‌له‌دا ده‌نگی به‌و خواسته‌ی خۆی دا. فراوانی و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی ئه‌و خواسته به‌جۆرێك بوو كه هه‌ندێك هێز شه‌رمنۆكانه چوونه پاڵی، به‌ڵام هه‌ندێكی تر هه‌ر زوو كه‌وتنه دژایه‌تی كردنی. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و باوه‌ڕ و لێكدانه‌وه‌یه‌ی كه ڕیفراندۆمیان به موڵكی پارتی و بارزانی ئه‌زانی، ده‌نگدانی خه‌ڵكی ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه بوو كه بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌نگاوێكی زیاتر له ڕزگاربوون له ده‌ست خودی پارتی و هاوشێوه‌كانی له كوردستان، جارێ ئه‌بێ له هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنال-فاشیستی-ئیسلامی ناوه‌ند ڕزگاری بێ و خۆی لێ جیابكاته‌وه تاكو دواتر چاره‌نوسی خۆشی له‌گه‌ڵ دێوه‌زمه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد یه‌كلا بكاته‌وه.
به‌ڵام به هۆی بوونی قڵشتێك له نێوان خێزانی بۆرژوازی كورددا و بوونی به‌رژه‌وه‌ندی جیا و پاڵدان به هێز و ده‌وڵه‌تی ناوچه‌یی و جیهانی جیاوه، ده‌رفه‌ت بۆ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناو هێزێكی دژه خه‌ڵكی وه‌ك یه‌كێتی په‌یدا بوو تا له ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ردا بۆ پشت له ئه‌رزدانی ڕه‌قیبه‌كه‌ی خۆی، كه پارتیه، هێزی میلیشیایی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقی بهێنێته‌وه سه‌ر سه‌ری جه‌ماوه‌ری كوردستان و ناوچه جێناكۆكه‌كانیش. ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی نه‌بوو. هه‌ستانه‌وه‌ی دووباره‌ی هێزهاوسه‌نگی لایه‌ك له دوو هێزه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی بۆرژوازی كورد بوو. ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ر هاوشێوه‌ی ٣١ ی ئاب له‌پێناو زاڵكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی بوو، جارێك هی ئه‌ولا و جارێك هی ئه‌ملا. به‌ڵام قوربانی سه‌ره‌كی خه‌ڵكێكه كه ویستی له‌و ده‌رفه‌ته‌ی ڕیفراندۆمدا گورزێك بوه‌شێنێت.
هه‌ر ئه‌و كاتیش ئه‌و هێزانه‌ی دژی ڕیفراندۆم بوون پێشبڕكێیان بوو بۆ خۆخزاندنه نێو باوه‌شی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نده‌وه، چ ئه‌و كات و چ ئێستای دوای هه‌ڵبژاردنی مانگی مای عێراق و ئه‌وه‌ی ئه‌یلولی كوردستان، هه‌موویان زه‌رده‌خه‌نه‌ی ناو وێنه‌یه‌كی ته‌نیشت ئه‌م و ئه‌و سه‌كرده‌ی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌ب و ئیسلامی سیاسیان (شیعی و سوننی) به ملیۆنه‌ها ئه‌كڕی تاكو دواتر ملیاره‌هایان لێ ده‌ست بكه‌وێ.
ناڕه‌وایه ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ر و ٣١ ی ئاب له دوو تای ته‌رازوویه‌كدا دانه‌نێیت، ئه‌وانه هه‌ردووكیان زه‌خیره‌یه‌كی گه‌وره بوون بۆ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد جا با به‌سه‌ر لاشه و جه‌سته‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستانیشدا بووبێتن. به‌ڵای گه‌وره‌ی سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بوونی پارتی و یه‌كێتیه. ئه‌وانه ئه‌ژدیهایه‌كن كه كۆمه‌ڵگاشیان سووتاندووه و ژه‌هراویش هه‌ڵئه‌ڕێژن.
بۆ بنبڕكردنی ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ر و ٣١ ی ئاب و نمونه‌كانی تری هاوشێوه‌ی ئه‌وانه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا-ناسیۆنالیستی كورد، ئه‌بێ بیر له له‌ناوبردنی ئه‌و ئه‌ژدیهایه بكرێته‌وه. به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌بێ له شوێنێكی جه‌سته‌ی ئه‌ژدیهاكه‌وه ده‌ست پێبكرێ، له‌پێ بخرێ تا توانای جوڵه‌ی نه‌مێنێ، ئه‌وسا به‌شه‌كانی تری جه‌سته‌ی ئاسانتر له ده‌ستا ئه‌بن!
١٥\١٦ ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٨