بۆ دەبێت بەهەمو توانامانەوە داکۆکی لە ئازادی تی ڤی بکەین…؟

لە گۆشەیەکی ترەوە

پرس و ڕای هەفتانە

٢٨-٧-٢٠١٨

موزەفەر عەبدوڵا

بۆ دەبێت بەهەمو توانامانەوە داکۆکی لە ئازادی تی ڤی بکەین…؟

لە ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردودا کەمپەینێک لە لایەن بەرپرسی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی ڕاگەیەنرا لە دژی بڕیاری داخستن وبەرگری لە مانەوەی تەلەفزیۆنی ئازادی (ئازادی تی ڤی )کە تاکە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بینراوی حزبی شیوعی کوردستانو هەمو بەرەی چەپو ئازادیخوازی یە.

بە پێی بەیانەکەی ئەو کەمپەینە پارتی کە باڵادەستی تەواوی هەیە بەسەر بەناو حکومەتی هەریمدا بڕیاری داخستنی کەناڵی ئازادی داوە بە بەهانەی نەبونی مۆڵەتی کاری پەخشو ڕاگەیاندن.

لە کاتێکدا ئەم کەناڵە ویڕای ئەوەی زیاتر لە دەیەیەکە ئازادانە کاری بەخشو ڕاگەیاندن دەکاتو بۆتە بڵندگۆیەکی ئازادانە بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی لە کرێکاران، زەحمەتکشان ، بێکاران، قوتابیان ، ژنان و هەروەها  ڕەوتی بیری چەپو ئازادیخوازی.

بە ڕاستی دەکرێت بوترێت تاکە کاناڵێکی تی ڤی یە کە سەرەڕای هەر ڕەخنەو کەموکوڕی یەک کە هەبێت لێی بۆتە کەناڵی دەنگی ئازاد لە چاو هەمو ئەو دەزگا ڕاگەیاندنە زەبەلاحانەی کە بە دەستی چینی لۆمپەن بۆرژوازی قەومی و ئیسلامی میلیشایی یەوە لە کوردستان.

ئەمە جگە لەوەی خاوەنە سیاسی یەکەی ئەو کەناڵە کە حزبی شیوعی کوردستانە  زیاتر لە بیست ساڵە کەم تا زۆر بەشێک بوە لەو قەوارەیەی پێی دەڵێن حکومەتی هەرێم وئەو حزبە  ئەوپەڕەکەی وەزیرێکی تیادا هەبوێت یان نا .وە هەمو جارێکیش بەشداری کردەوە لەو هەڵبژاردنانەی کە بەشی زۆری چەپی ڕادیکاڵی بە سیناریوی دادەنێن.بێگومان ئەم بەشداری یەی حزبی شیوعی و زۆرێک لە بەرنامەو سیاسەتەکانیشی هەمیشە بۆتە جێگای ڕەخنەو ناکۆکی لایەنە کۆمۆنست و چەپەکان.

بەڵام ئێستا بڕیاری داخستنی ئەم کەناڵە دوای خستنە ڕوی ئەم ڕاستیانە بە بریارێکی پێشێلکاری سیاسی و ئازادی بەیانو ڕاگەیاندن دەزانین و هاوکات زیانێکی گەورەیە لە ئازادی سیاسی ودەنگی ناڕەزایەتی جەماوەری ستەمدیدەو ئازادیخوازی لە کوردستان.

بۆیە پرسیارەکە لەم پرس و ڕوداوەدا ئەوەیە بۆ دەبێت بە هەمو توانایەکەوە داکۆکی لە مانەوەی ئەم کەناڵە بکەین و دژی بڕیاری داخستنی بین؟

بۆ وەڵام ئەم پرسیارە پێویست دەکات ئاماژە بە چەند خالێک بکەین.

 خاڵی یەکەم : ئەم کەناڵی تی ڤی یە تاکە کەناڵێکی تی ڤی یە بەهەمو کەموکوڕی ولاوازی یەکی تەکنیکی و کارگێری و دارایی و پیشەیی و، تەنانەت ڕێڕەوی سیاسی و فکریشەوە ،بەڵام بۆتە ئامرازو بڵندگۆی دەست و دەنگی زۆرایەتی جەماوەری ستەملێکراو لە کرێکاران ، بێکاران ، دەسفرۆشان ، هەژاران ،ژنان و خوێندکاران ،وهاوکات گەیاندنی ڕاوبۆچونو هەڵویستو فکروکەلتوری چەپو ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگاای کوردستاندا.

خۆ ئەگەر جەماوەری ستەملێکراو بەرەی چەپوئازادیخوازیش خاوەنی دەیان کەناڵی زەبەلاحی مێشک شۆرەوەی دواکەوتویی خێڵەکی وەک پارتی و یەکێتی وئیسلامی یەکانی هەبوایە، سەرەڕای پێویستی بەرگری لە ئازادی سیاسی بە بێ قەیدو بەند ، بەڵام خەممان نەبو دەمان وت ئەگەر بەهەر هۆیەکەوە ئەو کەناڵە دابخرێت هێشتا زۆری ترمان هەیە.بەڵام ئێستا هەیەو نی یە هەر ئەم کەناڵەیە.

خاڵی دووەم: ئازادی تی ڤی ،بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دوایدا لەگەڵ زیاتر  پەرەسەندنی نارەزایەتی یەکانی جەماوەر دژی دەسەڵاتداران بە گشتی و دژی پارتی بە تایبەتی ، هاوکات توندکردنەوەی دەنگی سەرکوت لە لایەن دەسەڵاتەوە زیاترسەنگی بەلای  ناڕەزایەتیەکاندا هاتوە.

بە تایبەتی هەندێک لە بەرنامە فکری و سیاسی و بانگشەکانیان زیاتر رادیکاڵ بۆتەوە .تەنانەت پەیامنیرو ڕاگەیاندکارەکانیان زیاتر چونەتە ناو نارەزایەتی یەکانەوەو دەنگیانی گەیاندۆتە ڕای گشتی..بۆ نمونە لە زۆربەی بۆنەو ڕوداو چالاکی یە سیاسی و کۆمەلایەتی یەکانێش ئامادەبونە.

خاڵی سێهەم: توندکردنەوەی سیاسەتی سەرکوتو داخستنی هەمو دەنگێکی ئازادو ڕەخنەگرو نارازی یە لە دژی دەسەڵات لە لایەن دوو لایەنە سەرەکی یەکەی دەسەڵاتەو بە تایبەتی پارتی یەوە لە خۆپێشاندانەکانی شوباتی ٢٠١١ زیاتر بووە.

بۆ  توند کردنەوەی سەرکوتگەریش دەسەڵاتداران بە تایبەتی پاتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا چ ڕاستەوخۆ چ بە ناوی حکومەتەوە زیاتر  دەزگا جاسوسی و چەکداری و..هتد  لەم چەند ساڵەی دوایدا هەستیار کردۆتەوەو کردویانەتە ئامادەباشی یەوە بۆ سەرکوتی هەمەلایەنە.ئەوانیش وەک ئێمە باش دەزانن لەم چەند ساڵەوە ئەم کەناڵە زیاتر گرینگی بە دەنگی ناڕەزایەتی یە بەرهەقەکانی خەڵکی ستەمدیدە دەدات لە دژی دەسەڵاتداران.

خاڵی چوارەم: من وای دەبینم کە پارتی ڕاستی یەک لە ئێمە باشتر دەبینێت کە لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕەوتی زیاتر چەپگەرا لەناو حزبی شیوعی ،کە خاوەنی ئەو کەناڵەیە ،زیاترباڵادەست بوە لە چاو ڕەوتە میانە ڕەوە ناسیونال وردە بۆرژواکەی حزب .ئەمەش لە ئاکامی هەم ناڕەزایەتی یەکانی خەڵک و هەم هاتنە پێشەوەی کۆمەڵێک کادری ڕادیکال تر لە چاو کادرو رابەرە کۆن و نەریتی یەکانیان.

هەڵبەت ئەمە دیاردەیەکی ئاسایی ناو هەمو حزبێکی چەپە کە هەمیشە ململانێی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی تیا بەدی کراوە لە دەورانی مارکس و لینین و ڕەوتە چەپەکانی ترەوە بگرە تا ئەمڕۆ.

جا پارتی وێرای کێشەو گیرو گرفتو قەیرانی دەسەڵاتەکەیان دەیەوێت ڕیگری لە بونی هەر دەنگێکی ئازاد ودەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئازادیخوازانە بکات لە بلاوکردنەوەو گەیاندنی دەنگی چەپترو ئازادو نارازی لەناو کۆمەڵگادا.

بۆیە ئەگەر پارتی بەناوی حکومەتو دامودەزگا سەرکوتگەریەکانی ئەم بڕیارەی بۆ بچێتە سەرو ئەم کەناڵە دابخات ئەوە ئیتر لێرەوە باشتروئاسانتر سیاسەتی سەرکوتو داپلۆسین توندتر دەکاتەوە.

بە درک کردنو هەست کردن بەم ڕاستیانەش پێویستە لەسەر بەرەی چەپو ئازادیخوازی بە گشتی ، سەرەڕای هەر جیاوازی و ناکۆکی و ڕەخنەو نارەزایەتی یەک ، کە لە ناو خۆیان هەیانە چ وەک تاکی هەڵسوڕاوی سیاسی، یاخو دەستەو ڕێکخراو ،بەو پەڕی توانایانەوە داکۆکی لەمانەوەی کەناڵی ئازادی تی ڤی بکەن و دژی بڕیاری داخستنی بن .چونکە  داکۆکی لە ئازادی بێ قەیدو شەرتی سیاسی و بەیان مەرجێکی سەرەکی یە بۆ لایەنگری و دابین کردنی هەمو ئازادی یەکان.

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *