لە ساڵیادی رفراندۆمی ٢٥ سێپتەمبەردا چی فێردەبین؟

٢٥ سێبتەمبەر ساڵیک بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمدا تێپەردەبێ. رفراندۆم نیشانی دا کە خەڵکی کوردستان بەردەوامن لەسەر داوای سەربەخۆیی لە عێراق و ئەمە تەجروبەی سەدەیەک لە شەڕو کێشەی قەومیە لەگەڵ دەوڵەتە شۆڤێنیستیە عەرەبیەکانی عێراقدا. لە کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ەوە چەندین کاتی گونجاو هەبوە بۆ ئەنجامدانی رفراندۆم ، لەچەشنی ١٩٩١ دوای چۆڵکردنی کوردستان لەلایەن بەعسەوە، لە ٢٠٠٣ دوای ڕوخانی بەعس ، لە ٢٠١٤ دوای هاتنی داعش و نەمانی حکومەتی عێراقی لە کەرکوک و جێگاناکۆکەکان. هەربۆیە ئەنجامدانی رفراندۆم لە ٢٧ ساڵی ڕابردوودا هیچ کات “ناوەخت” نەبوە و هەمیشە شانسی سەرکەوتنی هەیە چونکە زۆربەی زۆری خەڵک بە تەجروبەی پراتیکی خۆی بەو ئەنجامە گەیشتوە کە سەربەخۆیی ڕێگاچارەیە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.
ئەوەی شکستی هێنا رفراندۆم نەبوو ،چونکە زۆربەی خەڵک بەسەرکەوتوانە دەنگی بەسەربەخۆیی دا، بەڵکو شکستی هێنانی ئەو ئەنجامە بوو کە پارتی و باڵێکی یەکێتی لە رفراندۆمیان دەویست. یەکێتی و پارتی کە ستراتیژی سەربەخۆییان نیە،رفراندۆمیان وەک وەسیلەیەک بەکارهێنا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی دوای هاتنی داعش و لەسەروو هەموشیانەوە کۆنترۆڵی کەرکوک. بەڵام لەبەر بەرژەوەندی سیاسی جیاوازی باڵی دەستڕۆشتوی یەکێتی ئەنجامی رفراندۆم کرایە بیانو بۆ تەسلیمکردنی کەرکوک بە ئێران و حکومەتی شیعە. ئەم دوو حزبە چ لە ناوخۆی عێراق و چ لە ئاستی ناوچەکە و جیهان ئەمەیان بۆ نەچوە پێش و ئەم ئەنجامەی مامەڵەکردن بە رفراندۆمە شکستی هێنا.
ئەم تەجروبەیە دەیسەلمێنێ کە دۆخ و چارەنوسی کوردستان بەدەست یەکێتی و پارتیەوە هەمیشە قابیلی سازش و فرۆشتنە، ئەگەر هەرلایەک لەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە قازانجی سیاسی لەم مامەڵەیەدا بێت. بەستنەوەی رفراندۆم و ئاکامەکەی بە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری یەکێتی و پارتیەوە و بەتایبەت بۆ پاراستنی کۆنترۆڵیان بەسەر چاڵە نەوتەکانی کەرکوکدا و مانەوەی ئەم دوو حزبە لە ژێرسایەی سیاسەتی ئێران و تورکیا لەعێراقدا ، ئەمانە هەمویان فاکتەری بەلاڕیدابردنی خواستی سەربەخۆیی و سەرنەکەوتنی ئەم خواستەن . هەربۆیە لای ئەم دەسەڵاتدارانەی کوردستان هیچ دۆخ و ئایندەیەک و “دەستکەوتێک” نیە کە جێگیر بێ و زەمانەتی هەبێ و قابیلی ساتوسەودا نەبێ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئێران و تورکیادا.
هەربۆیە ئەم ڕاستیە ئەوەمان پێدەڵێت کە خواستی سەربەخۆیی لەلایەن هێز و بزوتنەوەیەکی سیاسیەوە بەدەست دێت کە بتوانێت پێشتر چارەنوسی کوردستان لە دەست یەکێتی و پارتی دەربهێنێ. بەبێ بونی هێزی سەربازی و دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری ناتوانرێ نەخشەی سەربەخۆیی جێبەجێ بکرێ و توانای بەرەنگاربونەوەی هێرش و فشارێکی حکومەتی عێراق هەبێ.لەئێستادا ئەم بزوتنەوە و هێزە سیاسیە لە نێو حزبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکان و ریفۆرمیستەکانی کوردستاندا پەیدانابێ و بەشێک لەم هێزانە نەک هەر بێدەنگیان هەڵبژارد بەرامبەر بە لەشکرکێشی و کوشتاری حکومەتی عێراق بەڵکو کەوتنە دژایەتی رفراندۆم وەک مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستان و دەیانویست لەڕێگەی هاوکاری عەبادیەوە پلە و پۆستیك پەیدابکەن و ببنە هێزی سەرەکی لە کوردستاندا و کەم تازۆر وەک باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی رەفتاریان دەکرد. هەربۆیە ئەوبزوتنەوە و هێزی جەماوەری و سیاسیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانە کە دەتوانێ ئەم داوای سەربەخۆییە بەسەرکەوتن بگەیەنێ و بۆئەمەش دەبێ لە پێشدا چارەنوسی کوردستان لەدەست یاریپێکردن و مامەڵەی یەکێتی و پارتی دەربهێنێ.
ئەم بزوتنەوەیە پێویستە نەخشەی چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی هەلومەرج و بڕیاری نێودەوڵەتی و هەڵوێست و پەرچەکرداری ئێران و تورکیا دابڕێژرێ ،کە لەئێستادا ئەمانە هەموو دژی سەربەخۆیی کوردستانن.هەربۆیە کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان پێویستی بە ڕاکێشانی پشتیوانی نێودەوڵەتیە. بێگومان ئەگەر لە جێگای یەکێتی و پارتی هێزگەلێکی سیاسی تر سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیەیان بکردایە ،کە بەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و زەحکمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانیان بۆ سەرەکی بوایە نەک تەنیا حساباتی بیرە نەوتەکانی کەرکوک، ، ئەکرا لەسەر ڕاکێشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و نوێنەرایەتی کردنی سیاسی ئەم مەسەلەی رفراندۆمە لە کۆبونەوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکاندا و نێوەندە نێو دەوڵەتیەکاندا، ئامادەکاری جەماوەری و سەربازی بەرامبەر بە پەلاماردانی سوپای عێراق ،حسابکردن بۆ چۆنیەتی دواخستنی چەند مانگەی رفراندۆم و فرسەت نەدان بە عەبادی و حەشدی شەعبی بۆ قۆستنەوەی شەڕی دژی داعش و نەبەستنەوەی رفراندۆم بە شەڕ لەسەر مانەوەی کۆنترۆڵی پارتی و یەکێتی بەسەر بیرە نەوتەکانی کەرکوکدا و زۆرشتی تر، ئەمانە هەموو دەکرا بۆ زەمینەسازکردن بۆ بەرگریکردن لە ئەنجامەکەی سازبکرێ. ئەم هێزە ئەلتەرناتیڤە پێویستە بێتە مەیدان و جێگا بە یەکێتی و پارتی لێژ بکا و هەر ئەمەش سەرکەوتنی خواستی سەربەخۆیی مسۆگەر دەکا و لەدەست مامەڵەی یەکێتی و پارتی ڕزگاری دەکا.
هەروەها پێویستە ئەوەش بە وانەیەکی گرنگ بزانرێ کە کێشەی کەرکوک لەڕیگەی شەڕ و ململانێی قەومی و عەسکەری بەقازانجی دانیشتوانی کەرکوک و کوردستان تەواو نابێ و پێویستە زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئارام و دوور لە دەمارگیری قەومی لەو شارە و جێگا ناکۆکەکان دروست بکرێ تا لە ئایندەدا یارمەتی پرۆسەی هەڵبژاردنێکی ئازادی هاوڵاتیان بدا لە کاتی جیابونەوەی کوردستاندا.
هۆکاری ئەم دۆخەی کوردستان کە تورکیا و ئێران و عێراق دەتوانن بە بیانویەک ، کە ئەم جارەیان رفراندۆم بوو،بیشێوێنن و هەرجارەی کارەساتێک بەسەر خەڵکەکەیدا بهێنن و ئارامی سیاسی و ئابوری تێک بدەن لە ئێستادا بەشێکی سەرەکی خودی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیە، وە هاوکاری ئەوانە لەگەڵ ئەم دەوڵەتانەدا و پێویستی پەنابردنیانە بۆ ئەم دەوڵەتانە تاکو هاوسەنگی هێزی ناوخۆی کوردستانی پێ بگۆڕن. هۆکاری ئەم سیاسەت و تاکتیکە دژ بەیەکی یەکێتی وپارتی و شەڕ و ململانێی ناوخۆیان و ڕیکنەکەوتنی ستراتیژیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمانە ناسیونالیزمێکی بێ دەوڵەتن و هێزێکی لۆکاڵی و ناوچەگەری میلیشیایین کە بەرژەوەندی داهات و دەسەڵاتی ناوچەکانیان لەپێش دۆخ و چارەنوسی کوردستان و خەڵکەکەیەوەیە. دۆخی ئێستای کوردستانیش کە نزیک بە سێ دەیەیە دەسەڵاتی دیفاکتۆی کوردی هەیە نەیتوانیوە ئەو پرۆسەیە کامڵ بکا و قەوارەیەکی سیاسی مۆدێرنی دەوڵەتی دروست بکا و قاڵبی عەشیرەتگەری و بنەماڵەیی و ناوچەگەری سەپێنراوە بەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستاندا و ڕێگەی گرتوە لە گەشەکردنی و کامڵبونی بەرەو کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و دەوڵەتێکی مۆدێرن. ئەمانە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئابوری و خوێندن و ڕۆشنبیری و ناسنامە و خەبات و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوە داناوە و دۆخێکی سەخت و چەقبەستوی دروست کردوە.
سەرەرای ئەوەی ئاڵوگۆڕە ئابوری و سیاسیەکانی ١٥ ساڵی ڕابردووی کوردستان ناکۆکی دروستکردوە لە نێوان فەرهەنگی گشتی خەڵک و فەرهەنگی ناوچەگەری و عەشیرەتگەری دوو حزبی دەسەڵاتداردا و ناڕەزایەتیە جەماوەری و سیاسیە بەردەوامەکانیش بەم دوو حزبە ناسیونالیستە دووریەکی لە نێوان دەسەڵات و جەماوەری کرێکار و فەرمانبەر و هەژار و ئازادیخوازدا دروستکردوە. بەڵام هێشتا “ناسیونالیزمی کورد” وەک تیۆری شەرعیەتی سیاسی ئەم دوو حزبە کاردەکا لەژێرکاریگەری ئەو ڕۆشنبیریە ناسیونالیستیەدا کە مادام چوارچیوەی ئەتنیکی کورد لە عێراقدا هەیە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی حزبە ناسیونالیستەکانیش هەبن. وە هێشتا ناڕەزایەتی کرێکار و فەرمانبەر و خەڵکی ئازادیخواز بەرامبەر بەم دەسەڵاتە لە ژێر سایەی ڕۆشنبیری ناسیونالیستیدا ماوەتەوە و نەیتوانیوە ڕۆشنبیریەکی جیاواز و دژ بە ڕۆشنبیری دەسەڵاتدار دروست بکا. ڕۆشنبیریەک بەدەوری ئەو ڕاستیەدا کە بەرژەوەندی و دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی نەک هیچ پەیوەندیەکی بەئازادی و سەربەخۆیی کوردستانەوە نیە بەڵکو وەک لە ٢٧ ساڵی ڕابردودا نیشانی داوە خودی ئەم دەسەڵاتە ڕێگری بەردەم ئەم ئازادی و سەربەخۆییەیە.
لە کۆتاییدا وەک ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ،کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا کاری بەردەواممان بۆ سەرخستنی ئەم خواستە کردوە و وەک بەشێک لە خەڵکی کوردستان ،کە خواستی سەربەخۆیی لایان بوەتە ڕێگاچارەیەک و هەرکاتێکی تر بە رفراندۆم بێت یان بێ رفراندۆم خەڵک دەنگ بەم خواستە دەدەن، پێداگری لەسەر ئەم ڕێگا چارەیەی سەربەخۆییە دەکەینەوە و بەردەوام کار لە پێناو بەدیهێنانیدا دەکەین.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
25 سێپتەمبەری 2018

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *