بۆچی خەڵك بەشداری هەڵبژاردن نەکەن!؟

موحسین کەریم

زۆربەی ئەو لایەنە سیاسیانەی کوردستان کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن یان رکابەری پارتی و یەکێتی دادەنێن، دەڵێن بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردندا مانای قبوڵکردن و ڕازی بوونە بە هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستان و خزمەتکردنە بە مانەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی. بەو پڕوپاگەندەیە هەوڵ دەدن خەڵك بترسێنن تا دەنگەکانیان بۆخۆیان مسۆگەر بکەن. ئەوان دەیانەوێ وا لەخەڵك بگەیەنن کە ئەگەر دەنگ بەوان بدەن، ئەوا ئەو لایەنانە دەتوانن یەکێتی و پارتی لاواز بکەن و یاخود لەدەسەڵاتیان بخەن! بەڵام ئەمە درۆیەکی پوچەو ئەزمونی نزیك بە ١٠ ساڵی رابردوو ئەوەی سەلماندوە کە ئەو حزبانە لە ترۆپکی بەهێزیاندا تەنها لەبەردەم قاپی حکومەتی یەکێتی وپارتیدا وەستاون، تا پۆستی چەند پۆستێکی ئیداریان بدەنێ و لەبەشی داهاتی هەرێمدا پشکێکیان بۆ تەرخان بکەن . ئەو هێزانە نەك نەیانتوانی و ناتوانن دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لاواز بکەن، بەڵکو شەرعیەتی سیاسی و یاساییان دا بە دەسەڵاتی میلیشایی و بنەماڵەیی ئەوان و ئێستاش هەر هەمان کار دوبارە ئەنجام دەدەنەوە. بەپێچەوانەی بانگەشە پڕ درۆو چەواشەکاریەکانیان، گەورەترین خزمەت بە دەسەڵاتی ئەو دوو حزبە دەکەن! چۆن!؟

یەکەم: دەسەڵاتی سیاسی کوردستان میلیشاییە. هیچ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا لەرێگای هەڵبژاردن و دەنگدانەوە ناکرێ، بەڵکو ژمارەی لولەی چەکەکان و بلۆکە دۆلارەکان بڕیار دەدەن. دەسەڵات بۆ یەکێتی و پارتی بڕاوەتەوە و ئەوەشی بڕاندویەتیەوە، هێزی چەک و پارەی ئەو دوو حزبەیە، کە ماوەی (٢٧) ساڵە دەسەڵاتی سیاسی کوردستانیان لەژێر دەستی خۆیاندا قۆرخکردوە و هەر ئەوەش پێگەی ئەوانی لای ئەو دەوڵەتانەی کە دەورو دەخالەتی سیاسیان لە کوردستاندا هەیە، قایم کردوە. بەشداری ئەو حزبانەی دیکە لە هەڵبژاردندا تەنها بۆئەوەیە بەشی خۆیان لەو دوو حزبە لەدەسەلات و لە داهات و سامانی کوردستان وەربگرن، واتە ببنە شەریکیان نەك ئەوان لەسەر کورسی دەسەڵات بکێشنە خوارەوە. نمونەیەکی زۆر سادە ئەوەبوو کە بزوتنەوەی گۆڕان لە بوونی کەسایەتی نەوشیروان موستەفادا و بە چنینەوەی ٢٤ کورسی پەرلەمان نەیتوانی نەك سنورێك بۆ پارتی دابنێ، تەنانەت نەیتوانی جێگا بە یەکێتی لێژبکات کە (٦) کورسی لەویش زیاتر بوو! لەوەش خراپتر نەیتوانی پێش بە دەرکردنی وەزیرەکانی و سەرۆکی پەرلەمانەکەی بگرێ لەلایەن پارتیەوە.

دووەم: یەکێتی و پارتی وەکو دوو هێزی میلیشایی، کە کۆنترۆڵی کوردستانیان کردوەو لەنێوان دوو ناوچەی نفوزو دەسەڵاتدا دابەشیان کردوە، پێویستیان بە روپۆشێکی دیموکراسی هەیە، چ بۆ دنیای دەرەوە و چ بۆ ئیستهلاکی ناوخۆیی. ئەو دوو حزبە دەیانەوێ وا نیشان بدەن کە لەلایەن خەڵکەوە دەنگیان پێ دراوەو هەڵبژێردراون. ئەمە هەم بۆ چەواشەکردنی خەڵك لە ناوخۆی کوردستان پیویستە و هەم ووڵاتانێکی وەکو ئەمریکا و ئەوروپا کە هەمیشە رووپوشی دیموکراسی دەکەن بەسەر ئەو هێزانەدا کە هاوکارییان دەکەن، پێویستە. بەشداری ئەو حزبانە لەگەڵ یەکێتی و پارتی لە هەڵبژاردندا روخساری دزێوو خەسڵەتی میلیشایی ئەو حزبانە دەشارێتەوەو ماسکی دیموکراسی دەخاتە سەر دەموچاویان. بەر لە بەشداری ئەو حزبانەی رکابەری پارتی و یەکێتی، بەشێکی بەرچاوی خەڵك وەکو دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی میلیشایی سەیری دەسەڵاتی ئەو دو حزبەیان دەکرد. بەڵام بەشداری نەیارەکانیان لە هەڵبژاردندا ئەوانی کردە براوەی هەڵبژاردن و بەتایبەتی پارتی کردە خاوەن زۆرینەو خاوەن ماڵ کە دەبوو هەموویان برابچوکی ئەو قبوڵ بکەن و لەناو حکومەتەکەی ئەودا پێگەیەکیان پێ ببڕیت!

ئێستاش بەبەشداریکردنیان، جارێکی دیکە شەرعیەت بۆ حکومەتەکەی یەکێتی و پارتی دەستەبەر دەکەنەوە. ئەو لێکدانەوەیە رەواج پێدەدەن و بە کردەوەش ئەوە دەکەن کە خۆیان وەکو رکابەری پارتی و یەکێتی لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا لەقەڵەم بدەن و گوایە لە کێبڕکێیەکی دیموکراسیدا ئەو حزبانە دەسەڵاتی هەرێمیان دەکەوێتە دەست! کاتێکیش گلەیی و گازندە لە ساختەکاری یەکێتی وپارتی دەکەن لە پرۆسەی دەنگداندا و گوایە ئەگەر ساختەکاریان بەرامبەر نەکرێ و دەنگەکانیان نەدزرێ ئەوا ئەوان زۆرینەی پەرلەمان بەدەست دەهێنن، دیسانەوە ماهیەتی درۆ و ساختەکاری بانگەشەکەی خۆیان دەردەخەن، چونکە ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر زۆرینەی دەنگی خەڵک بەدەست بێنن، دەتوانن دەسەڵاتی ئەو دوو حزبە کۆتایی پێ بهێنن، ئەی چ خێرە ناتوانن تەنانەت پارێزگاری لە دەنگەکانی خۆشیان بکەن!؟

سێهەم: ئەو حزبانەی کە خۆیان وەکو نەیاری ئەو دەسەڵاتە هەڵدەخەن، لەلایەکی دیکەوە گەورەترین خزمەت بە یەکێتی وپارتی دەکەن، چونکە لە کاتێکدا ناتوانن، ئەگەر هەموو کورسیەکانی پەرلەمانیش بێنن، دەسەڵات لە پارتی و یەکێتی وەربگرنەوە، بەڵام ئەو دەنگانەی کە لەیەکێتی و پارتی و دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی ئەوان توڕەن و بەشوێن رێگایەکدا دەگەڕێن کە کۆتایی بەدەسەڵاتیان بهێنن، بەناوی ئۆپۆزیسیۆن و دژایەتی یەکێتی و پارتیەوە دەیان بەنەوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن لە پەیداکردن و دەستبردن بۆ بەدیلی شۆرشگێڕانە دووریان دەخەنەوەو لەناو بازنەی دەسەڵاتی میلیشایی بۆرژوازی کورددا گەمارۆیان دەدەن! ئەم حزبانە دەوری (دوگمەی سەلامەتی) دەبینن بۆ دەسەڵاتی میلیشایی کوردایەتی لەبەرامبەر کڵپەی شۆڕش و خەباتی شۆرشگێرانەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستاندا. بەشداری نەکردنی خەڵك، دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەهێز ناکات، چونکە دەسەڵاتی ئەوان لەجێی خۆیدایەو هەڵبژاردن هیچ کاریگەریەکی لەسەر نابێت، بەڵام بەشی ئەم حزبە رکابەرانە لە وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی و مادی لەو دوو حزبە میلیشاییە بنەماڵەییە کەمتر دەکاتەوە، چونکە ئەمان دەنگی خەڵکی ناڕازی لەو دوو حزبە، بۆخۆیان دەبەن و دەیکەنە بەردەبازی گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانی خۆیان. بەڵام بەشداری نەکردن و بایکۆتی خەڵك دەسەڵاتی ئەو دوو حزبە دەخاتەوە سەر پێناسە و ماهیەتی خۆی، پرۆسەی دانی مۆری شەرعیەتی سیاسی و یاسایی لە دەسەڵاتە  خۆسەپێن و میلیشایی و بنەماڵەییەکەیان دەکاتە گاڵتەجاڕ! کەواتە بۆ سەندنەوەی شەرعیەت لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی میلیشیایی بۆرژوازی یەکێتی و پارتی دەبێ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و چەوساوەو ئازادیخواز و یەکسانیخواز و ئومێدەوار بەژیانێکی شکۆمەندو ئایندەیەکی گەشاوە، دەبێ بایکۆتی ئەم گاڵتەجاڕیە بکەن. سەرەتا شەرعیەتیان لێ وەربگرینەوە تا هەنگاوی یەکەم بۆ رزگارکردنی خۆمان لە دەسەڵاتی ئەوان دەست پێ بکەین.

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *