نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
سەرئەنجام دوای ماوەیەک لە بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و بەخشینەوەی بێ کۆتا و بێ سنوری سەدان هەزار درۆو وادەو بەڵێنی فریوکارانە، هەڵبژاردن تەواو بوو. ئەوەی کەپێش وەختەش دیارو رۆشنە، حزبەکانی دەسەڵات و پشت بەستو بە هێزی چەکدار و ملۆزمی داهات و سامانی کوردستان و نۆکەر پیشە و خوگرتوو بە خۆبەستنەوە بە سیاسەتی زڵهیزەکانی رۆژی دنیاو وڵاتانی ناوچەکە، سەرباری هەر ئاڵوگۆڕێک لە ژمارەی کورسیەکانیان، وەکو هێزی دەسەڵات و بریار بەدەستی زونەکان دەمێننەوە… هێزەکانی بەناو ئۆپۆزیسێۆنیش، سەرباری هەر ئاڵوگۆرێک لە کورسیەکانیان، دوبارە باجی وەهمی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە دەدەن و لە بازنەی” هەڵبژاردن، دوبارە هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەوە” دەخولێنەوە و بۆچوار ساڵی تر یان زیاتر… بەبەڵێنی دەیگۆرین، چاکسازی دەکەین، دەچینە لوتکەی دەسەڵات، ماشێنی بەرهەم هێنانەوەو ڕاگرتنی بەشێک لە جەماوەرەکەیان دەچەرخێنن، بۆ ئەوەی لە کایەی هەڵبژاردنی داهاتوودا، دوانەکەون و دیموکراسی!! لەکەدار نەبێت.
دیارە ئەگەر بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە، هەڵبژاردن تەواو بوو، وە تا چوارساڵی تر… هەر لایەنەیان، جێگای خۆی دەگرێت، بەشدار یان لە دەرەوەی دەسەڵاتدا دەبن… بەبەشی خۆیان ناڕازی یان ڕازی و گوێ لەمست دەبن… ئەوا بۆ خەڵکی کوردستان چنگە کرێ بۆ ژیان، خەبات بۆ دنیایەکی باشتر، بەردەوام دەبێت و بێ پسانەوەیە.
هەڵبژادن لە کوردستان، بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردستان مەیدانی جەنگێکە لە دژی خەڵکی کوردستان و بۆ پاشەکشەکردن بە خواست و هیواو مافەکانیان. حزبەکانی دەسەڵات بەدەستی کوردستان لەرێگای هەڵبژاردنەوە، درۆی رەوایەتی دەسەڵاتیان بە دیموکراسی زاخاو دەدەنەوەو بەدنیای دەرەوەش دەڵێن دیموکراسی سەرکەوت. بێ ئەوەی لەو دیموکراسییە، خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و نەداری کوردستان، هیچیان دەستکەوتبێت.
مەیدان ولایەنێکی جەنگی دەسەڵات لەدژی خەڵکی کوردستان هەڵبژاردنە، و لەماوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، لەهەر گۆشەو زەمینەیەکدا بە لێشاو بەڵین و وادەیان بەخشیەوە، دەستەو دامێنی جەماوەر بوون، خزمەتکاری خۆیان بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە راگەیاند… دیارە لەگەڵ ئەوەدا کە هەموو ئەو وەعدەو بەڵینانە و خۆ چەماندنەوەیە بۆدەنگ کۆکردنەوە، رێگایەکی ئاشکرای فریوکارییە، هاوکات دانپیانێکی ئاشکراشە بە نەبوونی هیچ… خزمەتگوزاری و ماف و ئازادی و ویستە زۆر و زەبەندەکانی هاوڵاتیاندا، بۆیە لەهەر زەمینەیەکدا بە “بلۆک” بەڵێنیان دەدا…
ئیستا کە هەڵبژاردنەکان، کۆتاییان هات و لەچەند رۆژی داهاتوودا، ئاکامی هەڵبژاردنەکان!! رادەگەیەنرێت… کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان بەگشتی، چ ئەو جەماوەرە زۆرەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە و چ ئەو جەماوەرەی لەژێر هەر هەرەشە یان خۆشباوەرییان بە حزبەکان، بەشدارییان هەڵبژاردنیان کردووە، پێویستە یەخەی دەسەڵات بگرن و لەرێگای جۆراوجۆری خەباتکارانەوە گوشار بهێنن بۆ حزبەکان، تا پابەندی بەڵین و وادەکانیان بن…
نابێ رێگەبدرێت، ئەو حزبانە شانی خۆیان لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و داوا رەوکان و مافەکانیان و ئازادییەکانیان خاڵی بکەنەوە، و چوار ساڵی داهاتوش بکەنە سەرچاوەی خیرو بەرەکەت و نیعمەت بۆ خۆیان و چینی سەرمایەدار و بازرگانان سیاسی و ئابورییە چاوچنۆکەکان و ژیانی مەمرەو مەژی و بێبەشی و نەداری و بێمافیش بکەنە بەشی زوربەی زۆری کۆمەڵگە، کە کرێکاران و کارمەندان و زەحمەتکێشانی کوردستانن…
لیستی بەڵێنەکان، پەیامی سەرۆک حزب و لیستەکان، بەرنامەی بانگەشەکان، کروزانەوەی کاندیدەکان و وادەکانیان، دیمانەو گفتۆگۆ پر بەڵێنەکانیان… لە گوێی هەموو تاکێکی خەڵکی کوردستاندا دەزرنگێتەوە… پێویستە و دەبێ، بەرپرسیارێیتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێن و وادانەیان بە ئەستۆدا هەڵبواسرێت و ناچار بکرێن کە دەست بۆ جێبەجیکردنیان ببەن… لە حاڵەتی گوێنەدان و پشتکردنە ئەو وادەو بەڵینانەیان، لەگەڵ کۆتایی هاتن و بەفەرمی راگەیاندنی ئاکامەکان، لەگەرەکەکان بۆ خزمەتگوزایییەکان برژێنە سەر جادەکان، لە کارگەو ناوەندەکاندا بە کۆبونەوەی گشتی و لە دەوری یەکتری و بە شێوەی رێکخراو، داوای ماف و داخوازیەکانیان بکەن و پەیام نامە و بانگەشەکان بدەنەوە بەرووی حزبەکان و کاندیداکان و ریزی وردو درشتی لغاو بەرەڵای هەڵڕشتنی بەڵێنەکانیان… گومان هەڵنەگرە ئەو حزبانە، بە خۆشی خۆیان دەست بۆ هیچ چاکسازی و خزمەتگوزاری و وەڵامدانەوە بە خواست و داواکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێس نابەن و دەبێ یەخەیان بگیرێت، دەبێ گوشاریان بۆ بهێنرێت. دەبێ هەرەشە لە دەسەڵاتیان بکرێت… ئەمەش بە بێ رێکخراوبوون، بەبێ خۆجیاکردنەوە لە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و کوردایەتی، بەبێ دەست بەکاربوونی بەنەخشەی رابەران و هەڵسوراونی چەپ و کۆمۆنیست و رابەرانی کرێکاریی و جەماوەری ممکین نابێت… حزبەکان و قسەکەرەنیان، کانداداکانیان، بەرپرسە وردو درشتەکانیان، ئەگەر بەهێزی ڕیکخراوی جەماوەری ناچار نەکرێن بۆ جێبەجێکرنی وادەو بەڵینەکانیان، ئەوا دیسان تا چوار ساڵی تر کۆمەڵگە دادەدۆشن و لە هەڵبژاردنی ٤ ساڵی داهاتوودا، هەمان ئەو بەڵین و وادانە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دوبارە دەکەنەوە، هەروەکو چۆن لە خولەکانی پێشودا کردویانە… ئەگەر چەند هەفتەی رابردوو کات و رۆژی بەڵێندانی حزبەکان و بەرپرس و کاندیداکانیان بوو بۆ بەخشینەوەی وادەو بەڵێن بۆ خزمەتکرنی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و زامنکردنی مافە فەردی و مەدەنی و ئازادییەکان، ئەوا ئێستا دوای هەڵبژاردنەکان کات و رۆژی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکیشە بۆ دریژەدان بە نارەزایەتیەکانیان بە گورو تینیکی زۆرترو فراوانتر لە پێشوو، رێکخراو ترو رۆشنتر لە رابردوو، لەپێناو ناچارکردنی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە بەڵێنەکانیان و بۆ بەدەستهێنانی ویست و داخوازییە هەمەلایەنەکانیان.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٧ بەرواری ١/١٠/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…