بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا، تەمەنی دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی درێژ دەکاتەوە…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

11 ئەم مانگە، بە فەرمی حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، و بەشدار لە هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی کوردستان، دەستیان کرد بە بانگەشەی هەڵبژاردن. هەر یەک لەو حزبانە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان لەژێر ناو و دەستەواژەیەکی فریوکارانەدا دەستپێکرد. پارتی لەژێر ناوی “کوردستانێکی بەهێزدا”. یەکێتی نیشتیمانی لەژێر تایتڵی “ئارامی، هەلی کار، خزمەت” دا. حزبی گۆڕان، بەدروشمی بەرەو “هەرێمێکی دادپەروەر و خزمەتگوزار”،  نەوەی نوێ بەمانشێتی “بەرەو لوتکەی دەسەڵات و ئابورییەکی بەهێز”. کۆمەڵی ئیسلامی بە هاتوهاواری کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین.. باقی حزبەکانی تری وەکو یەکگرتوو، لیستی سەردەم تا دەگاتە حزبی شیوعی و پارتی پارێزگاران و هەر یەکەیان بە دەستەواژەیەکی و دروشمێکی تایبەتی هەست بزوێنەرەوە، هاتوونەیە ناو کایەی هەڵبژاردنەکان…

هەموو ئەو دروشمانەی ئەو لایەنەنانە بانگەشەی دەکەن، پێچەوانەکەی لە پەیام و کارنامەی تازەو کۆنیاندا، راستیەکی ئاشکرایە… ئەوەی کە بانگەشەی دەکەن تەنها خستنەگەری دەورەو خولێکی تری درۆو فریوکارییە بۆ وەرگرتنەوەی رەوایەتی!! دەسەڵات و بەشداری لە تاڵان برۆی داهاتوودا…

کوردستان، ٢٧ ساڵە پاوانی ئەو هێزە سیاسی و کاراکتەرە سیاسییانەیە، کە ئێستا بە بانگەشەی درۆ و فریوکاری لە ژێر دروشمی هەست بزوێن و سەخاوەتماندانەدا دەیانەوێت، خەڵکی کوردستان راپێچی قیزەونترین کایەی گاڵتەجاری هەڵبژاردن بکەن.

لە ماوەی ٢٧ ساڵی رابردوودا، ئەگەر تاڕادەیەک دۆخی سیاسی کوردستان ئارام دێتە بەرچاو، لەچاو دۆخی دارماوی عێراقی دوای دەسەڵاتی بەعسی لە گۆرنراودا، بەڵام ئەمە هەرگیز ناکاتە ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لەدۆخێکی جێگیر و سەقامگیری سیاسیدایە… هێشتا هەر هەژانێکی ناوچەیی، هەر زەمین لەرزەیەکی سیاسی، هەر خۆدەرخستنێكی هێزی وەکو داعش، هەر ڕاسانێکی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی” شیعی”، هەر جوڵەیەکی سەرەرۆیانەی تورکیا، هەر ملهورییەکی پڕ ڕق ئاسای توندی ئیران… دەتوانێت، هەواری ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی هەرێم بەبادا ببات و ئەو… ریسە شێواوەی ژێر سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، بکاتەوە بەخوری و کارەساتی دڵتەزینیش بۆ خەڵکی کوردستان بەدوای خۆیدا بهێنێت. هاتنی هێزەکانی داعش و خۆنواندن و ملهوری حەشدی شەعبی ساڵی پار، ئەو ڕاستیەی سەلماند، کە ئارامی نسبی کوردستان، ناسەقامگیر و قابیلی دارمانێکی خێرایەو ‌هێزەکانی بۆژوازی کوردیش هێزی فشۆڵ و تەنها کاراکتەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکەو پاڵەوانی دزی و تاڵانی و سەرکوتی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و داخوازییە رەواکانی خەڵکین… بانگەشەی ئارامی و کوردستانی بەهێز و خزمەت کە پارتی و یەکێتی پێیەوە دەفشن… درۆیەکی ئاشکرایە لەناو خەمانەی درۆبەخشینەوەی گاڵتەجاری هەڵبژاردندا.

کوردستانی بە‌هێز، بە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ، ئاواڵا بۆ کارو، ژینگەیەکی تەندروست بۆ ژیان، پر لە خزمەتگوزاری و شکۆ گێرانەوە بۆ تاکەکانی، و زامن بوونی ماف و ئازدییە فەردی و مەدەنییەکان بەهیز دەبێت… کە حزبەکانی کوردستان، دانویان لەگەڵیان ناکوڵێت و لە دژیان لە جەنگیندان.

ئێستا هەموو حزبەکان باسی خزمەتگوزاری دەکەن، کەچی ٢٧ ساڵە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان کردۆتە خەون بۆ دانیشتوانەکەی، شکۆی تاکەکانیان لەرێگای سەرکوت و داسەپاندنی برسێتی و بێکاریی و گرانییەوە تێک رماندووە، هەموو ئەمانە پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەن کە دەڵێن کوردستانێکی بەهێز و خزمەتگوزار و ئارام. کورستانی بەهێز بە بێ وەلانانی دەسەڵاتی میلیشیایی و لەناویاندا بێ کەنارخستنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و  خەونێکی نەزۆکە. لەو راستایەشدا بەتاڵکردنی سحری هەڵبژاردنەکان بە بایکۆتێکی جەماوەری و فراوان، هەنگاوێکی چارەنووسازە بۆ گۆرینی باڵانسی هێز بە قازانجی جەماوەردا، لە پێناو ئارامی و خزمەت و ژیانێکی شایستەدا…

حزبەکانی بزوتنەوەی… کوردایەتی بەتایبەتیش حزبەکانی دەسەڵات بە وەرێخستنی چوارساڵ جارێکی هەڵبژاردنەکان، بانگەشەی ئەوەدەکەن، کە شەرعیەتی شۆرشگێریان!! بەخشیوەتە شەرعیەتی دەستوری و کایەی دیموکراسی!… ئای چ فریوکارییەکە!! شەرعیەتی شۆرشگێری، لە بنەرەتدا جوڵانەوەیەکی یاخیانەی شاخی بوو بۆ بەشداری لەدەسەڵاتی ناوەندی و پچڕینی بەشی دەسەڵات و داهات و سامان بۆ چینی بۆرژوازی کورد، بۆ بەتاڵانبرنی دەست رەنجی چینی کرێکاری و کورد و خاڵیکردنی گیرفانی بێبەشانی کوردستان. تەنانەت فری بەسەر لابردنی زوڵمی نەتەوایەتیشەوە نەبوو، وە ئەو شۆرشەی باسی دەکەن، لە زمان و گێرانەوەکانی خۆیان بە قەڵەمی چەندین نووسەر و بەشدار بووی شۆڕش!! لێوان لێوە لە یاخی بوون لەشۆرش و سەنگەر گرتن لەشۆرش و ئاڵوگۆری ریشەیی، و سوککردنی رەفتاری شۆرشگێرانە. لەو کاتەشەوە گوایە ملیان داوە بە شەرعیەتی دەستوری… مانەوەی هێزە چەکدارەکانی ٧٠، ٨٠، ئاسایشەکانی پارتی و یەکێتی، فەرمانبەرانی پارتی و یەکێتی، دوو زۆن و دووئیداری ژێر سایەی دوو دەسەڵات، بە پاوانی هەموو سامان وداهاتی ئەو زۆنانە بۆ دەسەڵاتێک و دابەش بوونیان بۆ سەر دوو بلۆکی ئیرانی و تورکی لە ناوچەکە، و نۆکەر پیشەیی بۆیان… درۆی شەرعیەتی دەستوری هەموو ساتێک دەخاتە ڕوو، لەو چوارچێوەیەشدا خاڵی بوونی هەموو بەهایەکی هەڵبژاردن و دەنگی هاوڵاتیان دەکاتە، درۆیەکی پوچی، رەوایەتی دەستوری و کایەکانی دیموکراسی!! و هەڵبژاردن.

هەمووان بەڵێنی خزمەتگوزاری و زامنکردنی هەلی کار، دەبەخشنەوە… یەکێتی و پارتی و تەنانەت حزبی گۆڕان کاریان بۆ دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ نییە، کەچی بێشەرمانە باسی هەلی کار دەکەن… کام هەلی کار ئەو هەلی کارەی ئێستاش تەزکیەی حزبی پێویستە… ئەو هەلی کارەی کەهەموو سەرچاوەکانی کاریان تیادا، وێران کراوە… هەلی کار بۆ ئەو کارگەو کارخانانەی هەرزان فرۆشی کەرت تایبەتی دەکرێن، یان دەروخێنرێن و زەویەکانیان دەدرێت بە سەرمایەدارە چاوچنۆکەکانی نزیک لە حزب؟  چ درۆیەکە  هەموو کەس دەزانێ و دەبینێ، دامەزراند و دابینکردنی کار بۆ هەر کەسێک و لەهەر ئاستێکدا، پەیوەستە بە تەزکیەی حزبی دەسەڵاتی ئەو زۆنە… باسی خزمەت دەکەن، وەکو ئەوەی دەسەڵات و هێزی دەرەکی کوردستان بەدەست هێزی غەیبەوە بێت و دەستیان بەسترابێت لەوەی لە ماوەی ٢٧ ساڵدا، نەک خزمەت بەڵکە پارێزگاری لە خزمەتەکانی بەجێماوی سەردەمی بەعس بکەن… ئاخر ساڵی ١٩٩١، خزمەتگوزارییەکان و ئاو و کارەبا و باشتر لە ئێستا بوو، ئەوەی کە هەموو ممتەلەکاتەکانی سەردەمی بەعسی ئاویو و هەرزان فرۆش کرد حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەرپرسەکانیان بوون، لەو کاتەشەوە تا ئێستا لەگەڵ ئەوەدا سەرجەم داهات و سامانی کوردستان بەدەست هەر ئەو حزب و جەنابانەوەیە، و وە چەندین ساڵە فرۆشتنی نەوت لرفەی دێت، کەچی نەیانتوانیووە سەرەتاییترین پیداویستی و خزمەت و خزمەتگوزاری وەکو ئاو کارەبا، بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.  کۆتایی بە دوو دەوام  و سێ دەوامی قوتابخانەکان بهێنن، قوتابخانە کۆن و پر مەترسیەکانی روخان نۆژەن بکەنەوە یان بەشی پیویست قوتابخانە دروست بکەن. نەیانتوانیوە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و تەرفیهی زامن بکەن…. یاسا گەنیوەکانی سەردەمی بەعس و یاسای کۆنەپەرستانەی باری کەسێتی بگۆرن و کوشتاری ژنان لە ژێر ناوی شەرەف و نامووسدا، بە یاسای مەدەنی بێ ئەمما و ئەگەر رابگرن… ٢٧ ساڵە، نەک داهات و سامانی خەڵکی کوردستان لوش دەدەن، بەڵکو بەدەیان و سەدان ملیۆن دۆلار، لە ژێر ناوی چارەسەری کێشەی ئاو و کارەباو دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و بۆ ئاوەدانکردنی کوردستان، بەتاڵان دەبەن، کەچی تازە بەتازە بە فریوکاری کورستانێکی ئاوەدانتر و بەدروشمی خزمەت و دادپەروەرییەوە، دەیانەوێ درێژە بەدەسەڵاتی دژە ئاوەدانی و شارستانی خۆیان بدەن. دەیانەوێ ژیانی شاهانەو فیرعەونانەی خۆیان و سەرڕێژ لە نۆکەرایەتی و خۆبەستنەوەیان بەوڵاتانی ناوچەکە درێژە پێبدەن…

حزبی گۆڕان، بەدروشمی بەرەو هەرێمێکی دادپەروەر و خزمەتگوزار، دەستی بەهەڵمەتی هەڵبژاردن کرد.  بزوتنەوەی گۆران، بەحەق بزوتنەوەو جوڵانەوەیەکە دژی دادپەرەوەری. بە پەیام و کردەوەی ٩ ساڵەی رابردووشی ئەو راستیەی بەرجەستە کردووە. گۆڕان لە ٩ ساڵ پێش ئێستاوە بە بانگەشەی گۆرانکاری و “دەیگۆرین” لە گۆرەپانی سیاسی کوردستاندا ئامادەییان هەیە،… کە هاتن بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ گۆرانکاری، و لەدژی نادادپەروەری دەسەڵات و خۆپیشاندان و نارەزایەتی قوڵپی دەدا و زوربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستانی تەنیبوو، بزوتنەوەی گۆران بە بانگەشەی قەبەی گۆران و”دەیگۆرین”، شەفافیەت دادەسپێنن و دژی گەندەڵی و تەوریسی سیاسیین، بزوتنەوەی نارەزایەتی شەقامیان جڵەو کردو کردیانە بەردەبازێک بۆ بەشداری لە پەرلەمان و دەسەڵات و پچرینی داهاتی دزراوی کوردستان، لە دەسەڵاتی تاڵانچی و گەندەڵی میلیشیایی. ئەم حزبە چ بە بەشداری لەدەسەڵات و بەڵینی” چوارساڵی ئارام” و چ لەدەرەوەی حکومەت و بە هەراوهۆریا و تەپڵ و کوتان و بتڵ وەشاندن و بایکۆتی زنجیرەیی دانیشتنەکانی پەرلەمان… بزوتنەوەی نارەزایەتی و داواو داخوازییەکانی جەماوەریان پاشەکشە پێکرد. هیچ کام لەو بەڵێن و بانگەشانەی بەراست و چەپدا پەخشیان دەکردەوە، بەشوێنێک نەگەیشت و هیواو خەونی سەدان هەزار ئینسان کە ئومێدی خۆیان بە گۆران و بانگەشەکانیانەوە هەڵواسیبوو، زراند و کوشت. نەک داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستانیان نەگێرایەوە، بوونە بەشداری دزەکان، ژیانی فیرعەونیان بۆ سەرانیان لە حکومەت و پەرلەماندا، بۆخۆیان زامن کرد و  بەکردەوە رۆڵی دژایەتی بە هەموو خواست و ویستێکی جەماوەری بێبەش و ستەم لێچوویان، کردە کارنامەیان… کەوتنە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ رەوتە ئیسلامیەکان، رایان گەیاند کە بەرگری لە” سەوابیتی ئیسلامی” دەکەن و ناهێڵن یاسایەک لە پەرلەمان دەربچێت کە ناکۆک بێت بە شەریعەتی ئیسلام. رێکخەری بزوتنەوەکە بەر لە مردنی هەرچی موڵک و ماڵی بزوتنەوەی گۆران هەبوو، گواستەوە بۆ سەر کورەکانی، کە بەسەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرا، بەوەش درۆی دادپەروەری و دژایەتی بۆ تەوریسی سیاسی، نیشانداو ئەو راستیەی خستەوە روو، کە لەهەمان و قوماشی بزوتنەوەی کوردایەتین و جیاوازییەکی بنەرەتیان لەگەڵ پارتی و یەکیتی، وەکو حزبی دایکیان نییە. دوای ئەو ئەزموونە ٩ ساڵەیە، هێشتا بە بانگەشەی دادپەروەری و خزمەتگوزارییەوە دەیانەوێت خەڵکی کوردستان فریوی سیاسەتەکانیان بدەن، دەنگی نارەزایەتیان بەرنەوە بەر دەرگای ئەو دووحزبە میلیشیایی و تاڵانچیەی، کە بەشی زۆری سەرانیان پیکهێنەری ئەو مێژووە رەشەی بوون. بزوتنەوەی گۆران کە رەوتێکی روو لەداکشان دەپێوێت، نەک هێزی گۆرانکاری و دادپەروەری و خزمەتگوزار نییە نەبووەو نابێ، بەڵکە لەسەر بنەمای وەستانەوە بەرووی گۆڕانی ئیجابی و دادپەروەری فرچکی گرتووەو نابێ هیچ خۆشباوەرییەک بەو هیزە کۆنەپەرست و دژە جەماوەرییە بکرێت…

لە کۆتاییدا پێویست بەوە ناکات،  رۆڵی کریگرتەیی هێزە ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ ی هەڵتۆقیو لەسەر ژینگەی گەندەڵستان و دزی و تاڵانیدا، بخەینە روو. کارنامەی رەوت و لایەنە ئیسلامیەکان، کە بەحەق لە کۆمەلگەی کوردستاندا زیادەی میژووین و زوڵمێکی دینی نییە، تا بۆ لابردنی بجەنگن… رۆڵیان ئەوەیە بە وەکالەت نەخشەو بەرنامەی وڵاتە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان، ببەنە پێشەوە، وە کارنامەی دژە ئازادی و دژە ژن و دژە مافە فەردی و مەدەنییەکانیان بەسە، بۆ ناساندن و پوچی بانگەشەکانیان.  نەوەی نوێش کە رەوتێکی پرۆ ئەمریکییە، دەیانەوێ بچنە لوتکەی دەسەلات، تا ئیرادەی خەڵکی کوردستان رادەستی ئەمریکاو غەرب بکەن و لە ناوخۆی کوردستانیشدا، سیستەمی ئابوری رادەستی کەرتی تایبەتی بکات… و رەوتی داتەکاندنی گیرفانی کریکاران و زەحمەتکێشان، بەوپەری خۆی بگەیەنێت…

رەوتی نەوەی نوێ هێندەی لە عەجایەبی دنیای سیاسی نزیکە، هێندە لە رەوتێکی سیاسی بۆرژوازی ئاسایی دوورە… نەوەی نوێ هێزی پاریزەری سیستەمی سەرمایەیە، ئەلگۆ سیاسی و حزبی هەمان بزوتنەوەی بۆرژوازییە، لە دژی چینی کڕێکار و نەدارانی کۆمەڵگە…

خەڵکی کوردستان، بە ئەزموونی ٢٧ ساڵەیان لەگەڵ دەسەلات و لق و پۆپەکانی ئەو دەسەڵاتە لە ئۆپۆزیسێۆندا، کارنامەی بەکردەوەی هەموو حزبەکانی لەبەردەستەو بەڵگەی بێمافی و نەبوونی و گرانی و بێکاری و نائارامی و ئایندەی نادیار… بەڵگەی شکستی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە، و هاوکات، کیوێک لەوادەو بەڵینی هەر ئەو حزبانەشی لەبەردەستە…

بەکورتی و بە شێوەی گشتی بانگەشەی سەرجەم حزبە قەومی و دینیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، جگە لە فریوکارییەکی ئاشکرای ئەزموونکراو شتێکی تر نییە… ئەو هێزانە لە ٢٧ ساڵی رابردووداو لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا، بەسەدان و هەزاران بەڵین و وادەیان بە خەڵکی کوردستان داوە…. سامان و داهاتی زۆروزەوەندی کوردستانیان لەبەردەست بووە، کە لانی هەرەزۆری پێداویستی و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان زامن بکەن و ژیانێکی تەسەل بۆ هاوڵاتیان فەراهەم بکەن… کەچی تا هاتووە کۆمەڵگەی کوردستانیان بەرەودواوە گێراوەتەوە، خزمەتگوزارییەکانیان دادۆشیوەو لەبەین بردووە، مافەفەردی و مەدەنیەکانیان، پایماڵ کردووە، بێکاری و گرانی و هەژارییان پەرە پێداوە، قڵشتی چینایەتیان بێوێنە گەورەکردۆتەوە… ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانیان رادەستی وڵاتە چنگ بەخوێنەکانی ناوچەکە کردووە، توانایی تاکەکانیان تێکرماندووە، هەر یەک لەو لایەنانە دابەشی خۆشخزمەتی بە قوتب و بلۆکیکی جیهانی و ناوچەیی بوون… ئاو کارەبا کە سەرەتاییترین مافی خەڵکە… نەیانتوانیوە بۆ خەڵکی کوردستانی دابین بکەن… بۆیە خەڵکی کوردستان نابێ بەشداری هەڵبژاردنێک بکەن، کە لەسەر دەستی ئەو حزبانە، توشی ئەو رۆژرەشی و گرانی و بێکاری و نەدارییە بوون و ئایندەی سیاسی کورستانیش ناسەقامگیر و نادیار ماوەتەوە… شکستهێنان بە گاڵتەجاری هەڵبژاردن، هەنگاوێکە بۆ ریسواکردن و لاوازکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و گۆرینی هاوسەنگی هێز بە سودی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە پێناو دنیایەکی باشتردا….

تێبینی: ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی ژمارە ٣٦ بەرواری ١٥/٩/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *