نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
لەناو حزبەکانی کوردستان و کاراکتەرەکانی ئەو حزبانەدا، بەخشینەوەی بەڵێن و پەرتکردنی درۆ و وادەی سەرڕێژی بێ کردار پێویستی بەسەلماندن نییە… لەهەموو خولەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، هەڵمەت و خولی درۆ بەخشینەوەی حزبەکان و کاراکتەرە سیاسیەکان دەگاتە ئاستی سوکایەتی بەخۆکردن و نیشاندانی هونەر پیشەیی لە لەخستنەرووی درۆ و فریوکاریدا… لەو نێوەدا بەرهەم ساڵح نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو کاراکتەرانەیە. بەرهەم ساڵح بەمەبەستی خۆجیاکردنەوە لەو هەموو درۆ و فریوکاریی و بەڵێن و وادە رەنگاورەنگانەی حزبەکانی کوردستان و کاراکتەرە سیاسیەکان، عادەتیان کردووە، بیبەخشنەوە و بەکرداریش پێچەوانەکەی نیشان بدەن… بانگەشەی کردار شەرتەی کرد بەناوی خۆیەوە، ئەم زاتە چ ئەو کاتەی لەناو یەکێتی بەرپرسی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، چ ئەوکاتەش وازی لە یەکێتی هێناو قەوارەی هاوپەیمانیەتی بۆ دیموکراسی لەگەڵ ژمارەیەک لە کادری حزبی تۆراو بەرژەوەندیخواز پێکهێنا، دەستەواژەی کردار شەرتەی کردە میدالی بانگەشەکانی و کەوتە فشین بەو بانگەشەیەوە… ئەوکاتەی هاوپەیمانیان پێک هێناو بووە سەرۆکی قەوارەکە، لەچەندین بۆنەو لە هەموو ئەو چاوپێکەوتنانەی لە میدیاکاندا لەگەڵی سازدراوە، لەوەڵامی گومانی خەڵک و میدیاکان و کادرانی سیاسی و،،،تاد، کە ئایا ناگەڕیتەوە ناو یەکێتی؟ ئایا ئەم هاش و هوشەی بۆ پۆست نییە؟ بەوپەری لەخۆرادیوییەوە، نەک هەر حاشای لەوە دەکرد بگەرێتەوە ناو یەکێتی، بەڵکو بانگەشەی کۆتاییهێنان بە خزم خزمێنە، و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و قۆرغکاری و گەندەڵی دەکردو دەستەواژەی کردار شەتەشی دەکردە پێشگر یان پاشگری وتەو وتارەکانی… لە پەیوەند بە روح سوکی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریدا، دەیوت ئەو ئامانجی پۆست نییەو ئەگەر بیویستایە لەبەردەستی بووە و ئەو کار بۆ گۆرینی سیستەم دەکات و تەماحی پۆستی نییە، تەنانەت کاتێک لەیەکێک لە بەرنامە تەلەفزیۆنەکاندا، پرسیاری لێکرا، ئەگەر گەرایتەوە ناو یەکێتی و وازت هێنا چی، وتی دنیا دنیای لەدوایەو ئینسان بۆ پاراستنی حورمەت و ئەخلاقی خۆیشی شتی واناکات… و دیسان ئایندەی بەشاهید دەگرت و کردار شەرتەی دەپژاند. کەچی بەم دوایانە جەنابیان نیشانیدا کردار شەرتەو بەکردەوە پشتی کردە هاوپەیمانیەتەکەی، پشتی کردە هاوڕیکانی، پشتی کردە وادەو بەڵێنەکان و پشتی کردە درۆی کردار شەرتەو، بە کردار کاراکتەربوونی خۆی و فریوکارییەکانی خستە روو. لە پێناو پۆستی سەرۆک کۆماردا، کە پێشتر دەیوت ئامانجی نییە، گەرایەوە ناو حزبی مام و یەکێتی، کە بریار بوو لەدەسەڵاتیان بخات… گەڕانەوەی د، بەرهەم بۆ ناو یەکێتی لە پێناو ئەوەی بەربژێری بکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، سەرۆک کۆمارییەک کە کاری تەشریفاتی و چاک و چۆنی، واژۆ دانە لە سزای قێزەونی دژە ئینسانی ئیعدام و لەبەرامبەریشدا پارە و موچەو ئیمتیازی خەیاڵی وەردەگرێت…
دکتۆر بەرهەم، بە کردار نیشاندانیدا، وێڵە بەدوای پوچترین پۆستدا، کە پۆستی سەرۆک کۆمارە. بەو هەنگاوەشی ئەو راستیەی خستەوە روو، کەئەو هێندەی خەونی پارەو پوڵ و پۆست، گێژی کردووە، هێندەش لە پابەند بوون بە بەڵێن و راستگۆیی دورەو و ئامادەیە لە پێناو پارەو پۆستدا، هەرچی ئینسان قێزو بێزی لێدەکاتەوە، لای ئەو بۆن و بەرامەیەکی ناوازەی بێ هاوتای لێدێت… سڵ لەکردنی ناکاتەوە…
ئەو زگزاکیەی دکتۆر بەرهەم، تەنانەت لەناو خانەوادەی بۆرژوازی و کارەکتەرە سیاسیەکانیشیدا، کەم وێنەیە… لەمێژووی دوورو درێژی بزوتنەوەی کوردایەتی و کەسایەتیە سیاسیەکانیدا، سەنگەر گواستنەوە، پەشیمان بوونەوە، نۆکەر پیشەیی، خۆ فرۆشی بۆ پارە، پاکانە پڕکردنەوە… هەمیشە بووە، بەڵام هەرگیز بەو ئاستە لە خێرای و بەو جۆرە لە زەلیلی، رووینەداوە. بەراستی کردار شەرتە.
بەرهەم ساڵح نەک لای هەر ئینسانیکی هوشیار و سیاسی، بەڵکە لای هەر کەسێک ئەگەر زەرەیەک راستگۆی لەدەریای دروۆ و فریوکاریدا هەبێت و بدۆزرێتەوە، خۆی کردە مەسخەرەترین کەسایەتی سیاسی لە مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتیشدا… ئافەرین پیاوی کردار شەرتە!! چۆن بۆ پۆستێکی پوچ و لە پێناو پارەو ئیمتیازاتدا، تفت کردە هەموو ئەو بەڵین و وادانەی، کە هەموویان بەتازەیی لەبەردەستن…
بەرهەم سالح بەم رەفتارەی و زگزاگ سیاسیەی کردی، ئینتیحاری سیاسی کرد، بۆ پارەو پۆست… هەر بژی بەربژێری ئەو حزبەی بروای بە تۆیە،… دیارە یەکێتیش بە بەربژێرکردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری، گورزیکی کوشندەی وەشاندە بەرهەم ساڵح و کردییە ژمارەیەکی ناچیز لەناو خۆی یەکێتیشدا… بەرهەم ساڵح بوو پیاوی کرداری نامۆ… پیاوی پشتکردنە هەموو راستی و پرانسیب و مۆراڵیکی سیاسی… ئەم پۆستە نوێیەت پیرۆز!!
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٧ بەرواری ١/١٠/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…