بەشی یەکەم و دووم
بۆپێشەوە: وابریارە ٣٠ ئەیلول هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەهەلومەرجێکدا کە پێگەی ناسیونالیزم کورد، بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە لەبەرامبەر بەغدا لاواز بووە، بەتایبەتی بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٦، لە دۆخێکی ئاوادا چۆن دەڕوانە ئەو هەڵبژاردنە؟
موحسین کەریم: راستە پێگەی بۆرژوازی کورد و بزوتنەوە سیاسیەکانی لەبەرامبەر بۆرژوازی عێراقی و دەوڵەتی ناوەندیدا، دوای ١٦ ی ئاب لاواز بووە، بەڵام ئاڵوگۆڕێکیش لەناوخۆی خێزانی بۆرژوازی عەرەبی و بزوتنەوەو هێزە سیاسیەکانیدا روویداوە، بەتایبەتی لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا، ئەو هێزانە ئەو ئینسجامە سیاسیەی لەدەورانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دا، بۆ ماوەیەکی کاتی بەدەستیان هێنابوو، لەدەستیان دا. شکستی هەڵبژاردنی پەرلەمان و بنبەستی دروست نەبوونی حکومەتی عێراق، دوای زیاتر لە (١٠٠) رۆژ لە تەواوبوونی هەڵبژاردن، لەپاڵ ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری لە شارەکانی باشووری عێراق لە دژی بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان، ئەو هێزانەی توشی داماوی و بێئاسۆیی کردوە. بەمەش ئەو باڵادەستیەی کە راستەوخۆ دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەدەستیان هێنا بەرامبەر بە هێزەکانی بۆرژوازی کورد، لاوازتربووە.
لە پەیوەند بە بارودۆخی ناوخۆی هێزو حزبەکانی بۆرژوازی کوردو هاوکێشەو هاوسەنگی نێوانیان، بەهەمانشێوە پارسەنگی یەکێتی و پارتی زیاتر بووە. ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و مانەوەی دەنگەکانی پارتی و یەکێتی وەکو خۆی و شکستی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانیان (بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانیەکەی بەرهەم صاڵح و بزوتنەوەکەی شاسوار عبدالواحید)، پێگەی ئەو دوو حزبەی تەنانەت بەرامبەر بە نەیارەکانیان، لەناو هێزەکانی بۆرژوازی عێراق و رێکەوتنە سیاسیەکان بۆ پیکهێانی حکومەتی ناوەند، بەهێزتر کردوە. ئەو (٥) لایەنەی نەیاری یەکێتی و پارتی بەجۆرێك تووشی بێئاسۆیی و گیرۆدەیی سیاسی بوون، کە ناتوانن وەکو دەورانی (١٧)ی شوبات، بەرەیەك دژ بەو دوو حزبە پێكبهێنن! بۆیە هاوسەنگی هێزی سیاسی لەناوخۆی کوردستاندا، بە قازانجی هەمان دوو حزبی پارتی و یەکێتی دەمێنێتەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بێجگە لە درێژکردنەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەوان، شتێکی دیکە نابێت.
بۆپێشەوە: لە هەڵبژاردنی پێشوودا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زوربەی خەڵکی عێراق و کوردستان، بەشداریی هەڵبژاردنیان نەکرد، لاتان وایە لەم هەڵبژاردنەشدا خەڵک بەهەمان شێوەی پێشوو یان زیاتر بەشداری ناکات؟
موحسین کەریم: بەبڕوای من ئەزمونی هەڵبژاردنی عێراق، ئەگەرچی هەندێ لایەنی جیاوازی هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، دەکرێ وەکو بنەمایەك بۆ خوێندنەوەی میزاجی سیاسی گشتی خەڵکی کوردستان لەبەرچاو بگیرێ. بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداری نەکردنی خەڵك، ئەگەر لایەنێکی بە دروستی ئەوەبووبێت کە زۆربەی خەڵکی کوردستان لە ریفراندۆمدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دابوو، وە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و گێڕانەوەی کوردستان بۆ باوەشی دەوڵەتی ناوەندی پێچەوانەی ئەو بڕیارە بوو، بەڵام لایەنێکی دیکەشی هەبوو، ئەویش بێئومێدی جەماوەر بوو لە سەرجەم بەرنامەو سیاسەتی ئەو هێزانەی بەشداری هەڵبژاردنیان کردبوو. بێ بڕوایی خەڵك بوو بەوەی کە لەرێگای دەنگدان و هەڵبژاردن لەژێرسایەی ئەم حزبانەی بۆرژوازی کورددا، بەدەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسۆنەوە، بە ناسیۆنالیست و ئیسلامی سیاسیەوە، بتوانرێ شتێك لەبەرژەوەندی ئەوان، بە قازانجی ماف و ئازادی و ژیان و باشبژێویان بگۆڕێت. بەبڕوای من ئەم مەسەلەیە وەکو خۆی ماوەتەوە. ئەو حزبانەی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، هەمان ئەوانەن کە پێشتر لە هەڵبژاردنەکان و لە پەرلەماندا بەشداربوون و بەرنامەو کارنامەی سیاسیان لای جەماوەر رۆشنەو شکستی خواردوە، یان لەهەناوی ئەو حزبانەوە هاتونەتە دەرەوەو مناڵی شەرعی ئەوانن! بۆیە من پێموایە کە رێژەی بایکۆتی خەڵك و بەشداری نەکردن ئەگەر لەچاو هەڵبژاردنی عێراقدا زیاتر نەبێ لانی کەم لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشووتری پەرلەمانی کوردستاندا زۆرزیاتر دەبێ.
لەلایەکی دیکەوە، خەڵکی ناڕازی لە ئەزمونی هەڵبژاردنی عێراقدا بێبایەخی و پووچی دەنگدان و هەڵبژاردنیان بۆدەرکەوت. بۆیان دەرکەوت کە ئەوەی بڕیاردەدات لە گۆڕەپانی سیاسەت و دەستادەست کردنی دەسەڵاتدا، دەسەڵاتی پارەو چەکە. دەرکەوت کە هاتوهاواری حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن سەبارەت بە ساختەکردن و دزینی دەنگەکانیان لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە فلسێکی قەڵبی نەکرد! بۆیە تەنانەت بەشێك لە دەنگدەرانی ئەو هێزانە بەو ئەنجامە گەیشتوون کە بەشداری دەنگدان نەکەن. ترسی ئەم هێزانە لەوەیەو هەموو هەوڵێك دەدەن ئەمە روونەدات!
بۆپێشەوە: بەشێک لە حزبەکانی کوردستان، بەتایبەتی ئۆپۆزیسێون!! و نوێنەران و نووسەرانیان دەڵین، ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکات، ئەوا حزبە دەسەڵاتدارەکان، لەجیاتی ئەوان دەنگ دەدەن… لەوبارەیەوە دەڵێن چی؟
موحسین کەریم: من پێموایە بێجگە لە پڕوپاگەندەی ئەو حزبانە بۆ چەواشەکردنی خەڵك و ترساندنیان بۆئەوەی بچن و دەنگ بەخۆیان بدەن، هیچ شتێکی دیکە نییە. لەژێرسایەی دەسەڵاتی میلیشیاو چەك و پارەدا گومانی تێدا نییە کە دەسەڵات بۆ ئەو دوو حزبە بڕاوەتەوە. بۆچی ئەوکاتانەی کە خەڵك چوون و دەنگیان بە ئۆپۆزیسۆن دا، توانیان دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لاواز بکەن، یان شەرعیەتیان دا بە دەسەڵاتی ئەوان؟ پێشتر خەڵك وەکو دوو هێزی خۆسەپێن سەیری ئەوانی دەکرد، بەڵام بەشداری بەناو ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردندا، شەرعیەتی یاساییدا بەدەسەلاتی ئەوان! بانگەشەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەرێگای دەنگدان و هەڵبژاردنەوە وەهمێکی پووچ دەرچوو! ئەو دوو حزبە چەکدارەی دەستیان بەسەر دارایی و سەرچاوەی ئابوری کوردستاندا گرتووە، بەدەنگدان بێت یان بەبێ دەنگدان، دەسەڵات بۆئەوان قۆرخکراوە. کێ ئەتوانێ رێگری لە ساختەو تەزویری ئەوان بکات؟ دەیان شێوازو رێگایان هەیە بۆ تەزویر، بۆ کڕینی دەنگی خەڵك. بۆیە مەسەلەی دەنگدان لەجێگای خەڵکێك کە بایکۆتگی دەنگدان دەکات، تەنها قسەیەکی پووچە! بەڵام بایەخی بایکۆتی دەنگدان و هەڵبژاردن لای خەڵك، وەرگرتنەوەی شەرعیەتە لەلایەن ئەوانەوە لەدەسەڵاتی میلیشایی ئەو دوو حزبەو حزبە هاوسفرەو خوانەکانیان! ئەمە بۆ خەباتی هەقخوازانەی خەڵك لەڕوی سیاسیەوە بایەخێکی گەورەی هەیە.
بۆپێشەوە: بەشداری نەکردنی خەڵک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرهەمی خۆبەخۆ و توەرەیی جەماوەر بوو لەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن!!، نەک کاری ڕێکخراوی حزب و لایەنی سیاسی یان ڕیكخراوەی کۆمەڵگەی مەدەنی…تاد، چ بکرێت بۆئەوەی دەنگی ” نا” و ” بایکۆت” نوێنەرایەتی بکرێت؟
موحسین کەریم: ئەگەر بەشداری نەکردنی خەڵك لە هەڵبژاردندا بەرەنجامی کارو پراتیکی سیاسی و جەماوەری حزب یان لایەنێکی سیاسی بێت، ئەوا بێگومان خەڵك بەپێی سیاسەتی ئەو حزب و لایەنە سیاسیە دیاریکراوە دەجوڵێنەوە. جا رەنگە حزبێکی شۆرشگێرو چەپ و کرێکاری بێت و لەوبارەدا دەتوانێ ئاراستەی سیاسی کۆمەڵگە بە ئاقارێکی دیکەدا بگۆڕێ و شکست بە پرۆسەی دەنگدان بێنێت و شێوازێکی دیکە لە دەسەڵاتدارێتی سیاسی و دەوڵەتداری بخاتەبەردەم خەڵکی کوردستان. ئەگەریش حزبێك بێت کەلەناو خێزانی بۆرژوای کوردوە هاتبێت، رەنگە بتوانی جۆرێك لە هەڵبژاردن کە دەسەڵات بیەوێ بیسەپێنێ بەشکست بکێشێ لەرێگای هاندانی خەڵك بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن و بەوجۆرەش سەپاندنی مەرجەکانی خۆی. جۆرێکی دیکەی بایکۆتیش هەیە کە بەرەنجامی بێئومێدی سیاسی جەماوەرە لە پرۆسەی هەڵبژاردن یان لەو هێزانەی کە هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن و نەبینینی نوێنەری سیاسی خۆیەتی لە پرۆسەکەدا! بەداخەوە وەکو ئێوەش دەڵێن، ئەوەی لە هەڵبژاردنی عێراقدا رویدا، لەمجۆرەی دوایی بوو. راستە چەند هێزو لایەنێکی سیاسی و چەپ بانگەشەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، بەڵام بەداخەوە بەشێکی کەمی ئەو خەڵکەی بەشداری نەکرد، بەدەمەوە هاتنی بانگەوازی ئەوان بووبێت!
بەبڕوای من نوێنەرایەتیکردنی بایکۆت، تەنها لەو کاتەدا مانای هەیە کە حزبێک یان لایەنێکی سیاسی بەر لە هەڵبژاردن، لەناو جەماوەردا پێگەیەکی سیاسی و جەماوەریی هەبێت و تارادەیەك سیاسەت و بەرنامەی سیاسی ئەو حزب و لایەنە بووبێتە بیروبۆچوون و پراتیکی سیاسی بەشێکی جەماوەر یان زۆرینەی خەڵك! ئەوکاتە ئەو حزب و لایەنە دیاریکراوە دەتوانێ پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئاقارێکی دیکەدا ببات، وەکو لەپێشەوە ئاماژەم پێکرد.
بۆپێشەوە: گریمان خەڵک لەم هەڵبژارنەدا بەشداری نەکرد، چی لە وەزعی سیاسی کوردستان دەگوڕێت؟ وە بەدیلی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کامەیە؟ بەدیلی ئەم حزبە بۆرژوازییانە چییە؟
موحسین کەریم: وەکو لە وەڵامی پێشوودا ئاماژەم پێکرد، بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردندا دەکرێ ئاکامی بێئومیدی سیاسی خەڵك بێت، یان تەنانەت بەهۆی نەخش و دەوری هێزێکی دیکەی بۆرژوازیەوە بێت و بەرنامەی سیاسی هێزە دەسەڵاتدارەکان هەڵوەشێنتەوەو لەگەڵ ئەوەشدا لەڕووی باشبوونی ژیان وگوزەران و ئازادی و مافەکانی خەڵکەوە ئاڵوگۆڕێکی جدی و لە بەرژەوەندی خەڵک روونەدات. کەواتە بایکۆتی هەڵبژاردن ئەوکاتە دەتوانێ بارودۆخی سیاسی کوردستان بە قازانجی خەڵك بگۆڕێت کە لەسەر بانگەوازی هێزێکی سیاسی رادیکاڵ و شۆرشگێر و حزبێکی سیاسی کرێکاری و کۆمۆنیست بکرێت. بەڵام بە بڕوای من بەشداری نەکردن لە خراپترین حاڵەتیشدا، باشترە لە بەشداریکردن و دەنگدان بەو حزبە بۆرژوازی و قازانج پەرستانەی کە تائێستا پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن. چونکە بەشداریکردن شەرعیەت بەخشینە بەو حزبانەو بە حزبە دەسەڵاتدارە میلیشییایەکانی یەکێتی وپارتی، بەڵام بەشداری نەکردن وەرگرتنەوەی شەرعیەتە لەوان و سەرەتا گەڕانی جەماوەرە بەشوێن بەدیلی سیاسی رادیکاڵ و دەرفەتیش بۆ ئەو هێزو لایەنە سیاسیانە دروست دەبێ کە بەرنامەو ئامانج و پراتیکی سیاسیان لەبەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستانە.
بەڵام سەبارەت بە بەدیلی هەڵبژاردن و حزبە بۆرژوازیەکان، من پێموایە بەدیلی هەڵبژاردن و پەرلەمانی بۆرژوازیی و بگرە کارتۆنی کوردستان، دەسەڵاتی راستەوخۆی خەڵکە؛ واتە دروستکردنی دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەر لە خوارەوە بۆسەرەوە، شوراو ئەنجومەنە راستەقینەکانی خەڵکی کوردستانە، کە هەر لە گەڕەکەکانەوە، هەر لە ناوەندەکانی کارو خزمەتگوزاریەوە، هەر لە زانکۆو خوێندنگاکانەوە، هەر لە خەستەخانەو فەرمانگەکانەوە تا لادێ و شارۆچکەو شارەکان و تا سەراسەری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان و ….تاد. بداتە دەستی خەڵک و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی راستەوخۆی خۆیان. قانعکردن و ئامادەکردنی جەماوەر بۆ ئەم شێوازە لە دەسەڵاتدارێتی کاری حزب و لایەنە سیاسیە کرێکاری و چەپ و کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازانە، کە دەبێ ببنە بەدیلی سیاسی حزبەکانی بۆرژوازی و رابەریی سیاسی کۆمەڵگە بگرنە دەستی خۆیان.
تێبینی: ئەم گفتوگۆیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٥ بەرواری ١/٩/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…
دیمانە لەگەڵ محسین کەریم، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان…
بەشی دووەم و کۆتایی
بۆپێشەوە: ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکات، ئەی چی بکات؟ بۆچی کۆمۆنیستەکان، بەبایکۆتەوە گرتویانە؟
موحسین کەریم: وەکو وتم بەلای منەوە بەشداری نەکردن و بایکۆتی هەڵبژاردنێك کە هیچ لە بەرژەوەندی خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش و بەشخوراوی کوردستان ناگۆڕێت و تەنها کۆمەڵێك حزبی بۆرژوازی مفتەخۆرو مافیایی و قازانج پەرست دەباتە ناو پەرلەمان و ناو کایەی دابەشکردنی ئیمتیازاتی سیاسی و دەستکەوتی ئابوری و دارایی لەنێوان خۆیاندا، باشترە لەوەی تێێدا بەشداری بکەی و بەدەستی خۆت شەرعیەت بدەی بە بێمافی و برسێتی و نەمانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و سەرەتاییەکانی خۆت و پلەو پۆست و سامانی ئەوانیش زیاتر و گەورەتر بکەی. بۆیە لەخراپترین باردا ئەو باشترە کە خەڵك شەرعیەت نەدات بە تاڵانکردنی پارووی دەمی خۆی و خێزانەکەی و سەرکوتکردنی ماف و ئازادییەکانی. بە تەجروبەی عەمەلی ئەمە دەرکەوتوە نەك تەنها بانگەشەیەکی سیاسی من بێت. ساڵانێکی زۆرە خەڵك بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و دەنگ دەدەن بەم حیزب و بەو حزبی دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام چییان چنیەوە لەو دەنگدانەیان؟ ئەی هەر ئەو خەڵکە نەبوون کە بۆئەوەی مووچە زەوتکراوەکانیان بگێڕنەوە، ناچاربوون بچنە سەر شەقام و خۆپیشاندان بکەن؟ خەڵك نەچوون عەریزە بنوسن و بیدەن بە پەرلەمان تا لای حکومەت بۆیان بپاڕێتەوەو مووچەکانیان بۆ بگێڕنەوە، بەڵکو رژانە سەر شەقامەکان و دژی دەسەڵات و حکومەت خۆپیشاندانیان کرد. کەواتە ئەگەر خەڵك بیەوێ ژیانی باش بکات، بیەوێ مافە زەوتکراوەکانی وەربگرێتەوە، بیەوێ ئازادییەکانی فراوان بکات، بیەوێ خزمەتگوزاری تەندروستی و ئاو و کارەبای هەبێ، رێگاوبان و خزمەتگوزاری شارەوانی هەبێ و تاد… دەبێ خۆی بێتە مەیدان و لە دەرەوەی دەنگدان و پەرلەمان بۆ ئەو مافانەی خۆی تێبکۆشێت.
بەبڕوای من خەڵك دەبێت هەر بەوجۆرەی کە تێکۆشان بۆ گێڕانەوەی مووچە تاڵانکراوەکانیان، بەوجۆرە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، تێبکۆشن. دەبێ ئەو خەبات و تێکۆشانەیان بەردەوام و رێکخراو بێت. خەڵك؛ کارمەندان، مامۆستایان، خانەنشینان، فەرمانبەران، کرێکاران، توێژە بێبەش و ستەملێکراوەکانی کوردستان دەبێ هەرچی زووە خۆیان لە رێکخراوەی جەماوەری و خەباتکارانەی خۆیاندا لە چەشنی شوراو ئەنجومەنە راستەقینەکانی خۆیاندا رێك بخەن، دەستبەجێ لە ناوەندەکانی خۆیاندا و لە گەڕەکەکاندا کۆبونەوەی گشتی ساز بدەن و نوێنەرانی خۆیان لەو شوێنانەدا هەڵبژێرن. ئەم کۆبوونەوە گشتیانە پایەو بنەمای شوراو ئەنجومەنە شۆڕشگێڕەکانی خەڵک و کرێکاران دەبێت. کۆمۆنیستەکان ئەرکیانە کار بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە بکەن. کاریان ئەوەیە کە جەماوەر بەوە قانع بکەن کە رێگای تریان نییە، ئەگەر بیانەوێ ژیانیان بگۆڕن بەرەو باشتر، ئەگەر بیانەوێ کەسێتی و ماف و ئازادییان پارێزراوبێت، ئەگەر بیانەوێ ئایندەی خۆیان و مناڵ و نەوەکانیان چییدی لەناو بێئومێدی و بێهیوایی و سەری خۆ هەڵگرتندا بەرەو هەندەران تاریك نەبێ، تەنها ئەوە نەبێ کە دەست بەرن بۆ خۆرێکخستن لە شوراو ئەنجومەنەکانی خۆیان و بەدەستەوە گرتنی کاروباری سیاسی و ئابوری و ئیداری کۆمەڵگەی کوردستان. کۆمۆنیستەکان تەقدیسی بایکۆتی هەڵبژاردن ناکەن، بەڵکو پێیانوایە کە دەبێ لەناو ئەڵقەی بایکۆت بە تەنها بێینەدەرەوەو هەنگاوی دیکە بنێین. ئێمە جەماوەری کرێکارو بێبەش و چەوساوەی کوردستان، هەنگاو بەرەو بەدەستەوەگرتنی بڕیاری سیاسی و ئایندەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆمان بنێێن!
بۆپێشەوە: لەجێگای پەرلەمان بەدیلی دەسەڵاتی جەماوەری یان خۆبەرێوەبەری دەهێنرێتە گۆڕ، لاتان وایە لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاییدا، دەتوانرێت یان رێگەدەدرێت، دەسەڵاتی جەماوەری پیادەی ئیرادەی خۆی بکات؟
موحسین کەریم: دەسەڵاتی میلیشایی خۆی دژ بە دەسەڵات و ئیرادەی جەماوەرە. دەسەڵاتی میلیشایی بێجگە لەوەی کە ئامادەیە بە چەك بەرپەرچی هەر هەوڵێکی جەماوەر بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەران ومافەکانیان بداتەوە، لەهەمانکاتدا خودی خەڵکیش دابەش دەکات بۆ لایەنگران و ئەندامان و چەکداران و جیرەخۆرانی حزب، کە ژیان و گوزەران و کەسایەتیان بەستراوەتەوە بەو حزبانەوە، نەوەك وەکو هاوڵاتی خاوەن کەسایەتی ئازاد و خاوەن ماف و ژیان بن. بۆیە سیستەمی میلیشایی حوکمڕانی، بنەما کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگە هەڵدەوەشێنێتەوەو پەیوەندی حزبی وەلائی حزبی پەرەپێدەدات، کە هاوکاتە لەگەڵ ژیاندنەوەی دواکەتوترین و بۆگەنترین پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان! بۆیە هەرجۆرە هەوڵێکی جەماوەر بۆئەوەی ئیرادەی سیاسی خۆی بگرێتە دەستی خۆی روبەڕوی پیلان و سەرکوتکردنی ئەو هێزانە دەبێتەوە. بەڵام، خاڵێکی گرنگ کە دەستی ئەو حزبانە بە تەواوی ئاوەڵا ناکات بۆئەوەی ئەو کارە بکەن، ناڕەزایەتی و توڕەیی فراوانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازو هوشیاری کوردستانە لەو حزبانەو کارکردی چەندین ساڵەی دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی و نایەکسان و ستەمکارانەیان. بەبروای من، خەڵکی ناڕازی کوردستان، وەکو چۆن لە دەسەڵاتی میلیشایی ئەوان نەترسان و ڕژانە سەر شەقامەکان، بەهەمان شێوە، ئەگەر یەکگرتوو بن و خۆیان رێك بخەن و کۆتایی بەو پرشوبڵاویە بهێنن کە هەرئێستا پێوەی دەناڵێنن، دەتوانن پیلانەکانی ئەو هێزانە و دەسەڵاتەکەیان پووچەڵ بکەنەوە.
هەڵبەت من مەبەستم لەوە نییە کاری سەرچڵانە بکرێ، بەڵکو مەبەستم لەوەیە کە کاری پڕحەوسەڵەو هوشیارکردنەوەو قانعکردن و ئامادەکردنی جەماوەر بکرێ بۆئەوەی دەست بەرێ بۆئەو جۆرە لە خۆرێکخستن و هەنگاونان بەرەو بەدەستەوەگرتنی کاروباری ژیان و گوزەران و ئیدارەی کۆمەڵگە لە بچوکترین مەسەلەی خزمەتگوزاری و ئابوریەوە تا گەورەترین کارو بڕیاری سیاسی. هەر ئەو خەڵکە دەتوانن داوا لەو حزبانە بکەن، کە وەکو حزبی سیاسی بێن و لەناو کۆمەڵگەی کوردستان هەڵسوڕانی سیاسی خۆیان بکەن و پابەندبن بە پرەنسیپی و یاسای ئازادی هەڵسوڕانی سیاسیەوە. ئەندامانی خۆیان، وەکو هەر هاوڵاتیەکی دیکەی کوردستان لە شوێنی کارو ژیان و لە فەرمانگەو دامەزراوەو گەرەکەکاندا بنێرنە ناو شوراو ئەنجومەکان و خۆشیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرایەتی ئەو شوراو ئەنجومەنانە هەڵبژێرن.
بۆپێشەوە: تۆ دەڵێتت کە دەسەڵاتی میلیشیایی دژی ئیرادەو دەسەڵاتی جەماوەرییە، کە دروستە. لەوەها حاڵەتێکدا جەماوەری بێبەش لەهەر جێگایەک دەست بۆ دامەزراندنی شورا یان هەر ئۆرگان و ئەلگۆییەکی بەڕیوەبەرایەتی ببات، رووبەرووی هێزی سەرکوتی دەسەڵاتی میلیشیایی دەبێتەوە، و رێگای لێدەکەن، کەواتە چ بکرێ لەبەرامبەر بەو دەسەڵاتەدا؟ پیشمەرجی دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری چییە؟
موحسین کەریم: دەسەڵاتی جەماوەری لە پرۆسەیەکی سیاسی هوشیارانەو رێکخراوی جەماوەردا زەمینەکانی فەراهەم و جێبەجێ دەبێت. وەکو لە وەڵامی پێشوودا وتم، دەسەڵاتی میلیشایی ناتوانێ پێش بە هەموو جوڵەیەکی جەماوەر بگرێ، بەتایبەتی کە نەفرەتێکی زۆر لەدەسەڵاتی ئەوان هەیە، بۆیە دەرفەت بۆ جەماوەر هەیە کە بەشێوازی گونجاو و هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ گەشەسەندنی ئاستی رێکخراوەیی سیاسی و جەماوەریدا، بنەماکانی هێزو تواناو دەسەڵاتی خۆی دابمەزرێنێ. مەبەستم لەدەسەڵات بەتەنها ئەوە نییە کە رۆژێك جەماوەر رادەپەڕن و ئەو حزبە میلیشییاییانە رادەماڵن و دەسەڵاتی سیاسی جەماوەری لەجێگایدا دادەمەزرێنن، بەڵکو مەبەستم لەوەیە کە پێبەپێی خۆرێکخستن و رێکخراوبوونی جەماوەر، کۆڵەکەکانی هێز و دەسەڵاتی خۆشی پتەوتر دەکات و لەبەرامبەر ئەو حزبانەدا دەکەوێتە هاوسەنگیەکی سیاسی گونجاوترەوە. بەر لەوەی شورا و ئەنجومەن دروست بکرێ، پێویستە هەڵسوڕاوانی سۆشیالیست و کۆمۆنیست و رادیکاڵی جەماوەری ئەڵقەو گروپەکانی خۆیان دروست کردبێت. لەگەڵ خەڵدا پەیوەندیان دروست کردبێت. باسی شورا و ئەنجومەن و دەسەڵاتدارێتی خەڵکیان بۆ بکەن. خەڵك قانع بکەن بەو بۆچون و باوەڕانە. قانعیان بکەن کە چ دەسەڵاتی میلیشایی و چ بەدیلە سیاسیەکانیان لەناو هێزو حزبەکانی بۆرژوازیدا، ناتوانن ئاسۆی باشبوونی ژیان و گوزەران و بەدەستهێنانی مافەکان و ئایندەیەکی رۆشن، بخەنە بەردەم ئەو خەڵکە. دەبێ بە حەوسەڵەوە ئەو کارە بکەن دوور لەهەر کارێکی سەرچڵانەو پەلەپروزکێی سیاسی. دەبێ لە دوو ئاستدا جەماوەر ئامادەبکرێ بۆئەوەی دەسەڵاتدارێتی خۆی دابمەزرێنێ. یەکەمیان لەڕووی سیاسیەوە، ئەویش بەوەی بەتەواوی دەست بشوات لەهەموو بەدیلەکانی بۆرژوازی کورد کە ماوەی ٢٧ساڵە تاقی دەکاتەوەو بیجگە لە بێمافی و خراپتربوونی بارودۆخی ژیان و گوزەران و تاریکتربوونی ئایندەی سیاسی هیچی تری لێ دەست نەکەوتوە! دووەم، دەبێ لەباری رێكخراوەییەوە جەماوەر خۆی ئامادەبکات و دەیان ئۆرگان و گروپ و کۆمیتەی جەماوەری لەزۆرێك لە گەڕەك و دامەزراوەو ناوەندەکانی کارو خزمەتگوزارییەکان دروست کردبێت. کە ئەمانە ببنە ناوکۆکەی شوراو ئەنجومەنەکانی خەڵك و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەر لە داهاتوودا. هەروەها وەکو لە وەڵامی پێشومدا ئاماژەم پێکردوە، داوا لە هەموو حزبەکان بکرێ کە وەکو حزبی سیاسی هەڵسوکەوت بکەن و ئەوانیش بێنە ناو شوراکانەوە. ئەگەر خەڵك دەنگیان پێدان، ببنە نوێنەری خەڵك و بەشداری بکەن لە دەسەڵاتدارێتی خەڵکدا کە لەسەر بنەمای دیموکراسی راستەوخۆ و بەشداری ئازادانەی هاوڵاتیانی کوردستان لە بڕیاری سیاسی و ئیدارەی سیاسی کوردستاندا بنیات دەنرێ!
تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی ژمارە ٣٦ بەرواری ١٥/٩/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…