لەپەراوێزی هێرش بۆسەر حزبەکانی دیموکرات

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

رۆژی ٨ ئەم مانگە ڕژێمی سەرکوت و سەنکسار و سێدارەی ئێران، دوای چاودێری وردی فرۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی، لە رێگای ٧ موشەکەوە، هێرشی کردە سەر ئۆردوگاو کەمپی هەردوو حزبی دیموکراتی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری کۆیەی کوردستانی عێراقدا، کە لە ئاکامی ئەو هێرشە دڕندانەیەدا ١٧ پێشمەرگە لە ئاستی لێپرسراوەتی جیاجیادا، گیانیان لەدەستداو نزیک بە ٤٠ لە پێشمەرگەو هاوڵاتی بریندار بوون… هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشەداو بەرەبەیانی زووی هەمان رۆژی بەر لەو هێرشە… سێ هەڵسوڕاو و چالاکوانی سیاسی بەناوەکانی” رامین حسێن پەنایی و لوقمان و زانیاری مرادی”، سەرباری بەرگرییەکی فراوان بۆ بەرگری لە سێدارەدانیان و هەڵوەشاندنەوەی سزاکەیان لە ئاستی فەرمی و جەماوەری ئیران و کوردستان و دنیادا، لە سێدارە دران…

هەردوو ئەم هێرشە و کردەوە دڕندانەیە و دەیان و سەدان هێرش و پلانی تر چ لەرێگای بۆمباباران و موشەک و کردەوەی تیرۆرستی جۆراوجۆرەوە لە رژێمی سەرکوت و سیدارەی ئێران چاوەروانکراوەو ئەم رژێمە بۆ چاوترسێنکردنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بۆ لەناوبردنی نەیارانی سیاسی خۆی دەست لەهیچ کردەوەیەکی دڕندانەو دژی ئینسانی ناپارێزێت…

وە ئەوەی کە تائێستا ئەم ڕژێمە هارەی سەرمایەی هێشتۆتەوە، یەکێک لە کۆڵەکەو پایەکانی سەرکوت و ترساندن و تۆقاندنە. و تائەوکاتەش بەیەکجاری بە گۆڕ دەسپێردرێت، پشت بە بەسەرکوتی بێپەردەی سیاسی دەبەستێت… چ لە ناوخۆی وڵات و چ لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی.

ئەوەی جێگای هەڵویستەیە، ئەو بێ باکییە ئاشکرایەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کوردە لە کوردستانی عێراق، و لەوەش واوەتر ئەو هاوکارییە لۆجستیکی و تەنانەت جاسوسییە کە پێشکەش بەرژێمی ئێرانی دەکەن. هێرش بۆسەر حزبە ئۆپۆزیسێۆنەکانی ئێران یان تورکیا لە ناو کوردستانی عێراقدا، بەر لەوەی شکاندن و گورز وەشاندن و ترساندنی حزب و هێزە سیاسییە ئۆپۆزیسێۆنەکان بێت، چاوترسێنکردنی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و پایماڵکردنی ئیرادەی سیاسی حزبەکان و جەماوەری خەڵکی کوردستانی عێراقە. بەپێی چەندین سەرچاوەی هەواڵ هیرشە موشەکیەکەی ئێران بۆسەر حزبەکانی دیموکرات، لە ناو خاکی کوردستان و لە ژێر سایەی زۆنی سەوزو نیلیدا ئەنجام دراوە…  و بنکەی هاویشتی موشەک لەسەر شاخی سورێن دامەزرێنراوە. ئەمە ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنێ، کە دەسەڵاتی زۆنی سەوزو نیلی، لەجێگای ئەوەی حزبی دەسەڵاتدار و بەرپرسی ئەو جغرافیایە بن، نوێنەرو کرێگرتەی ئیران و مەئموریەتی ئیران جێبەجێ دەکەن و هاوکاری راستەوخۆی ئیرانن بۆ دژایەتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و نەیارانی ئیران لە کوردستانی عێراقدا. لێدوان و بەیانی حزبەکانی دەسەڵات لەکوردستان و وتەی نوێنەری حکومەتی هەرێم!! لە تاران، وتەی بەشێک لەبەرپرسە هەرزەکانی بەردەستی قاسمی سلێمانی، بە ئاشکرا لەپاڵ ئیدانەیەکی شەرمنۆکانەدا، بە راشکاوی هۆکاری ئەو هێرشانە دەخەنە ئەستۆی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هەڕەشەیان ئاراستە دەکەن و ئەوان بە تۆمەتبار دەزانن و ئامۆژگاری هێزەکانی ئۆپۆزیسێۆن دەکەن، کە لەگەڵ رژێمی دڕندەی ئیران ڕیکبکەون…

هەروەها خۆشباوەری ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانیش بە حزبەکانی دەسەڵات و حکومەت و بەڵێنەکانیان، ئەویش خۆی کارەساتێکە. چونکە چ حزبەکانی دەسەڵات و چ حکومەتەکەیان، هێندەی ئیرادەی سیاسی خۆیان ڕادەستی ئێران و تورکیا کردووەو ئامادەییان بۆ نۆکەری پیشەیی ئەوان بەیان کردووە، نیو ئەوەندە درۆی هاوکاری بۆ برایانی کورد!!یان لە پارچەکانی کوردستاندا، جێگای بڕوا نییە و هەمیشە ئامادەن لەبەندوبەستی نهێنی و تەنانەت ئاشکرادا، حزبەکانی ئۆپۆزیسۆن و نەیارانی ڕژێمی ئێران، بکەنە قوربانی سیاسەتی سات و سەودا و پەیوەندیان لەگەڵ ئیران یان تورکیادا…

ئەو روداوە دڵتەزێنە، کە لەدرێژەی دەستێوەردانی بەردەوام و جۆرواجۆری ئێراندا لە کوردستاندا ئەنجامدراو دوبارەو چەندبارە بوونەوەشی چاوەڕوانکراوە، ئەو راستییە دەخاتەوە روو، کە هۆکاری بناغەیی تر بۆ دەست ئاواڵایی دەستێوەردانی ڕژێمەکانی ناوچەکە لە کوردستاندا، بێ ئەوەی هیچ وڵاتێکی دنیا بە پێشێلکردنی نێودەوڵەتی و شکاندن و سنوربەزاندن و گوێنەدان بە سەروەری وڵاتی ئیدانەی بکات… هۆکارەکەی ئەوەیە کە کوردستانی عێراق، سەرباری ئەوەی هێشتا بە فەرمی بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ، بەڵام بەکردەوەو لەدنیای واقعیدا، جغرافیایەکی جیایە،  بێ ئەوەی ئەو جیایەی بەکردەوەو ئەمری واقعەی بەرەسمی ناسرابێت… تا ئەوکاتەش کوردستانی عێراق، بەو جۆرە بمێنێتەوە، دنیای فەرمی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگ و کەڕن لەبەرامبەر دەستێوەردان و پێشلکارییەکان، ڕژێمی عێراقیش کە زۆرتر دەسەڵاتی ئیران تیادا مۆتۆری ماشێنی حکومەت و حزبەکانیانە، نەک ڕیگری لە کردەوەکانی ئیران ناکەن، بەڵکو هاوکاری دەبن…

حزب و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هەڵسوراوانی نەیاری ئیران، پێویستە ئەو راستییە بەفەرامۆشی نەسپێرن، کە دەسەڵاتی هەریم هەزاران بەڵێنیش بدات و مۆڵەتی قانوونی بە هەڵسوارانی سیاسی و هێزەکانیان بدات، ناکاتە ئەوەی بتوانن سەربزیوی لەبەرامبەر بە ئیران و تورکیادا بکەن. ئەوەی دەتوانێت ئەو هێزانە بپارێزێت… بە جیا لە ئیجرائاتی ئەمنی پیویست، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە، نەک حزبەکانیان… ئەوەی دەتوانێت دەستی ئەو رژێمە هارانەی ناوچەکە ببەستێت لەوەی نەتوانن وا بەئاسانی موشەک باران بکەن، کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، توپبارانی سنورەکان لەژیر ناوی پاراستنی سنورەکانیادا درێژە پێبدەن… چوونە پێشەوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری شارییە لەناوخۆی ئەو وڵاتانەدا، جا چ بە خۆپیشاندن و کۆبونەوەی فراوانی جەماوەری یان بە مانگرتنی سەراسەری…بێت. مانگرتنی سەراسەری ١٢ ئەم مانگەی زوربەی شارەکانی کوردستانی ئێران، باشترین بەڵگەی ئەو راستیەیە.  وە هاتنە مەیدانی خەڵکی کوردستانی عێراق  بۆ هەڵپێچانی بنکەو بارەگا ئاشکراو جاسوسیەکانیان، مەیدانێکی ترە کە دەتوانێ دەستی ئەو رژێمانە کورت بکاتەوە و دەسەڵاتی هەرێمیش بخاتە ژێر گوشارەوە کە دەست لە هاوکاری ئەم ڕژێمانە هەڵگرن و ڕێز لە ئازادی هەڵسوڕانی ئۆپۆزیسۆنی وڵاتەکانی ناوچەکەو پەنابەرانیان بگرن و بەرپرسیاریەتی لەسەر پاراستنی ژیان و ئەمنیەتیان هەڵبگرن…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی ژمارە ٣٦ بەرواری ١٥/٩/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *