نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
حزبی گۆڕان، بەردەوامە لەسەر داکشان و کوژانەوەی ئەو مۆمەی بە سەدان هەزار کەس لە کوردستاندا، ئومید و خەونە رەنگاڵەییەکانی خۆیان پێوە گرێدا… بزوتنەوەی گۆران لە ساڵی ٢٠٠٩ دا، لەرێگای خۆ هەڵواسین و بە تورەیی و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە دەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی پارتی و یەکێتی، و جڵەوکردنی ئەو نارەزایەتیانە توانی وەکو هێزو باڵێکی بۆرژوازی پیگەیەکی گەورە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، پەیا بکات و ببێتە هێزیكی حساب لەسەر کراو کاریگەر…
هەرچەندە ئەو بزوتنەوەیە، پایە سەرەکی و هێزە بەرینە زۆرە جەماوەرییەکەی بەرهەمی جیابوونەوەو لەت بوونی یەکێتی نیشتیمانی بوو، کە سەرانی جیابوەوە لە یەکێتی، هەم بەشێکی زۆر لە کادر و ئەندام و هاوکات جەماوەرێکی بەرینی خوارەوەی یەکێتیان لەگەڵ خۆیان برد، بەڵام بانگەشەیان بۆ وەستانەوە بەرووی گەندەڵی و تاڵانچیتیدا، پێداگریان لەسەر شەفافیەتی و نەوت و داهاتەکانی کوردستان و بەدامەزراوەیی کردنی دام و دەزگا میلیشاییەکان و جێ خستنی یاسا… لەکوردستان توانی جەماوەرێکی توڕە و بیلایەنی دەرەوەی جەماوەری یەکێتی بۆخۆی ببات. لەوچوارچێوەیەشدا هێزێکی زۆری لاوان و بەشێکی بەرین لە نووسەرو رۆشنبیرانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی پەلکیشی ناو خۆی کردو ژمارەیەکی زۆریان بوونە راوێژکار و ئوستادی سیمایەکی جیاواز بەخشین بە گۆران.
دیارە ئەوەی هەر لەسەرەتاوە رۆشن بوو، نەبوونی جیاوازی بزوتنەوەی گۆران بوو لەگەڵ حزبەکانی تری بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی، لەسەر پرسە سەرەکی و گرنگ و چارەنووسازەکانی کۆمەڵگەی کوردستان. بزوتنەوەی گۆران لەسەر پرسی هەرێم بە ناوەندەوە و فیدرالیزمی قەومی، لەسەر ئایندەی سیاسی کوردستان، لەسەر سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردن، لەسەر پەیوەندی بە وڵاتانی ناوچەکەوە، لەسەر پرسی مافە فەردی و مەدەنیەکان، لەسەر پرسی ژنان، لەسەر پرسی دین و جیاکردنەوەی لە سیاسەت و دەوڵەت و خوێندن و پەروەردەو فێرکردن و یاساکان… نەک هەر جیاوازی نەبوو، بەڵکو لەزۆر بواردا کۆنەپەرست تر، دژە ژن تر، سازشکارتر بۆ ئیسلامی سیاسی و رەوتەکانیان، زمان پڕجنێوتر بەرامبەر رەخنەگران و نەیارانی سیاسییان… خۆیان نیشاندا. وە جگە لەو بانگەشەی چاکسازی و شەفافیەت خاوەنی هیچ پرۆژەو ئەجندایەکی سیاسی جیاواز لە پارتی و یەکێتی و ئیسلامیەکان نەبوون. هۆکاری سەرەکی دارمان و داروخان و هەڵوەرینی رۆژ بەرۆژی گۆرانیش لیرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوە بەجیا لەوەی خوێندنەوەی ئەو رەوتە بۆ دەسەڵاتی میلیشیایی و تایبەتمەندییەکانی، پێی لەسەر هیچ زەمینەیەکی مادی و بابەتی نەبوو، هیزێک بیەوێت لە رێگای هەڵبژاردنەکان و هێنانی کورسی پەرلەمانەوە دەسەڵات لە پارتی و یەکێتی دەربهێنێت، پیش وەختە دۆراوە، چونکە ئەوەی یەكیتی و پارتی هیشتۆتەوە پەرلەمانەکەی نییە، حکومەتەکەی نییە، هیزە چەکدارەکەیەتی، داهاتە زۆر زەوەندەکەیەتی کە لە گیرفانی خەڵک و داهاتی گشتی دزیویەتی، خۆبەستنەوەیەتی بە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەوە. حکومەت و پەرلەمان تەنیا دوو کۆڵەکەن بۆ راگرتنی درۆی دەسەڵاتدارێتی یاسایی لەچاوی رای گشتی و فەرمی ناوخۆ و دەرەوەدا. ئەو دەسەڵاتە چاکسازی هەڵناگرێت، بۆیە پاکیجەکانی چاکسازی بەشوینێک نەگەیشتن، چاکسازی یانی روخانی ئەو دەسەڵاتە و لەگەڵ خۆیشیدا، یانی لەدەستدانی پاوانی سەروەت و سامانی حزبە دەسەڵاتدارە میلیشیاییەکان و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتدارێتی سیاسییان. بۆیە چاکسازی لە ژێر چەکمەی میلیشیادا، خەونێکی نەزۆکە. ئامارو ئەرقام نیشاندان، زەرب و تەقسیم کردن، بایکۆتی کۆبونەوەکانی پەرلەمان، دەم گەرمی پەرلەمانە تەسەلەکانی لە میدیاو ماس میدیاکان، تەپڵ کوتان و وەشاندنی بتڵی ئاو و فیکە لێدان و لێدوان و نەسیحەتی نووسەرە بێبارەکان و، کە خۆیان پێویستیان بە ئامۆژگارییە، ریگەی گۆرینی دەسەڵاتی میلیشیایی نییە.
بزوتنەوەی گۆران، لە تەمەنی نۆ ساڵەی خۆیدا، نەیتوانی یەک تاکە بەڵێن و پرۆژەو پاکیج و هیچ ئاڵوگۆرێک بە قازانجی خەڵک ئەنجام بدات. هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە نۆ ساڵی رابردوودا کەتەمەنی بزوتنەوەی گۆرانیشە، رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپتر چووە. ئەم بزوتنەوەیە هیچ شتێکی بۆ شانازی پێوەکردن و خۆ پێوەبادان نییە.
خاکی بوونی! نەوشیروان مستەفا و تێوە نەگلانی لە دزی و گەندەڵی و سادە ژیانکردنی، لە چاو هاو سیاسیەکانی تەمەنی و هاوڕێ و هەڤاڵە ملیۆنەرەکانی، کە مایەی شانازی زۆریک لە لایەنگران و جەماوەری گۆران بوو، تا رادەی ئەوەی ناوی بنێن باوکی هەژاران!! بە گواستنەوەی سەروەت و سامانی گۆران و کۆمپانیای وشە، بەر لەمردنی بۆ سەر کورەکانی کە بە سەدان ملیۆنەها دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەو تایبەتمەندییە لە سادەیی و ژیانکردنی نەوشیروانی کردە بلقی سەر ئاو، درۆی ئەوەی کە دژی دەسەڵات و تەوریسی و بۆماوەیین، نیشانداو ئەو راستییەی سەلماند کە نەوشیروان مستەفاش لە هەمان قوماش و لەهەمان مارکەی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتی و یەکێتییە. ئەمەش کاریگەری هەبوو لەوەی تەلاری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆران بلەرزێنێت و نارەزایەتی بەدوای خۆیدا بهێنیت. هیزو رەوتێک بانگەشەی چاکسازی و گەرانەوەی داهات و سامان بۆ هاوڵاتیان بکات و قیرەقیری دژە گەندەڵی بکاتە ناسنامەی کاری و هاواری شەفافیەت، بکاتە ئاوازی گەیشتن بەدەسەڵاتی، بەکردەوەش بە قەبارەی سەدان ملیۆن دۆلار سامانی بگوازێتەوە بۆ سەر کورەکانی… حزبەکەی بکاتە کرێچی و گوێ لەمستیان، بەکردەوە دەبێتەوە بە پارتی و یەکێتی، وە وەرگرتنی مانگانەی ٢٥ دەفتەر دولار لە یەکێتی، درۆی گۆرین و لابردنی یەکێتی و دەسەڵات، دەکاتە کاریکاتێریكی قەڵب. وە هەموو ئەوانە دۆسیەو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن، کە گۆران جیاوازییەکی سەرەکی لەگەڵ یەکێتی و پارتی نییە. چەند کادر و نووسەر و ئەندام پەرلەمانی تەسەلی دەم گەرمی نیعمەت بەسەرا کەوتوو ناتوانن تاسەر بە پاساوی ساختە، خەڵکی کوردستان و جەماوەری گۆران و هیزی گۆران، بخەڵەتێنن…
رەوتی روو لە لێژی گۆران و درزو کەلێنەکانی گۆران، تا بێت بەرەو هەڵکشان دەچێت، ئەوەی لەو نێوەدا قوربانییە، ئەو جەماوەرە بەرینەیە، کە نزیکەی دەهەیەکە خەون و ئاواتەکانی خۆیان بە گۆرانەوە گرێدا و ئیستاش دەست بەتاڵ دەرچوون و ژمارەیەک لە بەرپرسان و ئەندام پەرلەمان و وەزیر و گزیرەکانیان، بوونە ملیۆنێر و دابینکردنی ژیانی شاهانەیان، لەسەر حسابی برسێتی و بێبەشی جەماوەری کوردستان….
بزوتنەوەی گۆران، بەو هێڵ و ئەجندا سیاسییە تەواو تەبایەی لەسەر پرسە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، لەگەڵ یەکێتی و پارتی، شانسی هەستانەوە یان شانسی بەرگرتن بە کێرڤی هاتنەخوارەوەی نییە…
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٣ بەرواری ١/٨/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە….