تەجربەی ڕەوتی چاکسازی لەکوردستان چیمان پێ دەڵێت!

ده‌شتی جه‌مال

ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵکی کریکارو زەحمەتکیشی کوردستان  زیاتر لە سێ دەهەیه‌ بەرامبەر بە ستەمکاری ئەحزابی بورجوا ناسیونالستی ده‌سه‌ڵاتدار بەشیوازی جۆراجۆر دریژەی بوەو وه‌ک بابه‌تێک سه‌رنجی ڕەوت ولایه‌نه‌کانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوه‌ تا جڵه‌وه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن.   بزووتنەوەی گوران وەک باڵێکی جیابوه‌وە له‌یه‌کیه‌تی، له‌گۆشه‌یه‌کی سه‌ره‌کیدا، به‌ر ئه‌نجامی فشاری ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیو نه‌فره‌ته‌ی خه‌ڵک بووه‌ له‌ده‌سه‌ڵات. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ که‌لەژیر ناوی چاکسازی وڕیفرۆمه‌ کردنی دەسەلاتی یەکیتی و پارتیدا، وەک هیزێکی ئۆپۆزسیۆن خۆی ناساندووه‌، به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ جڵه‌وی ئه‌م نه‌فره‌ته‌ی خه‌ڵک بگرێ وسواری شه‌پۆلی ناره‌زایه‌تی وخۆپیشاندانه‌کانی جه‌ماوه‌ر ببێت تا وه‌ک ئامرازێک بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ سیاسیه‌کانی خۆی به‌کاری به‌ری وله‌م ڕێڕه‌وه‌شدا سه‌ره‌نجام توانی 24 کورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێ وببێته‌ هیزی دوه‌م . به‌ڵام ستراتیژی خه‌باتی ‌په‌رله‌مانی و ”گۆڕین وچاکسازی“ کردنی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیای له‌ڕیگای په‌رله‌مانه‌وه‌، تائێستا چ ته‌جروبه‌یه‌کی نێشانی خه‌ڵکی کوردستان داوه‌؟

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ڵێنیدا 4 ساڵی ئارام به‌ڕێده‌کات خۆی خسته‌ بازنه‌یه‌که‌وه‌ که‌پارتی ڕه‌نگ ڕیژی کردبوو،  ‌بۆ ئه‌مه‌ش  سه‌رۆکی په‌رله‌مانی گرته‌ده‌ست وله‌ ‌حوکمه‌ته‌ بنکه‌ فراوانه‌که‌ی پارتیدا به‌شداری کرد وچه‌ندین پۆستی وه‌زاری و به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی  وه‌رگرت، وه‌ به‌کرده‌وه‌ که‌وته‌ نێو بۆته‌ی ئه‌زمونێکه‌وه‌ که‌ئایا ده‌توانێ وپێی ده‌کرێ له‌ڕیگای په‌رله‌مان و به‌شداری کردنیدا له‌حوکمه‌ت، سیسته‌م بگۆڕێ وخواسته‌کانی خه‌ڵک به‌دیبهێنێ؟. به‌لام  زۆری نه‌خایاند ئه‌م ته‌جروبه‌یه‌ واقعیه‌تێکی تری نیشانداین.  کێشه‌ وناکۆکی نیوان لایه‌نه‌کان، پارتی به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا برد که‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وسیاسه‌ته‌کانی پێ ته‌حه‌مول نه‌کرێ وده‌رگا به‌ڕووی به‌رنامه‌ی   چاکسازی و ئەو بانگه‌شانه‌دا داخات که‌پایه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ لاوازبکات که‌پارتیو یه‌کیه‌تی به‌زۆری چه‌ک له‌سه‌ر سه‌ریه‌وه‌ ڕاوه‌ستاون، وه‌ له‌ئاکامیشدا، سەرۆکی پەرلەمان نێردرایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌و وەزیرەکانیش له‌نێو کابینەی حکومەتدا وه‌ده‌رنران، به‌م پێیه‌ش ‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌ک هه‌ر ته‌ریک که‌وته‌وه‌، به‌ڵکو خودی ستراتیژی چاکسازی له‌ڕیگای په‌رله‌مان وبه‌شداری له‌حوکمه‌تدا، به‌بنبه‌ست گه‌یاند.  ته‌وای کارکرده‌کانی ئه‌م ته‌جروبه‌یه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌لێت که‌چاکسازی کردنی ده‌سه‌ڵاتێکی حزبی وناوچه‌یی که‌پشتیداوه‌ به‌هێزی میلیشیاوه‌وه، نه‌ک هه‌ر نامومکینه‌ به‌لکو خۆشخه‌یاڵیه‌کی بیهوده‌یه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌هێشتا ‌سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ڕاستیه‌کانی ئه‌م ته‌جروبه‌یه نه‌گه‌یاندووه‌ تا ده‌ست هه‌ڵبگرێ له‌‌و سیاسه‌ته‌ی که‌خه‌ڵکی گیرۆده‌ی وه‌همی هه‌ڵبژاردن وڕاکێشانیان بۆ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان کردوه‌، خۆی ڕیشه‌ی له‌و واقعیه‌ته‌دایه‌ که‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ وه‌ک هه‌ر حزبێکی نێو خێزانی ناسیونالیزمی کورد،  ته‌جروبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتیو یه‌کێتی به‌ئه‌زمون و ده‌ستکه‌وتی خه‌لکی کوردستان ده‌زانێ وده‌بێ پارێزگاری لێبکرێ، هه‌ربۆیه‌ پڕۆژه‌ چاکسازیه‌که‌ی تا ئه‌و جێگه‌یه‌ ده‌ڕوات که‌که‌موکوڕ‌یه‌کانی ده‌سه‌لاتی ئیستا لاببات و ڕویه‌کی جوانتری پێببه‌خشێت، هه‌روه‌ها جه‌ماوه‌ری نارازی کوردستانیش به‌وه‌ قانعکات که‌له‌سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌دا، به‌و هه‌مو بێمافیو سه‌رکوتو جیاوازیه‌ چینایه‌تیه‌وه‌ که‌گیرۆده‌ی بوون، بمێننه‌وه‌. ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌و هونه‌ره‌یه‌ که‌ پڕۆژه‌ وسیاسه‌ته‌کانی ڕه‌وتی چاکسازی پێمان ده‌ڵێت‌. ئێستا که‌ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌رسی له‌شکسته‌کانی خۆی وه‌ر نه‌گرتووه‌ وجارێکیتر بانگه‌شه‌ بۆ به‌شداری کردنی خه‌ڵک له‌هه‌ڵبژاردنێکدا ده‌کات، که‌له‌پێشه‌وه‌ مه‌علومه‌، پارتیو یه‌کیه‌تی چ له‌ڕیگای ته‌زویرو ساخته‌کاریه‌وه‌ بێت، چ به‌زۆر وهه‌ڵفریودانی هاوڵاتیانه‌وه‌بێت، هه‌ر خۆیان براوه‌ن ومه‌حاڵێشه‌ له‌م ڕیگایه‌وه‌ ده‌سه‌لات ده‌ستاو ده‌ست پێبکه‌ن، به‌پیویست ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌خاته‌ خانه‌ی هاوبه‌شیکردنه‌وه‌ له‌مانه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی یه‌کیه‌تی و پارتیدا.

که‌وایه‌ خه‌ڵکی کوردستان نابێت به‌بانگه‌شه‌ی ئه‌م ره‌وته‌ فریو بخۆن، به‌لکو ده‌بێ به‌بایکۆت کردنی هه‌ڵبژاردن جارێکیتر ”نــــــا“یه‌کی گه‌وره‌ به‌ڕووی هه‌موو حزبه‌کانی به‌شدار له‌م گاڵته‌جاڕیه‌دا بده‌نه‌وه‌.

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *