وه‌ستامه‌هدی
بەشی یەکەم
سه‌رباری ئه‌وه‌ی که چینی کرێکار له کوردستان هه‌میشه له هه‌لومه‌رجێکی سه‌ختدا ژیاون و هه‌رجاره‌و به‌جۆرێك و به‌هۆکارێکه‌وه چه‌وسێنراونه‌ته‌وه، له‌ساته‌وه‌خته‌کانی گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داریدا، له‌وکاتانه‌ی که بازاڕی کار پرفرۆش و پڕۆژه‌کان به‌وپه‌ری توانای خۆیانەوە سەر‌قاڵی به‌رهه‌مهێنان بوون و زۆرترین به‌ش له‌کرێکارانیان ده‌خسته سه‌رکار، لەوکاتانەشدا هه‌تا ده‌یانتوانی و دڵیان ده‌یخواست بێره‌حمانه و بێگوێدانه هیچ یاسا‌و ڕێسایه‌ك به‌رده‌بونه گیانی کرێکاران و شیله‌ی له‌شی کرێکاریان ده‌مژی. ملیارەها دینار‌و دۆلاریان له‌سه‌ر یه‌ك که‌ڵه‌که ده‌کرد. ئەوکاتانەش که ململانێی نێوان حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پله‌و پۆست ده‌گه‌یشتە بەکارهێنانی چەك، دیسان روویان لە بازاڕی کار دەکردو ئەمجارەیان بۆ وەبەرهێنانی ئابوری نەبوو، بەڵکو بۆ چەکدارکردنی ئەو کرێکار‌و زەحمەتکێشانە بوو کە بەهۆی بێکاریەوە سەرچاوەی ژیان و گوزەرانیان نەمابوو، وە ناچاربوون بۆ دابینکردنی ژیانی کولەمەرکی چەکی ئەوان لەشان بکەن و شەڕیان بۆ بکەن! کاتێکێش ئەم دەسەڵاتە میلیشایە ویستبێتی بەرگی دیموکراسی، بۆرازیکردنی ووڵاتانی رۆژاوا بەبەری خۆیدا بکات، دوبارە هەر روویان لە کرێکاران و خه‌ڵکی زەحمەتکێش کردوە و بەپەخشانەوەی بەڵێنی درۆ‌و چەواشەکاری و بڕێك پارە وپوول، هەوڵیان داوە دەنگیان وەربگرن و خۆیان بکەنە نوێنەری سیاسی ئەوان و دەسەڵاتی میلیشایی خۆیان وەکو نوێنەری دەسەلات و ئیرادەی کرێکار‌و خەڵکی هەژارو بێبەش نیشان بدەن! ئەگەر هەر ئەو خەڵکە بێکارو برسیانەش کە رۆژێك شیلەی گیانیان دەمژراو رۆژێك خۆیانیان لە شەڕی بەرژەوەندی نیوان خاوەن سەرمایەکاندا دەرژا، بەرامبەر بە بێ‌کاری و برسێتی و بێمافی خۆیان ناڕەزایەتیان نیشان بدایە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستان و نوێنەرانی سیاسی چینە داراو دەوڵەمەندەکانەوە لولەی چەکیان تێدەکراو سەرکوت دەکران و دەکرێن!. ئه‌م بازاڕی کاره‌ی کوردستان هه‌روەکو زه‌ویه‌کی به‌پیت، هه‌میشه پڕبه‌رهه‌م و پرخێرو به‌ره‌که‌ته بۆ خاوه‌نەکه‌ی، بۆ کرێکارانی کوردستان بەپێچه‌وانه‌وه، هه‌میشه بازارێکی پرده‌ردو به‌ڵاو موسیبه‌ته. ئەگەر تەنانەت بەراورد بکرێ بە بازاڕی کاری ووڵاتانی دیکە، یەکێکە لە پڕ ده‌ردومه‌ینه‌تترین بازاری کار! ئێستا گەو‌ره‌ترین و کوشنده‌ترین به‌ڵا که یه‌خه‌ی به کرێکارانی کوردستان گرتووه بێکارییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بێ‌کاری بۆخۆی یه‌کێکه له تایبەتمەندیەکانی نیزامی سه‌رمایه‌داری و پێویستیه‌کی چارهەڵنەگرە بۆهێشتنه‌وی ئه‌م نیزامه ئابوریه(ناکرێ له‌شوێنێك سه‌مایه‌داری هه‌بێت و بێ‌کاری بنه‌بڕکرابێت) به‌ڵام له بازاڕی کاری کوردستاندا بێ‌کاری بوەتە دیاردەیەکی ترسناك و کەمەرشكێن بۆ چینی کرێکاری کوردستان. بێ‌کاری له کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووله‌زیادبوونه، هیچ دوو کرێکارێك نییه کاتێك به‌یه‌کتر دە‌گه‌ن، باسی بێ‌کاری نه‌که‌ن و گله‌یی و گازه‌نده‌یان له‌هه‌لومه‌رجی کار‌و گوزه‌رانیان نه‌بێت! کرێکاران شوێنێك شك نابه‌ن بۆئه‌وه‌ی بچن و له‌ڕێگایه‌وه داوای هه‌لی کاربکه‌ن. ئه‌وانه‌ش که بێکارن هیچ جۆره بیمه‌یه‌کیان نییه تا که‌مێك باری ژیانیان سووك بکات. بازاری کار بێسه‌ره‌و به‌ره‌یه. ئەگەر کرێکارێك بەهەزار دەردومەینەت کارێکی دەست بکەوێ، به‌هۆی ئه‌م هەلومەرجە ئابوریەی ئێستا‌و به‌بیانوی ئه‌وه‌ی قەیرانی ئابوری هەیە، کرێیەکی یەجگار کەم وەردەگرێ. تەنانەت کار پەیداکردن بە ناسینی خەڵك و واسیتە کردن دەست دەکەوێ! ئه‌گه‌ر که‌سێك نه‌ناسیت ئه‌وه به‌ته‌مای کارنه‌بیت! هەڵبەتە کرێکاران، بێجگە لە گرفتی دەست کەوتنی کار‌و بێ‌کاری و نەبوونی سەرچاوەی بژێوی، گیرۆدەی بەڕێوەچوونی ژیانن و رۆژانە کێشەکانی نەبوونی پارەی کارەبا و ئاو‌و خزمەتگوزاریەکان و داوودەرمان و نەخۆشخانەو خوێندنی مناڵەکانیان…جەستەو دەرونیان دەهاڕێت. بیهێنه به‌رچاوت کرێکارێکی بێکار که بێجگه له هێزی کاره‌که‌ی هیچ سەەرچاوەیەکی بژێوی نیە و ئەویش کەس نیە لێی بکڕێت، چۆن بتوانێت مانگانه کرێی دووجۆر کاره‌با بدات!؟ چۆن کرێی خانوو وه‌یا خەرجی مناڵەکانی بدات کە دەخوێنن، یان ئەگەر مناڵی بچووکی هەبێ چۆن پارەی شیرەکەی دابین بکات!؟ یاخود ئەگەر نەخۆش کەوت، چۆن پاره‌ی دکتۆرو داوو ده‌رمان دابین بکات!؟ بازاری کار و کرێ و حه‌قده‌ست له زۆر شوێن و وڵاتانی دنیا به‌یاسا ڕێکخراوه‌و سه‌عاتی کار‌و لانی که‌می کرێ به‌گوێره‌ی به‌رزو نزمی بازار‌و نرخی پێداویستیەکانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك دیاری ده‌کرێ. کار و ده‌ستە‌به‌ری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ژیانی خه‌ڵکی له‌ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ته، هه‌رهاووڵاتیه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هەلی کاری هەبێ، ئەگەر نا ده‌وڵه‌ت بیمه‌ی بێ‌کاری پێ‌بدا. له‌کوردستان هیچ کام له‌مانه نییه و ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تێك که ئه‌م وڵاته به‌رێوه‌ده‌به‌ن، به‌ته‌واوی شانی خۆیان له‌و به‌رپرسیاریه‌ته خاڵی کردوه‌ته‌وه . به‌ڵام به‌ڕواڵه‌ت ده‌بینین که له کوردستان هاوشێوه‌ی زۆرێك له‌وڵاتان داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت و حکومەت و دامەزراوەکانی حکومەت هەن، په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ته‌کان هەن، یاسا‌و بگرە یاسای کاریش هەیە، ئەگەرچی یاسایەکە سەرلەبەری دژی کرێکارە، که‌واته ئه‌م هه‌موو به‌ڵاوو موسیبه‌تانه‌ی که باسمان کرد، بۆچی یه‌خه‌ی کرێکانی کوردستان به‌رنادەن!؟ ئه‌بێ گرفتەکە لەکوێدا بێت!؟
له‌بەشی دوەم وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌و چه‌ند پرسیارێکی‌تر ده‌ده‌ینه‌وه
12/8/2018