پەلاماری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر ئۆپۆزیسۆنی سیاسی رژێمەکەی سەرکۆنە دەکەین!

ئەمڕۆ ٨/٩/٢٠١٨ رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مووشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بارەگاکانی هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکرات لە شارۆچکەی کۆیە. بەهۆی بۆردومانەکەوە (١٤) کەس لە بەرپرسانی و ئەندامانی ئەو دوو حزبە و ئەندامانی خێزانەکانیان گیانیان لەدەستداوەو نزیکەی (٣٧) کەسیشیان برینداربوون، کە برینی (٥) کەسیان سەختە. شەوی رابردوش، رژێمی دڕندەی ئیسلامی ئێران، سێ هەڵسوڕاوی سیاسی کوردستانی ئێرانی لەسێدارە داوە.

رژێمی کۆماری ئیسلامی، لەدوای ساڵی ١٩٩١ ەوە، بەردەوام هۆکارێك بوە بۆ نانەوەی پشێوی و نائارامکردنی بارودۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی کوردستانی عێراق. دەیان دەزگاو بنکەی جاسوسی لەناو هەرێمدا بڵاوکردۆتەوە. سەدان کەسی لە نەیارانی سیاسی رژێمەکەی لە کوردستانی عێراق تیرۆر کردوە. هەوڵیداوە لەڕیگای هاوکاریکردنی گروپ و تاقمە ئیسلامیە تیرۆریستەکان و هەروەها لەرێگای بەرژەوەندخوازی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستانەوە کە دەستی ئەو رژێمەیان ئاوەڵاکردوە، فەزای کۆنەپەرستی ئیسلامی بەسەر کوردستانی عێراقدا بسەپێنێ و ژیان و سەلامەتی هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازو عەلمانی بخاتە مەترسیەوەو کۆنەپەرستی ئیسلامی لەدژی ژنان پەرە پێبدات! ئەم رژێمە سەرچاوەی کێشە و کارەسات بووە بۆ خەڵکی کوردستان و هەرکاتێك بەرژەوەندیەکانی پێویستی کردبێت بۆ زیاتر ملکەچ پێکردنی یەکێتی و پارتی وەکو دوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان، دەستی بۆ هەموو کارێكی تێکدەرانە لە هەرێمی کوردستان بردووە. ئەم رژێمە دڕندەو مرۆڤکوژە، هاوکاری رژێمی عێراق حەشدی شەعبی کرد بۆ هێرشکردنە سەر شارەکانی کەرکوك و دووزو شەنگاڵ و ناوچەکانی دیکەو دژایەتیکردنی سەرەتایی ترین مافی خەڵکی کوردستان عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا.

رژێمی ئیسلامی ئێران، کە یەکێك لە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتەکەی و هێشتنەوەی، دەستێوەردانیەتی لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا، کوردستانی عێراق وەکو ناوچەیەکی گونجاو بۆ پاراستنی رژێمەکەی تەماشا دەکات. هەر لەم چوارچێوەیەدا پەیوەندیەکانی لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستاندا رێکدەخات. لەلایەک بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات هەژموونی خۆی بەسەر هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستاندا بەهێز بکات و بەپێی فەرمانی ئەو بجوڵێنەوە، لەلایەکی ترەوە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بە گوێرەی بەرژەوەندی دەسەڵاتی میلیشیاییان، دەرگای سنورەکانیان بۆ ئێران و وڵاتانی ناوچەکە خستۆتە سەرپشت تا بە هەر جۆرێک بیانەوێت، دەست بخەنە ناو کاروباری کوردستانەوەو نائارامی سیاسی و کارەسات بخولقێنن. ئێستاش کە پرسی پێکهێنانەوەی حکومەتی ناوەندی بووەتە گرێ کوێرەیەکی سیاسی بۆ ئێران و تای تەرازوی هێزی سیاسی بەزیانی ئەو رژێمە شکاوەتەوە، لەلایەکەوە بەشێك لە هێزە ئیسلامیەکانی شیعە کە لەدامێنی خۆیدا لەدایك بووبوون، لێی هەڵگەڕاونەتەوە و لەلایەکی دیکەوە بێزاریەکی جەماوەری گەورە بەرامبەر دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری سیاسی ناوخۆی عێراقدا سەریهەڵداوە، بەوڕادەیەی خۆپیشاندەران لە بەسرە رەمزەکانی دەسەڵاتی لەشارەکەدا دەسوتێنن، رژێمی ئیسلامی ئێران، بە بەبۆردومانکردنی بارەگاکانی هەردوو حزبی دیموکرات لە شاری کۆیە، بێجگە لەوەی گورزێك لە هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی رژێمەکەی دەوەشێنێ، هاوکات وەکو کارتێکی فشار لەسەر پارتی و یەکێتی بەکاری دەهێنێ تا نەچنە ناو بەرەی دژی ئێرانەوە لە پرۆسەی دروستکردنی حکومەتی عێراقدا!

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هەرجۆرە دەستێوەردانێکی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاروباری سیاسی کوردستانی عێراق و سیاسەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانیش دەکەین کە کوردستانیان خستۆتە بەردەم هەڕەشەو مەترسی دەستێوەردان و پاشکۆیەتی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی وڵاتانی ناوچەکەو جیهان. هەروەها سەرکۆنەی ئەو هێرشە دڕندانەیەی ئەو رژێمە بۆ سەر بارەگاکانی هەردوو حزبی دیموکرات و لەسێدارەدانی هەڵسوڕاوانی سیاسی کوردستانی ئێران دەکەین. رژێمی کۆماری ئیسلامی، کە ئێستا دەرگیری کێشەو گرفتی ناوخۆیی بووەتەوەو لەلایەن خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی ئێرانەوە کەوتۆتە بەر نەفرەت و خواستی سەرنگونی ئەو رژێمە لە هەموو کاتێك زیاتر پەرەی سەندووە، بەم پیلانگێڕێ و ئاژاوەگێڕیە و بە کوشتاری نەیارانی سیاسی خۆی ناتوانێ باری لاری راست بکاتەوە. ئەم رژێمە دژی کرێکاری و دژی ئازادیە درەنگ یان زوو وەڵامی خۆی لە خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران وەردەگرێتەوە.

مردن بۆ رژێمی هارو دڕندەی ئیسلامی ئێران!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٨/٩/٢٠١٨

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *