ئاخۆ جگە لە دەنگدانی پەرلەمانی ڕێگایەکی تر هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی؟

نوسینی: موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا

بە پێی بریاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، کە پارتی و یەکیتی باڵا دەستن بەسەریدا، پێویستە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا چوارەمین پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

هەرچەندە دەنگۆ و پێسنیارێک هەیە بۆ دواخستنی بۆ کاتێکی تر، بەڵام دواخستن و نەخستنی بە نیسبەت کۆمەڵانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و توێژە ستەمدیدەو بێبەشەکانەوە هیچ لە دۆخەکەیان ناگۆڕێت. بێگومان ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەر کات هەڵبژاردن بکرێت هیچ لە ناوەڕۆکی ئەرکو ئامانجی خودی پەرلەمان و هیزە باڵا دەستەکان و حکومەتی داهاتوش ناگۆرێت.

هەڵبەت هەموو لایەنەکانی بەشدار لە دەنگدان و هەڵبژاردن، وەک ئاماژەمان پێدا، بە تایبەتی چوار لایەنەکەی بەناو ئۆپۆزیسیۆن، و لە پێشیانەوە گۆڕان، پێشنیاری دواخستنەکە دەگەڕێننەوە بۆ لەبەرچاوگرتنی دۆخەکەو مەترسی بەشداری نەکردن و دەنگ نەدانی زۆرایەتی خەڵك. بەڵگەشیان بۆ ئەمە بەشدارینەکردنی زیاتر لەنیوەی خەڵك بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق کە نیوەی مانگی ئایار بەڕیوەچوو. جا سەرەڕای تێپەڕینی سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، بەڵام تا ئێستاش لایەنی براوەو هەمو لایەنەکان نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کە بە پێی دەستور پێویستە لە ماوەی سێ مانگ دوای هەڵبژاردن حکومەت پێك بێت.بەهەرحاڵ ئێستا ئەوە چەند هەفتەیە دواخستن و نەخستن  هەتا دەگاتە هەڵوێستی دەنگدان و دەنگنەدان و بایکۆتی هەڵبژاردن بۆتە هەواڵ و پرسێکی گەورەو گەرم چ لە ئاستی لایەنەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، چ لە ئاستی ڕای گشتی جەماوەرو ئەو حزب و ڕیکخراو و هەڵسوڕاوە سیاسییە چەپ و کۆمۆنسیتانەی کە دەمێکە ڕاو بۆچون و هەڵویستیان ڕون و ڕاشکاوە، نەک هەر بەرامبەر ئەم شانۆگەری و گەمە سیاسییە گاڵتەجارییەی بەناوی پەرلەمان و دەنگدان لە کوردستان و عیراق بەڕیدەخرێت، بەڵکو بەرامبەر باشترین دەنگدان و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سیستەمی پەرلەمانی بۆرژوازی لیبرالی واقعیش لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا.

بۆیە هەمیشە، بە تایبەتی لەسەروبەندی ئەم جۆرە بەناو هەڵبژاردنە پەرلەمانیە گاڵتەجارییانەدا، پرسیارێک  بۆ هەمو لایەك دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە کە:  ئاخۆ جگە لە دەنگدانی پەرلەمانی ڕێگایەکی تر هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی؟؟

بێگومان لەڕویەکەوە ئەم پرسیارە لەلایەن خودی سەرانی هەموو لایەنەکانیشەوە بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیونەوە دەخرێتە ڕوو. وای نیشان دەدەن کە هەڵبژاردن و دەنگدان جگە لەوەی پرۆسەیەکی دیموکراسی و مافێکی خەڵکیشە، هاوکات هیچ ڕێگایەکی تر نییە بۆ ئاڵۆگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری لە کوردستاندا.وە لەم گۆشە نیگاو ڕاوبۆچونەوە پڕوپاگەندەی ژەهراوی و ڕەشبینی دەکەن تا جەماوەری ناڕازی لە دەسەڵاتەکەیان بیر لەهیچ ڕێگاو بژاردەیەکی تر نەکاتەوە.بەڵام وەڵامی ئەم پرسیارە لە ڕوانگەو ڕاوبۆچونی بەرەی چەپ و کۆمۆنیستی و کرێکاری و جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخواز، لە پێشیانەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، ئەوەیە کە بەڵێ ڕێگاو بژاردەیەکی تر هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی ئەو دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و تەنانەت فەرهەنگیەش کە جەماوەریان ڕاکێشاوەتە ناوییەوە. ئەویش دەنگنەدان و ڕیسواکردنی ئەم شانۆگەریە گاڵتەجاریەی ناویان ناوە دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمان. ئەم گاڵتەجارییەش  هەرچەند ساڵ جارێک بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتە بنەماڵەیی و خێڵەکی و قەومی و میلیشایی و مافیاییەکەیان سازی دەدەن تا درێژە بدەن بە  دزی و گەندەڵی و لوشدانی سەروەت و سامانی کوردستان و سەرکوت و برسی و هەژارکردن و ئاوارەکردنی زۆرایەتی خەڵكەکەی.

بۆیە سەبارەت بەو پرسیارە کە ڕێگاو بژاردەی تر هەیە یان نا پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە خودی دەنگنەدان و نەچوون بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان خۆی لە خۆیدا هەڵویست وەرگرتنێکی ئاگایانەو شێلگێرە. هەنگاوی یەکەمە لە  گرتنە بەری ڕێگای ئاڵوگۆڕی سیاسی ڕیشەیی شۆشگێرانەی چیانیەتی بۆ کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی بۆرژوازی لە کوردستاندا. ئەو دەسەڵاتەی کە لە شەقڵ و شێوازی  بنەماڵەیی و خێڵەکی و قەومی و ئیسلامی میلیشیایی بەرجەستە بۆتەوە.

لە ڕاستیدا هەر ئەوەی بەشێک لە لایەنەکانی دەسەڵات، لەوانە گۆران، کە پێشنیاری دواخستنی هەڵبژاردن دەکات، وەک بەهانەیەک، ئەوە نیشانەو بەڵگەی  ئەوەیە ئیتر خەڵك باشتر و زیاتر بەئاگا هاتونەتەوە لەدژی دەسەڵاتداران. بە گوتەی خۆیان خەڵك دەیانەوێت سزای دەسەڵات بدەن.

جەماوەری ستەمدیدە لە کرێکاران و توێژە بێبەشەکان بە تاقیکردنەوە بۆیان دەرکەتووە کە ئەم هەڵبژاردن و دەنگدانە هیچ بەهایەکی نییە لای دەسەڵاتداران،  ئیتر بۆ دەبێت جەماوەر بەهای بۆ دابنێت و بەشداری لە پرۆسەی وا گاڵتەجاڕی دا بکەن…!

بێگومانیشە کیشەی هەر چوار لایەنەکەی بەناو ئۆپۆزیسیۆن و هەموو ئەوانەش کە پروپاگەندەی چەپایەتی دەکەن لە مەترسی بەشداری نەکردنی خەڵك و بایکۆت کردنی هەڵبژاردن زیاتر ئەوەیە کە دەزانن ئیتر خەڵکی لە نارەزایەتیەکانیاندا  دروشمی پێویستی گۆڕینی سەرجەم سیستەمەکەیان بەرزکردەوە. دیارە بەکردەوە دەرهێنانی ئەم دروشمەش بە دەنگنەدان و بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن دەست پێ دەکات. وە ئەمەش نیشانەو بەڵگەی گرتنەبەری رێگایەکی ترە بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی هەمەلایەنە.

جا کە هەمو سەرانی دەسەڵات ئێستا تورکەی سواڵی دەنگ کۆکردنەوەیان هەڵگرتوە تا خەڵك دەنگیان پێ بدەن و پاشان کە بوون بە ئەندام پەرلەمان و و وەزیرو گزیر  لە جیاتی بەدیهێنانی هەموو ماف و ئازادیەک ئەوان جارێکی تر تورەکەکانیان پڕ بکەن لە خەیارو ترۆزی و ترشو خوێ بەناوی خێرو چاکەو لە بۆنە ئایینی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و خێڵەکییەکانیان دابەشی بکەن بەسەر دەنگدەرانیاندا.

بەڵێ! بەڕای ئێمە خەڵکی ستەمدیدەو بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخواز پێویستە بەیەک دەنگی بەرزو یەکگرتوانە نەک هەر دەنگ نەدەن، بەڵکو ئەم گاڵتەجارییە ڕیسوا بکەن هەر وەک لە بەییاننامەکەی  حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا هاتووە.

هیچ گومانمان لەوەدانییە کە دەنگنەدان و ڕیسواکردنی ئەم گاڵتەجاڕیە هەنگاوی یەکەمە لەگرتنەبەری  ڕێگای شۆڕشگیرانەی ئاڵوگۆڕی سیاسی هەمەلایەنەو ڕیشەیی بە قازانجی جەماوەر.

نابێت جەماوەری ستەمدیدە هیچ خۆشباوەرییەکیان هەبێت بەو پروپاگەندەیەی سەرانی دەسەڵات و موعارەزە  کە دەڵێن جگە لە دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕێگایەکی تر بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی نییە.

بەڵێ..! ڕێگاو بژاردەی تر هەیە ئەویش بەشداری نەکردنی بەکۆمەڵ و ڕێکخراوبوونی جەماوەرو پەرەپێدانی ناڕەزایەتییەکانیانە بۆ کۆتایی پێهینانی هەمو سیستەمەکەو دامەزراندنی سیستەم و دەسەڵاتێکی ئازادی ڕەها کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەو خواستی جەماوەر بێت..

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە!

 ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە ٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ بۆداگرتنی ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧، کلیکی ئیڕەبکە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *