تێبینی : ئەم نوسینە لە ژمارە ۳۷ بڵاوکراوەی بۆ پێشەوەدا بڵاوکراوەتەوە
لە گۆشەیەکی ترەوە
پرس و ڕای هەفتانە
٣٠-٩-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا
ئەرێ ئەو هەمو حەیاوحورمەتەی کە بە پێویستت دەزانی بۆ خۆت وەک سیاسی یەک بە چی فرۆشتت؟
گەڕانەوەی ڕیسواییانەی سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری – دکتۆر بەرهەم ساڵح – بۆ ناو ماڵە گەورەکەی مامی گەورەی ، بە دزی هەمو هاودیدەکانی یەوە، لە ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردودا بوە یەکێک لە ڕوداوە هەرە گەورەو سەرنجڕاکیش و گاڵتەجاری یەکان .ئەم ڕوداوە لە بۆتەی هەراوهوریاو بەڵێنی دۆزنانەو هەرەشەی زمان بڕین ئەوەندەی تر بو بە بەڵگە بۆ سەلماندنی دەنگدانو هەڵپژاردنی
.پەرلەمانەکەیان کە گاڵتەجاڕی یە.
ئەم هەواڵە هاودیدەکانی بەرهەم سالح و تەنانەت زۆربەی نوسەرە سیاسی و ڕۆشبنبیرەکانیش ، کە لە ڕوانگەی چینایەتیەوە ناڕوانن بۆ کۆمەڵگای کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی و کێشەو ململانێکانی، وەک هەورە تریشەی ئاسمانی ساماڵ وابوو بۆیانو توشی شۆکی کردن.
بە تایبەتی ئەم سەرۆکی هاوپەیمانی یە نوێ یە کە بە پیاوە لیبرالو عاقلەکەی ناو یەکێتی هەژماردەکراو، گوایە زۆر جێگای متمانەی مامی گەورەی بوو، لە قسەکانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەو لە دژی قۆرغکردنی دەسەڵاتو نادیموکراسی بون و ناعەدلەتی لە دابەشکردنی سەروەتو سامانی ووڵات لە لایەن بنەماڵەوە ، هاتۆتە دەرەوەو دەیەویت لە ڕێگای پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانی یە دیموکراسی و دادپەروەریەوە ئەو ئامانجانە بەدی بێنێت.
وە چەندین جار لە وەڵامی چاوپێکەوتنەکان و لێدوانەکانیدا جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەو خاوەنی حەیاو حورمەتەو هەرگیر بۆ پلەوپایەو پول و سەرمایە ناگەڕێتەوە ناو یەکێتی.
بۆیە ئێستا دوای ئەم چاوشارکێ دۆڕاو گاڵتەجاڕی یە هەمو لایەک هەقێتی لێی بپرسین ئەرێ دکتۆر بەرهەم ئەو هەمو حەیاو حورمەتەی کە بە پێویستت دەزانی بۆ خۆت وەک سیاسی یەک بە چی فرۆشتت…؟!
بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارەو دانی ڕاوبۆچون و هەڵوێستمان لەسەر ئەم پرسە کە بۆتە ڕوداوێکی گەورەو گەرم وا پێویست دەکات چەند ڕاستی یەک رۆشن کەینەوە کە هۆکاری ئەم چاوشارکێ دۆڕاو گاڵتەجاڕیەیە.
بەڕای من بەر لەهەر شتێک هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم ڕوداوە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕۆکی جوڵانەوەی کوردایەتی و دەستەوتاقمە چەتەگەری یە خێڵەکی و بنەماڵەیی یە دزو گەندەڵ و سەرکوتگەری یەکان لەم هەلومەرجەی کە سی ساڵە بەردەوامە.
ڕاستی یەکەی ئەوەیە کە هەمو ئەو حەیاو حورمەتەی کە سەرانی گەورەو بچوکی ئەم جوڵانەوەیەو دەستەوتاقمەکانی شانازنی پێوە دەکەن لە نزیک بە یەک سەدەی ڕابردودا بەستراوەتەوە بە پلەو پایەو پول و سەرمایەو پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانەوە.
ئاشتی و ململانێ و شەڕی ئەمانە هیچ کات لە پێناوی ئازادی زۆرینەی جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان و مافەکانیان نی یەو نەبوە.
هەر بۆیەش پەیڕەو کردنی هەر جۆرە کارو هەڵوێستێک لە دژی یەکترو ملشکاندنی یەکتروپاراستنی بەرژەوەندی یەکانیان لە ڕوی سیاسی و شەخسی یەوە بە ئاسایی دەزانن.
هۆکارێکی تر بەندە بەو کێشەو ململانێیانەی ناو یەکیتی یەوە کە دەمێکە هەیە. بە تایبەتی دوای مردنی مامی گەورەیان ، جەلال تالەبانی .ئەم کێشەو ململانێ یە لەسەر ئەو بەرژەوەندی یە ئابوری و سیاسی یانە گەییشتۆتە ئەو ڕادەیەیە کەسانی وەک بەرهەم ئەم چاوشارکی دۆڕاو گاڵتەجاڕی یە بکات.
هیچ گومان لەوەدانی یە کە یەکێتی وەکو نەوەی یەکەمی جولانەوەی کوردایەتی ،ماوەیەکە گەیشتوتە قۆناغێک تا بە تەواوی یان هەڵوەشیتەوە یان بە کردەوەو فەرمی ببێتە هێزێکی سیاسی خێڵەکی و بنەماڵەیی وەک پارتی .
تاڵەبانی باوک تا مرد نەیتوانی ئەم ستراتیژە یەک لا بکاتەوەو ڕاستەوخۆ بە بێ قەیدو شەرت بە کردەوەو بە فەرمی هەمو دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی ڕادەستی خێزان و کوڕو بنەماڵەکەی بکات. بۆیە کار گەییشتە ئەمرۆ دەیان باڵو سەدان لاباڵ و پەنجەی بە ئاشکرا تیا دروست بێت.
ئیستا ئیتر شەرە لەسەر پلەوپایەو پۆست وپول و سەرمایە.وە هێنانە پێشەوەی مامی بچوک کە قوبادە بۆ یەک لا کردنەوەی ئەو ململانی و شەڕەیە بە قازانجی باڵادەستی بنەماڵەی تاڵەبانی وەک پارتی و بارزانی .
خۆ ئەگەر تا بەستنی کۆنگرەکەیان نینۆکو باڵو لاباڵەکان ببڕنەوە ئەوە ئیتر ئەم شەڕە زۆر هێور دەبیتەوەو مامی بچوک لەسەر عەرشی کورسی پاشایەتی یەکەی مامی گەورە لە دەباشان دادەنیشێت.دوای ئەوە ئیترئەو کۆتا بڕیار دەدات کە کێ و کێ چی و چی هەبێت و نەبێت لە پلەوپاپەو پۆستو پول وسەرمایەیە.
هۆکارێکی تر ی دوای ئەمە پەیوەستە بە خودی ئەم سیاسەتمەدارە لیبرالە عەقل غەربی یە کە بەشی زۆری ژیانی لاوێتی لە ووڵاتانی رۆژئاوا، بە تایبەتی بەریتانیا و ئەمریکا بەسەر بردەوە. وەک دەڵێن سەری کردوە بەناو زۆریك لە داڵانەکانی دەزگا جاسوسی یەکانی ئەو ووڵاتانە بە تایبەتی ئەمریکا.
ئەم سیاسەتمەدارە خاوەن حەیاو حورمەتە هەر لەسەرەتای نەوەتەکانەوە لەگەڵ مامی گەورەیدا زۆر پێویستیان بە یەک بوو . هەر بۆیەش لە پڕێکدا لە ڕواڵەتی سیاسەتمەدارێکی لیبرال و ناوەڕۆک قەومی و خێڵەکی هاتە گۆڕەپانی سیاسی یەوە. بەڵام ئێستا دەرکەوت کە هەمو بیرو کارو کەلتوری سیاسی دونیای لیبرالیزمی لە هەلومەرجی کوردستاندا بەم چاوشارکی دۆڕاو گاڵتەجاری یەوە ببەستێتەوە.
هیچ گومان لەوەدا نی یە کە لە سایەی دەسەڵاتی سی ساڵەی چینی لۆمپەن بۆرژوازی و جوڵانەوە کوردایەتی یەکەی و دەستەو تاقمەکانی ناوەرۆکی ئەم سیاسەتمەدارانە کە دەیانەویت بە پروپاگەندەنی لیبرالیزم و سۆسیال دیموکراسی خەڵک تەفرە بدەن هەر دەردەکەوێت .
لە ڕویەکەوە ئەمەیان لە نەزانی یەوە نی یە بەڵکو لە درک کردنیانەوەیە بە ناوەڕۆکی جوڵانەوەو دەسەڵاتی دەستەو تاقمەکانیان لەم هەلومەرجەدا .
چونکە هەروەک چۆن خودی هەمو چینەکە بۆتە لۆمپەن بەهەمان شێواز ڕەوتو باڵەکانی بۆتە لۆمپەن لیبرالو لۆمپەن سۆسیال دیموکرات و…هتد .تەنانەت چەپی کۆن و نەریتی – تقلیدی – سەردەمی دونیای دوجەمسەری کە دەمێکە توشی شۆک و سەرە گیژە بوە، وەک توێژێکی وردە بۆرژوا، بونەتە زوڕنا ژەن و پاشکۆی ئەم چینەو جوڵانەو باڵ و لاباڵ و دەسەڵاتە دزو گەندەڵ و میلیشایی یەکەی .
ئاخر کوا لە دونیای سیستەمی دیموکراسی واقعی لیبرالی و سۆسیال دیموکراسی ڕۆژئاوا لە ئەمریکاو ئەوروپاوە تا ئوسترالیا سیاسەتمەدارێک هەبو وەک ئەم سیاسەتمەدارە هەموحەیاو حورمەتی خوی وا بە ئاسانی و ئاشکرا هەڕاج فرۆش بکات تەنها بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدیک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.پۆستێک کە نەک تاقمە ئیسلامی و تایەفی و قەومی و قەبیلەی یەکانی عەرەب گاڵتەی پێ دەکەن تەنانەت هەمو خەڵکی کوردستان و خودی سەرانی قەومی کورد گاڵتەی پێدەکەن.
ئاخر لە سیستەمی دونیای ڕۆژئاوا کێ بینوێتی سیاسەتمەدارێکی لیبرال بە بێ ئاشکرا کردنی جیاوازی فکری و سیاسیەکانی واز لە حزبەکەی بێنێت و حزبێکی ترلە چەند هەفتەو مانگ پێکبێنێت و پاشان بچیتەوە ناو حزبی یەکەم . هاوکات پاشەقول لە هاودیدەکانیشی بگرێت.
ئەمە بەس لە پیاوە لیبرال و عەقڵ ڕۆژئاوایی یەکەی ناو دونیای سیاسەتی کوردایەتی ڕودەدات.
جا وەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا ئەمە هەر ئاکامو بەرەنجامی ئەو ململانێ شوم و دواکەوتوە یەیە کە دەیان ساڵە پارتی و یەکێتی وەک باوکو کوڕی جولانەوەی کوردایەتی ئەنجامیان داوە.
لەوەتەی جوڵانەوەی کوردایەتی هەیە ،بە تایبەتی لەو کاتەوە دوو شەق بوە لە نیوەی پەنجاکان بەدواوە بۆتە مەلایی و جەلالی، دەیان دیاردەو گەمەی وا کۆمیدی و تراژیدیان تۆمار کردەوە کە هەمیشەش خەڵکی کرێکارو زەحمەتیکیش باجەکەیان داوە.
کاتێک ٦٦ و ٧٠ و ٧٥ و ٨٣ و٩٤ و ٩٦ و ٢٠١٦ دەیان و سەدان روداوی تر لەنێوان ئەم مێژوەدا هەبێت و بەشێک بێت لە مێژوی جوڵانەوەی کوردایەتی وتاقمە خێڵەکی وبنەماڵیی یەکانی ئەوە ئیتر چاوشارکێ دۆڕاوە ڕیسواو گاڵتەجاری یەکەی ئەم سیاسەتمەدارە بە حەیاو حورمەتە لیبرالەش دەبێتە ڕودواێکی ناو مێژوویی ئەم جوڵانەوەیە.
بۆیە خەڵکی بە گشتی ،بە تایبەتی هاودیدەکانی ئەم سیاسەتمەدارە بە حەیاو حورمەتە هەقیانە بپرسن ئەری ئەو هەمو حەیاو حورمەتەی کە بە پێویستت دەزانی بۆ خۆت وەک ئینسانێکی سیاسی بە چی فرۆشتت…؟!
وەڵامەکەشی ڕونو ڕاشکاو هەر ئەوەیە کە بەو کورسی یە لەرزیوەی سەرۆک کۆماری عیراق فرۆشتی کە دەمێکە لە پشتەوە خۆی بە قاچەکانی یەوە هەڵواسیوە.
بەڵام پێویستە ئەم سیاسەتمەدارە بە ڕواڵەت لیبرالەو هەمو سیاسەتمەدارانی تری کوردایەتی باش بزانن کە لە کۆمەڵگای چینایەتی کوردستانداو بونی بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی دا هەر زوو لە ناوەڕۆکی سیاسەتو کردەوەو بانگشەکانیان تێدەگەن وهەمیشە دەیان دەدەنە بەر ڕخنەو ناڕەزایەتی و ڕیسوایان دەکەن.
جا پێویستە ئەم ڕوداوە گاڵەجاڕییەش ببێتە بەڵگەو ئەزمونێكی تر تا جەماوەری ئازادیخواز بەشداری گاڵتەجاری هەڵبژاردنی بەناو پەرلەمانەکەیان نەکەن و هەمو سیاسەتو کارو کردەوەو هەڵویستەکانیان ڕیسوا
بکەن.
. . .