ئۆپۆزیسیۆن و بایکۆت

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لەئاکامی ئەزموونی هەڵبژاردنی پێشودا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، و بەشداری نەکردنی زوربەی خەڵکی کوردستان تیادا، دەنگێک لەناو بەشێک لەحزب و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لەناو بەشێک لە کادر و نووسەرانی ناسیونالیستی بۆرژوازی کوردا، دەبیسترێت. کە باسی بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن. باسی ئەوە دەهێنە گۆڕێ، کە لەڕیگای هەڵبژاردنەوە، دەسەڵات ناگۆرێت، ئاڵوگۆر ڕونادات، دەستاو دەستکردنی دەسەڵات مەیسەر نابێت… ئەو بۆچوونەشیان وەکو دۆزینەوەیەکی گەورەو داهێنانێکی نوێ نیشان دەدەن… هیچ خۆیان لەو راستیە نادەن، کە ئەوە بۆچوونی رەوتێکی دیاریکراوی ناو کۆمەڵگەی کوردستان و بەدیاریکراوی ئەوە بۆچوونی ئەو مارکسی و کۆمۆنیستانەیە، کە لەیەکەم رۆژی دەسەڵاتدارێتی ئەحزابی میلیشیاییدا، و لە زیاتر لە ٢٦ ساڵی رابردوودا، ئەوەیان بەیان کرد و راگەیاند، کە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە وەلانانرێن و دەسەڵات لە کایەی هەڵبژاردنەکاندا دەستاو دەست ناکات. ئەوێ رۆژێ کە کۆمۆنیستەکانی کوردستان و ژمارەیەک ئینسانی کەمی ئازادیخوازو ئینسان دۆست ئەو راستیەیان رادەگەیاند، لەلایەن هەر ئەو جەنابانەوە، “تۆمەتی تابوری پێنجەم”” دەستی دەرەکی هانیان دەدات” تارادەی بە خائین ناساندنیان” دەدرایە پاڵ… ئێستا دوای ٢٧ ساڵ، بێداربوونەتەوە کە دەسەڵات لەرێگای هەڵبژاردنەوە ناگۆردرێت، بەڵام نەک بەوهۆیەوە کە بڕوایان بە هەڵبژاردن لاواز ببووبێت، وە نە لەبەر ئەوەش کە دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە ناگۆڕێت… ئەوەی فاکتەرە بۆئەوەی خۆیان بەو بۆچوونانەوە هەڵبواسن، ئەوەیە کە دەزانن خەڵکی کوردستان تا رادەیەکی زۆر ئومێدو هیوایان بە هەڵبژاردنەکان نەماوەو بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا تادێت، بەرەو داکشان دەچێت… و تورەیی و نارەزایەتیش بەرەو هەڵکشان. هێزەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنیش رەوتێکی بەرەودوا دەپێون… لێرەوە پرسی بایکۆت پلان و نەخشەڕیگایەکە بۆ خۆ هەڵواسین بە دەنگی “بایکۆت” و “نا” ی جەماوەری لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئەگەر لە سەردەمێکدا و بەر لەساڵی ٢٠٠٩، هەر ئەو دەنگانە، بۆ جڵەوکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بە بانگەشەی زل و بەڵینی بێسنور و وادەی کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و دزی و شەفافیەت، خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی،… توانیان سواری بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری ببن و ئەزمون و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە تورەیی جەماوەری بپارێزن… ئەوا ئەمجارەیان دەیانەوێت بزوتنەوەو نەفرەتی قوڵی جەماوەری لەدەسەڵات، کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا، بە” بایکۆت” و” نا” ئاراستەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیان کرد، جڵەو بکەن و خۆیان وەکو نوێنەری ئەم دەنگی بایکۆت و نایە، نمایش بکەن و دوبارە خەڵکی نارازی کوردستان بکەنەوە بە کەرەستەی دوبارە خۆ ئابدەیت کردن و دەرچوون لەو ئەزمەیەی کە دەستی ناوەتە بینەقاقایان…

دیارە ئەوەی بەدوور دەزانرێت ئەوەیە کە ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد، سەختە دەست بۆ بایکۆتی  هەڵبژاردن ببات… تەماح و دەستکەوتەکانی بەشداری لەهەڵبژاردندا و چوونی خێڵێک لە کادری حزبی بۆ ناو پەرلەمان، نیعمەتێکە لە کوردستان و ژێرسایەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیاییدا، ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازیی ناتوانێت دەست لەو نیعمەتە، لە موچەو ئیمتیازاتی خەیاڵی هەڵبگرێت و لە لەوەرگای ئەم دزی تاڵانییە ئاشکرایەدا خۆی بەدوور بگرێت…

دەنگی بایکۆتی ئەو بەرێزانە، و… ئاماژەکردنیان بۆ ئەوەی کە لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە ئاڵوگۆڕ بەدی نایەت و دەستاودەستکردنی دەسەڵات روونادات، دانپیانانێکی ئاشکرایە بە پاشەکشەو رەوتی داکوژانی ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد. دانپیانانێکی ئاشکرایە بە شکستی ئەو پرۆژە و پاکیجانەی، کە نزیک بە دەهەیەکە، دەرخواری کۆمەڵگەی دەدەن و بەشوینێک نەگەیشتن.

دوای ئەوئەزموونە لەشکستی کارنامەی ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد لە ٩ ساڵی رابردوودا، ئەو دەنگانەی باسی بایکۆت دەکەن، بەهیج جۆرێک ناتوانن خۆیان ئاوێزانی دەنگی”نا” و “بایکۆتی” جەماوەری ناڕازی کوردستان بکەن. بایکۆتی ئۆپۆزیسێۆن و ئەم دەنگە نوساوانەی ئۆپۆزیسێۆن، لەگەڵ دەنگی بایکۆتی جەماوەری توڕەو ناڕازی، نەک هەر لەیەک جیان، بەڵکو دژبەری یەکترین.

زوربەی زۆری جەماوەری کوردستان، چ بەخۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی دەورەی رابردوو، چ بە بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردنی پێشوودا، پەیامی ڕون و ڕاشکاوی خۆیان بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەکەی ڕاگەیاند، وە نیشانیاندا، کە چاوەروانیان لەدەسەڵات و لە ئۆپۆزیسیۆنەکە نەماوە. لەوەش واوەتر کایەی هەڵبژاردنەکان لایان بایی پوشێک بەهای نییە و وەکو گاڵتەجارییەکی ئەزمونکراو بێئاکام تەماشای دەکەن… ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد و ئەو دەنگانەشیان کەباسی بایکۆت دەکەن… هێشتا ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەدەستکەوت، هەڵبژاردنەکان وەکو کایەی دیموکراسی، هێزو لایەنەکانیان، وەکو نوێنەر خواستی جەماوەری دەناسێنن، لە کاتێکدا بۆ خەڵکی کوردستان ئەوانە مایەپوچ بوون و نەک مایەی متمانە، بەڵکو جێگای ئەوەن ڕیسوابکرێن و لەپاڵ دەسەڵات و ئەزموونی هەرێم بەگشتیدا، کەنار بخرێن…

دەنگی” نا” و “بایکۆت” ی جەماوەری، دەنگی نارەزایەتی جەماوەرییە بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، دەنگی ناوتنە بە دزی وتاڵانی و دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەو بێمافی هەمەمەلایەنە، “نا” وتنە بە بەشدارانی ئەم دەسەڵات و تاڵانییە، دەنگی بێداربوووی جەماوەرێکە کە وێڵی ئازادی و بەرابەری و ژیانێکی شایستەی ئینسانییە. ئەمەش بەبێ راپەڕین و شۆڕش، مەیسەر نابێت. نوێنەرانی واقعی دەنگی “نا”و “بایکۆت” پێویستە ئامرازو پێداویستیەکانی خۆپیشاندان و راپەرین و گۆرینی هاوسەنگی هێز بە ئاقاری دەستبردن بۆ شۆڕشی برسییەکان و خوازیارانی ئازادی و بەرابەری، ئامادەبکەن…

بانگەشەی بایکۆتی هەر لایەنێکی بۆرژوای لە بنەرەتدا ریشەی لەشکست و لە پیشبینی دۆڕاندایە، لەو نمایشەی ناوی هەڵبژاردنە لە کوردستان… خەڵکی هۆشیاری کوردستان و دەنگی ئاگاهانەی “بایکۆت” و”نا” چۆن گاڵتەجاری هەڵبژاردن بێبەها دەکەن و لەو رێگایەوە دەیانەوێ رەوایەتی دەسەڵاتی میلیشیایی لە ئاستی ناوخۆ و لەپێش چاوی دنیای دەرەوەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، لە حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان بسەنەوە، پێویستە ئاواش فریوکاری بایکۆتی ئەو هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنانەی بۆرژوازی، ئامانجەکانی پشتی کە دزینی دەنگی ناو بایکۆت و خۆهەڵواسینە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییەوە، ریسوا بکەن و کارنامەی رابردویان، لە دەسەڵات و لە دەرەوەی دەسەڵاتدا، بخەنە ڕوو.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٥ بەرواری ١/٩/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

 

 

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *