حکومه‌تی یه‌کحزبی و یه‌ک بنه‌ماڵه‌.. پارتی و دروشمی “کوردستانێکی به‌هێز”

خه‌سره‌و سایه‌

‌جێگاوڕێگایه‌ک که‌ پارتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌یه‌تی، خولیای فراوانکردنه‌وه‌ی قه‌ڵمڕه‌وی ده‌سه‌لاتدارێتی خۆی به‌سه‌ر کوردستانه‌وه، کردۆته‌  ئامانجێکی تایبه‌ت.

به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی هه‌قیقه‌تی ئه‌م خولیاو ئامانجه‌ باس بکه‌ین، با که‌مێک له‌سه‌ر خودی ئه‌م دروشمه‌ ڕاوه‌ستین.

به‌واتایه‌کی گشتی ئه‌م دروشمه‌‌ ئه‌توانی ئاماژه‌بێت بۆ بردنی کوردستان به‌ره‌و وڵاتیکی به‌هێز له‌ڕووی سه‌ربازی و ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسی وئه‌منی وزۆر لایه‌نی تره‌وه‌. که‌وایه‌ زۆر به‌ساده‌یی با بپرسین:

* ئایا له‌ڕووی سه‌ربازیه‌وه‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ کوردستان به‌ره‌و ئاستێک ببرێت که‌توانای خۆڕاگری و وه‌لامدانه‌وه‌ی هه‌بێت به‌هه‌ر خه‌ته‌رێکی ده‌ره‌کی ولانی که‌م ڕێگه ‌نه‌دات به‌ده‌ست درێژیه‌ سه‌ربازیه‌کانی ولاتانی ده‌روبه‌ر؟ بێگومان نا چونکه‌  کارنامه‌ی ئه‌م حزبه‌ و بنه‌ماڵه‌یه‌ک که‌ هه‌ڵیده‌سوڕێنی تا ئیستا وای نیشانداوه‌ که‌بۆ  به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی ئاماده‌یه‌ ده‌ست له‌نێو ده‌ستی شایتان بنێ وله‌پێش له‌شکری کردندا، بۆ ولاتانی دراوسێ، هێنده‌ چاوکراوه‌ بێت، که‌ ‌چاوپۆشی کردن له‌بوردومان وهاتنه‌ناوه‌وه‌ و ده‌ستریژی‌ سه‌ربازی ڕۆژانه‌ی هێزی ئه‌م وڵاتانه‌ وه‌ک ئاو خواردنه‌وه‌ وابێت بۆی.

* له‌رووی ئابوریه‌وه‌، ئایا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ له‌کوردستانه‌ به‌هێزه‌که‌ی پارتیدا،   خزمه‌تگوزاریه‌کانی ئاو وکاره‌با، سوته‌مه‌نی و هۆیه‌کانی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، خویندن وته‌ندروستی خۆڕایی ده‌بن؟ وه‌یان لانی که‌می ژیان وبێمه‌ی تێرو ته‌سه‌ل وه‌ک مافێک بۆ هاولاتیان به‌ڕه‌سمی ده‌ناسرێت؟ وه‌یاخود یه‌که‌ی نیشته‌جێ بوون، فرسه‌تی کار، موچه‌ی به‌رز وهه‌رچیه‌ک که ‌په‌یوه‌ندی به‌ژیانی خه‌لکی هه‌ژارو که‌مده‌رامه‌ته‌وه‌یه‌ به‌سانایی دابین ده‌کرێت؟.. بێگومان له‌مشدا نه‌ء ، چونکه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ ئابوریه‌ی که‌‌هه‌ولێری پایته‌ختی کردۆته‌ ”دوبه‌ی دووه‌م“ وپارتی وه‌ک شانازیه‌ک بۆخۆی باسی لێوه‌ده‌کات، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌بوونی کاره‌باو بیکاری چه‌ند ملیۆنی ونه‌دانی موچه‌ وپه‌ره‌سه‌ندنی قاچاغ چێتی ده‌رمانو به‌رین کردنه‌وه‌ی جیاوازی چینایه‌تی و هه‌ژاری دامه‌زراوه‌.

* له‌ڕووی سیاسی و حوکمرانیه‌وه‌، ئایا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ هێزی جه‌ماوه‌ر به‌بنه‌ما وه‌رده‌گیرێ وڕێگا به‌خه‌ڵک  ده‌درێ ژیانی خۆیان به‌ڕیوه‌به‌رن و ئیتر حوکم و ده‌سه‌لاتی چه‌ک ومیلیشیاو ده‌زگای شاراوه‌ی ئه‌منی به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه‌ نه‌مێنێ؟ وه‌یا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ ئازادیه‌کان به‌رقه‌راده‌بێ وئیتر قسه‌یه‌ک له‌پیرۆزی بنه‌ماڵه‌و ئاین و نه‌ته‌وه‌ ومێژویی مه‌لاو شێخه‌کان ناکرێ وسکولاریزم ومافی چونیه‌کی هاوڵاتیان به‌رقه‌رار ده‌بێ؟ وه‌یاخود مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که ئیتر کۆتایی به‌سیاسه‌تی ژێر به‌ژێڕ ودیبلۆماسی نهینی وڕیکه‌تن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان وده‌سته‌و تاقمی کۆنه‌په‌رست  دێت وئیراده‌ی خه‌ڵک  وپشت پیبه‌ستن پێی، بنه‌مای هه‌ر هه‌نگاوێکی سیاسی ده‌بێت؟ بێگومان نا چونکه‌ شه‌راکه‌ت له‌ده‌سه‌ڵاتدا، ته‌وازن له‌هیزی ده‌ست ڕاگه‌یشتن به‌ ئیمکاناته‌کانی وڵاتدا، ته‌وافق له‌سه‌ر دانی بڕیار، به‌جۆرێک که‌وه‌گه‌رخستنی بازاڕی سه‌رمایه‌و بازرگانی و کۆکردنه‌وه‌ی دهاتو سامانی ولات له‌لای پارتیو حزبه‌ هاوخێزانه‌کانی تر مسۆگه‌ر بکات،  ئه‌و پره‌نسیپانه‌یه‌ که‌کۆنه‌په‌رسترین ودژی ئینسانیترین ڕه‌وشتی سیاسی له‌لای ناسیونالیزمی کورد به‌رهه‌مهێناوه‌.

* له‌رووی ئه‌منیه‌تی  فه‌ردی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ئایا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌کۆمه‌لگای ئاسوده‌و فه‌ردێکی پارێزراو وژیانێکی ئارام بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان دابین ده‌کرێ‌؟ ئایا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ئیتر چه‌ک وهیزی میلیشیای حزب بۆ یه‌کلا کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی سیاسی لایه‌نه‌کان به‌کار نا‌هێنرێ وقه‌ده‌غه ‌ده‌کرێ، ته‌نانه‌ت ئیتر باره‌گای هیچ حزبیک ناسوتێندرێ؟ وه‌یا ئیتر  ‌ژن کوشتن، فڕاندنی ڕۆژنامه‌نوسان، فتوای مه‌لا، لێدانو سوکایه‌تی کردن به‌تاکی کۆمه‌ڵگا، ته‌قه‌کردن له‌ خۆپیشاندان و چی وچیتر نابنه ‌مایه‌ی نائارامی ژیانی فه‌ردو کۆمه‌ڵگا؟ بێگومان نا چونکه‌ پارتیو بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی موقه‌ده‌س و هێڵی سوره ولادان لێی نه ‌ئه‌منه‌یتی فه‌ردی و وه‌نه‌ کۆمه‌لایه‌تی ئه‌توانێ مانایه‌کیان هه‌بێت… به‌ڵام به‌دوای ئه‌م قسانه‌دا دیسانه‌وه‌ پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه:  مه‌به‌ستی پارتی له‌کوردستانێکی به‌هیز چیه‌؟

ئاشکرایه‌ پارتی له‌کاتێکدا بۆ ئه‌م دورشمه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ که‌ کوردستان ده‌وڵه‌ت نیه‌، له‌غیابی ئه‌م فاکتۆره‌شدا، به‌هێزی وڵات ناتوانێ له‌فراوانبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌لاته‌ ناوچه‌ییه‌کان ونفوزی ئه‌حزابێک زیاتر تێپه‌ڕێت که‌به‌هیزی چه‌کو میلیشیا ژیانی هاولاتیانییان له‌قاڵبداوه‌. به‌واتایه‌کیتر مه‌به‌ستی پارتی له‌م دروشمه‌ به‌دیاریکراوی له‌م قۆناغه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی و بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی بۆ ناوچه‌ی سه‌وز بگوازێته‌وه‌ وتاڕاده‌یکی زۆر جڵه‌وی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش بگرێته‌ ده‌ستو بیخاته‌ ژێر ڕکێڤی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌وڵیره‌وه‌. هاواری نێچرڤان بارزانی  بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ”حکومه‌تی هاوبه‌ش“ ده‌سه‌لاتی له‌رزۆک وناجیگیر به‌رهه‌م دێنێ وئیتر له‌به‌رچاوی ناگرن، وه‌یا ئه‌وه‌ی که‌ مه‌سرور به‌رزانی ده‌لێت  ته‌نها ”حکومه‌تێکی به‌هێز“ که‌پارتی بۆی تێده‌کۆشێت ده‌توانی ڕێگه‌ له‌دوباره‌ بوونه‌وه‌ی 16ی ئۆکتۆبه‌ر بگرێ،..‌ ئاماژه‌ن بۆئه‌وه‌ی که‌له‌پشت دروشمی کوردستانیکی به‌هێزه‌وه‌، ئامانجی حکومه‌تێکی یه‌کحزبی، خه‌وتوه، حکومه‌تێک ‌ که‌ده‌ست ڕۆیشتویی بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی به‌سه‌ر کوردستانه‌وه‌ زیاترکات. بۆ ئه‌مه‌ش ‌به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی کورسیه‌کانی په‌رله‌مان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، پێداویستیه‌کی سه‌ره‌کیه‌، چونکه‌ پارتی له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانێ شه‌رعیه‌تی پێکهێنانی حکومه‌تێکی یه‌کحزبی به‌ده‌ست بهێنێ وله‌ژێر ناوی دیموکراسی و ئستیحقاقی هه‌ڵبژراندا‌ خۆی به‌سه‌ر لایه‌نه‌کاندا داسه‌پێنێ و سه‌ره‌نجام ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماله‌ی به‌رزانی به‌سه‌ر هه‌موکوردستاندا به‌رینکاته‌وه‌. بێگومان ئه‌وه‌ی که‌تاچه‌ند ئه‌م ئامانجو خولیایه‌ی پارتی مایه‌ی ته‌حقیق بونه‌، به‌ڕۆڵی خه‌ڵک خۆیانه‌وه‌ گڕێدراوه‌. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کوردستان له‌هه‌نگاوی یه‌که‌مدا بایکۆتی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن وبه‌زۆرینه‌ ڕیسوای بکه‌ن و“نـــا“ یه‌کی گه‌وره‌ به‌ڕوی پارتیو لایه‌نه‌کاندا بده‌ن، له‌هه‌نگاوه‌کانی دواتردا، ده‌توانن بیرێکیش له‌کۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌لاتیان به‌که‌نه‌وه‌ که‌هۆکاری مه‌ینه‌تیه‌کانی ژێانی رابردوو ئێستایانه‌..

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *