کوردستان سەنگەری خۆڕاگری شۆڕشێک کە ساڵهایە بەلاڕیدا چووە

هەتاو عەبدولاهی

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕوخانی ڕژیمی پاشایەتی و بە لارێدابردنی ئەو شۆڕشە  لەلایەن حاکمانی مەزهەبی ئیران، هەڵبەت بە پیلانی ئامریکا و ولاتانی تر رژیمی کۆماری ئیسلامی کە رژیمێکی تەیار بە چەکی مەترسیداری ئایین بوو هاتە سەرکارو  بە هەموو ئامراز و هێزەوە دەستی بە سەر شؤڕشی رەوای خەڵک و دەسکەوتەکانیان داگرت. کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە بە سەرۆکایەتی خومەینی خوێنرێژ ماشێنی سەرکوتی خۆی وەگەڕ خست و هەر دەنگێکی ئازادیخواز و جیابیری کپکرد و بۆ سەرکوتی ئازادیخوازان لە هیچ جینایەتێک سڵی نەکردەوە. خومەینی خوێنرێژ هەر لە سەرەتاکانی هاتنە سەر کاری شمشێری جەهل و نەزانی بۆ خەڵکی ئازادیخواز و دژبەرانی خۆی لە رواوبەست و بە ئەحکامی ئیسلامی و بە ناوی خوا و نوێنەری خوا لە سەر زەوی هەموو حوکمەکانی قورئانی بەرێوە دەبرد و کارنامەیەکی رەشی بۆ خۆی لەو بوارەدا تۆمار کرد. خومەینی خوێنڕێژ و حکومەتە ئیرتیجاعی و  ئیسلامیەکەی لە سەرەتای هاتنە سەر کاری دەستی کرد بە کوشتن و بڕینی جیابیران و دەرکردنی فتوای کوشتنی نەیارانی خۆی لە ئێران و دەرەوەی وڵات. بۆ ئەم مەبەستەش تیمێکی تێرۆری سەر بە کۆماری ئیسلامی کە لە ژێر فەرمانی خومەینی دا بوون لە دەرەوەی جوگرافیای ئێران و لە ولاتانی رۆژئاوایی  پێکهات. تیمی تێرۆر لەژیر ناوی جینایەتی موقەدەس دەستیان کرد بە تیرۆر و کوشتنی رێبەران و کادرەچالاکەکانی ئەحزابی نەیاری خومەینی و حکومەتە درەندەکەی و لە هێج جینایەتێک دەستیان نەپاراست و بە درەندانەترین شێوە نەیارانیان دەکوشت، بە داخەوە ولاتانی رۆژئاواییش لە پێناو بەرژەوەندی  خۆیان چاوپۆشیان لەو جینایەتە سامناکانە دەکرد. خومەینی لە سەرەتای هاتنە سەر کاری تا مانگی گەلاوێژی ١٣٦٧ی هەتاوی زیاتر لە بیست هەزار کەس لە کەسانی ئازادیخواز و جیابیری تێرۆر و ئیعدام کرد. لە ماوەی هەشت ساڵ شەری داسەپاو لەگەڵ ڕژیمی دیکتاتوری سەدام بە سەدان لاو و ژن و مندالی کردە قوربانی ئەو شەرە و هەشت سال تەمەنی نگریسی خۆی درێژ کردەوە، دوای شەری عێراق  وئێران خەڵکی بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات سەرقاڵ کرد و لەو نیوەشدا بەردەوام جینایەتەکانی هەروا بەرێوە دەبرد و فەزایەکی پڕ لە ترس و دڵەراوکێی لە ئێران خوڵقاندبوو. دوای شکست و نۆشینی جامی ژار لە شەری عێراق  و ئیران، کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی دەست پێکرد و بە فەرمانی خومەینی خوێنڕژ و بەرێوەبردنی ئەو تاوانە لە لایەن هەیئەتی مەرگی ئەو کاتەوە کە خەڵخاڵی یەک لەو جینایەتکارانە بوو دەستی بە خوێنێ سەدان و هەزاران رۆڵەی ئازادیخوازی ئەو ولاتە کە بەشێکی زۆریان کۆمۆنیست و چەپ بوون و لە روانگەی خومەینی و ئایینە قیزەونەکەی خوێنیان حەلال بوو سوور بوو. خەڵکی شؤڕشگێری  کوردستان هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری رژیمی سەرمایەداری دینی نایان بە خومەینی و حکومەتەکەی وت، چونکە کۆماری ئیسلامی تەنانەت مافە  سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانی بە رەوا نەدەزانی و ئەرتەشێکی تەیار بە چەکی قورس و ئیدئولوژی چەقبەستوی رەوانەی کوردستان کرد کە جینایەتی سامناک بخولقێنن و شەڕی سێ مانگەی بە دژی کوردستان راگەیاند.

خومەینی لە دوای فتواکەی بە دژی خەڵکی کوردستان بە هێزە سەرکوتگەرەکانی راگەیاند تا کوردستان تەخت نەکەن نەگەرێنەوە. خەڵکی شؤڕشگێری کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێزە زەبەلاحە بە کەمترین ئیمکاناتی چەک و چۆڵ، بەڵام تەیار بە چەکی بیرو باوەری ئازادیخوازی راوەستان و رژیمی خومەینیان شکستدا و جارێکی تر جامی ژەهریان بە خومەنی نۆشی. رێژیم دوای ئەو شەرە پاشەکشەی کرد و کشایەوە، بەلام لەو کاتەوە تا بە هەنووکە جینایەتی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە دژی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان و جیابیران هەر وا بەردەوامە و کۆماری سێدارە بەهەر بیانویەک کە بۆی بلوێ لەو ناوچانە جینایەت دەخوڵقێنێ. ئێعدام، سەرکوت، توندوتیژی و کوشتن و بڕین دیاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی هاتنە سەر کاری بۆ خەڵکی کوردستان بووە و هەر رۆژە لەو ناوچانە تاوانگەلی جۆراوجۆر دەخوڵقێنێ. ئەگەر بمانەوێ باس لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و حاکمانی ئەو حکومەتە ئیسلامی و سەرکوتگەرە بکەین نەک لە بابەتێکی ئاوا دا، بەڵکو لە دەیان و  سەدان کتێبێشدا ناگونجێ، چونکە کۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە هەر زەمەنێک و لە هەر ساتێکدا و بە هەر بیانویەک کارنامەیەکی رەشی بۆ خۆی تۆمار کردووە و ئەوە راستیەکی حاشاهەڵنەگرە و مێژووی بەڵگەیە بۆ تاوانەکانی حاکمانی رژیمی  سەرمایەداری و  دینی ئێران. ئەوەی مەبەستی بابەتی ئەو جارەمانە جینایەت و تێرۆری ئەو دواییانەی کۆماری سێدارە بە دژی کورستان و خەڵکی ئەو ناوچەیەیە. رژیم لە تازەترین جینایەتی خۆی دا به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ ١٧ی مانگی خه‌رمانان ٣ زیندانی سیاسی بە ناوەکانی  ڕامین حسێن په‌ناهی، زانیار و لوقمان مۆرادی له‌ سێداره دا و هاوکات  لەگەڵ لە سێدارەدانی ئەو کەسانە لە هێرشێکی درندانە هێرشی موشه‌كی و ئاسمانی كردە‌ سه‌ر مقه‌ڕه‌كانی ناوه‌ندیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان و حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران کە بە داخەوە ١٦ کەسیان گیانیان بەختکرد ودەیان برینداری لێ کەوتەوە. رژیم دوای زیاتر لە نۆ ساڵ دەست بە سەرکردنی زانیار و لوقمان مورادی و هەموو هەولەکانی کۆمەڵگەی نیونەتەوەیی و ئازادیخوازان و دژبەرانی حوکمی ئیعدام لەناوخۆو دەرەوەی ولات بۆ ئەوە فەزای ترس و دلەراوکێ لەناو خۆی ئێران دروست بکات، بێگوێدان بە کۆنوانسیونە نێونەتەوەییەکان کە خۆی یەکێک لە واژۆکەرانێتی بێ گوێدان بە داخوازی کۆمەڵگەی نیونەتەوەیی ئەو دو زیندانیە سیاسیەی لە سێدارەدا، هەروەها هاوکات لەگەل زانیار و لوقمان مورادی زیندانی سیاسی مەحکوم بە ئیعدام رامین حسین پناهی دوای ساڵێک هەوڵ وماندوبوونی چالاکان و هەڵسوراوانی سیاسی و مەدەنی سەرەرای ئەوەی کە رامین حسین پەناهی دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن و تەنانەت دەمی دوروبۆوە، هەر بەبێ شکاندنی مانگرتنەکەی و بە دەمی دوراوەوە لە سێدارەدا و بە داخەوە تەنانەت تەرمی ئەو سێ زیندانیە  کوردەی رادەستی بنەماڵەیان نەکردەوەو و ترسی لە تەرمەکەشیان بوو.  شایانی ئاماژە پێکردنە باوكی زانیار، ئێقباڵ مورادی چەند مانگ لەمەوبەر لە لایەن مۆرەکانی کۆماری مرۆڤکوژی ئیسلامی لە باشوری کوردستان تێرۆرکرا. ئێقبال مورادی  به‌ تایبه‌تی دوای گیرانی زانیاری كوڕی، هه‌موو تواناییه‌كانی خۆی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوكمی ئێعدامی زانیار و لوقمان خستەگەڕ و هەر بەو بۆنەشەوە یەکێک لە چالاکان و هەڵسوراوانی دژی حوکمی ئێعدام بوو و لەهەر جێگایەک دەنگۆی زیندانی یان سێدارەی کەسێکی بێتاوان بیستبا چالاکی دەنواند. ئیقبال مورادی بە داخەوە بە حەسرەتی ئازادی زانیار مورادی و هەر لەلایەن مۆرەکانی حکومەتی ئیسلامی کە رۆلەکەی ساڵها لە زیندان دەست بە  سەرکردبوو سەری  نایەوە و ناوی بۆ هەتا هەتایە لە دلماندا دەمینێتەوە. کارەسات و روداوی ١٧ی خەرمان زۆر جەرگبڕ بوو و لەلایەن ولاتانی دەرەوە و کەسانی ناسراو مەحکوم کرا، بەلام ئەوە کۆتایی بەسەرهاتەکە نەبوو، چونکە کوردستان ئەزمونی لەوجۆرەی زۆر بوو و پیویست بوو دیسان رژیمی سەرمایەداری و دینی کۆماری سێدارە بە چۆک دابێنێ و برینی ئەو کارەساتە سارێژ بکاتەوە، هەروەها بیسەلمێنێ رژیم بە کوشتن و بڕینی ئازادیخوازان ناتوانێ دەنگیان کپ بکات و ئەوان لە ئامانجە رەواکانیان پاشگەز بکاتەوە. دوابەدوای ئەو کارەساتە حیزبەکانی دژ بەری کۆماری ئیسلامی یەکرا و بە یەک دەنگ بۆ دژکردەوە بەو جینایەتە بە بیر و هزر  رەنگ و ئیدئولوژیی جیاوازەوە، بەلام لە ژێر چەترێکی گشتگیر دار بە تێکرا و دژ بە یەک دوژمنی ناسراو، راگەیاندن و داخوازیی بۆ مانگرتنی گشتی سەرتاسەری کوردستان دژ بە جینایەتی کۆماری ئیسلامیان بڵاوکردەوە و داوایان لە خەڵک شۆرشگێری کوردستان کرد بە داخستنی دوکانەکان و نەهاتنەدەر لەمالەوە نایەکی تر بە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی کە هەڵقولاوی ئایینی قیزەونی ئیسلامە بڵێن. خەڵکی خۆراگری کوردستان وەک هەمیشە بڕیاری سەربەرزیاندا و بە تێکڕا و بێ ترس لەو حکومەتە خوێنرێژە  پشتیوانیان لە مانگرتنی گشتیان کرد و رۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان هەموو شارەکانی کوردستان بە پیر بانگەوازی حیزبەکان هاتن و هەموو دوکان و بازارەکانیان داخست، بەجۆرێک کە کۆماری سێدارە زراوی لەو هەڵویستە  چوو بوو و مۆرەکان و مەئمورانی حکومەتی بە زۆر دەیانویست بە هەرەشە و گوڕەشە خەڵک ناچار بکەن دوکان و بازار بکەنەوە و مان گرتن بشکێنن ، بەلام خۆ کۆماری ئیسلامی ئەو خەڵکە و بروای پۆلایینیان باش دەناسێ و ئەزمونی شکستی لە خەڵکی شؤرشگێری کوردستان زۆر بوو و دەیزانی ئەوکردەوانە تەنیا پەلەقاژەیە و هیچی تر. رژیم بۆ ئەوەی خەڵک چاوترسێن بکات هێزەکانی لە شارەکانی تر هێنایە کوردستان و زۆربەی شارەکانی کوردستانی میلیتاریزە کرد، بەڵام شار لە هێزەکانی کۆماری سێدارە زیاتر کەسی تێدا نەبوو، شار بێ دەنگیەکی قوڵی هەڵبژاردبوو، بێ دەنگیەک کە هاواری خنکاوی رامین و  زانیار و لوقمان و گیان بەختکردووانی کۆیە و دایە شەریفە و دایە ئامینەی کۆڵنەدەر بوو، هاوارێک کە لەو موشەکانەی کۆماری ئیسلامی کە رەوانەی کۆیەی کرد کوشەندەتر بوو و پەتی سێدارەی زیندانیانی سیاسی دەپساند. دیسان کوردستان لە ئەزمونێکی تر دا لەبەرامبەر رژیمی خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی راوەستا و سەرکەوت. دوای مانگرتنی خەڵک لە کوردستان کە سەرکەوتووانە بەرێوە چوو، شەو لە شەقامەکانی کوردستان سرودی نەبەزین و سەرکەوتن دەوتراوە و خەڵکی ئازادیخواز مردنیان بە چۆک داهێنا. لە ناو مانگرتنەکە دا کەسانێک بوونیان هەبوو، کەسانێک کە چینی هەژاری کۆمەلگە بوون و دەستفرۆش بوون. ئەوان دوکانیان نەبوو تەنیا بە فەرغون و عەرەبانە شتیان دەفرۆشت و دەستفرۆش بوون، ئەو دەست فرۆشانەی کە ئەگەر رۆژێک کار نەکەن لەوانەیە نانی شەویان نەبێ بیخۆن، بەلام لە سەرەتاییترین مافی خۆیان و نانی شەویان گوزەران و مانیان گرت و رایانگەیاند، ئێمە هەر چەند دوکانمان نییە، بەلام مادام مانگرتنی گشتی بە دژی کۆماری سیدارەیە ئێمەش لە مالەکان نایەینە دەر و شەقامەکان چۆڵ دەکەین. رۆژی ١٧ ی خەرمانان کۆماری سێدارە جینایەتێکی خوڵقاند و ویستی فەزای ترس و تۆقاندن جارێکی تر وەک سەرەتاکانی هاتنەسەرکاری لەکوردستان بسەپێنێ، بەلام خەڵکی خۆراگری کوردستان نەک نەترسان، بەڵکو کارێکیان کرد کۆماری ئیسلامی زراوی لە هەڵویستاین بچێ و بە چۆک دابێ. کوردستان سەنگەری خۆڕاگری بە دژی دیکتاتۆری جارێکی تر کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە چۆک داهێنا و تۆڵەی خوێنی بە ناحەق رژاوی ئازادیخوازانی کردەوە. کۆماری ئیسلامی دەیویست لە رێگای کوشتن و بڕین و خولقاندنی ئەو فەزا ئەمنیەتیە خەڵک لە قەیرانە ئابووری و سیاسیەکان دوور بخاتەوە و بە شتی تر سەرقاڵیان کات، بەلام بینی لەو مانگرتنەدا تەنانەت فەرمانبەرانی بانکی میلی بێ ترس پەیوەست بە مانگرتنی خەڵکی کوردستان بوون و پشتیوانیان لە داخوازی حیزبەکان کرد. بۆیە دیسان نەمری بۆ ئازادیخوازان و جیابیران مایەوە و مردن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی ژمارە ٣٦ بەرواری ١٥/٩/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *