عبدالرحمن رسول
پێویستە مرۆڤەکان وشیاربن بۆ تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانى ماف وئازادییەکانیان، لە کۆمەڵگەیەکدا کە سەروەت وسامان و داهاتى زۆرى سەرزەوى و ژێرزەوى وەک نەوت و غاز و ..هیتد، هەبێت، بەڵام جۆرە سیستەم و حکومەتێک کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت یاساکانى کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانە و دژە بە مرۆڤایەتى بێت، بەرپرسەکانى گەندەڵ و دزبن، پاش چەندین ساڵ لە دەسەڵاتدارێتیان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى فریوکارانەیان و بەردەوم بن لە بەڵێنە درۆ و چەواشەکارییەکانیان و خۆیان بە عەقڵتر و ژیرتر لە تەواوى مرۆڤەکانى کۆمەڵگە بزانن، خۆیان بە تاکە فریادەڕەسى ڕزگارى مرۆڤەکان بزانن، زۆر بێ منەتانەش سەرجەم دزی و گەندەڵییەکان و کەم تەرخەمییەکانى بەرپرسەکانى حکومەت ڕەت بکەنەوە و داپۆشن .
لوشدانى پارەى زۆرى نەوت و غاز و دانانى پارەى زۆر لە بانکەکانى وڵاتان ڕەدبکەنەوە، هیچ مرۆڤێکى کرێکار و زەحمەتکێشى کۆمەڵگە نەزانێت پارە و سامانى بەرپرسانى حکومەت و حیزبەکان پێش ئەوەى پۆستى سەرۆک وەزیران و جێگر و وەزیر و ئەندام پەرلەمانى و سەرۆک کۆمار و سەرۆکى هەرێم وەربگرن و پاش تەواو بوونى بەرپرسیارێتیان یان گۆڕانیان بەسەردا هات، ئەگەرچى هیچیان بەئارەزوی خۆیان پۆستەکانیان بەجێ ناهێڵن بۆ کەسانى تر، بەڵام خەڵکى کۆمەڵگە نەزانێت سامان و پارەکانى چەندە و چۆن زیادى کردووە و سەرچاوەى زیادکردنى پارە و سامان و شوقەو ئوتێل و ئەپارتمان و کۆمپانیاکانیان چۆن زیادیان کرد و وە لە پڕ هەڵتۆقین بۆنەتە گەورەترین سەرمایەدارى جیهان و ناوچەکە و ناویان لە لیستى سەرمایەدارەکانى جیهان لە بەشى سەرەوەى لیستى سەرمایەدارەکان لەماڵپەڕ و ڕۆژنامەکاندا بڵاوبکرێتەوە .
هەر خەڵکى هەمان کۆمەڵگەش زۆرینەیان نەک هەژاربن، بەڵکو لەخوار هێڵى هەژارىدا ژیان بە کولە مەرگى و نەبوونى و هەزارەها کێشە و قەیرانى جۆراوجۆرى وەک بێ ئاوى و بێ کارەبایی و بێ موچەى تەواو و شایستە بەکارکردنیان وبێ بیمەى کارکردن و بێ بیمەى کۆمەڵایەتى و بێخانە و لانەیى و بێکارى و بێ خزمەتگوزارى تەندروستى و پەروەردەی و بێ خزمەتگوزرى هاتوچۆ و بەردەوام لە ئاوارەیی و دەربەدەرى و مردن و خنکانى ئازیزانیان لەناو دەریا و زەریاکانى ڕێگاى هەندەران بەهۆى کۆچکردنى ناچارییەوە بەسەر بەرن.
بەدڵنیایەوە ئەو جۆرە سیستەمە نابەرابەر و سەرکوت و ئیستبداد و چەوسێنەرە پێویستى بە گۆڕانە، ئەمەش بە گەشەى وشیارى و ئامادەیی خەڵکى چەوساوە و کۆیلە و ماف خوراو دەکرێت، لە کاتێکدا وشیاربن بۆ خۆ ڕێکخراوکردن و تێکۆشانى هاوبەشى یەکگرتوانە بۆ گۆڕانکارى لە جۆرى سیستەم و حکومەتدا .
سەرجەم دامەزراوەکانى دەوڵەت و حکومەت و کۆمەڵگە پێویستى بۆ گۆڕانکارى کردارى ڕیشەیی هەیە بە جۆرێک تەواوى خەڵتە و بۆگەناوى ئەم جۆرە سیستەمە لە بناغەوە دەربهێندرێت بۆ ئەوەى خەڵکى چەوساوە و ماف خوراو زنجیرکراو بەدەستى خۆیی و بە ئارەزوویی خۆیی سیستەم و کۆمەڵگەیەکى ئازاد و بێ چەوسانەوە و شایستە بە خۆیان بنیاد بنێن.
ئەگەر ڕاستگۆیانە وبێ لایانە توێژینەوەیەک و بە دوا داچوونێک بۆ کۆمەڵگەى عێراق و کوردستان بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە عێراق لە ڕووى ئیدارى و دەوڵەتدارییەوە داگیرکراوە بەجۆرێکى ناڕاستەوخۆ لەلایەن سیستەمى کۆمارى ئیسلامیی ئێرانەوە هەر بۆیەش دەوڵەتى عێراق بەلایەوە زۆر قورس و سەختە کە پابەندبێت بەو بڕیارانەى کە لەلایەن دەوڵەتى ئەمریکا و دەوڵەتانى ترەوە دەدرێت بۆ فشار خستنە سەر ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، لەبەرئەوەى بۆ ماوەى چەندین ساڵە هەروەک سیستەمیی ئیسلامی ئێران لە عێراق دەسەڵاتداربێت وابووە، کاریگەرى زۆرى هەبووە بەسەر سەرجەم دامەزراوەکانى پەرلەمان و دەوڵەتەوە، تەنانەت لەو ناو پەرلەمان چەندین یاسا بەدڵى بەرپرسانى ئیسلامی ئێران دەرکراوە.
باشورى کوردستانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان داگیرکراوە، بەڵام لەلایەن دوو دەوڵەتەوە ئەویش سلێمانى و هەڵەبجە و ئەوناوچانەى کەوتونەتە ژێر دەسەڵاتى سەوزو نیلى (یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان) ئەوا کۆمارى ئیسلامیی ئێران کاریگەرى زۆرى لەسەر ئیدارەدان وبەڕێوەبرندا هەیە. شارەکانى هەولێر و دهۆک و ئەوناوچانەى کە زەرد (پارتى دیموکراتى کوردستان/عێراق) ئیدارەى دەدات دەوڵەتى ئیسلامی تورکیا کاریگەرى زۆرى هەیە لەسەر جۆرى ئیدارەدان و دەسەڵاتدارێتیدا. ئەم داگیرکارییەش واى کردووە کە نەتواندرێت ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى بەگشتى و حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتایبەتى بە ئاسوودەیی لە باشوورى کوردستاندا نیشتەجێ بن و ساڵانە و مانگانە بە ئاسانى کارى تیرۆریستی لەدژى هەڵسوڕاوانى ئازادیخوازى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران لەباشوورى کوردستان ئەنجامدەدرێت، بکوژو تیرۆرستەکانیشیان بەهیچ شێوەیەک دادگایی ناکرێن و سزا نادرێن، بەسازکردنى چەند چیرۆکێکى سیناریۆیی دۆسییەکانیان دزە بەدەرخۆنە دەکرێن.
ماوەى چەندین رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە بەشێکى زۆر لە شارەکانى عێراق درێژەى هەبوو، ئێستا لە چەند شوێن و شارێک بەردەوام لەلایەن خودى خەڵکى ناڕازییەوە کار لەسەر هاتنە مەیدانى خەڵک دەکەن بۆئەوەى بەیەکگرتوویی و پشتیوانى زیاتر و بەهێزترە و بچنەوە سەرشەقامەکان داواکارى و خواستەکانى خۆیان بەڕووى دەسەڵاتداران بڵێنەوە و ناچار بە ملکەچ کردنیان بکەن بۆ جێبەجێکردنى خواست و داواکارییە ڕەواکانیان .
ئەم ساڵ لە سەرەتایی مانگى ٨ى ٢٠١٨ سەرەتا لە خەڵکى ناڕازى لە شارەى بەسرە دەستى بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دەربڕین کرد لەلایەن خەڵکى بێکارى ئەو شارەوە. لەیەکەم ڕۆژى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى خەڵکى شارەکانى عێراق هەتا ئێستا بەدەها کەس بوونە قوربانى و چەند سەد کەسێکیش بریندارە، بە چەندەها کەسیش دەستگیر کراوە و زیندانى کراوە.
شاریکى وەک بەسرە ڕۆژانە ٤ ملیۆن بەرمیل نەوت دەنێرێتە دەرەوە، بەڵام لەسەداى پەنجاى دانیشتوانەکەى لەژێر هێڵى هەژاریدان پاش چەندین ساڵ هەژارى و بێکارى و بێ خانەولانەیی بەرەو گەشەى زیاتر دەچێت. بارودۆخى خراپى ژیان و گوزەرانى خەڵک تەنها شارى بەسرەى نەگرتۆتەوە، بەڵکو سەرجەم شار و شارۆچکەکانى عێراق و باکوورى عێراق (باشوورى کوردستانى) گرتۆتەوە. هەربۆیەش ناڕەزایەتى خەڵک لەسەرجەم شار و شارۆچکەکاندا زۆر بەباشى هەستى پێدەکرێ و خەڵکى وشیار لە جوڵە و خۆڕێکخستندایە بۆ ئەوەى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان درێژەى هەبێت. بۆ ڕاستى ئەم تێڕوانین و بۆچوونەش ئەوەتا پاش هەفتەیەک لە ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکانى خەڵکى شارى بەسرە، خۆپیشاندانەکان لە شارەکانى ناسریە و نەجەف و بابل وبەغداد و کەربەلا و میسان و دیوانیە و موسەننا وزیقار و …هیتد خۆپیشاندان ئەنجامدرا .
لەچەند شارێک بارەگاى حیزبەکان لەلایەن خەلکى ناڕازى و خۆپیشاندەرەوە سوتێندران، لە کەربەلا خۆپیشاندەران چوونە ناوبیناى پارێزگارەوە. لەشارى میسان بیناى قائیمقامی وماڵەکەى سووتێندراوە. خواست و داواکارییەکانى خۆپیشاندەران بەشێوەیەکى گشتى ئەمانە بوون: نەبوونى ئەمنێت و ئاسایش – دابینکردنى ئاو و کارەبا -دابینکردنى هەلى کار-نەهێشتنى دزى و گەندەڵى- نەهێشتنى کرێکارى بیانى-چارەسەرکردنى کێشەى نیشتەجێبوون و وەرگرتنى پارەى پترۆ دۆلار لەو شارانەى کە نەوتى لێ بەرهەم دەهێندرێت -کۆتاییهێنان بە تەدەخولکردنى حیزبەکان لە کاروبارى دەوڵەتیدا – دامەزراندنى خەڵکى تەکنۆکرات وشارەزا .
سەرمایەدارەکانى خاوەن کۆمپانیاکانى ئەنتەرنیت بە بیانوى چاککردنەوە ئەنتەرنێتیان ڕاگرت هەروەها لە چەند ناوچەیەک قەدەغەى هاتووچۆ ڕاگەیاندرا. هێز بەرامبەر خۆپیشاندان بەکارهێندرا، حکومەتى عێراقى چەند بەڵێنێکى دا ) دابینکردنى ١٥٠٠٠هەزار وەزیفى ,٣ملیار دۆلار بۆچاکسازییە هەنوکەییەکان، دابینکردنى ئاوى خواردنەوە و چاککردنى دۆخى کارەبا)
لە شارێکى وەکو بەغدادى پایتەخت کە ساڵانى هەشتاکانى ڕابردوو خەڵک لە وڵاتانى ترەوە بە گەشتیارى سەردانى بەغدادى دەکرد وێڕاى هەبوونى ڕژێمێکى فاشى و چەوسێنەرى وەک بەعس، بەڵام ئێستا پاش ڕووخانى ئەو ڕژێمە فاشییە چەندین ساڵە دەوڵەتى ئیسلامیی شیعە مەزهەب نەیتوانیوە تەنها یەک هەنگاو بەرەوپێشەوە خزمەتگوزارییە شارستانى و مەدەنییەکان بەرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە لە ڕووى خزمەتگوزارى و ئاوەدانى و شارەستانیەوە بەرەو پاشەوە دەگەڕێتەوە، لە بە غدادى پایتەختدا بەهەزارەها مرۆڤ هەیە پێویستى بە ئاوى پاکى خواردنەوەیە، بە هەزارەها مرۆڤ گیرۆدەیی نەبوونى شوێنى نیشتەجێ بوون و نەبوونى کارەبا و نەبوونى خزمەتگوزارى تەندروستى و گیرۆدەیە بە هەژارى و بێکارى و نا ئەمینى و ئاوارەیی.
لە چەندین شار و شارۆچکەکانى عێراق و کوردستاندا بەشێکى زۆر لە خەڵکى هەژارى و کەم دەرامەت و مناڵان دەبیندرێن لەسەر پاشماوەى زبڵ و خاشاکى شارەکان ژیان دەگوزەرێن و پاشماوە و شمەکەکان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەى ژیانى کولەمەرگى و هەژارى خۆیانى پێ بەسەر بەرن ,هەر کەس گومانى لەو تێڕوانینە و بۆچوونەم هەیە با کاتێک بۆ خۆى تەرخان کات و سەردانى شوێنى پاشماوە و زبڵ و خاشاکى شارەکان بکات. تەنانەت ئەو شارەى کە خۆیی لێی نیشتەجێیە بە دڵنیایەوە خەڵکێک و مناڵانێکى زۆر دەبینێت لە ناو زبڵ و خاشکدا شمەک و پاشماوەکانى شار کۆدەکەنەوە. رۆژ لە دوایی ڕۆژ ژیانى خەڵکى هەژار و زەحمەتکێش و کرێکار و بێکار بەرەو سەختر و نالەبارتر ملدەنێ .
لە شارێکى وەک کەرکوکیش ڕۆژانە بە ملیۆن بەرمیلە نەوت دەفرۆشرێ و دەنێردرێتە دەرەوە و بەشێکى زۆرى بە تانکەر بەڕێگاى نادیار کە تەنها بەشێک لەبەرپرسەکانى حیزبەکان خۆیان دەزانن دەوڵەتى عێراق هەرگیز نازانێت ڕێژەکەى چەندە و چۆن دەفرۆشرێت و دەبەرێت بۆ ئێران و تورکیا، بەڵام خەڵکى کەرکوک ساڵ لە دوایی ساڵ لە پاشەکشەدایە بە دەست ڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارى و ڕیفاهیەت و خۆشگوزەرانى، بەردەوام ڕێژەى بێکارى گەنجان و لاوان زیاد دەکات و هەژارى خەڵک زیاتر دەبێت، بەردەوام ئەمنیەت وئاسایشى خەڵک لە مەترسى دایە، ساڵانە شەڕ و ئاوارەیى و تەقینەوە و کوشتن و قوربانى بوونى گەنجان و لاوەکانیان بەرۆکییان بەرنادات بەهۆى شەڕى کۆنەپەرستانەى حیزبە قەومى و دینییەکانەوە. بەردەوام میلیشا و هێزى چەکدار لەناو شار لە زیاد بووندایە و بارەگاى تازە دەکەنەوە، تەواوى شار سیماى چەکدارى بەخۆیەوە دەبینێت، مناڵان و ژنان و هاوڵاتیان بەگشتى بەردەوام لە دڵەڕاوکێ ترس و تۆقاندا دەگوزەرێن. خوێندن و پەروەردە لە ئاستێکى زۆر نزم و نالەبارەدایە، خەڵکى بەگشتى لە ژیانێکى گولەمەرگى و کۆیلایەتى دا دەگوزەرێت. لەولاشەوە کەمینەیەک لەبەرپرسەکانى حیزبەکانى ناو دەسەڵات و حکومەت بەرەو دەوڵەمەندبوون و سەرمایەدارى زیاتر هەڵدەکشێن .
لە باشوورى کوردستانیش بەردەوام ناڕەزایەتییەکانى خەڵک لە هەڵکشاندایە و بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، لە کاتى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکانى ساڵانى رابردوو و ئەم ساڵى ٢٠١٨ خەڵکی شارو شارۆچکەکانى وەک دهۆک و زاخۆ و هەولێر و کۆیە و رانیە و قەڵادزێ و سلێمانى و هەڵەبجە و کەلار و …هیتد بە چەندەها کەس بوونە قوربانى و بریندار کران و ئازار و ئەشکەنجە دران و شەق وەشێن کران .
کەواتە لە هەردوو کۆمەڵگەدا سیستەمێکى فاشى و سەرکوتگەر و کۆنەپەرست و دژە بەشەرى حاکمە، بۆیە خەڵک لەسەر داواکردنى ماف و ئازادییەکان سەرکوت و زیندانى دەکەن و زۆرجار بە نادیارى دەڕفێندرێ و تیرۆریش دەکرێ، تەنها لەبەرئەوەى داواى دابینکردنى (نان، ئازادى، نەمانى دزى و گەندەڵى و بێکارى و خۆشگوزەرانى بۆ سەرجەم هاوڵاتیان دەکەن، داوایی دابینکردنى یەکسانى و بەرابەرى دەکەن ) .
بۆ گۆڕانکارى لە هەردوو سیستەمەدا تەنها یەک ڕێگاچارە و نەخشەڕێگا هەیە بۆئەوەى بتواندرێت سیستەمێکى سیکۆلار و ئازاد دابمەزرێندرێت ئەویش بەهێزکردنى تێکۆشانى هاوبەشى یەکگرتووانەى خەڵکى چەوساوە و ناڕازییە، ئەرکێکى مرۆڤایەتى و ئازادیخوازییە کە ئەم تێکۆشانە هاوبەشە بە هێزبکرێت، هەر کەم تەرخەمیەک بە هەر جۆرێک بێت لە ئاستیدا نیشانەى فرامۆشکردن و دژایەتی کردنە لەگەڵ بە دیهێنانى ماف و ئازادییە ئینسانییەکان لە عێراق و کوردستاندا.
تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٤ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٨ دا بڵاوکراوەتەوە