ئەركه‌كانی پرۆلیتاریا له شۆڕشی ئێستادا
تێزه‌كانی نیسان [1]
لینین
وه‌رگێڕانی له ئینگلیزیه‌وه:
جه‌مال موحسین
( ئه‌م وتاره تێزه به‌ناوبانگه‌كانی لینینی له خۆگرتووه كه له‌لایه‌ن خۆیه‌وه له دوو كۆبوونه‌وه‌ی كۆنفرانسی نوێنه‌رانی شورای سه‌راسه‌ری كرێكاران و سه‌ربازانی ڕووسیادا له ٤ ی نیسانی ١٩١٧ دا خوێندراوه‌ته‌وه.)
پێشه‌كی
شه‌وی ٣ ی نیسان گه‌یشتمه شاری پێترۆگراد هه‌ر بۆیه له كۆبوونه‌وه‌ی ٤ ی نیساندا، بێگومان توانیم ڕاپۆرتی ئه‌ركه‌كانی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ ته‌نها به ناوی خۆمه‌وه پێشكه‌ش بكه‌م و ئه‌وه‌ش به هه‌ندێ دوودڵیه‌وه به‌هۆی كه‌موكوڕی له خۆئامادهكردنیدا.
تاكه شتێك كه توانیبێتم بۆ ئاسانكاری بۆ خۆم_ و نه‌یاره سهرڕاستهكانم _ بیكه‌م ئه‌وه بوو كه ئه‌م تێزانه به شێوه‌ی نووسین ئاماده بكه‌م. خوێندمه‌وه و ده‌قه‌كه‌م دا به هاوڕێ سێرێتێلی. دوو جار زۆر له‌سه‌رخۆ خوێندمنه‌وه: جارێكیان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی بۆڵهڤییكهكاندا و دواتریش له كۆبوونه‌وه‌یه‌ی هه‌ردووك بهڵشهڤیك و مهنشهڤیكهكاندا.
ئه‌م تێزه شه‌خسیانه‌ی خۆم بڵاوئه‌كه‌مه‌وه به سه‌رنج و ڕوونكردنه‌وه كورتهكانهوه كه له ڕاپۆرته‌كه‌دا به دوورودرێژی باسیان لێوه كراوه.
تێزه‌كان
١. له ڕوانگه‌ی ئێمه‌دا سه‌باره‌ت به شه‌ڕه‌كه كه له ژێر سایه‌ی حكومه‌ته نوێیه كاتیه‌كه‌ی لڤۆڤ و هاوه‌ڵه‌كانیدا بێگومان بۆ ڕوسیا شه‌ڕێكی ئیمپریالیستی تاڵانكه‌ره به حوكمی سروشتی سه‌رمایه‌دارانه‌ی ئه‌و حكومه‌ته، بچوكترین ده‌ستهه‌ڵگرتن له ’’به‌رگری شۆڕشگێڕانه‘‘ ڕێپێدراو نییه.
پرۆلیتاریای خاوه‌ن هوشیاری چینایه‌تی ئه‌توانێ ڕه‌زامه‌ندی خۆی بۆ شه‌ڕێكی شۆڕشگێڕانه ده‌رببڕێ كه به ڕاستی به چه‌ند مه‌رجێك به‌رگری شۆڕشگێڕانه به ڕه‌وا نیشان بدات، ئه‌وانه‌ش: ئهلف_ ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵات بچێته ده‌ست پرۆلیتاریا و به‌شی هه‌ژارترینی جوتیاران كه چوونه‌ته پاڵ پرۆلیتاریا. با_ئه‌وه‌ی كه هه‌موو داگیركاریه‌كان به كرده‌وه نه‌ك به گوفتار هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه. جیم_ئه‌وه‌ی كه خۆجیاكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی له هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه سه‌رمایه‌داریه‌كان به واقعی جێبه‌جێبكرێ.
به‌هۆی سه‌رڕاستیی گومانهه‌ڵنه‌گری به‌شێكی فراوانی جه‌ماوه‌ر كه باوه‌ڕیان به به‌رگری شۆڕشگێڕانه هه‌یه كه شه‌ڕه‌كه‌یان ته‌نها وه‌ك پێویستیه‌ك قبوڵكردووه نه‌ك وه‌ك ده‌ستبه‌سه‌راگرتن، به‌هۆی ئه‌و ڕاستیه‌وه كه ئه‌وان له‌لایه‌ن بۆرژوازیه‌وه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێندراون، به وردبینی و پێداگری و خۆڕاگریه‌كی تایبه‌ته‌وه پێویسته هه‌ڵه‌كانیان بۆ ڕۆشن بكه‌ینه‌وه. ئه‌و په‌یوه‌ندیه جیانهكراوهیهی نێوان سه‌رمایه و شه‌ڕی ئیمپریالیستیان بۆ ڕۆشن بكه‌ینه‌وه. وه بیسه‌لمێنین كه به‌بێ سهرنگونكردنی سه‌رمایه موسته‌حیله به ئاشتیه‌كی دیموكراتی ڕاسته‌قینه، ئاشتیه‌ك كه به زه‌بر نه‌سه‌پێندرێ كۆتایی به شه‌ڕ بهێنرێ. ئه‌بێ فراوانترین كه‌مپین بۆ ئه‌م ڕوانگه‌یه له ناو سوپادا له پێشه‌وه‌ی به‌ره‌دا ڕێكبخرێ.
برایه‌تی.
٢. جیاكه‌ره‌وه‌ی تایبه‌تی هه‌لومه‌رجی ئێستای ڕوسیا ئه‌وه‌یه كه وڵات له قۆناغی یه‌كه‌می شۆڕشه‌وه، كه به هۆی ناكامڵی هوشیاری چینایه‌تی و ڕێكخراوبوونی پرۆلیتاریاوه ده‌سه‌ڵاتی خسته ده‌ستی بۆرژوازیه‌وه، به‌ره‌و قۆناغی دووه‌می تێئه‌په‌ڕێ كه ئه‌بێ ده‌سه‌ڵات بخاته ده‌ستی پرۆلیتاریا و هه‌ژارترین به‌شی جوتیارانه‌وه.
ئه‌م ڕاگوزه‌رییه له‌لایه‌كه‌وه به‌وه جیائهكرێتهوه كه مافه‌كان تا ئه‌وپه‌ڕی ڕاده به یاسا دانپێدانراون (ئێستا ڕووسیا ئازادترینی ئه‌و وڵاتانه‌یه كه له جیهاندا له شه‌ڕدان) و له لایه‌كی تریشه‌وه به نه‌بوونی توندوتیژی له دژی جه‌ماوه‌ر جیائهكرێتهوه و سه‌رئه‌نجام به باوه‌ڕی كوێرانه‌ی جه‌ماوه‌ر به حكومه‌تی سه‌رمایه‌داری كه خراپترین دوژمنی ئاشتی و سۆشیالیزمن.
ئه‌م دۆخه نائاساییه لێمان ئه‌خوازێ كه توانای ئه‌وه‌مان هه‌بێ خۆمان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تی كاری حزبیدابگونجێنین له نێو جه‌ماوه‌رێكی به‌رینی پڕۆلیتاریای بێوێنه‌دا كه ههرئێستاكه چاوی به ژیانی سیاسی‌دا كردۆته‌وه.
٣. هیچ پشتگیریه‌كی حكومه‌تی كاتی ناكرێ، ته‌واوی به‌ڵێنه درۆیینهكانیان ئه‌بێ په‌رده‌ی له‌سه‌ر ههڵماڵرێ به تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه په‌یوه‌ندی به ده‌ستهه‌ڵگرتن له داگیركاریهكانهوه هه‌یه. له جیاتی داواكردنی ئه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته كه هی سه‌رمایه‌دارانه ده‌ستهه‌ڵبگرێ له‌وه‌ی حكومه‌تێكی ئیمپریالیستی بێ، كه ئه‌مه داواكارییه‌كی ڕێپێنه‌دراوه و تۆوی خۆشخه‌یاڵی ئه‌ڕوێنێ، ئه‌بێ ڕسوابكرێ.
٤. داننان به‌و ڕاستیه‌دا كه له زۆربه‌ی شووراكانی نوێنه‌راندا حزبی ئێمه كه‌مینه‌یه، و تاڕادده‌یه‌ك كه‌مینه‌یه‌كی بچووك، له‌به‌رامبه‌ر بلۆكی ته‌واوی پێكهاته وردهبۆرژوازیه هه‌لپه‌رسته‌كاندا (ئۆپۆرتۆنیست) كه له سۆشیالیسته پۆپۆلیسته‌كان و شۆڕشگێڕه سۆشیالیسته‌كان و كۆمیته‌كانی ڕێكخستن (وه‌ك چخیدزه،تسێرێتلی، ستێكلۆڤ و…. هتد. پێكهاتووه و ملیان داوه به كاریگه‌ری بۆرژوازی و ئه‌م كاریگهریهشیان له‌نێو پرۆلیتاریا‌دا بره‌وپێداوه. [2]
ڕوونكردنه‌وه بۆ جه‌ماوه‌ر تا ده‌ركی ئه‌وه بكه‌ن كه شووراكانی نوێنه‌رانی كرێكاران تاقه شێوازی گونجاوی حكومه‌تێكی شۆڕشگێڕانه‌یه. له‌به‌رئه‌وه ئه‌ركی ئێمه ئه‌وه‌یه تا كاتێك ئه‌م حكومه‌ته مل به كاریگه‌ری بۆرژوازی ئه‌دات ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆیانه و نه‌خشه‌مه‌ند و به‌رده‌وام له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی تاكتیكه‌كانیان به دهستهوهبدهین، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ پێداویستیه كرده‌ییه‌كانی جه‌ماوه‌ردا بگونجێ.
مادام كه‌مینه‌ین له‌سه‌ر كاری ڕه‌خنه‌گرتن و خستنه‌ڕووی هه‌ڵه‌كان به‌رده‌وام ئه‌بین و هاوكاتیش بانگه‌شه بۆ پێویستی گواستنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بۆ شوورای نوێنه‌رانی كرێكاران ئه‌كه‌ین. تا به‌مجۆره خه‌ڵك به ئه‌زمون به‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانیاندا زاڵ ئه‌بن.
٥. كۆماری په‌رله‌مانتاری نا، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ كۆماری په‌رله‌مانتاری له شورای نوێنه‌رانی كرێكارانه‌وه هه‌نگاوێك گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دواوه. له بری ئه‌وه كۆماری شوراكانی نوێنه‌رانی كرێكاران، كرێكارانی كشتوكاڵی و جوتیاران له‌سه‌راسه‌ری وڵات‌دا له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه.
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پۆلیس و سوپا و بیرۆكراسیه‌ت. [3]
موچه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران، هی ته‌واوی ئه‌وانه‌ی كه هه‌ڵبژێدراون و یان گه‌ر له كاتێكی تردا جێیان ئه‌گرنه‌وه نابێ له تێكڕای كرێی كرێكارێكی لێهاتوو زیاتر بێ.
٦. چه‌قی قورسایی له به‌رنامه‌ی كشتوكاڵیدا بگوێزرێته‌وه بۆ شورای نوێنه‌رانی كرێكارانی كشتوكاڵی.
ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ته‌واوی زه‌ویه‌كانی خاوه‌ن موڵكه‌كان.
به نیشتیمانی كردنی هه‌موو زه‌ویه‌كانی وڵات، زه‌ویه‌كان بخرێنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی شورا محهلیهكانی نوێنه‌رانی كرێكارانی كشتوكاڵی و جوتیارانه‌وه. ڕێكخستنی جیای شوراكانی نوێنه‌رانی جوتیارانی هه‌ژار. دامه‌زراندنی جۆرێكی نمونه‌یی له كێڵگه له زه‌ویه گه‌وره‌كاندا (كه قه‌باره‌یان له نێوان ١٠٠ بۆ ٣٠٠ دێسیاتیندایه و به‌ڕه‌چاوكردنی ناوچه‌كانیان و چه‌ند مه‌رجێكی تر و له‌ژێر بڕیاری لیژنه محهلیهكاندا) و خستنیانهژێر كۆنترۆڵی شوراكانی نوێنه‌رانی كرێكارانی كشتوكاڵی كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌كاردێ.
٧. یه‌كگرتنی ده‌ستبه‌جێی هه‌موو بانكه‌كانی وڵات و كردنیان به بانكێكی نیشتمانی كه له‌ژێر كۆنترۆڵی شورای نوێنه‌رانی كرێكاندا بێ.
٨. ئه‌ركی ده‌ستبه‌جێی ئێمه نییه كه سۆشیالیزم ’’بناسێنین‘‘، بگره به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی و دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌كان ده‌ستبه‌جێ بهێنینه پێشه‌وه كه له‌ژێر كۆنترۆڵی شورای نوێنه‌رانی كرێكاراندا بێ.
٩. ئه‌ركه‌كانی حزب:
ئهلف: به‌ستنی ده‌ستبه‌جێی كۆنگره‌ی حزب
با: گۆڕینی به‌رنامه‌ی حزب به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له:
١) پرسی ئیمپریالیزم و جه‌نگی ئیمپریالیزمدا،
٢) بۆچوونمان سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت و خواستی ئێمه بۆ ’’ده‌وڵه‌تێكی كۆمۆنه‌یی‘‘ [4]،
٣) هه‌مواركردنی به‌رنامه‌ی لانی كه‌ممان كه به‌سه‌رچووه.
جیم: گۆڕینی ناوی حزب [5]
١٠. ئهنتهرناسیۆنالێی نوێ
ئه‌بێ ده‌ستپێشكه‌ری دروستكردنی ئهنتهرناسیۆنالێكی شۆڕشگێڕانه بكه‌ین، ئهنتهرناسیۆنالێك له دژی سۆشیال شۆڤینیستهكان و ’’باڵی ناوه‌ند‘. [6]
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌وه تێبگات كه بۆچی پێداگریم له‌سه‌ر ’’مه‌سه‌له‌ی‘‘ نه‌یارانی سه‌رڕاست كرد كه ئه‌مه‌ش جیاوازیه‌كی سه‌یره، داوای لێ ئه‌كه‌م كه ئه‌م تێزانه‌ی سه‌ره‌وه به‌راورد بكات به‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ی خواره‌وه له‌لایه‌ن به‌ڕێز گۆڵدنبێرگهوه كه وتوویه‌تی: ’’ لینین له جه‌رگه‌ی دیموكراسی شۆڕشگێڕ‌دا به‌یداخی شه‌ڕی ناوخۆی هه‌ڵداوه‘‘ (له ژماره ٥ ی یێدینتسڤۆی پلیخانۆڤهوه وه‌رگیراوه).
ئه‌مه گه‌وهه‌ر نییه؟
من لێره‌دا ئه‌ینووسم و ڕایئه‌گه‌یه‌نم و به‌وردی ڕوونیئهكهمهوه كه به‌هۆی سه‌رڕاستیی گومانهه‌ڵنه‌گری ئه‌و به‌شه فراوانه‌ی جه‌ماوه‌ر كه باوه‌ڕیان به به‌رگری شۆڕشگێڕانه هه‌یه… به‌هۆی ئه‌و ڕاستیه‌وه كه ئه‌وان له‌لایه‌ن بۆرژوازیه‌وه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێندراون، به وردبینی و پێداگری و خۆڕاگریه‌كی تایبه‌ته‌وه پێویسته هه‌ڵه‌كانیان بۆ ڕۆشن بكه‌ینه‌وه.
هێشتاش خانه‌دانانی بۆرژوازی كه به خۆیان ئه‌ڵێن سۆشیال دیموكراته‌كان كه نه سه‌ر به به‌شه فراوانه‌كه و نه جه‌ماوه‌ری باوه‌ڕدار به به‌رگری شۆڕشگێرانه‌ن، به ناوچهوانێكی ئارامه‌وه تێڕوانینه‌كانی من ئاوها ئه‌خه‌نه‌ڕوو: ’’به‌یداخی! شه‌ڕی ناوخۆم له جه‌رگه‌ی دیموكراسی شۆڕشگێڕانه‌دا هه‌ڵداوه! ‘‘، كه ئه‌مه‌ش شتێكه به تاكه وشه‌یه‌كیش نه له تێزهكانم و نه له قسه‌كانمدا نه‌هاتووه.
ئه‌مه مانای چییه؟ ئایا ئه‌مه چ جیاوازیه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ بانگه‌شه بۆ هاندانی ئاژاوه‌دا، كه له ڕوسكایا ڤۆلیادا هاتووه؟ ’’شوراكانی نوێنه‌رانی كرێكاران تاقه شێوازی گونجاوی حكومه‌تی شۆڕشگێڕانه‌یه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌ركی ئێمه‌یه كه ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆیانه و نه‌خشه‌مه‌ند و به‌رده‌وام له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی تاكتیكه‌كانیان به دهستهوهبدهین، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ پێداویستیه عه‌مه‌لیه‌كانی جه‌ماوه‌ردا بگونجێ.‘‘
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یارانی دروشمێكی دیاریكراو تێڕوانینه‌كانی من به‌وجۆره ئه‌خه‌نه‌ڕوو كه بانگه‌وازه بۆ ’’شه‌ڕی ناوخۆ له جه‌رگه‌ی دیموكراسی شۆڕشگێڕانه‌دا‘‘!
من بۆیه هێرشم كرده سه‌ر حكومه‌تی كاتی له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕۆژێكی زووی، یان هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا هیچ ڕۆژێكی، بۆ بانگێشتكردن بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر دیاری نه‌كردبوو. وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نها خۆی به وه‌عد و به‌ڵێنه‌كانیه‌وه به‌ستبۆوه. مشتومڕی من له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه به‌بێ شورای نوێنه‌رانی كرێكاران و سه‌ربازان بانگه‌شه بۆ به‌ستنی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر گره‌نتی ناكرێ و سه‌ركه‌وتنیشی مه‌حاڵه.
ئه‌و تێڕوانینه‌ش دراوه‌ته پاڵم كه من دژی به‌ستنی خێرای كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رم! ئه‌گه‌ر ده‌یان ساڵ له خه‌باتی سیاسی فێری ئه‌وه‌ی نه‌كردبم كه سه‌رڕاستی له نه‌یاراندا جیاوازیه‌كی سه‌یره، ئه‌وا ئه‌م شته ناو ئه‌نێم ’’هه‌له‌ق و مه‌له‌ق‘‘.
به‌ڕێز پلیخانۆڤ له بڵاوكراوه‌كه‌یدا وته‌كه‌ی منی به ’’هه‌له‌ق و مه‌له‌ق‘‘ ناوبردووه. زۆر باشه به‌ڕێز پلیخانۆڤ! به‌ڵام سه‌یركه كه تۆ له پلمیكدا (مشتومڕدا) چه‌ند ناكارامه و وشك و كۆڵیت. ئه‌گه‌ر من بۆ ماوه‌ی دوو كاتژمێر وته‌یه‌كی هه‌له‌ق و مه‌له‌قم پێشكه‌ش كردبێ، ئه‌وه چۆنه جه‌ماوه‌رێكی سه‌دان كه‌سی ته‌حه‌مولی ئه‌م ’’هه‌له‌ق و مهلهقهی‘‘ كردووه؟ له‌وه‌ش واوه‌تر، بڵاوكراوه‌كه‌ی تۆ بۆچی ستونێكی ته‌واوی بۆ ئه‌م ’’هه‌له‌ق و مه‌له‌قه‘‘ ته‌رخان كردووه؟ ناكۆكه، زۆر ناكۆكه!
به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه زۆر ئاسانتره هاوار بكه‌یت، به‌دگۆیی بكه‌یت و بقیژێنی له‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌یت شت بگێڕیته‌وه، ڕوونی بكه‌یته‌وه و یادی بهێنیته‌وه كه ماركس و ئه‌نگڵس له ساڵه‌كانی ١٨٧١ و ١٨٧٢ و ١٨٧٥ دا چی‌یان وتووه ده‌رباره‌ی ئه‌زمونی كۆمۆنه‌ی پاریس و ئه‌و جۆره له ده‌وڵه‌ت كه پڕۆلیتاریا پێویستیه‌تی. (بڕوانه شه‌ڕی ناوخۆ له فه‌ڕه‌نسا و ڕه‌خنه له به‌رنامه‌ی گۆتا).
وا دیاره به‌ڕێز پلیخانۆڤی كۆنه ماركسیست نایه‌وێت ماركسیزم بێنێته‌وه یاد.
من وشه‌كانی ڕۆزا لۆكسمبۆرگ ئه‌ڵێمه‌وه كه له ٤ ی ئابی ١٩١٤ دا سۆشیال دیموكراته‌كانی به ‘’’جه‌سته‌یه‌كی بۆگه‌ن‘‘ ناوبرد. وه پلیخانۆڤ و گۆڵدنبێرگ و هاوه‌ڵه‌كانیان هه‌ست ئه‌كه‌ن بهدناوكراون. له‌به‌ر كێیه؟ له‌به‌ر ئه‌و شۆڤینیسته ئه‌ڵمانیانه، چونكه پێیان وتراوه شۆڤینیست!
ئه‌م سۆشیال شۆڤینیسته ڕوسیه داماوانه‌ی كه به قسه سۆشیالیست و به كرده‌وه شۆڤینیستن، خۆیان خستۆته چ فهوزایهكهوه.
[1][له ١٧ ی نیسانی ١٩١٧ دا له بڵاوكراوه‌ی پراڤدا ژماره ٢٦ دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌م ده‌قه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌قی ڕۆژنامه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه. له كۆكراوه‌كانی لینین، به‌رگی ٢٤، ل.١٩_٢٦، چاپی خانه‌ی پێشكه‌وتنی مۆسكۆ، ساڵی ١٩٦٤ دا بڵاوبۆته‌وه كه وه‌رگێڕانه‌كه‌ی بۆ ئینگلیزی له‌لایه‌ن ئیسحاق بێرنارده‌وه كراوه. وه‌رگێڕانی كوردیه‌كه‌ش له هه‌مان ئه‌م ده‌قه‌وه كراوه كه له سایتی ماركسیسته‌كانه‌وه وه‌رگیراوه. ته‌واوی هێڵی ته‌ئكیده‌كان هی لینینه، وه‌رگێڕ]
[2] [سۆشیالیسته پۆپۆلیسته‌كان حزبێكی سیاسی بوو له ڕووسیا كه له باڵی ڕاستی پارتی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕ جیابۆوه له ساڵی ١٩٠٦ دا و له‌گه‌ڵ پارتی كادێت (دیموكراته دهستورخوازهكان) دا پێكهێنابوو.پارتی سۆشیالیستی شۆرشگێڕ حزبه‌كی سیاسی بوو له ساڵی ١٩٠٢ دا دروست بووبوو پێیان وابوو كه كۆمه‌ڵگای ڕووسی ئه‌توانێ له فیوداڵیزمه‌وه باز بدات بۆ سۆشیالیزم به‌بێ ئه‌وه‌ی به كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا تێبپه‌ڕێ. نیكۆڵای سێمیۆنۆڤیچ چخیدزه، مهنشهڤیكێك بوو كه یه‌كه‌مین سه‌رۆكی شورای پترۆگراد بوو دواتر بووه ئه‌ندامی حكومه‌تی كاتی. له بۆچوونی له‌به‌رامبه‌ر جه‌نگدا، سهنتریست (ناوه‌ند) بوو. تسێرێتلی ڕابهرێكی مهشهڤیكی بوو، ئه‌ویش ڕای به‌رامبه‌ر جه‌نگ ناوه‌ند بوو.__ په‌راوێزی وه‌رگێڕ]
[3] واته ئه‌و سوپایه‌ی ئێستا به هێزی چه‌كداری گشتی جه‌ماوه‌ر جێبگیرێتهوه_ په‌راوێزی لینین
[4] واته ده‌وڵه‌تێك له هاوشێوه‌ی كۆمۆنه‌ی پاریس_ په‌راوێزی لینین
[5] له جیاتی سۆشیال دیموكرات كه ڕابه‌ڕه ڕهسمیهكانیان له ته‌واوی دنیادا له سۆشیالیزم هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و چوونه‌پاڵ بۆرژوازی (وه‌ك به‌رگریكاره‌كان و كاوتسكی ڕاڕا)، ئه‌بێ ناوی خۆمان بنێین حزبی كۆمۆنیست_په‌راوێزی لینین.
[6] باڵی ناوه‌ند له بزووتنه‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی سۆشیالی دیموكراتیك‌دا ئه‌و مه‌یله‌یه كه له نێوان شۆڤینیستهكان (واته به‌رگریكاره‌كان) و ئهنتهرناسیۆنالهكاندا ڕاڕایه. واته كاوتسكی و هاوه‌ڵه‌كانی له ئه‌ڵمانیا، لۆنگ و هاوه‌ڵه‌كانی له فه‌ڕه‌نسا، چخیدزه و هاوه‌ڵه‌كانی له ڕووسیا، تورتای و هاوه‌ڵه‌كانی له ئیتاڵیا، ماكدۆناڵد و هاوه‌ڵه‌كانی له به‌ریتانیا…. وهتد._ په‌راوێزی لینین.
تێبینی: خۆشه‌ویستان، ئه‌مه‌ی به‌رده‌ستان وه‌رگێڕانی تێزه‌كانی نیسانی لینینه له ئینگلیزیه‌وه كه له ژماره ٨ ی دیدگای سۆشیالیستیدا بڵاوم كردۆته‌وه. ڕاسته وه‌رگێڕانی تری ئه‌م بابه‌ته له‌به‌رده‌ستایه به‌ڵام به پێی ئه‌و تێبینیانه‌ی هه‌مبوو به‌باشم زانی منیش وه‌ریبگێڕم و قه‌زاوه‌ت كردنیش لای خوێنه‌رانه. (جه‌مال موحسین)