له وتاری “پڕۆگرامی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆران چیمان پیدهڵیت؟”
خه‌سره‌و سایه
دادی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کێک لهوچهمکه باوانه‌یه که له که‌لتوری فکری و سیاسی دونیای ئه‌مڕۆدا پانتاییه‌کی گه‌وره‌ی داگیرکردووه و له ئاستێکی فراوانیشدا به‌کارده‌برێ. به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی که حزب و ده‌زگا و ڕێکخراوه و دامه‌زراوه‌ی جۆراوجۆر، هه‌ریه‌که‌یان به‌شێوازی جیاواز، بۆ ته‌عبیرکردن له‌دوا ئامانجه‌کانیان، له په‌یڕه‌و و پرۆگرامه سیاسی و كۆمهڵایهتیهکانیاندا، جێگایان بۆ کردۆته‌وه. ته‌نانه‌ت سه‌رکرده و سه‌رۆکی وڵات، قازی و مه‌لا و قه‌شه و سه‌رۆک خێڵ، سه‌ره‌ڕای کارنامه‌ی ڕه‌ش و سه‌رکوتگه‌ری و کۆنه‌په‌رستی و ڕاسیستانهیان، به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان له دانی په‌یام و ئاماژه و ده‌ربڕینه‌کانیاندا په‌نا بۆ به‌کاربردنی ئه‌م چه‌مکه ده‌به‌ن و وه‌ک ئاوات و ئامانجێک ئه‌یده‌ن به گویێ خه‌ڵکیدا. دیاره هۆکاری ئه‌مه‌ش له‌و خاڵه‌دا خۆی ده‌رده‌خات که چه‌مکی “دادی كۆمه‌ڵایه‌تی”، له ڕه‌وتی مێژوویه‌کدا که تێیپه‌ڕاندووه، کراوه‌ته چه‌مکێکی پیرۆزکراو و موعته‌به‌ر، بۆ ته‌عبیرکردن له کۆمه‌ڵگە و داهاتوویه‌کی به‌خته‌وه‌ر و خۆشگوزه‌ران و ئازاد و پێشکه‌وتووی ئینسانی. له‌کاتێکدا خودی ئه‌م چه‌مکه، یه‌کجار ناڕۆشن و لێڵه و هه‌ڵگری واتا و مه‌به‌ست و ئامانجی جۆراوجۆر و ته‌نانه‌ت دژبهیهکیشه. به‌تایبه‌تی ئه‌م چه‌مکه له‌ڕه‌وتی مێژوودا و له‌سه‌رده‌مانی جیاجیا و له کۆمه‌ڵگە جۆراوجۆره‌کاندا، له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه و هێز و ڕه‌وتی جیاوازی چینایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه واتا و ته‌عبیری ڕه‌نگاوڕه‌نگ و پێچه‌وانه له‌گه‌ڵ واقعی مه‌وجودی لێدراوه و بۆ پاساودانی ڕاگرتنی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات، بۆداهاتوویهکی نادیار و له هه‌مان کاتدا بۆ دانی ئاوات و ئومێدێکی خه‌یاڵی، به خه‌ڵكی چه‌وساوه و زوڵم لێکراو، ده‌ستی بۆ براوه.
بۆنموونه ئاینه‌کان به گشتی دادی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک حوکمێکی خوداوه‌ند له‌سه‌ر ئه‌رز و واتای ته‌رازوویه‌ک وه‌رده‌گرێ بۆ کێشانی “عه‌دل و ئینساف” که سپێردراوه به ئه‌خلاقیات و ویژدانی پهیامبهرانێکی پیاوچاک و ئه‌قڵی حهکیمانێکی خێرخواز، تا کۆمه‌ڵگە و ئینسانه‌کان له ”شه‌ڕی شه‌یتان و فیتنه” و بوغز و کینه ده‌رکێشێ و ژیانێکی “هاوسه‌نگ/ میانه‌ڕه‌وی” و “به‌ویژدان” تهرازویهک بێت بۆ به‌رقه‌رارکردنی داد له نێوان هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌نداندا، له نێوان کۆیله و خاوه‌ن کویلهدا. که‌چی له ئه‌نجامدا، زۆرترین تاوان و بێدادی و سه‌رکوت و هه‌ڵاواردن له سایه‌ی “نیه‌تی دادوه‌رانی نوێنه‌رانی سه‌رزه‌وی خواوه‌نده‌کان” خوڵقێنراوه.
سوقرات و ئه‌فلاتون، وه‌ک یه‌که‌مین فه‌یله‌سوفانێکی سه‌رده‌می کۆنی یۆنان، “ده‌وڵه‌تی ئایدیاڵ”، له‌سه‌ر بنه‌مای “فه‌زیله‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان” و له په‌یوه‌ند به دابه‌شبوونه چینایه‌تی و كۆمهڵایهتیهکانی ئه‌و ده‌مانه‌وه و به پێداگرتن له‌سه‌ر “خه‌سڵه‌ته ناوه‌کیه‌کانی خودی ئینسان”، دادی كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاگرتن و مه‌شروعییه‌تدان به کۆیله‌یه‌تی، وه‌ک چه‌مکێکی فه‌لسه‌فی هێنایه‌کایه‌وه، که‌دواتر مشتومڕێکی فه‌لسه‌فی و تیۆری لێکه‌وته‌وه، به‌ڵام دواتر چه‌مکی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی که زیاتر له‌په‌یوه‌ند به ”تاوان و سزاوه” له بوعدێکی قانونیدا له سیسته‌می دادوه‌ری و قهزاییدا، خۆی ده‌رخست و کرایه قه‌ڵغانێک بۆ پێشگیری به ئاشوب و تاوان، “سه‌روه‌ریی یاسا”ی له‌به‌رامبه‌ر هه‌موواندا، به‌عه‌داله‌ت ناساند. له‌کاتێکدا له‌ژێر سایه‌ی “سه‌روه‌ریی یاسادا”، زیندانیکردنی هه‌تاهه‌تایی، سه‌رپه‌ڕاندن و له‌سێداره‌دان و هه‌ڵواسینی ئینسان و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی ژیان، وه‌ک شێوازێک بۆ “ته‌نفیزی عه‌داله‌ت”، که تا ئه‌مڕۆش درێژه‌ی هه‌یه، کرایه به‌شێک له سیسته‌مه قانونییه‌کان و به‌م حاڵه‌شه‌وه چه‌مکی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و مه‌یدانه‌کانی ئه‌خلاق، سیاسه‌ت، ئابووری و کۆمه‌ڵناسی سه‌ره‌وخوار بوه‌وه. به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ باس له عه‌داله‌تی که‌لتوری و، ئه‌تنیکی و”دادی جوگرافی”یش ده‌کرێ و له ههربوارهشدا واتای تایبه‌تی پێده‌درێ.
به‌دیاریکراویش له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و ده‌رکه‌وتنی سه‌رمایه‌دار و کرێکار وه‌ک دابه‌شبوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ره‌کی، چه‌مکی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕوانگه‌یه‌کی بۆرژوایی پێدرا و وه‌ک ته‌عبیرێکی ئه‌م چینه بۆ “یه‌کسانی و هاوبه‌شێتی” نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگە، به‌کارهێنرا. مه‌سه‌له‌ی “کرێی عادیلانه له‌به‌رامبه‌ر ڕۆژکارێکی عادیلانه”دا، که کرێکارانی به‌ریتانیا لهجهرگهی په‌ره‌سه‌ندنی مانیفاکتۆره و ده‌رکه‌وتنی قه‌ڵشتێکی فراوان لەنێوان ژیانی هه‌ژاری و نه‌داری کرێکاران له‌لایه‌ک و ده‌وڵه‌مه‌ندان و خاوه‌ن کارگه و سه‌رمایه‌داراندا، ته‌عبیرێک بوو بۆ ته‌حقیقی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام ئه‌نگلس واته‌نی “ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌ڕوانگه‌ی ئه‌خلاقه‌وه عادیلانه‌یه، ته‌نانه‌ت به‌پێی یاساش عادیلانه بێت، به‌ڵام به به‌راورد به‌و شته‌ی که له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه عادیلانه‌یه، ئه‌شێ تائه‌وپه‌ڕی خۆی جیاوازبێت”. کرێکاران له کۆمه‌ڵگەی سه‌رمایه‌داریدا، که جگه له فرۆشی هێزی کاریان شتێکی تریان نییه بۆ دابینکردنی ژیان و بژێوییان، وه‌ک چه‌وساوه‌ترین چین و به‌شی کۆمه‌ڵگە، ده‌که‌ونه په‌یوه‌ندییه‌کی نابه‌رابه‌ر و ناعادیلانهوه له‌به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌مه‌ندانی کۆمه‌ڵگەدا. به‌تایبه‌تی که کاری کرێکاران له پڕۆسه‌ی کار و فرۆشتنی هێزی کاریاندا، نه‌ک هه‌ر پێداویستی و هۆیه‌کانی بژێوی خۆیان و کۆمه‌ڵگە به‌رهه‌مده‌هێنن، به‌ڵکو زیاده‌یه‌کیش ده‌خه‌نه سه‌ر بڕی ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ی که له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت و سه‌رمایه‌داراندا کۆبۆته‌وه. به‌مجۆره سه‌رچاوه‌ی داهاتی کۆمه‌ڵایه‌تی شتێکی تر نییه جگه له که‌ڵه‌که‌بوونی به‌رده‌وامی هێزی کاری دزراوی کرێکاران، ئه‌مه ئیتر ناعادیلانه‌ترین دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵایه‌تییه که چینی بۆرژوازی و ده‌وڵه‌ت و یاسا به دیارده‌یه‌کی “عادیلانه” ڕه‌سمییه‌تی پێداوه. له‌لایه‌کی تره‌وه سه‌رمایه‌داران بۆ ڕاگرتنی ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داری، له‌چه‌ندین لاوه سته‌م و چه‌وسانه‌وه و جیاکاری به‌رهه‌مهێناوه و بگره گه‌لێک لهوستهم و بێدادییانهی که له کۆمه‌ڵگەکانی پێش خۆیدا بوونیان هه‌بووه، به میرات بردووه، له‌وانه ستهمکێشی ژنان. به‌م پێیه‌ش نیزامی سه‌رمایه‌داری وه‌ک سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جیاکاری و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌یه‌که که له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر بێدادی له‌به‌رامبه‌ر کرێکاراندا ڕاوه‌ستاوه. خودی ئه‌م ڕاستییه، له‌دونیا و سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا، چینی بۆرژوازی و ده‌وڵه‌تان و سه‌رمایه‌دارانی وردودرشت و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی، به‌شێوازی جۆراوجۆر خستۆتهکارهوه بۆ جوانکردن و به‌ڕه‌وا و به‌عادیلانه نیشاندانی نیزامی سه‌رمایه‌داری و پێچه‌وانه‌کردنه‌وه‌ی دادی كۆمه‌ڵایه‌تییه له‌م نیزامه‌دا. به‌تایبه‌تی کاتێک ئه‌م چه‌مکه وه‌ک دروشم و ڕێباز، وه‌ک دوائامانجی هێزولایه‌نه بۆرژوازییه‌کان، وه‌ک ڕێباز و به‌رنامه‌ی بزووتنه‌وه كۆمهڵایهتیهکانی ئه‌م چینه، له په‌یوه‌ند به هه‌لومه‌رجی داسه‌پاو و سیسته‌مه قانونی و سیاسی و ئابوورییه جیاجیاکانه‌وه به‌ده‌سته‌وه ده‌گیرێ و واتای جۆراوجۆر و جیاوازی پێده‌درێ: ئه‌مڕۆ دادی كۆمه‌ڵایه‌تی لای دیموکراتخوازه‌کان ئه‌و واتایه‌ی پێدراوه که ئه‌وه “سیسته‌می دیموکراتی”یه که له‌سه‌ر بنه‌مای “ده‌نگدانی تاک” له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ئه‌توانێ وه‌ک “ته‌رازووی عه‌داله‌ت” ڕۆڵبگێڕێ له بڕانه‌وه‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا و ئازادی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تیش بۆ هه‌مووان ده‌سته‌به‌ربکات. زۆرجاریش ئه‌م پرۆسه‌یه به ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی “ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی” و دوورکه‌وتنه‌وه له توندوتیژییه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه. له‌کاتێکدا هه‌ژاری و بێ‌کاری، جه‌نگ و کوشتار، په‌لامار و توندوتیژی پۆلیسی و ڕاسیستی کۆمه‌ڵه دیارده‌یه‌کی زه‌قی دیموکراسی و سیسته‌مه دیموکراتیه‌کانه. له‌مه‌ش زیاتر واتای دادی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ناسیونالیسته‌کان که له مافی سه‌لماندنی هه‌ویه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تردا و له مافی ڕزگاری خاک و ئاوی وڵات، له ده‌ستی بێگانه، زیاتر تێناپه‌ڕێت، “ئه‌وانی تر” وه‌ک “که‌مینه” له یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا، سه‌رکوت ده‌کا و وه‌ک ئینسانی پله‌دوو چاویان لێده‌کات. لای لیبڕاله‌کانیش که تاک و تاکگه‌رایی خاڵی سه‌نته‌ره، به‌پێویست تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی تاک، له‌وانه توانا و ئاماده‌ییه‌کان، شایسته‌یی و پسپۆڕی… که هه‌ر هه‌موویان به‌رئه‌نجامی کاری ته‌خه‌سوسی و کاردابه‌شکردنی یه‌کلایه‌نه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارین، وه‌ک بنه‌مایه‌کی جێگیر بۆ پێناسه‌ی چه‌مکی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌سته‌وه ده‌گیرێ و به‌م جۆره‌ش گه‌یشتن به به‌ها فه‌ردییه‌کان به‌مانای گه‌یشتنی تاک به ”به‌رهه‌مه به‌کاربردنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان” له پرۆسه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی قازانج و سودی سه‌رمایه‌کاندا، به “هه‌قێکی ئه‌به‌دی تاک” ڕه‌سمییه‌ت پێده‌دات. له‌کاتێکدا له‌ژێر سایه‌ی عه‌داله‌تی لیبرالهکاندا ئه‌وه هه‌ر ئه‌و “تاکه مه‌حبوب”هیه، که بێ‌کاری و هه‌ژاری و ده‌یان ده‌ردوبه‌ڵای تر خنکاندویه‌تی و “تاوانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان” له گۆشه‌ی زیندانه‌کاندا، یه‌خسیری کردووه. له‌یه‌ک وته‌دا دادی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگەی سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆدا که زیاتر ڕووی له بواری ئابووری و داهات و سامانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان کردووه، له ڕوانگه‌ی بۆرژوازی و ڕهوتهکانیهوه، زیاتر واتای “عه‌داله‌ت له دابه‌شکردندا”ی پێده‌درێ. “داهاتی کۆمه‌ڵایه‌تی وداهاتی تاک” باوترین چه‌مکن بۆ ته‌رازووکردنی عه‌داله‌ت له نێوان سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ت و هاوڵاتیاندا، له‌کاتێکدا ئه‌وه پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و جێگاوڕێگای ئینسانه‌کانه له‌وێدا، که‌هه‌ر له‌پێشه‌وه بڕیاری به‌رکه‌وته‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای داوه. (لای مارکس و مارکسیسته‌کان، “چه‌مکی یه‌کسانی” ئاڵته‌رناتیڤی چه‌مکی دادی کۆمه‌ڵایه‌تییه. یه‌کسانی نه‌ک هه‌ر به مانای دابینکردنی ئازادییه‌کانی ئینسان و یه‌کسانییان له هه‌موو بواره‌کانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا، به‌ڵکو یه‌کسانی له به‌شداریکردن و هاوبه‌شێتی هه‌مووتاکێکی کۆمه‌ڵگە له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ستڕاگه‌یشتنی یه‌کسانیان به هه‌موو داهات و سه‌رچاوه مادی و مه‌عنه‌ویه‌کانی کۆمه‌ڵگەدا، به‌م جۆره یه‌کسانی لای مارکس له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه ده‌ست پێده‌کات و شۆڕده‌بێته‌وه بۆ دابه‌شکردنی به‌رهه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌موو بواره‌کانی تر. به‌مجۆره‌ش هەر کەسێک بەوپێیەی کە ئینسانە و چاوی بە کۆمەڵگەی ئینسانی هەڵهێناوە بە یەکسانی لە هەموو نیعمەتەکانی ژیان و بەروبوومی کاری هاوبەشی ئینسانەکان بەهرەمەند دەبێت. “لە هەر کەسێک بەپێی توانای و بۆ هەرکەسێک بەپێی پێویستیەکانی، ئەمە بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگەی یه‌کسانی و ئازادی کۆمۆنیستییە”. شۆڕشی کۆمۆنیستی که نه‌ک هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی چینی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ڕوخێنێ، به‌ڵکو موڵکدارێتی تایبه‌تی و کاری به‌کرێ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و کۆمه‌ڵگەی کارکردوان داده‌مه‌زرێنێ، به‌ئاڕاسته‌ی پوکانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و چینه‌کان و كاڵا و پاره و بازاڕ… وهه‌موو بنیاده‌کانی کۆمه‌ڵگەی سه‌رمایه‌داری.. به‌جۆرێک که یه‌کسانی واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی دادی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌به‌ربکات.)
به‌ڵام چه‌مکی دادی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رچۆنێک بێت و به‌هه‌ر مانایه‌ک بێت، له‌وه‌ته‌ی په‌یدابووه تا ئێستا، خۆی به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌یه که جیاکاری جۆراوجۆر، سته‌م و چه‌وسانه‌وه، له‌نێوان ئینسانه‌کاندا و له‌لایه‌ن به‌شێکی کۆمه‌ڵگەوه به‌رامبه‌ر به به‌شه‌که‌ی تر، یه‌ک واقعیه‌تی حاشاهه‌ڵنه‌گره و ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له قاڵبی سیستمه سیاسی و ئابووری و قانوونیهکاندا ڕێکخراوه، به‌م پێیه‌ش خه‌بات و هه‌وڵی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌ردیی ئینسانه‌کان بۆ گۆڕینی ئه‌م واقعیه‌ته و کۆتاییهێنان به‌سته‌م و چه‌وسانه‌وه، کرده‌یه‌کی به‌رده‌وامه که ”دادی كۆمه‌ڵایه‌تی” به‌واتای جۆراوجۆری کردۆته ئاڵاکه‌ی. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه مه‌سه‌له‌ی چۆنیه‌تی به‌دیهێنان و دابینکردنی دادی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی پرسێکی گرنگه تا به کرده‌وه پیشانمان بدات که چ ئاستێک و چ جۆرێک له جۆره‌کانی سته‌م و جیاکاری تێپه‌ڕاندووه و له‌سایه‌ی چ نیزامێکدا، ڕێچکه‌ی به‌ره‌و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی گرتووه؟ “ڕیفۆرم و چاکسازی”، “ده‌ستور و په‌یماننامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی”، “به‌رنامه و هوشیاری”، تا ده‌ستبردن بۆ شۆڕش و ڕاپه‌ڕین… ئه‌مانه ڕێبازگهلێکن که له پێناو گه‌یشتن به‌دادی کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌لایه‌ن ئه‌حزاب و ڕه‌وتگه‌لی جیاجیاوه، ده‌ستیان بۆ براوه و له‌مێژوودا نموونه‌یان زۆره.
بۆخوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌که سود له‌م لێنکه وه‌ربگره:
http://media4.hkkurdistan.org/2017/09/Didga6.pdf
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٣ بەرواری ١/٨/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە….